ئاوێنەی ڕوانین بۆ ڕووداوەکان لە گۆشەیەکی ترەوە
22/04/2026, 0:08 (GMT+1)

لەماوەی ٤٧ ساڵدا، ئێران بەبەرچاوی هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە، لەم پایتەختەوە بۆ ئەو پایتەختی عەرەبی چەک و جبەخانەی گواستەوە و بەلایەنی کەمەوە، تەریب لەگەڵ دەسەڵاتەکانی چوار پایتەختی عەرەبیدا، دەسەڵاتێکی سەربەخۆی(سەر بە ئێران)ی درووستکردن، جا دەسەڵاتدارانی عەرەبی یا تەماشاکەرێکی بێباک بوون و لەبەر خواستە دەسەڵاتخوازییەکانی خۆیان، بەتەنگ ئەم واقعە دروستکراوە نوێیەوە کە هەمووی بە چەک، قین و لووتبەرزی فارسی چنرابوو، نەبوون، یان خۆیان بەشێک بوون لە یارییە سیاسی و سەربازییە گەورەکە! ئەمە لێرەدا بوەستێت.
بۆچی دەسەڵاتدارانی عەرەبی فیدرالیزمی عێراقیان بۆ قووت نەچوو؟!
دەسەڵاتەکان:ئەم دەسەڵاتانەی دەوڵەتانی عەرەبی، بە دوو ڕێگە دەسەڵات دەگرنە دەست، یا لە ڕێگای کودەتای سەربازییەوە، یان لە ڕێگای وەرگرتنی دەسەڵاتی پشتاوپشتەوە، لە باوکەوە بۆ کوڕ و برا و ...هتد.
کەواتە هەمو فۆڕمێکی تری بەڕێوە بردن، لای عەقڵییەتی دەسەڵاتی عەرەبی بەتایبەتی و خەڵکی عەرەبی بە گشتی، دەبێتە مەترسی و دژی دەوەستنەوە. لە ئەنجامی ئەو پەروەردە سیاسی و ئاینییەی کە هەزاران ساڵە لە مزگەوت، قووتابخانە و لە ناو خێزانەکاندا، منداڵی عەرەبی پێ گۆش دەکرێت، هەمیشە تارماییەک هەیە، ناوی ئیمام، سەرکردە، سەرۆک، ڕابەرە، دەسەڵاتێکی ڕەها کە هەموو بڕیارەکان دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو، من ناوم نا تارمایی، کە ڕاستەقینەیەکی ڕیالیستییە بەسەر کۆمەڵگا عەرەبییەکانەوە، بەڵام تارماییەکە لە زەین و بیرکردنەوەی عەرەبیدا، هەمیشە دەسووڕێتەوە و تۆ ئەگەر بتەوێت ڕێکخراوێکی ئاسایی بۆ هەر بوارێک دروست بکەیت، یەکەمین بیرکردنەوە ئەوەیە کە کێ ئەم ڕێکخراوە سەرکردایەتی دەکات، ئەمە ئەو تارماییەیە، کە بیرکردنەوەی تاکی عەرەب، دەستی پێدەکات، من نموونەی تایبەت و تاقانەتان بۆ باسناکەم کە لە ناو هەموو کۆمەڵگاکاندا، تاکی ڕەخنەگر، تاکی یاخی و سەرچڵ کە لە دەرەوەی بازنەکەوە کار و بیرکردنەوە دەکەن، هەیە. باسی پەروەردەیەکی هەزار ساڵەیی دەکەم، کە زەین کوێر و بیرکردنەوە سەرگەردان دەکات و هەمیشەش خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت و گفتی خۆشی سەرکەوتن دەدات بە گوێگرەکانی لە ماوەیەکی نزیکدا.
نموونەیەک لە ژیانی خۆمدا و لەم ڕۆژانەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەموو پارچە زەوییەک داگیرساوە و بۆنی گۆڕڕانی زۆر لە(بوون)ەکان دەدات. لەسەر کارەکەم، مامۆستایەکی هاوکارم هەیە، سەر بەیەکێک لەو ناوچانەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨ وە شەڕ دەکەن و هەموو جارێک دەدۆڕێنن و هەموو جارێکیش دەڵێن سەرکەوتین!!! پاش گفتوگۆمان ڕووی تێکردم و وتی: گفتت پێ دەدەم ئوستاد، ڕۆژی ٢٦/ ٢ / ٢٠٢٦ دێمە ژووری کارکردنت و موژدەی نەمانی ئیسرائیلت پێ دەدەم!!! پێم سەیر بوو مرۆڤ ئەوەندە لە خۆی دڵنیا و ڕازی بێت پاش ئەو هەموو شکستانە کە بەسەرخۆیان هێناوە، کە گفتی ئاوا بڕندە و یەکلاکەرەوە بدات، تەماشایەکم کرد و بە سووێدی پێم وت: با بزانین!!.
ئەو هاوکارەم نەک ٢٦/ ٢/ ٢٠٢٦ نەهات و موژدە خەیاڵییەکەی پێ نەدام، بەڵکە لە ٢٨/ ٢/ ٢٠٢٦ وە مۆڵەتی نەخۆشکەوتنی بە خەمۆکی وەرگرتووە و ئەوە ٢١ ڕۆژە لە وەهم و خەیاڵە باوەکەی ناو مێشکی ئەو و هەزارانی وەک ئەو دەدرێت، کە نایانەوێ واقعەکە ببین و بە خۆیانی بسەلمێنن کە ئەم جارە پیستر لە هەموو جارەکانی دی دۆڕاوون، چوونکە مەسەلەکەی ئەوان لە سەر درۆیەکی مێژوویی بە خوێن دروستکراو دامەزراوە و ملیۆنان خەڵکی نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەیە بوونە قووربانی دەمی شمشێرەکانی ئەوان. من نازانم ئەم هاوکارەم لە چ سەرچاوەیەکەوە ئەم دڵنییاییەیان پێدابوو، کە ئەویش وەک پەیامێک بە من و کەسانی تری بدات، بەڵام بە مەزەنەی زەینی خۆم، بە ڕاکێت و درۆنەکانی ئێران تەفرەدرابوو!!! باسی واقعێکی تاڵتان بۆ دەکەم، نەک هەڵوێست و ڕای جوودا کەلای ئەوان بایەکە و هەرگیز قبووڵیان نەکردووە وە/ نایکەن!!! واقعێک کە بەشی ئەوە دەکات، میللەتان و نەتەوەکان بە هۆش بێنێتەوە و مۆمێکیان بۆ داگیرسێنێ لەو سەری ئەوسەری توونێلە تاریکەکەی وەهمی خۆ بەزلزانین و لووتبەرزییەوە، دەنا من کوردم و کوردبوونم بۆ خۆم و نەتەوەکەم، شایانێکە لە بڵنداییەوە دەشەکێتەوە... .
ئەی بۆچی سەرانی ڕۆشنبیریی عەرەبی فیدراڵییەتی عێراقیان قبووڵ نەکرد؟!
ئێمە وەک تاکی کورد، سەردەمانێکی زۆرە لەگەڵ نووسراوەکانی عەرەبی، فارسی و توورکیدا، بە ناچاریی سەرەوکارمان هەیە و دەیانکڕین و لێیان دەخوێنینەوە و ڕەنگە هەندێکمان وەک دیاریش بۆ هاوڕێ و دۆستانمان پێشکەش کردبێت. یا بۆ سەر زمانی کوردیشمان وەرگێڕابێت، زۆرینەشمان بە داسەپاندن، قووتابخانە و زانستگە و خوێندنی باڵامان هەر بەو زمانە داسەپاوانە تەواو کردبێت، بە تایبەتی لە سێ بەشی داگیرکراوی نیشتمانی ئێمەدا ئەم داسەپانە، تا سەر ئێسقان ڕۆچووە و بەشێکیشی ئاسمیلەکردووین و لەگەڵ ئەو کلتوورەی بەو زمانانە نووسراوە، شەپۆلەکە بردوونی، نەک هەر بردوونی بەڵکو لەو زمانەدا کە خۆشیان لێ هاتووە داهێنانی گەورەیان کردووە و کتێبخانەی ئەو نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەیان ئاوەدانکردۆتەوە، بۆ نموونە کاک محەمەدی قازی پێشەنگی داهێنان بووە لە وەرگێڕانی نووسراوە جیهانییەکانەوە بۆ سەر لەهجەی فارسی!!!* لە عێراقدا مەسەلەکە تۆزێک جوودا بوو. ئیستعماری ئەورووپایی کە ئینگلیزەکان عێراقیان دروستکرد، هەم ئاوەدانیان کردووە و هەم ڕەفتارگەلێک و تێگەیشتنگەلێکی ئەورووپاییان هێنایە ناو گۆڕەپانە سیاسییەکەی عێراقەوە(مەبەستیان چی بوو، باسی ئەوە نییە)، وەک فۆڕمی حیزب، پەرلەمان، هەڵبژاردن، میللەتی جوودا، زمانی جوودا و مافی ئەوانی تر و... هتد.
ئێمە کە سەدانساڵە لە ژێر بارودۆخێکی سەربازیدا بەسەر دەبەین، هەمیشە دەرفەتەکانمان بۆ پێشبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی کە سیاسەت لەپلەی یەکەمیدا هاتووە، بۆ نەڕەخسێنراوە کە خۆمان دەرببڕین، بەڵام ئیستعماری ئینگلیز ئەم دەرگایەی کردەوە، جا بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکان تێبگەین، دەبێت بەرواردی دوو سەردەم بکەین: سەردەمی ئیستعماری ئینگلیز و سەردەمی ئیستعماری نەتەوە سەرخراوەکان لە کوردستاندا، کە بێگوومان لە زۆر ڕووی ژیان و ژیارەوە، ئیمتیازی باشتربوون بۆ ئینگلیزەکانە، نەک بۆ کۆلۆنیالیزمی عەرەبی، فارسی و توورکی، (ئەوە دەزانم و لێی بە ئاگام کە ئینگلیز بنەمای دابەشکردنی کوردستانی داڕشتووە).
- ئایا ئەورووپاییەکان چەک درووست دەکەن؟ بەڵێ.
- ئایا بەو دەوڵەتانەی دەفرۆشن کە ئێمەیان بەسەردا دابەشکردن؟ بەڵێ.
- ئایا ئەوە ڕەچاو دەکەن کە کوردی پێدەکوژن؟ نا ڕەچاوی ناکەن بەڵام: دەزانن.
- ئایا ئەورووپاییەکان تاوانبارن لەم فرۆشتنەدا؟ لەڕووی مرۆڤبوونەوە: بەڵێ، لە ڕووی بازرگانییەوە: نەخێر.
ئیتر ئاوایە و واقعی ئێستای مرۆڤایەتی ئەمەیە، تۆ دەبێت خۆت بەهێز بکەیت و دەبێ بۆ مانەوەت خۆت هێزت هەبێت، سەدان هەزار جار لە ژمارەی فیشەک و تەقەمەنی، کتێب و نووسرا و هاتوونە بڵاوکردنەوە، کە ئەم ڕەفتارانە ڕسوا دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە پێش بە بەرهەمهێنانی چەک بگرن!!! بۆچی؟!! یەکێک لە هۆ بنەڕەتییەکان لای من ئەوەیە کە: ئەمانە تەنیا " نووسینن" و بە ئاستەم نەبێت نەبوونەتە هەڵوێستی کرداری و نووسەرەکانیان ڕاست ناکەن، وەک بێکەس بە ئینگلیزی وت: قسەی بۆشن و قسەی بۆشیش ناچنە گیرفانەوە. هەندێ نووسینی زۆرینە هەیە کە وا هەست دەکەیت جەنڕاڵیێکی فاشستەگەرا نووسیونی!!!. نموونەی وردتری باس دەکەم.
ئەمێریکا و وڵاتانی ئەورووپا، کارخانەگەلی داهێنانی هەموو پێویستییەکانی جەستەیی و دەروونی مرۆڤیان بەرهەمهێناوە، ناتوانین بڵێین وانییە. هەر لە بەنگەلادیشییەکی نەخوێندەواری حساب بۆ نەکراوەوە، تا دەگاتە پرۆفیسۆرێکی زانستگەیەکی بەرزترین زانستگەکانی دنیا، ڕۆژانە بەرهەمی داهێنانەکانی ئەوان بەکاردێنن، مام سۆفی نەخوێندەوار، لەسەر گێڵگەکەیەوە کە بەهارە و دەبێت تۆوی بکات، بە مۆبایلەکەی تەلەفۆن بۆ خێزانی دەکات و لەهۆی درەنگکەوتنی نەهێنانی ڤراڤینی لێ دەپرسێ، دەی ئەمە بازێک نییە بە ئەندازەی نێوان دوو ئەستێرە لە ژیانی مام سۆفی وخێزانەکەیدا؟! بەهۆی کارخانەکانی ئەپڵ و گووگڵ و هاوشانەکانیانەوە؟! کۆرۆنا دێت و دنیا لەرزی لێ دێت و هەموو دەسەڵاتە ئاینی و سەربازیی و پترۆدۆلارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەمی کراوە و چاوی زەقەوە ڕوویان لە ئەمێریکا و ئەورووپایە بەڵکو خواوڕاستان چارەسەرێکیان بۆ پەیدا بکەن، تەنانەت توانای بەرهەمهێنانی دەمبێنی سادە (ماسک) شیان نییە، ئەو میسرە مەزنەی کە شارستانەتی فیرعەونەکانی بەرهەم هێنا و پیرامیدەکانی بوونە نهێنی تا ئێستاش نەدۆزراوە، ساڵانە هەزار شێخ و مێخ و کودەتای سەربازیی بەرهەمدێنێ، کەچی هەموو دەرگاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای کوتا بۆ سواڵ کردنی دەمبێن و ماسک!!! حوکوومەتی ئیسرائیل کردوویە بە یاسا کە هەر خانووەیەک دروست دەکرێت، دەبێ پەناگەیەکی خۆپاراستنی هەبێت بە ستانداردی تایبەت، حوکوومەتە شڕکەی ئێرانی، لەسەر زاری وتەوێژی سپای پاسدارانەوە، بە لاقرتە و تەوسەوە دەڵێت: " سپای ئیسلامی، خێزانە جووەکانی ناچارکردووە سێ ژەمەی ڕۆژەکەیان لە حەشارگاکاندا بخۆن"، بەڵێ ئەفەندم: حوکوومەتی ئیسرائیل، بۆیە حوکوومەتی ئیسرائیلە کە خەڵکەکەی بپارێزێ چوونکە لێپرسراوە بەرانبەر بە ژیان و مانی خەڵکەکەی، ئەوان کلیلی دەرگای بەهەشت دابەش ناکەن بەسەر قووتابیانی قۆناغی سەرەتایدا و بە هەزاران هەزارانیان ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ ناکەن بۆ تەقاندنەوەی کێڵگەکانی مین، بە خەڵکی خۆیان وتووە، حاڵی ئێمە ئەوەیە ئێمە وەک نەتەوەی جوو(بوونمان) لە مەترسیدایە، دەبێت هەمیشە ئامادە و کۆک بین بۆ پاراستنی خۆمان، دەبێ سەرکەوتوو بین بەسەر دوژمنەکانماندا، هەر تاکێکی جوو بەدەستی دوژمن بکوژرێ، بکوژەکەی دەکوژینەوە، خەڵکی جوو بۆ حوکوومەتی جوو لە هەموو سامانێک بەنرخترە، ئەوەتا دوای چڵ ساڵ بە شوێن تەرمی ئەفسەرێکی جوودا دەگەڕێن لە باشووری لوبناندا کە بەدەستی تاقمی حیزبی ئەڵلا کوژراوە، حوکوومەتداریی وا دەبێت، کە بەرپرسیارێتیت هەڵگرت و بەڵێنت دا کە لێپرسراوی، دەبێت گفت و قەوەڵەکەت ببەیتە سەر، دەنا لێت دەپرسنەوە بە تووندی، ئەمە بۆ هەموو جۆرە بەرپرسیارێتییەک دروستە، تاکەکانی کورد دەبێت ئەم ئەڵقەیە بکە گوێیان.
مام سۆفی گەنم و تەماتە بەرهەم دێنێ بە هیوای فرۆشتنی، کارخانەیەکی دیش لەو سەری دنیا فڕۆکەیەکی نوێ دروست دەکات، بە هیوای فرۆشتنی، مەگەر وانییە!!! چ بازرگانی گەنم بکەیت چ بازرگانی چەقۆ، یەک پرۆسەن لە بەردەوام بوونی ژیاندا، ئەگەر دەتوانی هەوڵی داڕشتنی یاساگەلێک بدە، کە چەقۆ چۆن بەکار بێت و دەزگای جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەش بنیات بنێ، شتێ لەسەر کاغەز بنووسیت، مانای وانییە کە دەتوانی واقعێکی تاڵی پێ شیرین بکەیت، گۆڕینی ئەو تاڵییە، بیرکردنەوە(نووسین)، هێزی جێبەجێکردن، چاو بۆ چاودێریی و دەست بۆ هەڵگێڕانەوەی، پێویستە.
مام سۆفی چەقۆیەکی قەڵەمبڕی بە کەمەریدا هەڵواسییوە و گەنم بەرهەمدێنێ، بەڕێوەبەری ئەو کارخانەیەش، بۆ فراڤین نانی گەنم دەکاتە پێخۆر و پاش نیوەڕۆ سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی فڕۆکە دەکات، مەگەر وا نییە؟!!
سەرانی ڕۆشنبیریی عەرەبی، توورکی و فارسی، کە بەرهەمی ئەو ڕژێمانەن وڵاتەکانیان بەڕێوە دەبات، هیچیان کەمتر نییە لە جەنڕاڵێکی سەربازیی ناو سپایەکی ڕژێمەکانی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری بەشێک لە خاکی کوردستاندا!!! وتن خۆشە، دەرکەوتنیش لەو کەناڵە زۆرانەی بە پارەی پەترۆدۆلار ئاوەدانکراونەوە، خۆشترە کاتێک باسی دیمۆکراتییەت و مافی مرۆڤ و سەروەری سنوورە کێشراوەکان دەکەن، بە قات و بۆینباخەوە. بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەنووسێت:
" هەرچەندم ڕووانی لەو باوەڕەدا نەبووم کە ئەو دیمۆکراسییەی لوبنان بە گەرووی دەسەڵاتە عەرەبییەکاندا بچێت". فەرمون بڕوانن، چۆن ئێران توانی دیمۆکراسییەتی لوبنان، کە پاشخانی بیرکردنەوەی ئیستعماری فەرنساوی بوو، بکاتە مۆڵگەی چەک و جبەخانەی خۆی و حیزبی ئەڵلا، بکاتە فەرمانڕانێک تەریب و بەهێزتر لە حوکوومەتی لوبنان؟ دەزگا سیخووڕییەکانی ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟! ئەوان ئەم بەکێشکردنی چەک و جبەخانەیەیان لە تارانەوە بۆ بێرووت نەبینی؟! بەڵی بینیان بەڵام دیمۆکراسییەت مەترسییەکی هێندە مەزنە بۆ فەرمانڕانانی عەرەبی کە چاویان لێ قووچان و لە ژێر مێزەکەوە، قەتەر و سعوودییە و ئەوانی دی، هاوکارییان بۆ نارد و لە کەناڵە تەلفزیۆنییە پەترۆدۆلارەکانیانەوە، ئەفەندییە قاتلەبەرەکانی ڕۆشنبیریی عەرەبی، بۆ ئێران دەپاڕانەوە و باسی ئیمپریالیزم و زایۆنزمیان دەکرد، ئەو زایۆنیزمەی هەزار و چوارسەد ساڵە ڕۆژی حەڤدە جار لە نوێژەکانیاندا، بە مەیمونی شوێنراو و نەفرەت لێکراو لەلایەن خواوە! باسیانکردووە. دەی ئەم بیرکردنەوەیە چۆن دیمۆکراسییەتی لوبنان قبووڵ دەکات، کە بنەمای بیرکردنەوە و دەسەڵاتی فەرمانڕانانی عەرەبی دەلەرزێنێ، مامۆستا مەسعوود زوو هەستی بەم کڵۆڵییە کردووە و ئەو وتە گەوهەرینەی بۆ نەتەوەکەی تۆمارکردووە. یەکەمین شتێ کە ڕۆشنبیرانی عەرەب، توورک و فارس بیریان لێکردۆتەوە ئەوە بووە: کە وتەکانیان هەم دڵی ڕەشە خەڵکەکەیان خۆش بکات و گەمژاندنیان بەردەوام بکات، کە بریتییە لە درووشمی بریقەداری کۆن و بەسەر چوو، باسی شارستانەتی ئیسلامی!!! و زانا موسڵمانەکان و ئەندەلوس و زیاد و خالید و شمر و عەباس و مەهدی، هەم وتەکانیان بە گوێی دۆستە خۆرئاواییەکانیان خۆش بێت، کە باسی دیمۆکراسی، یەکسانی و مافی ژن و منداڵە، لە حاڵیکدا کە هەم خۆیان و هەم دۆستانی ئەورووپاییان دەزانن کە ئەوان درۆ دەکەن. باڵوێزخانەکانی وڵاتان لە وڵاتانی یەکدیدا بە تایبەت باڵوێزخانەکانی وڵاتانی خۆرئاوایی چاوێکی شەش لەسەر شەشن، بۆ وڵاتان و حکووماتەکانی خۆیان، ئەوە باڵوێزخانەکانی دەوڵەتانی عەرەبی و فارسی و توورکی و لەو تەرزانەن، کە چاوێکی شەش لەسەر شەشن، کە بزانن ئەو خەڵکەی خۆیان کە لە وڵاتە خۆرئاواییەکان نیشتەجێن، چالاکییەکانیان دژ بە ڕژێمەکانیانە یا بە سوودی ڕژێمەکانیانە، واتە لە گەڵ ڕژێمدان یا لەبەری ئۆپۆزیسێۆنی ڕژێمدان، ئەگەر توانیشیان ئەوا خەڵکی خۆیان لە وڵاتانی خۆرئاوا تیرۆر دەکەن. حوکوومەتی ئیسرائیل فرە ئازاییە لە پاراستنی خەڵکی خۆیدا و ڕژێمەکانی وەکو ئیسلامی ئێرانیش فرە ئازان لە تیرۆرکردنی خەڵکی خۆیاندا، ئەمە جیاوازییە کرۆکییەکەی نێوانیانە. نموونەیەکی زەقی ئەم جووداوازییە لوبنانە: عەرەبەکان و ڕۆشنبیرەکانی لە وڵاتانی عەرەبیدا، دیمۆکراسیەتی لوبنانیان بۆ قووت نەچوو و قبوڵیان نەکرد، بەڵام بە سانایی حیزبی ئەڵڵایان بۆ قووت چوو و قبوڵیان کرد، تاکە دەسەڵات و حوکوومەت و نەتەوە کە لە ناو بازنەی کێشەی ئیسرائیل وعەرەبی موسڵماندا بوو، هەر لە سەرەتاشەوە ئەم حیزبی ئەڵایەی ڕەتکردەوە و بەرەنگاری بوویەوە، نەتەوە و حوکوومەتی ئیسرائیل بوون.
سەددام حوسەین ٣٥ ساڵ بە دروشمی دژە ئیمپریالی و زایۆنی، وەکو پاڵەوانێکی قەومی لای قەمییە فاشستەکانی عەرەب و ڕژێمی خومەینیش بە دروشمی مەرگ بۆ ئەمێریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل، ٤٦ ساڵ ناوچەکەیان کردە گۆمی خوێن و بەهەزاران هەزارانیان کوشت و ماڵی خەڵکیان وێران کرد و ژینگە و نیشتمانی نەتەوەکانی تریان کردە سووتماک. نەتەوەی کورد لەهەموو کەس زیاتر کرایە ئامانجی ئەم ڕژێمانە. بینیمان لە کۆتایدا کە سەددام حوسەین دەستی لە بنی هەمانەی دەسەڵاتەکەیەوە هاتەدەر و داداگایی کرا، قورئانێکی لە بن هەنگڵ نابوو، بۆیە لەو داوایانەدا ڕۆشنبیرانی عەرەب کردشیان بە موجاهیدی شەهید. ناو بەخشینەوە ئاسانە، بەتایبەت لە موسڵمانەتیدا بۆ هەموو ڕەفتارێک جوانکارییەک هەیە، با ڕەفتارەکە دزێویش بێت!!! ئەوان خەڵکی خۆیان دەخەڵەتێنن و بەتەماشن خوداش تەفرە بدەن!!!. ئەمە لە ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا ئاشکرای ئاشکرایە.
گرفتگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، گرێیەکە لە ژیانی زۆرینەی بە تایبەت عەرەب، توورک و فارسدا، ئەویش ئەوەیە کە مەزهەبێک و درۆیەک و گێرانەوە گەلێک بوونەتە سەرچاوەی ئەو خەڵکانە لە سەدەی بیست و یەکدا: گرێی لووتبەرزیی نەتەوەیی فاشستی کەلای ڕۆشنبیران و ڕەشەخەڵکی فارس و توورک، لابەلا تێکەڵیشکراوە بە گێڕانەوەی هەڵبەستراوگەلێک لە وەهمی شارستانەتی لای فارسەکان فارسی و لای توورکەکان ئیمپراتۆریەتی وەسمانی، واتە چەپی فارسی و توورکی لە حاڵیکدا کە کورد باسی ئازادیی نیشتمانەکەی بکات، ئەوان دەتوانن بە وتەی خۆیان ببنە سەربازی پشتسەری خومەینی و ئۆردووگان بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران و توورکیا. ئیسرائیل تێیان دەسرەوێنێ ئەوان دەڵێن کوردەکان دەیانەوێ جوودا ببنەوە، ئیسلامی سیاسی و شوورای چەپ و کۆمۆنیستەکان دەڵێن: نا بۆشەڕ، ئەمێریکا لێیان دەپرسێتەوە، ئەوان دەڵێن: کوردەکان دەیانەوێ جیاببنەوە و نا بۆ شەڕ، سی ساڵ حیزبی ئەڵلا لە لوبنان تەڕ و وشکی بەسەریەکدا هاڕی، شورای چەپ و کۆمۆنیستەکان هیچیان نەوت، توورکیا عەفرینی داگیر کرد و چەکی کیمیاوی دژی ئازادیخوازانی کورد لە چیای سەربەرزی قەندیل دژ بە گریللا ئازادیخوازەکانی کورد بەکارهێنا، ئیسلامی و شوورای چەپ وکۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیرانی سەرزللی فارس، توورک و عەرەب بێدەنگ بوون هیچیان نەوت، ئەوان دەزانن و ئیسرائیل و ئەمێریکاش دەزانن کە ئەوان درۆ لەگەڵ خەڵکی خۆیان دەکەن و دەشیانەوێ خوداش تەفرەبدەن، بۆیە کێشی ئەوان لە بەرانبەر بوێری و توانای سووربوونی نەتەوەی کوردا لەسەر ئازادکردنی نیشتمانەکەی، هیچ بەرانبەری هەزارە. ئەم مەسەلەی نا بۆشەڕە کۆنە: لە عێراقی حەفتاکاندا کاتێک حیزبی شوعی عێراقی دژ بە کورد، بە فەرمانی سۆڤیەت، چووە هاوپەیمانی بەرەی بەعسەوە و دوایی بەعس کەوتە سەروگوێلاکی شوعییەکان خۆشیان، لیژنەیەکیان دروستکرد بوو ناویان نابوو لیژنەی (انصار السلام/ لیژنەی لایەنگرانی ئاشتی)، ئەم لیژنەیە هەر لە هاتووچۆدا بوو، لە نێوان بەغدا و مۆسکۆ و پایتەختەکانی سەر بەمۆسکۆی ئەو کاتەدا، دوای هەموو سەفەرێکیان بۆ مۆسکۆ، بەعس ژمارەیەک کادری شوعی لە سێدارە دەدا و پاش گەڕانەوەشیان ژمارەیەکی تری لە سێدارە دەدا، یارییەکە دیار بوو، نەوت و کڕینی فڕۆکەی سۆخۆی سۆڤیەتی، پشتی هەموو پرانسیپە مارکسییەکانی شکاندبوو، بەڵام هەتا ئێستاش شوعییە عێراقییەکان و توودەییە ئێرانییەکان نایانەوێ دان بەم ڕاستیانەدا بنێن. کیانووری، پاش ئەوەی سۆڤییەت ئەمری فەرموو کە دەنگ بە خومەینی و ویلایەتی فەقێ بدەن، چوونکە خومەینی دەڵیت مەرگ بۆ ئەمێریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل، بە گومڕاکراوانی خۆی وت: هۆی ئەوەی کە سۆڤییەت هەڵوەشایەوە، ساردیی و سەرما و سەهۆڵبەندانی سیبیریا بوو، دەنا تۆزێکی مابوو کۆمۆنیستی لە سوڤییەتدا بەئاکام بگات!!! وەک ئەوەی فینلەند، نەرویج و سوێد، سەهۆڵبەندان نەبن و شەش مانگ لە ساڵدا هەتاو بن و بەفری دنیا لەو وڵاتانە نەبارێت!!!. ئەمە هەر ئەو وەهم و خورافییە ئیسلامییە سیاسییەیە، کە هەموو جارێک دەیدۆڕێنن و دەڵێن خوا تاقیکردینەوە و ئێمە سەرکەوتووین، لە شەڕی ١٩٦٧ دا مەلاکانیان وتیان، ئێمە بۆیە نەمانبردەوە چوونکە: ژنەکانمان حیجابیان نییە و ڕووتن، خودا تاقیکردینەوە!!!. بیانوو دۆزینەوە بۆ تێکشکان و دۆڕاندن، هێمایەکە چەپ و ئیسلامی سیاسی پێ دەناسرێتەوە.
د. یوسف زیدانی ڕۆمانووس، بیریار و هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی عەرەبی، فارسی و توورکی لەمەڕ ئەم شەڕە
بۆچی ئەم ڕۆشنبیرە عارەبە میسرییەم وەک نموونە هێناوەتەوە، چوونکە ئەم نووسەرە چالاکە، نزیکەی لە هەموو بارەیەکی ژیاری عەرەبەکانەوە وتوویەتی و باسکردنی هەیە. لەم شەڕەی دوایدا لە نێوان ئیسرائیل، ئەمێریکا و ئێراندا، هاتە گۆ و باسێکی (مێژوویی- فەلسەفی) سەبارەت بەشەڕەکە کرد. ئەمجۆرە نووسەرانەی عەرەبی لە هەر جێگایەکی سەردەمەکاندا، بابەتەکە بە دڵیان نەبێت و تەرازووەکە بەلای (ئەولاکان) دا بشکێتەوە، وەک ڕووداوێکی مێژووی باسی لێوە دەکەن و گوێگرەکانیان حەواڵە دەکەن بۆ سەردەمە زێڕینەکەی ئیسلام و موسڵمانەکان، کە تا ئێستایش هەرگیز، نەتوانراوە بسەلمێنرێت، کە ڕۆژێک لە سەردەمەکان، وڵاتێکی گەورە و یەکگرتووی موسڵمانێتی هەبووبێت، ئەو دەگمەنانەش کە باسی یەکێتی ئومەتی ئیسلامیان کردووە، باسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە توورکەکان دەکەن، بێ ئەوەی بیڵێن بە شانازییەوە ئەم نموونەیە دێننەوە، ئەوەیە کە نووسیم نە لەگەڵ خەڵکی خۆیان و نە لەگەڵ خودای خەڵکی خۆیان سەرڕاست و دڵپاکن و نە لەگەڵ قەڵەم و ئەرکی کۆمەڵایەتی قەڵەمدا (کە بەرهەمهێنانی ئازادیی)یە ڕاستگۆن. بایەکە لە هەر لاوە هەڵی کرد، ئەمان شەنی خورافاتگەلێکی هەڵبەستراو دەکەن و بە ڕاستەقینەی مێژوویی بە خەڵکی خۆیانی دەفرۆشنەوە. ئەوە گرفتی من نییە و هیوادارم لەو زەلکاوەی تێی خلیسکاون، زیاتر بەرەو قوڵایی بچن، گرفتەکە ئەوەیە کە من ناچارکراووم لەگەڵ ئەم بیرکردنەوە و هەڵوێستە ڕەگەزپەرستیانەدا ئەوە دەیان و سەدان ساڵە لە بەرگریکردن لە مانەوەی خۆمدا بم. ئەم نووسەرە شەڕی ئەم دواییانەی ئێرانی لەگەڵ دنیا شیکردەوە و کردییە سێ جۆر شەڕ:
- شەڕی بێهوودە، وەک شەڕەکەی سەددام و خومەینی.
- شەڕی پیرۆز وەک شەڕی میللەتان بۆ ڕزگاریی.
- شەڕی بێئابڕووەکان، وەک شەڕی بە وتەی ئەو، ترامپ و نەتەنیاهۆ بۆ سەر ئێران.
من ئەم شەڕانەی لێدەکڕم و لە ناویاندا، ستایشی شەڕی میللەتان بۆ ئازادی پەسەند دەکەم. بەڵام لێشی دەپرسم: ئایا شەڕی میللەتانی ئێران(بەتایبەت کورد) لەگەڵ ڕژێمەکانی ئێراندا، یا هەر ڕژێمێکی داسەپاوی وڵاتانی تری عەرەبی و توورکیدا بۆ نموونە: پۆلیساریۆ لە مەغرب، داواکاری ئەمازیغییەکان بۆ ئازادی، کوردەکان بۆ ئازادی، بلووچەکان بۆ ئازادی، قبتییەکان بۆ ئازادی، لەگەڵ نەتەوە و ڕژێمە داسەپاوەکان، بە شەڕی بێئابڕووەکان دەزانێ وا باسیان لێوە ناکات؟! گرفتی عەرەب، تورک و فارس، نە ئیسرائیل و نە ئەمێریکایە، بەڵکو ستەمی نەتەوە و ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ نەتەوەکانی ژێردەستیان، ئەوەش کە ڕۆشنبیرانی ئەم نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکەرانە، خۆیانی لێ دەبووێرن و باسی ناکەن، ئەو دوو ڕوویی و درۆکردن و فیشاڵ هۆنینەوەیەیە کە پێ بەپێی ستەمی لەشکریی و دزیی کلتووریی و بە سووتماککردنی نیشتمانی داگیرکراوی ئەو نەتەوە ستەملێکراوانە، بۆیەک مەبەست و یەک ئامانج کاریان کردووە/ دەیکەن. ئیتر قسەی بۆش ناچێتە هیچ گیرفانێکەوە با باسکە باسی ئاین، فەلسەفە و مافی مرۆڤیش بێت، هەر وەک چۆن پرۆسەی چاکبوونی تاکێک لە تاکەکە خۆیەوە دەبێت دەستپێبکات، هەر بەو جۆرەش ڕاسکردنەوەی خوارییەکانی نەتەوە و ڕژێمە داگیرکەرەکانی عەرەب، توورک و فارس، دەبێت لە ناو خۆی ئەو نەتەوە و وڵاتە داگیرکەرانەوە دەستپێبکات، داتاشینی دوژمنی دەرەکی، فێڵێکی کۆنە بە ژیریی میللەتانی ئازادیخوازدا ناچێت، با کەسگەلێکی وەک د. یوسف زێدانیش، پەڕۆی ئاڵ و واڵا بەم درەختە زڕەدا هەڵبواسن و تیفتیفەی بدەن!!!.
ئانیشتاین دەڵێت: "گەمژەیی ئەوەیە کە هەمان هەڵە چەند پاتە بکەیتەوە و چاوەڕوان بیت، ئەنجامێکی جوودات دەستبکەوێ"، ڕژێمەکان و نەتەوە داگیرکەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبوو پەڕۆیەک لەم وتەبەنرخەی ئانیشتاین دابدڕن و بە دەرگای هەر پەرستگایەک و چاپخانە و کتێبخانەیەکدا هەڵیبواسن، باشترە و زۆر باشترە لەوەی کە ڕۆشنبیرکانیان، داواکاریی میللەتانی ژێردەستی خۆیان، وەک تۆمەتێکی دژە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان تەماشا بکەن، نەتەوەگەل و ڕژێمگەلێک کە سەدان ساڵە، ژیان، ئاسایش، ئابووری، کلتوور و چارەنووسی میللەتگەلێک وێران دەکەن، دەبێ زۆر گەمژە بن، کەوا ناوێرن جارێک لە ئاوێنەدا بۆ "کۆمەڵایەتیی" ڕەفتاری نەتەوەکانی خۆیان بڕوانن، تا بزانن بە کام پلەی مرۆڤبوون گەیشتوون؟!!!. ئەو وتەییەی ئانیشتاین سەرکردەیەتی حیزبە کوردییەکانیش دەگرێتەوە، ئاگادار بن.
مێدیاکان و شەڕەکە
شەرەکان وەک چۆن بوونەتە بازرگانییەکی ڕەواجدار و چینێک لە "بازرگانی شەڕی" درسووستکردوە و تۆڕ و سیستەمی تایبەت بە خۆیان هەیە و هێزیان پەیداکردووە و دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە هەڵگیرساندنی شەڕدا و دڕیژکردنەوەی شەرەکاندا، هەروەها بۆ مێدیا جیهانییەکانیش بۆتە بازاڕێکی فراوان " چینێک مێدیاکاری" دروستکردووە، کە ئەوان کاریگەرییان لەسەر شەڕەکان زیاتریشە لە بازرگانانی شەڕ، ئەمان لەبەرچاون و ڕاستەوخۆ بینەرانی خۆیان دەدوێنن و گەمژەیان دەکەن، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆیان پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە شیتەڵکار و وتەوێژ و بیرخەرەوە و ئاڕاستەکەر هەیە، هەیانە بەدرێژایی ڕۆژانی شەڕەکان لە چەند کەناڵەوە دەردەکەون و فاڵ بۆ شەڕەکان دەگرنەوە و بیر و داخوازیی زۆرینەی خەڵک ئاڕاستەی مەبەستی خۆیان دەکەن. زۆر بە لاوازیی و کەمیی مێدیاگەلێک دەدۆزییەوە کە بیر لە مرۆڤ و چارەنووسی تاکەکانی مرۆڤایەتی بکەنەوە، زۆرینەی ئەم کەناڵانە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵاتێک، ڕژێمێک و حکوومەتێک دایان مەزراندوون و باربۆیان دەکەن، بۆیە بوونەتە ئاوێنەی سیاسەت و بیرکردنەوەی ئەو ڕژێم و حکوومەتانە، هەر ئەوە دەڵێنەوە کە گۆشەنیگا و خواستی ڕژێمەکەیە، ئێمە هەڵوێستی نا ئینسانی و ڕقاویی زۆر لەو کەناڵانەمان بینی لە هێرشی هووڤەکانی سەر بە توورکیادا بۆ سەر ئازادیخوازانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا. لەم شەڕەشدا، دوای ئەوەی کە مێدیاکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و سپای پاسداران، توانای گەیاندنی پەیامەکانی خۆیان نەبوو بە حیزبی ئەڵلا، حەشدی شەعبی لە عێراق و حووسییەکان لە یەمەن، ئەوا ئەمان لە ئەلفەوە تا یێ ڕاگەیاندراوەکانیان بۆ دەگواستنەوە و دەیانگەیان بە شوێنی مەبەست، هەروەک کاتی شەڕی ئەفغانستان، کەناڵە عەرەبییەکەی دۆحە کۆدەکانی لە نێوان دێڕی دەنگوباسدا دەگەیاند بە ئوسامە بن لادن و قاعیدەچییەکان!.
دەنگەکان و دوو دەنگی هاونیاز
دوو دەنگی ئاشکرا کە زۆر دیار و چالاک بوون، دیسان بەرەکانی چەپ و ئیسلامی سیاسی بوون، کە هەموو تاوانە ٤٧ ساڵییەکەی ڕژێمیان پەردەپۆشکرد و دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕی سەبارەت بە جەنگەکە، چوونکە ئەم جەنگە بە قسەی خۆیان، ئیسرائیلی زایۆنیزم و ئەمێریکای سەرمایەداریی هەڵیانگیرساندووە و بەهانە بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەستەزمان دەگرن، ئەو لە وڵاتی خۆیدا!!! دانیشتبوو ئەمان پەلاماریان دا و مافیشی هەیە بۆ بەرگری لە خۆی(بێگومان لەبیرخۆیان بردبۆوە کە ئێران ڕژێمێکی ستەمگەرە)، ئەوا شەلم کوێرم دەست لەکەس ناپارێزم، تەنانەت ئەو وڵاتانەی بۆ ئیرانیش دەپاڕانەوە لای ئەمێریکا، ئەوانیشی دایە بەر ڕۆکێت و درۆنی شاهدی بۆ ناردن و باشووری کوردستانیشی لە چەند لاو بۆ دەیان جار بۆمباران کرد. چەپەکان گرێکوێرەی ململانێی چینایەتیان هەیە، کە شەڕی نێوان چینەکان تیژدەکاتەوە و بەردەوامی ژیانی خۆیان لەوەدا دۆزیوەتەوە، چەپایەتییان لێ بۆتە دۆگمایەک و خۆیان تێدا زیندانی کردووە، لە دەرەوەی ئەوە هیچ شتێکی دی نە دەبینن و نە بەڕاستی دەزانن. ئیسلامی سیاسیش قین، تۆڵە و کۆنە ڕق، کەڕ و کوێری کردوون و کوشتنی (ژیان) یان کردۆتە ڕیبازی خۆیان و لە لێشاوێکی بەردەوامی (بە کافرکردن)ی ئەوانی تردا ڕەفتار دەکەن، شمشێریان لە هەموو بوونەوەرەکان هەڵکێشاوە و فوو لە هەموو چرایەکی داگیرساو دەکەن.
ئێران
وڵاتێکی گەورە نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی گەورەی داگیرکەرە، کە ئەرکی هەموو ئازادیخوازێکە، لە بناغەوە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بدات و پیرۆزی ئەو سنوورەی کە بە خوێنی میللەتان و نەتەوەگەلی تر سوورە، ڕسوا بکات. لەم شەڕەدا کاتێک سەرۆکی ئەمێریکا وتی: شارستانەتی ئێران دەسڕمەوە، د.یووسف زێدان وتی: ناتوانی، ئەوان بۆ چنینی فەرشێک دووساڵ کات بەسەردەبەن! وا بزانم پێویست ناکات لێی بدوێم....
ئەکادیمیکارەکانی کورد و پەیمانی سایکس – بیکۆ و شەڕفرۆشتنی ئێران
دابەشکردنی نیشتمانی نەتەوەیەک کە کوردە، ١٩١٦/٠٥/١٦ بووە هۆی داتاشینی چەندین وڵاتۆکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واتە ئەو فۆڕمەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەتی ئەنجامی دابەشکردنی خاکی کوردانە، لە بنەڕەتدا ئەم پەیمانە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پەیمانێکی نهێنی نێوان ئەفەسەری دەزگای سیخووڕی بەریتانیا (مارک سایکس) و دیپلۆماتکاری فەرەنساوی (فرانسۆ جۆرج- پیکۆ) یە کە کاتێکی دیاریکراوی بۆ تەواوبوونی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام ئەوە سەدساڵەی خۆی تەواوکرد. جا لەم سەد ساڵەدا گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویاندا و شەڕی زۆری تێدا کرا، کە ئیسرائیل لە هەموو ئەم شەڕانەدا لایەنێکی سەرەکی بووە، چوونکە بەزۆری ڕووی تیرەکە لە بوونی وڵاتی ئیسرائیلکراوە و ئەویش جوامێرانە بەگژ دوژمنەکانیدا چۆتەوە و نەتەوەکەی خۆی پاراستووە، ئەمە ڕاستییە. لەمێژووی خەباتی کورددا بۆ ئازادی، زۆر باس لەوە کراوە کە میللەتەکە نەخوێندەواربووە، واتە تێگەیشتنی سیاسی نەبووە بۆیە تێکۆشانەکەی بەرهەمێکی نەداوە بەدەستەوە، ئەمساڵ کە ساڵی ٢٠٢٦ ی زاینییە و ئەو بۆ ماوەی مانگێک و زیاترە، شەڕی ئیران بۆ سەر مرۆڤایەتی دەستی پێکردووە و ئەمێریکا و ئیسرائیل، هەرەیەک بۆ ئامانجێک، بوێری ئەوەیان تێدا بوو کە ئاسمان و ڕیسمانەکەی پێکەوە گرێبدەن و ئاسمانەکەی لە ڕژێمەکە بکەنە چەرمی چۆلەکە و ئامڕازەکانی کوشتنی لە سەر زەویی و بن زەوی، وێران و نابووت بکەن و ڕژێمەکە مایە پووچ بکەن. سیاسەتێکە بۆ شیتەڵکردن ئاوی زۆر دەبات، بەڵام کاری من بەو سیاسەتە نییە.
لە پلەی یەکەمدا: دەبینم دووژمنێکی خوێنخۆری داگیرکەری بەشێکی زیندوو و گرنگ و بنەڕەتی نیشتمانەکەی منی داگیرکردووە و وڵاتەکەی منی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکەم، کێ تێی بسەروێنێ، خواری بکاتەوە، تێکی بشکێنێ، زەلیل و ڕسوا و بێدەراتان و پووچی بکاتەوە، بارێکی قوورس و گرانی لەسەر شانی من لابردووە و بەری بە ڕشتنی خوێنی ستەمدەیدەکان گرتووە و دەستێکی بڕیوەتەوە کە هەر دەبوو ببڕێتەوە. ئەوەی دژی ڕووخاندنی ئەم دیوارە خوارە بوەستێتەوە، بەرژەوەندێک و مەبەستێکی تایبەتی حیزبی، گرووپی، یا شوێن قەرەباڵغی بیرێک کەوتووە، ئەگەر واش بڵێت کە مەبەستی وی مرۆڤە، ئەو ڕژێمە دژ بە مرۆڤە، ئەگەر بڵێ ئابووری جیهان تێک دەچێت، ئەوە ٤٧ ساڵە ئەو ڕژێمە نەوت دەفرۆشێ و ئەوە بەرهەمەکەیتی کە ئەمڕۆ ئەمێریکا و ئیسرائیل، ئاگری تێبەردەدەن، زۆر جێگای سەرسووڕمانیشە کە کەسگەلێکی چەپ ئەوەندە تارماییان بەسەر چاودا هاتبێت، کە لە هەر گۆشە و تێڕوانینێکەوە، هەڵوێستێک وەربگرن، کە سێبەرەکەشیان ئاهێک بە دەروونی ئەم ڕژێمە ببەخشێت.
وتم قسەی دەمی خەڵک لە مێژوودا بۆ تێکۆشانە بێبەرهەمەکەی کورد ئەوە بوو کە نەتەوەکە نەخوێندەوار بوو، من ئێستا دەپرسم کە ساڵی ٢٠٢٦ ە، کورد، بەلایەنی کەمەوە دەڵێم ١٠٠ مامۆستای دانیشگا و زانستگەی بەرزی لە زانکۆکانی دنیادا هەیە، ئەی ئەم خوێندەوارانە بۆ بێدەنگ و نادیارن؟! هەروا دێت و باسوخوازی کورد، لە مێدیا و لەسەر زاری سەرۆک و دیپلۆماتکارەکانی وڵاتانی دنیاوە دێتە باسکردن و ئاماژە پێدان، ئایا نەدەبوو ئەم قسەوباسانە لەلایەن ئەکادیمیکارەکانی کوردەوە بقۆزرایەتەوە و وتارێک و دووان و سیانیان لە ڕۆژنامە گەورە جیهانییەکاندا وەک نیویۆرک تایمز و گاردیان و ئەوانی تردا بنووسیبایە و مەسەلەی نەتەوەکەی خۆیان بۆ ڕای جیهان باسکردبا! وڵاتان و سیاسەتیان و بەرژەوەندییەکانیان هەر لەم سات و سەردەمانەدا دەگەشێنەوە و فۆڕمیان پێدەدرێت، ئەگەر ئێوە ئەم کارە نەکەن، چاوەڕێی سیاسەتبازانی کوردن ئەم کارە بۆ نەتەوەکە بکەن، ئایا هۆی چییە؟!!! تەنانەت پێگەیەکی ئەلکترۆنییان نییە کە ببێتە سەرچاوەی بیرکردنەوەی خەڵکەکەیان و نە ڕێنماییەکمان لەوان بیست، کە بەرەو یەکبوون و بیرکردنەوە ئاڕاستەمان بکات!!! نەتەوەکە، هۆشی کوردی بە ئەکادیمکارەکانی کورد سپارد، زۆرینەی ئەوان خیانەتیان لەم ڕاسپاردەیە کرد.
ئەرکی ئەوبەشە لە نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵاتدا
نابێت ئەم هەلە لە دەست خۆی بدات، خاکی خۆی لە خوێنمژانی سپای داگیرکەری ئیسلامی ئێرانی پاک بکاتەوە، ڕەنگە حیزبەکان بە ئاسنی مل بە خواستی گەل نەدەن، بەڵام هەمیشە دەبێ ئەوەتان لە یاد بێت، کە ئەوە حیزبەکانن دەبێ ملکەچی خواستی گەل بن، نەک پێچەوانەکەی، هەر کە هەلتان بۆڕەخسا، دیفاکتۆی بەڕێوبەرێتی خۆتان بنیات بنێن، فارسەکان لەم حاڵەتە زۆر دەترسن و زارەتەرەک بوون، بۆیە بەهەموو جۆرێک دەیانەوێ کورد بەلاڕێدا بەرن، گرتنی کۆنفرانسی ئازادی و ئازادی ئێران و ئەم وردەبازاڕ و سەرگەرمیانە، نابێت دیمەنێک بێت کە سەرنجی ئێمە ڕابکێشێ، دوو جوودایی بنەڕەتی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە: یەکەم- ئێمە ئێرانی نین، دووەم - ئێمە لەلایەن ئەوانەوە داگیرکراوین، ئەوان ئەگەر ڕاستیان دەکرد، دەبوو کۆنفرانسی ئازادی نەتەوەکانی ئێران بگرن، ئەوە ئەسڵ و بنەڕەتەکەیە.
گوڵەخانە وەک ستۆدیۆی پێنجەمی دەزگای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران
سەرەتا من پێم سەیرە و بۆم ناخوێندرێتەوە کە چۆن (پێشمەرگەیەکی دێرین) ی نەتەوەیەکی ستەمدیدەی داگیر و دابەشکراو، ئاوا شەیدای قەووباڵای (دوژمنێکی دێرین)ی نەتەوەکەی خۆی دەبێت، ئایا ئەمە دەچێتە قاڵبی ئەو بابەتەوە کە پێی دەڵێن(ستۆکهۆڵم سێندرۆم/ عاشقبوون بە بکوژی خۆت)؟! لە ماوەی ئەم شەڕەی ئێراندا دژ بە مرۆڤایەتی، من دووجار چاوپێکەوتنی کاکە حەمەی حاجی مەحموودم بیست و بینی کە سەبارەت بە شەڕەکە قسەی کرد:
لە چاوپێکەوتنی یەکەمدا کە هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران سات بە سات و توند و داپڵۆسێنەربوون، ڕاستییەکەی کاکە حەمە ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو( ببوورە کاکە حەمەگیان، کورد ئاوا جوان ئەم حاڵەتانەی دەربڕیوە)، بەڵام لە چاوپێکەوتنی دووەمدا کە دوێنێ و پێرێیەک بوو، ئاهێکی پێدا گەڕابۆوە و ڕەنگی ڕوخساری گەشاوەتر بوو(وەک کوردێک پێمخۆشە کە تەندروستی هەموو کوردێک باش بێت)، پێموابێ چوونکە شەڕەکە لە وەستانێکی کاتیدایە و دیارە فارسەکان دەڵێن کە سەرکەوتوون و ئامادەی شەڕیشن تا کۆتایی و بەڵین و قەوڵ و گفتی زۆریان داوە، ئەمەش ٤٧ ساڵە سیمای دیاری گفت و بەڵینەکانی ئەوانە، من نازانم کاکە حەمە دڵی بەکام کێوی ئەم ڕژێمەوە سەرگەردان بووە، بەڵام ئەوە دەزانم، کە من هەمیشە دڵم لای دوا هەناسەی شیرین عەلەمکوهی، فەرزادی کەمانگەر و تێکۆشانە پڕ لە شانازییەکانی زەینەب جەلالیان و زاراگیانە و ڕاپەڕینی ژینا و هاوارەکانی ژن ژیان ئازادی سەر زمان و زارم جێناهێڵن. من ناتوانم، بۆیەک چرکە عاشقی دۆژمنانی دێرینەی نەتەوەکەم بم...نا ناتوانم.
کاکە حەمە دەڵێت: ترامپ کڵاوی ئیسرائیلی چۆتە سەر و وەک منداڵ وایە خۆشی نازانێت بەر و دوای قسەکانی چین، بڵێی وا بێت و سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمێریکا، بۆ خۆشی و بەقسەی خەڵکی لەشکرێکی ئاوا مەزن پەرتەوازەی دەریا و ئاسمان و زەوییەکان بکات و نەزانێ سبەی چی ڕوودەدات و ئەوەندە گێژ و وێژ بێت، نەزانێ چی دەکات و چی دەوێت؟! جا کاکە حەمە دەڵێت: من سیاسی نیم: بەڵام سکرتێری هەمیشەیی پارتێکی سوشیال دیمۆکراتی کوردیشە و دەڵێت: مالیکی لەوانی تر باشترە، لە دەرەوە بووە و کورد باشتر ناس دەکات لەوانی تر(ئەمە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی مەلاییەکانە)، دەشڵێ کورد ناتوانێ لەگەڵ عەرەبدا بژی و خوازیاری ئەوەشە کە مالیکی ببێتەوە بە سەروەزیرانی عێراق!!! چەنی بە چەن؟!...گفتەکەی کە لەسەرەوە سەبارەت بە ڕاسپاردەکەی کورد کە لای ئەکادیمیکارەکانی داینابوو، بەڕاست وەرگەڕا. سەرانی ڕۆشنبیریی کورد دەبوو لە هیچی نەبوو، بوونیان بخوڵقاندایە کە نەتەوەکەی ئەوان دەیان فرمان، ئەنفال، هەڵەبجە و کارەساتی بەسەرهات و ئەوان بێدەنگ بوون و ئەوەش سیاسییەکانی کە ستایشگەری دوژمنی دێرینەی نەتەوەکەی خۆیانن، هەر وای لێ دێ: ئەوەی کە دەتوانێ کارێک بکات و ئامڕازەکانی کردنی کارەکەشی هەیە، نایکات، مەیدان چۆڵ دەکات بۆ ئەوەی کە نازانێ و ئامڕازەکەشی نییە بیکات و سەقەتی بکات.
نەوت وەک سەرچاوەی یەکەمی مەرگەساتەکان
ئەم نەفرەتە کە بەرهەمی عەقڵی ڕۆژئاواییەکانە، هەرگیز بە عەقڵی دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەچوو/ ناش چێت، لێی تێنەگەیشتن و بەکارهێنانی فێرنەبوون/ ناشبن، بۆیە من داوا دەکەم لە دەسەڵاتدارانی دنیا، کە فەرمانڕانانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەوتبکەن (هەر چۆن حیزبەکانی کورد کە لە پێشمەرگەیەکی کورد قەڵس دەبوون چەکیان دەکرد) ئەوانیش بۆخۆیان ئەم فەرمانڕانە فێڵبازە خێڵبازانە نەوتبکەن و پارەی فرۆشتنەکەی لە کۆنتۆیەکدا خڕبکەنەوە و چەند کۆمپانیای ڕۆژئاوایی ڕاسپێرن، بە پێویستییەکانی ئەو خەڵکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگەن، ڕێگا، هێڵی ئاسنین، نەخۆشخانە، فڕۆکەخانە، قوتابخانە، باخ و باخات، مەزرای کشتوکاڵ و... ئامڕازەکانی چاکژیانیان بۆ ئاوەدان بکەنەوە و خەڵکەی لە ستەمی هەبوونی ئەم فەرمانڕانە قاچاخچی و هەوەسباز و پەرپووت و سیاسەتبازە بازرگان و خوێندەوارە سەرگەردان و لە ئاهوورا دوور و لە ئەهەریمەن نزیکانە ڕزگاریان بکەن و فێری ژیانێکی ئارام و خووی پێشکەوتن و زمانی گفتوگۆ و هەڵسوکەوتی شایستە بە مرۆڤبوونیان بکەن. بە خۆشەویستی کورد سوێند دەخۆم، دوو کۆمپانیای سوێدی و نەرویجی، ئەو ٣٥ ساڵە لە باشووری کوردستاندا کاریان کردبا، ئێستا هێڵی شەمەندەفەری کوردی و فڕۆکەخانەی کوردی و زانسگەی کوردی و زانستی کوردی و باخی کوردی، پاسی کوردی، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتی کوردەواریان پێکەوە گرێدابوو، نەوەیەکیش لە تەکنیکار و شارەزای زانستەکانیان بۆ کورد بەرهەم هێنا بوو، بنەمای ئازادی وتن، ئازادی کۆبوونەوە، ئازادی خۆپیشاندان و ئازادی وتن و بڵاوکراوەشیان هیچ نەبێت کردبووە باسی ڕۆژەکانی لاوانی کورد.... . هاوارە هاوار... لە خەمی سبەینێی نەتەوەدا هاوارێکی بە ئازارە... بەڵام هیوایە و بینینی ئەو ترووسکەی تێکۆشانەیە کە لە چاوی هەموو کوردێکی شەرافەتمەندی کوردستانیدا ڕوو لە ئایندە تیرۆژ دەدات و دەگەشێتەوە.
..................
*بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەفەرموێت:" فارسی لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە"، قسەی ئەو بۆ ئێمە بەڵگە و ڕێنمامانە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























