گوێسوک
19/04/2026, 17:05 (GMT+1)
هەڵبەت هەموو شتێ بوون و نەبوونیشی هەر کێشەن .. واتا مناڵت هەبێ هەر کێشەیە و نەیشتبێ هەر کێشەیە ..کڵاشێنکۆفت لە شانا بێ هەر کێشەیە و ..سیلاحسز بیت هەر کێشەیه ..
ئینجا بوونەکەیش بە پلەیە، تا بوونەکەت زۆرتر بێ، کێشەکەت زیاترە، تا بەرزتربیتەوە، ئازاری کەوتنە خوارەوەت زیاترە..
بەڵام بەرزیش نەبیتەوە، هەتا مردن پێ پیانراو و شێلراو ئەبیت ..
واتا بە کورت و کرمانجیی، نازانیت چی بکەیت، بۆیە خەییام ئەیوت خۆزگەم بەوانەی لە دایک نەبوون ..
ئەوانەی کە ئەزانن بژین شتێکیان داهێناوە پێی ئەووترێ قەناعەت.. واتا کێشەکانی خۆت خۆش بوێ و چاوەڕوان بە هەتا پشت ملت ئەگرن و لە دنیا ئەتکەنە دەرەوە..ئیتر فەیلەسوفەکان هەروا بە دەست بەتاڵیی لێی دانانیشن و قسەی خۆیان هەیە، تیایاندایە ئەڵێ هەبوون ئەوە نییە زۆرت هەبێ بەڵکو ئەوەیە کە بە کەم ڕازیی و بێ کێشە بیت..چونکە ویستی مرۆڤ بێ سنوورە، بە تایبەت مرۆڤێی پەروەردە نەکراو، بە ڕاست و چەپدا پەلامار ئەدات، هەر بۆیە لە کۆمەڵگای پەروەردە نەکراودا، گەورەترین تاوان ئەوەیە پەروەردە کرا بیت، لەوەیش ترسناکتر ئەوەیە خەڵک پەروەردە بکەیت واتا پیشەی مامۆستایی هەڵبژێریت..چونکە وەک ئەوە وایە لە گۆڕەپانی زۆرانبازیی گادا یان لە مەیدانی جەنگدا، خەڵکێک فێر بکەیت چۆن بتهۆڤن و مۆزارت لێک جیائەکەیتەوە..فێریان بکەیت کە پێویستە بیست و دوو جار پاروویەک بجویت ئینجا گەدەت ئەتوانێ بە بێ ئازار و ناڕەحەتیی هەرسی بکات، ئەوەیش لە مەیدانی جەنگدا قسەی قۆڕە، چونکە لە مەیدانی جەنگیشدا فەیلەسوفەکان قسەیان هەیە و هەبووە و ئەیشبێ .. هەندێکیان ئەڵێن بە جۆرێک ئەبێ شەڕ بکەیت وەک ئەوەی کوژرا بیت، ئینجا ئەتوانیت سەرکەوتن بە دەست بێنیت، هەندێکیشیان لەو باوەڕەدان لە شەڕ و سیاسەتدا، بچوکترین شکت لە نریکترین کەسیشت هەبێ، پێویستە لەناوی ببەیت..ئا ئەم بڕگەیەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بە زیادەوە پەیڕەویی لێ دەکرێت.
ئیتر کابرای دەسەڵاتدار یان دەسەڵاتپێدراو بە وەکالەت یان لە ڕێی میراتییەوە، کەسێک دەردەچێت زۆر حەزی لەو بڕگەیەی مەکیاڤیلییە کە ئەڵێ بچوکترین شکت له کەسێک هەبێ، هەڵیدەره ناو ڕیسایکلینەکەوە..سەری وەک سەری بامێ لێ بکەرەوە.. تەماشا ئەکەی چواردەوری سەرکردەکان، ئەوانەی به ڕێکەوت بوون بە سەرکردە یان لە ڕێی باڵیۆزی ووڵاتێکەوە یان لە ڕێی میراتییەوە بۆی ماوەتەوە، یەک دنیا برا و ئامۆزا و خاڵۆزا و هاوڕێی گیانیی به گیانیی قنچکراو، پەرش و بڵاو بوونەتەوە ..ئیتر ئەمە لە یورپیدسەوە باسی ئەمە ئەکرێ هەتا پێشتریش کە حەزرەتی موسا، شکی لە براکەی کرد و بە ڕیش ڕایکێشا ..پێشتریش قابیل هەر لە خۆیەوە هابیلی کوشت ..ئەمە هەر لە خۆوە نییە، واتا ئیشەکە بە کوشتن ئەڕوا، خوایش ئەفەرموێ کۆمەڵێک به کۆمەڵێکی تر نەکوژرێن، زەوی و ئاسمانەکان تێک ئەچن، بە تایبەت خەڵکی لای خۆمان، زۆر حەزیان لە چەک و جبەحانەیە و.. ئەو بڕگەیەی مەکیاڤیلی کە وات لێ ئەکات لە خۆتەوە حەز بکەیت شک لە کەسێک بکەیت بۆ ئەوەی داخی دڵی خۆتی پێ بڕێژیت، یان بە لایەنی کەمەوە نەختێ لەو چەک و تەقەمەنییانەی پیا بتەقێنیتەوە کە خەریکە ئێکسپایەر ئەبن و نازانیت بۆچی کڕیوتن ..ئەوەیە کێشەکە، له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەڵک نازانن بۆچی ئەو شتانەیان کڕیوە؟ زۆربەی شتەکانیان ئێکسپایەر ئەبن و هێشتا بەکاریان نەهێناون، ناخۆشە پیاڵەیەک بشکێ پێش ئەوەی چایەکی تیا خورابێتەوە یان دەمانچەیەک موخۆرکە لێی دابێ پێش ئەوەی فیشەکێکی تەقاندبێ، هەر بۆیه دوور نییە ئەگەر ئەم دیاردەی کەڵەکە کردنی چەک و کاڵایەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگوزەرێ کە نازانرێ بەکاری چی دێن، وا پێویست بکات خولی تایبەت بە شک و گومانیان بۆ بکرێتەوە، چۆن شک لە دڵسۆزترین هاوڕێ و هاوخەباتیان بکەن، بۆ ئەوەی شڵپەی لێ هەڵبسێنیت، وەک چۆن هاوخەباتەکانی لای خۆمان، زۆربەیان لە پڕ بە نەخۆشیی ئەمرن یان ئوتومبیلەکانیان وەرئەگەڕێ ..
ئێستا دڵنیام هەندێکتان ئەڵێن ئەم سەگبابه باسی چی ئەکا؟ سەری هەموومانی کردە ژان ..تا ڕادەیەک ڕاستیش ئەکەن، خۆیشتان بەسەرتانا هاتووە، ئەوەندە بابەت و کێشە زۆرن، کاتێ ئەزانیت لە بابەت لاتداوە و ..ناچاریت بپرسیت ئەرێ مەوزوعەکەمان چی بوو ؟ بۆ نمونە هەر ئێستا باوکم تەلەفۆنی کرد، ووتی حەوت سەد و پەنجا هەزار کارەبام بۆ هاتۆتەوە، پارە نادەم، با بیبڕن، گوی سەگم کردە خۆیان و کارەبایان..
ئەوەیش وامان لێ ئەکا، بگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم یاخود بۆ دێڕیی یەکەم کە هەبون و نەبونەکەیە، وەک کانت ئەیوت کێشەی من ئەوەیە ئایا هەم یان نیم ..ئاخر هەبوون و نەبوون بەردەوام جێگۆڕکێ دەکەن، هەر بۆیە پیاو نازانێ هەیە یان نییە، ئەگەر هەیشە، ئایا هەیەتی یان نییەتی؟ کەسێک چل ساڵ پێش ئێستا شەرواڵێکی پینە پینەی له پێدایه و سێو ئەڕنێت، ئێستا ملیارەها دۆلار و فڕۆکەی تایبەت و کۆشکی ناوازەی هەیه.. ئەمەیه وامان لێئەکا شکمان لە هەموو هەبوون و هەموو نەبوونێ هەبێ، ئێ ئەگەر هەبوونەکانمان بخەینە بەر دەسڕێژ، ئەی نەبوونەکانمان چۆن قەڵاچۆ بکەین؟
هەڵبەت نازانم چی بڵێم..
ئەو گوێچکەیەکی زۆر سوکی هەبوو، گوێی لە هەموو شتێک بوو، لەو دیوی دیوارەکانەوە ..لە دووراییەکی باشەوە ئەیزانی ئەو خەڵکە چی بۆ یەکتری ئەڕێسن ..
بەناو پارکێکدا، پیاسەیەکی تاک و تەنهای ئەکرد، لە مێژ بوو لە هاوڕێیەتی خەڵک بێزار بوو بوو، ئەیویست ئەم چەند ساڵەی ماوێتی، هەوڵ بدات لە خۆی تێ بگات..
ــ ئەزانی چۆن گیرام؟
ئاوڕی دایەوە، کابرایەکی تێکسمڕاوی ڕەشتاڵەی دەم و لچ شین هەڵگەڕاو، لە دووریی زیاتر لە بیست و پێنج مەترەوە، قسەی بۆ هاوڕێیەکی ئەکرد، کە زۆر بەناچاریی گوێی لێ گرتبوو .
ــ مولازم عەلا، ئەو شەوە، خۆی بە شەخسیی خۆی هەڵدایە حەوشەکەمانەوە .. چواردەوری ماڵمان بە تەواوەتیی تەنرابوو ....
بە پەللە ئەو ناوەندەی بەجێهێشت، چونکە ئەو جۆرە پاڵەوانانە ئەوەندە زۆر بووبوون، چاوت بنوقاندایه و شەقت بهاویشتایە بەر قونی پاڵەوانێک ئەکەوت..
ــ دنیات لە خۆت کردووە بە کونە مشک، بیر لە هیچ مەکەرەوە، بخۆ و بخەوە ...
لە دووریی زیاتر لە چل مەترەوە، دایکێک ئامۆژگاریی کوڕە هەرزەکارەکەی ئەکرد، کە ڕەنگی مردووی لێنیشتبوو، بە هەزار حاڵ هەنگاوی بۆ ئەنرا..
ــ کە ئێمە لە تەمەنی ئێوەدا بووین .....
ئەو قسە و بەراوردکارییەیشی ئەوەندە گوێ لێ بوو بوو، بە هەموو هێزی خۆی ڕایکرد، بۆ ئەوەی جارێکی تر گوێی لەو ئامۆژگارییە نەبێتەوە .. ئاخر ئەگەر ئێوە لە تەمەنی ئێمەدا سوپەرمان بوو بن، ئەی ئێمە بۆچی ئاوا بووین بە عەسابەی لاتی فیلمەکانی کاوبۆی؟ ئەی خۆ ئێمە وەک مستەر بین لە ئاسمان نەکەوتووینەتە خوارەوە ؟
دوێنێ نیوەڕۆیش لە نوێژی هەینیدا سەری دایە ژان، ئێ خۆ نابێ هەستێتە سەر پێ و بە مامۆستا بڵێ ئەم درۆ شاخدارانە بۆ کێ ئەکەی؟ هەم ئەڵێن ئەوەی قسە بکا جومعەکەی بەتاڵ ئەبێتەوە و .. هەم ڕەنگە هەوادارانی مامۆستا تێی بەربن، تێڵاتڕێنی بکەن..
ئێ مامۆستا باسی خواناسێکی ئەکرد کە چل ساڵی ڕێک هەموو ڕۆژێ بە ڕۆژوو بووە، بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بزانێ، هەروەها بیست ساڵ شەونوێژی کردووە بێ ئەوەی تەنانەت هاوسەرەکەی پێی بزانێ، بۆ ئەوەی تەنها بۆ خوا بێت و مەرایی تێکەڵاو نەبێ ..
لێرەدا خەریک ڕاست بێتەوە و بڵێ : ئەی مامۆستا تۆ چۆن پێت زانی ؟؟
یان ئەیوت دەستنوسەکانی خستە سەر دیوارێک ووتی هەتا ساڵێ با لەوێدا بن، هەتاو و بەفر و باران لێیان بدات، گەر دوای ساڵێک نوسینەکانی پارێزراو بن، کەواتە بۆ خوایه، ئینجا بڵاوی بکەنەوە ..ویستی هەستێت و بڵێ : ئەوە چۆن ئەبێ؟ نەک دەستنوس، فەرشی کاشانیش لەسەر دیوارێک دانێیت، دوای هەفتەیەک ڕەنگی بەڕووەوە نامێنێ ..
بەڵام هەڵنەستا ..لێی گەڕێ با میللەتی گەمژە بۆ خۆی گوێ لە حەکایەتەکانی کوڕە کەچەڵە بگرن، ئێ حەزیان لێیە ..چییان لێ ئەکەی؟ وەک چۆن حەزیان لە سەرەی نەوت و بەنزین و غازە .. وەک چۆن یەک ملیۆن کەس پەلاماری سەیرانگایەک ئەدەن و بە ناوی سەیرانەوە، ئەیکەن به ژێر میز وپیساییەوە.. ئێ خۆیان حەزیان لێیە ..
تا دەهات ژاوە ژاو و ..چیرۆک و دراما و ئەفسانەی خەڵکەکە زیاتر هەراسانی ئەکرد، ئەمە گوێچکەیه یان ڕادار تۆ پێتداوم؟ ئیلاهی ..
بەڵام بینینی نەسرەدین کەمێ دڵی خۆش کرد، تەنانەت هێنایه قاقای پێکەنین، تاقە کەس بوو به بینینی پێکەنینی ئەهات، بەڵام نەسرەدین وای پیشان دا ئەمی نەدیوە، وەک سوێسکە بە بەردەمیدا فرتەی کرد و وون بوو.. ئەمیش حەزی بەو فرتە کردنە بوو، حەزی بە بینینی بوو نەک دواندنی ..چونکە بینینی نەسرەدین، شتی خۆشی بیر ئەخستەوە .. لە دوا ڕۆژەکانی خزمەتی فەرمانگەی حوکومیدا بوو، واتا بە دیاریکراوی سێ ڕۆژی مابوو خانەنشین بکرێت، ئاپۆڕەی خەڵک لەبەردەم پەنجەرەی ژوورەکەیدا گیریان خواردبوو، ئەمیش هەتا مامەڵەیەکی بەڕێدەکرد، تەواو ماندوو ئەبوو، تۆ وەرە سێ ڕۆژت مابێ بۆ خانەنشین بوون، هێشتا ئیشی بارگیرێکت پێ بکەن.
لەناکاو ژنێکی نیمچە جوان، دڕی بە خەڵکەکە دا و لە پەنجەرەکەی نزیک کەوتەوە، پێی ووت،
ئیشەکەم بۆ ڕایی بکە، ناشێ نەمناسیتەوە ؟
نەسرەدین چاویلکەکەی لەسەر لوتە قوڵنگێکەی لادەبا و .. بە چاوی گاکڕینەوە تەماشایەکی ئەکا، هیچی لێ هەڵناکڕێنێ.
ژنەکە ئەڵێ، ها ؟ بیرت چوو ؟ کەم دوام ئەکەوتیت؟ هەموو ڕۆژێ لە ماڵەوە تا مەکتەب بە دوامەوە بووی !!
نەسرەدین لوتی ئەخورێنێ و چاویلکەکەی ئەخاتەوە سەر لووتی و ئەڵێ :
سەردەمی کەرێتیم بوو، هەر قژی پێوە بووایە، دوای ئەکەوتم ..!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























