<

مامۆستا عینایەت؛ مێتافۆڕی خنکانی ژیان لەناو تابوتی سیاسەتدا

03/04/2026, 18:53 (GMT+1)
کاتێک لەدەرگادانی مەرگ نزیک دەبێتەوە، لەهەبوونی بچووکترین مۆڵەتدا پێداچوونەوەیەک بۆ ئەو ژیانە دەکەین کە تیایدا ڕابوردوین. ئەگەر ژیانێکی شایستە ژیابین، زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕوومان و جۆرێک لە قەناعەتمان بە مەرگی خۆمان دەبێت. بەڵام لەکاتێکدا ئەو تەمەنەی تێپەڕمان کردووە جگە لە کۆمەڵێک هەوڵی بنچینەیی شکستخواردوو بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دەژین، زیاتر نیە، ناتوانین قەناعەت بە خۆمان و بە مەرگ بهێنین کە ئیتر هەموو شتێک تەواوە و بە کاری دوایی خۆمان هەستین.

بەختیار عەلی لە دواهەمین ڕۆمانی خۆیدا و لە:

(مردنی مامۆستا عینایەت)دا، گەورەترین یاخیبوونمان لەناو ئەدەبدا نیشان دەدات، کە یاخیبوونی فەرمانبەرێکە لە مەرگ. لەشەوێکدا کە مامۆستا عینایەت دەخەوێت، مەرگ سەردانی دەکات. کاتێک عینایەت سەیری سەربوردی ژیانی خۆی دەکات، پانتاییەکی وەها نابینێت کە هەناسەی ژیانێکی ئارام و بێگرێی تیادا هەڵمژیبێت. وەک فەرمانبەرێکی بێحورمەتی بانک، وەک پیاوێکی هەژار کە ناتوانێت داهاتوویەکی باوکانە بۆ ڕۆڵەکانی مسوگەربکات، وەک کەسێکی مۆن و بێدەنگ لەژێر باری قورسایی ژیان، ئەو مردنە ڕەت دەکاتەوە. ڕەتکردنەوەی مەرگ لە کۆنتێکستی ڕۆمانەکەدا، وەک ڕەتکردنەوەی ڕێسایەکی بنچینەیی دەبێت بە یاخیبوونێکی فەلسەفی و سیاسی. عینایەت ئەو مردنە ڕەتناکاتەوە کە لەئامادەیی ژیاندا دەگات، بەڵکوو ئەو مردنە ڕەتدەکاتەوە کە لەناو ئاوێنە و سەرابەکانی ژیاندا دەگات، واتا مردن بەسەر مردندا هاوکێشەیەکە عینایەت دەگەیەنێت بە گەورەترین ئەزموونی ڕەتکردنەوە لەژیانی بێدەنگ و ملکەچی خۆیدا.
یاخیبوونی عینایەت لەمەرگ لەو جێگایەدا تەعبیرێکی قوڵتر لەخۆی دەکات کە بەدوای کەسێکی شایستەدا دەگەڕێت لەبری ئەو بمرێت. بەڵام دواجار هەموو هەوڵەکانی عینایەت، بۆ دۆزینەوەی کەسێکی شایستە، بە خواستی مردنی هەموو قوربانیەکانی سیاسەت و نەریتەکانەوە دێت. بەوەدا پڕۆژەی ڕەتکردنەوەکەی عینایەت  بۆ گەڕان بەدوای کەسێکدا کە چێژ و خۆشی و ئاسوودەیی لەژیانی خۆیدا ژیاوە دەستپێدەکات بە سیاسییەکان؛ ئەوانەی خەڵکی بۆ مردنی شاهانە ئامادە دەکەن و دەستەواژەکانی مەرگ دەڕازێننەوە، ئایینیەکان؛ ئەوانەی مەرگ بۆ ئیمانداران جوان دەکەن، سەرمایەداران؛ ئەوانەی گۆشەی لەزەتی دونیا نەماوە تەی بکەن، شکست دەهێنێت، ئەم شکستە  دەبێت بە شکستی مەعناویاتی دەستەجەمعی، بەوەی کە تا مردنی عینایەت و بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی تەنیا کەسانی بێدەرەتان و بێدەسەڵات و خۆشی نەدیون لەژیاندا مردن دەخوازن. لەکاتێکدا دەبینین هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت مەرگ بڕازێننەوە، لەژێرەوە کیسە هەناسەکانی ژیان قوتدەدەن و لەوانی دیکە مەحروومی دەکەن.
ئارسەر شۆپنهاوەر خواستن و قبوڵکردنی مەرگ  دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ ناتوانێت بەر ژیان بکەوێت، ئەمەش هۆکاری بنەڕەتیە کە هانی مرۆڤەکان دەدات بۆ خۆکوژی. هەموو ئەونەی دەیانەوێت لەبری ئەم فەرمانبەرە یاخییە بمرن، ئەوانەن کە بەر ژیان و جوانیەکانی ناکەون و ژیانێکی ئاسوودە ناژین، بەڵام کاتێک عینایەت ئەو قوربانیدانە ناعادیلە ڕەت دەکاتەوە، زۆرینەیان دەست دەدەنە گیانی خۆیان و خۆیان دەکوژن. شۆپنهاوەر دەڵێت: (هیچ مرۆڤێک نیە بۆ جارێک لەژیانیدا بیر لەخۆکوژی نەکاتەوە). لای شۆپنهاوەر ئەم خواستنە پەیوەندی بە بونیادی نیگەران و غەمگینی مرۆڤەوە هەیە لەناو ژیانێکی بێهوودەدا، بەڵام بەختیار عەلی هۆکاری ئەم بیرکردنەوەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارە نایەکسان و ناعادیلەی لە دەمی سیاسییەکان و لەکەوای ئایینیەکاندا بەردەبێتەوە و لەژێریاندا بەسەر پشتی ژیاندا دەخلیسکێن و دەکەوین، هەستانەوەشمان وەک ئینسانێکی ماندوو، ئیفلیج لە ژیان، یاخود مردن و کەوتنی ئەبەدی دەبێت. واتا لای بەختیار عەلی، ژیانی بێهوودە ئەو پانتاییەیە کە سیاسەت و ئایین بەرهەمی دەهێنێت. 
سیاسەت و ئایین و نەریتەکان، جگە لە ڕاهێنانی ئێمە بۆ مەرگ، لە بەرنامە و پڕۆژەکانیاندا بەخشینی هیچ ژیانێکی شایستەی بۆ هاوڵاتیان تێدانیە. مامۆستا عینایەت، بە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لەبری عینایەتدا بمرن، ئەوانەن لە ژێر قورسایی دروشمە سیاسی و ئایینیەکاندا ئێسکەکانیان دەشکێت و هەناسەدانی ژیانیان تەنگتر دەبێت. سەختە بتوانین لەناو تابوتێکدا مەرگ قبوڵبکەین، سەختە بتوانین بڵێن ها مەرگ، ڕوحەکانمان بۆتۆ، قیامەتت بۆ ئێمە، هەناسەکانمان بۆتۆ، دروشمەکانت بۆ ئێمە، لەکاتێکدا ژیانێک لەدەرەوەی تابوتەکاندا لە ئارادا نەبووە. هەوڵی عینایەت بۆ ژیان، هەوڵە بۆ دەرچوون لەو تابووتانەی لەژیانێکی ئاساییدا ئێمە مەحرووم دەکەن و لەناو خۆیدا بۆ مەرگێکی دیکە و مەرگێکی دیکە ئامادەمان دەکەن. تابووتەکانی ئاین و سیاسەت جگە لە مەرگدۆستی، ڕازاندنەوەی مەرگ، دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ مردنێکی شکۆدارانە، بۆشاییەک بۆ ژیان ناهێڵێتەوە.
لەو جێگایەدا کە بەرپرسیارەتی ژیان و مردن لە بەرپرسیاریەتی ئیلاهی و کێشە تەکنیکیەکانی بایۆلۆجیەوە دەبێت بە بەرپرسیاریەتی ئاین و سیاسەت، مەرگیش فۆڕمێکی دیکە لەخۆدەگرێت. چیتر مەرگی عینایەت و ئەوانەی دەیانەوێت لەبری ئەو بمرن، وەک کوژرانی سەربازێک لەدەرەوەی قودرەتی ئیلاهی و کێشە بایۆلۆجیەکاندا، مردنێکی سروشتی نیە، بەڵکوو ئەو دروشمانە لێی بەرپرسن کە مەرگ وەک پاکێجی  ژیانێکی نـا-ئامادە  پێشکەش دەکەن لە شوێنێکی دیکەی نادیار و لەناو پۆستەر و سیڤی شانازییە سیاسییەکاندا. مرۆڤ کە لەڕۆژهەڵاتدا دەمرێت، ئەوەندەی نیشانەکانی سیاسەت و ناعادیلی  لەشیکاری لاشەکەیدا دەردەکەوێت، کەمتر نیشانە ئیلاهیەکان و کێشە بایۆلۆجیەکانی تیادا دەردەکەوێت. ڕەتکردنەوەی مەرگ و ژیانی نائامادە کە سەپێندراوە و سروشتی نیە، بەهێزترین فۆڕمی یاخیبوونە و هەمیشەش مرۆڤ لەناو بازنەی ئەم شۆڕشە ناکامەدا لەناو تابوتەکاندا خۆی بۆ مەرگێکی دیکە ئامادە دەکات.

بابان ئیبراهیم

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان