<

بەغدا میلیشیا چەکدارەکان تێر دەکات و قووتی خەڵکی کورد دەبڕێت!

03/04/2026, 20:12 (GMT+1)
کاتێک وردەکارییەکانی مۆدێلی حوکمڕانی و دارایی لە عێراقدا هەڵدەسەنگێنیت، بۆت دەردەکەوێت کە چەمکی "فیدراڵیزم" تەنها پەردەیەکە بۆ داپۆشینی عەقڵییەتێکی تائیفی و ڕەگەزپەرستانە. دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، کە ئیدیعای نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکان دەکات، بودجەی گشتی وەک ئامرازێکی سیاسی و سەربازی بەکاردێنێت. لە لایەکەوە بڕیار دەدات ملیاران دۆلار بڕژێنێتە ناو گیرفانی حەشدی شەعبی و گروپە میلیشیاکان بۆ چەسپاندنی هەژموونی مەزهەبی، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەردەوامە لە پەراوێزخستن و بڕینی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەم ڕەفتارە تەنها گرفتێکی ژمێریاری یان تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسەتێکی سیستماتیکی برسییکردنە بە مەبەستی لاوازکردن و ملکەچپێکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم. بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا مووچەخۆرانی کورد تەنها ١٠ مووچەیان پێدرا، و ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٢٦داین، چارەنووسی مووچەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.
حکومەتی عێراق پەنا بۆ دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە دەبات تا پاساو بۆ ئەم غەدرە مرۆییە بهێنێتەوە. وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت ناردنی پشکی هەرێم ڕادەگرین چونکە حکومەتی هەرێم (KRG) داهاتە نەوتی و ناوخۆییەکانی ڕادەستی خەزێنەی گشتی نەکردووە یان بودجەی تێپەڕاندووە. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئایا مامۆستایەک لە سلێمانی یان کارمەندێکی تەندروستی لە هەولێر چ تاوانێکیان هەیە لەو ڕێککەوتنە نەوتییە نادیارانەی پارتی و یەکێتی یان ئەو قاچاخچێتییەی لە مەرزەکان دەکرێت؟ تەنانەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش جەخت دەکەنەوە کە دەبێت مووچەی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە، کەچی بەغدا هەرگیز پابەندی ئەو لایەنە یاساییە نابێت و بەردەوام بژێوی خەڵک وەک کارتی فشار بەکاردێنێت.
لەگەڵ ئەوەی سیاسەتەکانی بەغدا ستەمکارانەن، بەڵام ناکرێت بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی کوردی (پارتی و یەکێتی) لەم قەیرانەدا فەرامۆش بکرێت. بەرپرسانی هەرێم لە میدیاکاندا گلەیی لە پێشێلکردنی دەستوور دەکەن، بەڵام لە واقیعدا ئامادە نین داهاتی خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆ بە شەفافی ڕادەستی ناوەند بکەن تاوەکو هەموو بیانوویەک لە بەغدا ببڕن. کاتێک عێراق نیوەی بودجەی هەرێم (نزیکەی ١٨ تریلیۆن دینار) دەبڕێت لە بەرامبەر ئەو داهاتانەی کە هەرێم ڕادەستی نەکردووە، تەنها هاوڵاتیی هەژار دەبێتە قوربانی، نەک ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی کە خاوەنی بانک و کۆمپانیا زەبەلاحەکانن و لە ڕێگەی پڕۆژەی وەک "هەژماری من"ـەوە خەڵک ناچار دەکەن پارەکانیان تێدا پاشەکەوت بکەن.
ئەمە ئەو وێنە تاڵەیە کە کورد تێیدا دەژی؛ لە لایەکەوە ڕەگەزپەرستیی بەغدا بە پارەی گشتی میلیشیاکان بۆ لێدان لە هەرێم بەهێز دەکات، و لە لایەکی تریشەوە مافیا ناوخۆییەکان سامانی وڵات تاڵان دەکەن و چارەنووسی هاوڵاتییان دەخەنە ژێر ڕەحمەتی بەغداوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان