<

لەدەرەوەی هەموو قەفەزیک، گفتوگۆیەک لەگەڵ قارەمانیكیی نیشتماندا

25/04/2026, 18:03 (GMT+1)
لە کاتێکدا مێژوو بە خوێن و خەبات نووسراوە، هەندێک کەس هەڵدەستن کە ناویان تەنها لە پەڕەکاندا نابێت، بەڵکو لە دڵی خەڵکدا دەمێنن. ئەمڕۆ، لەگەڵ یەکێک لەو دەنگانە گفتوگۆدەکەم  کە لە مەیدانی شەڕدا بە چاو خۆی مێژووی بینیوە و خۆی کارەکتەری ناو ئەو مێژووە بووە، کەسێک کە بەشداربووە لە" هێزی پشتیوان" و بە تەواوی ئازار و سەرماو برسێتی و خەبات و بەرخۆدان چەشتووە، هەندێک جار پێویستە لە هەموو شتێک و هەموو کەسێک دوور بکەویتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆت بدۆزیتەوە. لە شوێنێکدا کە کەس چیرۆکەکەت نەزانێت، نووسینی چیرۆکێکی نوێ ئاسانتر دەبێت بۆت تالەگەڵ خۆتدا ئاشتبیتەوە و هەست بەبونی خۆت بکەیت. 
ئەم گفتوگۆیە تەنها پرسیار و وەڵام نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ یادەوەرییەکان، بۆ ساتە سەخت و پڕ لە هیوایەکان، بۆ ئەو کاتانەی مرۆڤ دەبێت لە نێوان ترس و ئازایەتی  دڵەڕاوکێ  بڕیار بدات بۆ ئەوەی ئازایەتی هەڵبژێرێت بۆئەوەی  بەزیندووی بیهێڵێتەوە.
بەرلە نزیکی پێنج دەیە گەنجێک دەچێت بەهانای براو خوشکەکانی لەودیوو سنوری دەسکردەوە و ئێستا پیاوێکی سەر سپی و چاویلکە لەچاو  چیرۆکی ئەوکاتەمان بۆدەگێڕینەوە تا لەفەوتان وبێدەنگیدا نەیهێڵینەوە،ئەگەر ئەو ڕاستییە ئاشکرا بێت، تەنها داهاتوو ناگۆڕێت، بەڵکو  ڕابردووش ئاشکرا دەکات،مێژوو تەنها چیرۆک نییە ، بەڵکو ئەوکاتەی تێدەگەیەن کە مێژوو چەندە پیرۆزە کە ئێمە وانەی لێوە فێر بین.  
سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەت داین گفتوگۆیەکی کراوە بکەین ، چونکە تاکە شەڕو پێکەدانە کە کەس لەبیرەوەری یان لەناو نووسراوە جێهێڵدراوەکاندا  ئاماژەیان پێنەدراوە . سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە  تا ئەو مێژووە پڕ ئازارە تاوتوێ بکەین،لەم ژینگەیەدا  پێم ووت  مانەوە پەیوەندی بە خێرایی و هێزەوە نییە ، پەیوەندی بە شارەزابوونە لە هەموو هەنگاوێک لە لێوارەکەدا بۆئەوەی چیرۆکەکان لەزاری خۆتەوە بێنە گێڕانەوە.
من  خۆشحاڵم کارەکانت دەبینم و ئاشنام پێی تەنانەت کتێبی "چیرۆکەکانی چیا"تم بەوردی خوێندەوە  ، ووتم خۆزگە منیش  حەوسەڵەو توانای ئەو کارەم هەبوایە ، بۆیە شادمانم کە قسەت بۆبکەم بەڵام بەرواری ڕۆژەکان نازانم تەنها پشت بە هزری ماندووم دەبەستم فەرموو پرسیار بکەن ، تابەپێ توانا وەڵامت بدەمەوە.
پرسیار
تائەوشوێنەی ئاگاداربم هێز چوبوو بۆ پشتیوانی شۆڕشی ئێران و تۆش زۆر زوو ڕووتان لەچیا کردبوو لەدوای ئاشبەتاڵەوە ، حەزدەکەم تۆزێک باسی سەردەمی پێشمەرگایەتی ئەوکاتانەشمان بۆ بکەیت  ، دەپرسم ئەمە یەکەمین جاربوو واتە ساڵی ١٩٨٣ کەوەک "هێزی پشتیوانی" چوونە ڕۆژهەڵات ، گەر پێشتر چوون بەشداربوون لەشەڕێک  یان چیتان کرد لەوێندەر ؟
ئێمە لەکاتی شۆڕشی  گەلانی ئێران  وەک هێزی پێشمەرگە چووینە بەشە داگیرکراوەکەی ڕۆژ هەڵات و لەکاتی هەڵهاتنی شای ئێران ئێمە لەوێ بووین واتە  ساڵی  ١٩٧٩ژیانی پێشمەرگایەتی ساڵانی  دوایی ئاشبەتاڵ و ڕاگواستنی دێهاتەکان و کارەساتی هەکاری مێژوویەکە  دەبوو سەدان کتێبی لێ بەرهەم بهاتایە ، چونکە ئەوساڵانە پێشمەرگایەتی  سەخترین کاتەکانی بوو ، ئێمە بەشەو درەنگانێ دەچوینە دێهاتەکان و هەر بەشەو دەچووینەوە چیاو لەئەشکەوت و  بن نوالەکاندا  خۆمان دەشاردەوە  ، ڕژێمی بەعسیش هەر ناوە ناوە کێوماڵی دەکرد لەگەڵ جاشی ناوچەکاندا ، جگەلەوەش لەهەموو دێهاتەکاندا لەڕێگەی کوێخاکانەوە تۆڕێکی پتەوی سیخوڕیان  چنیبوو ، ئێمە بەوردی ئاگاداری ئەوە بووین  بەڵام  نەمان دەتوانی ڕاستەو خۆ دادگایان بکەین، گەرچی  لەناوچەی  خالخالان و  قەرەداخدا  هەندێک سیخوڕ دادگایی کران ، بەڵام  ئەنجامێکی خراپی لێکەوتەوە .  کە گەلانی ئێران  شۆڕشیان کرد و ئەو پارچەداگیرکراوەی ڕۆژهەڵات  هەناسەی دا ئێمە لەوێ بووین ، سەرەتا  ڕێنمایی هێزی پێشمەرگەو خەڵکمان دەکرد  ، لە هێرش بۆ سەر پادگانی مەریوان  بەشدار بووین لەهەندێک ڕێگەو بانیش کە لەئەرتەشی ئێران درا هەروا ئێمەش لەگەڵیاندا بووین.
 پرسیار 
ئەی تۆ ناڵێت شۆڕش گەلانی ئێران کرا بۆ ئەرتەش پادگاکانی چۆڵ نەکرد؟
ئێران  ووڵاتێکی تایبەتە ، مێژووی هەیە لەهیچ لەو ووڵاتانەی تر ناچێت کە لەچاو ئێراندا  دوێنی دروستکراوە ، ئەرتەش لای گرنگ نییە کێ حاکمە  ئەو بەرگری لە ووڵاتەکەی دەکات ، بۆ زانیاریت خەڵکی ئێران زۆریان ووڵاتەکەیان خۆش دەوێت  ئایدۆلۆژیا  دەکەنە قوربانی نیشتمانەکەیان ، ئێمە بەپێچەوانەوە هەمووشتێک دەکەیەنە قوربانی  ئایدیایەک کە لێشی حالێ نابین ، کە شەڕی ئێران عێراق  دروست بوو "چریکی فیدایی" کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئەندامیان هەبوو لەپێناوی ووڵاتەکەیاندا  حیزبیان جێهێشت و چریک بوو بەدەیان بەش و ئێستا بوون بەمێژوو .  هەر لەو کاتانەشدا هێرشێکمان کرد بۆ بارەگاکانی دزڵی چونکە  ئەوان تەنها هاوڕێکانی ئێمەیان شەهید دەکر، کە ئاودیوی  باشور دەبوون وەک د. ڕەزا  و دەیان  تێکۆشەری تر، کە زۆر  ترسنۆکانە شەهیدیان کردن . ئێمە بارەگای دزڵیمان گرت و یەکێک لەبەرپرسەکەیان کەناوی "مەلا عارف " بوو بەدیل گرتمان  ئەوە ڕێک نەورۆزی ساڵی ١٩٧٩ بوو .  ئێمە زوو زوو دەچوینە ڕۆژهەڵات ، ئەوەش بڵێم کە بەڕاستی خەڵکی ڕۆژهەڵات ماڵ و سفرەیان  بۆ ئێمەواڵا کردوو ، ئێمە بەشێک بووین لەوان  و لەوماوەیەدا ئێمە بوژاینەوە پاشان لە دوایی ساڵێک ڕووداوێکی سەیری چاوەڕوان نەکراو ڕووی دا ئەویش شەڕی نێوان ئێران و عێراق (شەڕی ئێران–عێراق) لە ٢٢ڕەزبەر ساڵی ١٩٨٠ دەستی پێکرد، واتە شەڕی ئێران–عێراق نزیکەی یەک ساڵ دوای شۆڕشەکە دەستی پێکرد . ئیتر سوپای عێراق  کەمتر بەدوایی ئێمەوە بوو ، پاش ماوەیەک زۆری هێزەکانی گۆاستەوە چونکە  سنوری ئێران عێراق زۆر فراوان بوو  سوپا  بەشی ئەو هەموو جێگەیەی نەدەکرد ، دەستکرا بەبانگ کردنی  سەربازەکان لەهەموو عێراقدا ، خەڵکێکی زۆر وەک سەربازی هەڵاتوو هاتنە ناو دێهاتەکان تەنانەت دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتیش تژی بوو  لەسەربازی هەڵاتوو کەلەشارەکانەوە ڕایان کردبوو .
پرسیار
ئێران دوایی شۆڕش هیچ مافێکی بەکورد نەدا و شەڕ لەهەموولایەک دەستی پێکرد ، ئێوە چوونە شاری  سنە  یان مهاباد یان شارەکانی تر  کاتێک کە
خومەینی  بڕیار و فتوای سەرەکی دا، قاڵخاڵی بەرپرسی دادگا ولە ئیعدام کردنی خەڵک دەستبەکار بوو ، چەمران و هێزەکان  جێبەجێکردنی شەرەکەبوون، ڕۆڵی ئێوە چی بوو؟
ئێمە دوای ماوەیەک گەڕاینەوە ، بەڵام بەرداوام هامشۆمان  دەکرد لەکاتی بریندار بوون یان کە دەچووینە سەرکردایەتی لەناوزەنگ و قاسمەڕەش  بەناو ڕۆژهەڵاتدا  گوزەرمان دەکرد لەو جێگەیەی ناو یان نابوو سنور ، ئێمە چەند ساڵێک  تەنها دۆستایەتیمان هەبوو تا ساڵی ١٩٨٣ کە ئیتر چووین بەهانای  گەلەکەمانەوە لەڕۆژهەڵات . 
پرسیار 
 چۆن  و بەچ مەبەستێک  و لەکامە ناوچەبوون ، ئەو چوونەتان دەزانی  پێشتر وەک پێشمەرگەیەک، بڵێن ئاماداکاری بۆ کرابوو ؟
 ماوەی ساڵێک  یان زیاتر  بوو  دوایی ڕاپەڕینی خەڵک لەباشور بەتایبەتی لەشاری سلێمانی و  زانکۆی هەولێر لەساڵی ١٩٨٢دا  بەشێک لەشاری کەرکوک و ناحیەکانی وەک قەڵادزێ ڕانیە و هەڵەبجە و جێگەکانی تر  ئێمە زۆر دەچووینە  ناوشاری سلێمانی  بەشەو  بەگەرەکەکاندا بڵاو دەبووینەوە و لە ڕەوشی خەڵکمان دەپرسی و جاری واهەبوو دەستێکمان لەداگیرکەران دەوەشاند . بڵاو کراوەکان و پۆستەری شەهیدانیشمان لەگەڵ خۆمان دەبرد بۆ خەڵک ، نامیلکەیەک چاپکرابوو لەگەڵ پۆستەرێک خیانەتەکانی قیادە مۆقەتە  بڵاومان دەکردەوە  . لەوکاتەدا  بڵاوکراوەکان و بەتایبەتی ڕادیۆی دەنگی کوردستان   ووتارێکی ووردی بەچەند بەشێک بڵاو دەکردەوە کە بەناوی " مەسەلەی کورد یەک مەسەلەیە، چەند مەسەلەیەک نییە". دوایی ماوەیەک لەگەڵ هێزەکەمان بانگ کراین بۆ ناوزەنگ ، کاتێک چووین پاش چەند ڕۆژێک  لەهەورامان و خۆشناوەتی و قەرەداخیشەوە هێزەکان گەیشتن . لەلای ئێمە وابوو کە ڕژێمی بەعس هێرش دەکات بۆ چیای مامەندەو سەرکردایەتی  ، بەڵام کاتێک هێزەکە مۆڵ بوو  "جەلال تاڵەبانی " قسەی بۆکردین و  پێی ووتین کە ئێمە  دەچینە  یارمەتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات و سەنگەرەکانیان بۆ قایم دەکەین و لەڕژێمی ئاخوند دەدەین  کە هیچ بەگەلی ئێمەنادات و تاروماری خەڵک دەکەن و نکۆڵی لەبوونی گەلی ئێمەدەکەن ، ووتارێکی  ئاگراوی بۆ ئەو هەموو گەنجە  بۆخۆی زۆر شت بوو. گەرچی جەلال تاڵەبانی بیرمە دەیووت کوردستانی ئێران ، کە ئەودەم هوشیاریەکی وامان نەبوو  ،ئێستا ئێران و عێراق و تورکیاو سوریا بەدەمی هەر کوردێکدا بێت خیانەتێکە قێزەون .   سەمەرە لەوەدایە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانتار بەلەچکێکەوە  کەناوی ڕێواسە  بەرگری لەو کۆمارەدەکات  کە ئێمە بە خوێن و ماندووبوون  دژی بووین ، بەبێ ئەوەی ئاگای لەو مێژووە بێت  یان ئاگادارەو  دەیەوێت  بڵێت ئێمە کۆیلەی ئەوڕژێمەین  من شەرم لەو هەموو قوربانییە دەکەم  . من لەتۆ دەپرسم ڕێواست بینیوە لەچکی هەبێت ؟  بەپێکەننەوە هههههه چ گاڵتە جاڕیەکە ئەم داماوانە هاتوونەتە سەر حازری  و دەلەوەڕن لەسەر ئەو میراتە لەخوێن هەڵکێشراوە؟
پرسیار 
 ئیتر چۆن چوونە ڕۆژهەڵات و لە چ ناوچەیەک بوون و چۆن بەشداری شەڕەکانتان کرد ، کەلەوماوەیەدا دەنگی زۆری هەبوو  ؟
 هێزەکەی ئێمە  بە ناوی "هێزی پشتیوان "ی ئەمجارە بەرەو سەنگەرەکان کەوتینەڕێگە  ئێمە لە شاخی سەری گۆمێ دوایی ڕۆژ و تاقێ ڕۆشتن دامەزراین لەگوندەکانی زەڵێ ، کرژاڵ ، سورەبان ، نێوچەوان ،ئەحمەد بڕیوو ، کۆدەڵە  ، کە  سوپای داگیرکەران لەچەند قۆڵێکەوە هێرشیان بۆکردینن لەخانەوە لە جەڵدیانەوە لەسەردەشتەوە هێزەکانیان هات . ئێمە لەکونەمشکەو ئەڵوەتان لێمان دان ، لەدەشتی وەزنێ  شەڕێکی زۆر کرا .  ڕۆژێک لەگوندی کەچەڵ ئاوا ، نەبی ئاوا  شەڕ بوو، ئێمە بەرەو چیاکە هەڵزناین و  لەوێ سەنگەرمان گرت و  بووینە چاوساغی تۆپەکانی خۆشمان ، بەڵام ئێرانێکان کە  تۆپبارانیان دەکردین وەک باران بارین تۆپ دەباری بەسەرماندا ،ماوەی سێ مانگ و نیوو لەبەرەکانی شەڕدابووین ، حیزبی دیمکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێران هاو سەنگەرمان بوون . ئەوان  لەئێمە  ڕێخراوتر بوون هێزێکیان هەبوو بەناوی هێزی" ئیمداد"  ئەوان خەستەخانە فیشەک و خۆراکیان دەبردە شەڕگەکان ، یەکەم جار بوو بینیم کە نەقالەیان  پێبوو بۆ گواستنەوەی شەهید یان برینارەکان  ، ئەوان وانەیان لەمێژوو وەرگرتبوو ، ئێمە بیرمان دەچۆوە ، هەمان هەڵەی هەکاریمان دووبارە کردەوە کەچووینە ڕۆژ هەڵات جل وبەرگی تەواومان پێ نەبوو  بەناچاری لەبەر بارینی بەفر کە زیاتر لەیەک مەتر بەفر باری  لەڕۆژو شەوێکدا  و ئیتر سروشتیش بوو بە دوژمنە  سەرسەختەکە بۆمان ، لەچیاکە بەناچاری دابەزین.   چونکە جل و بەرگەکەمان لەوسەرمایە نەی دەپارستین ، ڕوومان لەگوندێک کرد  ئێوارەبوو  هێندە کەسیرە بووبووین گەر دوژمن لەنزیکمان وە بوایە بەدەست دەیگرتین ، سەرەتا  گوندێکان ترسیان هەبوو دوای بردیانینەماڵەکانیان  من لەنزیکی ئاگردانەکە خەوم لێکەوت  ووتەیەک هەیە دەڵێن کە "خەو ئامۆزای مردنە " من ماوەی  ١٥  بۆ ١٦ دەمژمێر خەوتم ، کە بەئاگاهاتم  نەم دەزانی لەکوێم ، ڕۆژگارێکی سەیربوو....!
 پرسیار 
لەگێڕانەوەکەتدا وادەر دەکەوێت کەئێوە تەنها بەرگریتان کردووە ، ئەی هیچ هێرشێکی پێچەوانەتان نەکرد تا باری جەنگەکە بگۆڕن ؟ 
 ئەو جێگەگەیەی ئێمە لێی بووین  نەدەبوو چۆڵ بکرێت ، گەر داگیرکەران ئەوێیان بگرتایە ئیتر ناوچەکە دەکەوتە ژێر دەستیان  بەڵام  بەسەرکردایەتی شەهید " نازمی حەمی سڵێمان " ڕۆژێک لەقافڵەیەکی داگیرکەران درا لەجادەی سەرەکی خانە پیرانشەهر  زیاتر لە ٢٠٠ پازدار نێنرا بۆ بەهەشت  ، ئەو کەمینە  شۆکێکی گەورەبوو  بۆ داگیرکەران ، بەردەوام ڕادیوێ خۆمان و کۆمەڵەو  دیمکرات پەخشی شەڕەکانیان دەکرد، ئەوداستانە زۆر گەورەبوو ، کە ئیتر  بووە داڕمانی وورەی  داگیرکەران بەڵام سروشت شەڕەگەورەکەی لەگەڵ ئێمە دەست پێکرد و  هێواش هێواش شەڕەکان بەرەو کەمی دەڕۆی  و تا ڕادەیەک وەستا. 
پرسیار 
دەزانی چەند شەهید برینارتان  کردە قوربانی داخۆ ناوی شەهیدەکانت دێتە بیر ؟
ئەم جۆرە لەمێژوو پێویستی  بەئەرشیف کردنە  ئەگەر تۆ سەیری کتێبی "چیم دی"ێکەی ئەحمەد خواجە بکەیت لەوێدا هەمووشتێک تۆمار کراوە ، ئێمە ئەرشیفمان نییە  کە دەبوو هەمان بوایە ، بەڵام تائەو جێگەیەی من بزانم ١٩ شەهید "جانگوری" درا لەگەڵ ٧٢ بریندار   ئەو گیان بەخت کەرانە کەبیرم بێت " تاڵیب کەناروێی، شیخ فەیسەڵ ، مستەفا چاوجوان، محەمەد خدر" کە بە پشتی  گیاندارێکەوەیە و وێنەکەی لە تۆڕەمێدیاکاندا بڵاو کرایەوە ئەوە لەئەڵوەتانەوە  نێنرایەوە گەرمیانی نیشتمان بەداخەوە کەسی ترم نایە یاد. ڕۆژهەڵاتێکان بەباشوریان دەووت گەرمیان وڕۆژهەڵاتیشیان بەکوێستان ناوزەند دەکرد ،ڕاستێکەش وابوو  زۆر کوێستان بوو ناوچەکە . 
 پرسیار 
کێ سەرپەرشتی ئەم شەڕگە گەورەیەی دەکرد ؟ 
 جەلال تاڵەبانی کە لە جیهازەکەوە ناوی "هێرش" بوو زوو زوودەهاتە سەرخەت و هەمیشە بەهاری هێنابۆ چۆکان لەگەڵ د. قاسملو کەهەردووکیان لەگوندی "ساوان " بوون  گوندێکی چوار پێج ماڵ بوو لەوێ بوون .  باشتێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە  کە ڕۆژێک دکتۆر سەردار  تاڵەبانی کە دکتۆری دان بوو  لای  جەلال تاڵەبانی بوو بەڕێکەوت قاسملۆ دەچێت بۆلایان ،جەلال تاڵەبانی  دەڵێت ئەمەش خزمە دکتۆرەو تاڵەبانییە ، دکتۆر قاسملۆ قسە خۆش بوو  دەڵێ مام جەلال دکتۆر سەردار عەیبی تری نییە تەنها تاڵەبانییە؟ 
ئەمە دکتۆر  سەردار خۆی بۆی باسکردین  ئێمە زۆر پێکەنین  ئەوکاتە. 
پرسیار 
چی فێر بوویت لەو شەڕە ؟  دەتەوێت چۆن باسی ئەو ڕووداوەمان  بۆ بەرجەستەکەیت  کە لە مێژوودا نەسڕێتەوەو ببێتە وانەیەک بۆمان ؟  یان بڵێم لە ناو ئەم شەڕەدا، چی فێر بوویت کە دەتەوێت بۆ نەوەکانی داهاتوو جێیبهێڵیت؟
پرسیارەکەت قووڵە و گرنگە،  چۆن لە شەڕەکان فێربین و بە شێوەیەک بیانگێڕینەوە کە لە مێژوودا نەسڕێنەوە و ببن بە وانە.
 هەمیشە لەخۆم دەپرسم .ئێمەدەڕۆین لەپاشخۆمان چی جێدەمێنێت ، خوێنێکی ڕژاویان وانەیەک کە سودی هەبێت؟ هەمیشەلەخۆم دەپرسم ئایا لەمێژوودا ناومان دەنووسرێت ، یان تەنها ئازارەکانمان بەمیرات جێدەمێنێت ؟ 
هەمیشە ئارەزووم بووە کە شەڕ وەک ڕووداو سەیر نەکەم بەڵکو وەک وانەیەک لێوەی فێربین ،  ئێمە لەم شەڕەدا تەنها نەجەنگاین بۆ خاک، بەڵکوو بۆ ئەوەی دەنگمان نەمرێت و هەست بەبوونی خۆمان بکەین وەک نەتەوەیەک .
ئێمە وانە جێدەهێڵین، نەک تەنها بیرەوەری.
فێربووم کە شەڕ دەتوانێت مرۆڤ بەهێز بکات، بەڵام هەمان کات دەتوانێت دڵی بشکێنێت و لەتوپەتی بکات کاتێک ئەوەی شەڕت بۆ کردووە ئێستا  هەراج کراوە . 
فێربووم کە هاوڕێیەکانم لە تەنیشتم، بەرزترن لە هەر سەرکەوتنێک ، بێ ئەوان هیچمان بۆ نەدەکرا ، مرۆڤگەلی خۆنەویست بوون .
وە فێربووم کە ئاشتی، ئەو شتەیە  پێویستە هەموو خەباتی بۆ بکەین تا پیی بگەین . 
بۆ ئەوانەی دواتر دێن، دەمەوێت بڵێم مەهێڵن شەڕ ببێتە چارەسەری هەمیشەیی. ئەگەر ئێمە نەمانتوانی کۆتایی پێ بهێنین، ئەوە ئێوە دەتوانن ئەوە بکەن ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا خۆزگە گەنجەکانمان دەهاتنە پیشەوە و خەوە  سەرابێکەیان دەکردینە ڕاستی و دەبووینە خاوەنی نیشتمان ، تانەبینەخاوەنی نیشتمان هەموو ڕۆژێک دەبێت خۆمان بۆشەڕ تەیار بکەین ، لەم سەردەمی تەکەنەلۆژیایەدا  تەنها دەبینە گیانداری تاقیگا بێڕەحمەکان . 
ئەگەر مێژوو ناومان بنووسێت، دەمەوێت نەک تەنها وەک جەنگاوەر، بەڵکوو وەک کەسانێک کە هیواشیان بۆ ئاشتی هەبوو بۆ نیشتمانێکی ئازادو سڕینەوەی ئەو سنورە  کێشراوە تۆمارمان بکەن  ، کە من و هاوڕێکانم نەمان بینی .  
  سوپاس ماندووم کردیت  
من سوپاست دەکەم  چونکە  بەم گفتوگۆیە گەنجت کردمەوە و ئارەزووی خەباتکردن بەدەمارەکانی لەشما بەگەرمی دەگەڕێت جارێکی تر .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان