<

چیرۆکەکانی شار

12/05/2026, 20:44 (GMT+1)
*دوا تیشکی چاوانی خاڵە شەهاب ئەو پیاوەی بە تاریکی زیندوو مایەوە
"ئەم چیرۆکە بە هەموو هەست و خەیاڵێکی جوان و پڕ ئازارەوە پێشکەشە بە تۆ چونکە سەرەتای هەموو وشەکان لە تۆوە دەستی پێکرد"
بەیانییەکی ساڵی ١٩٧٦، مانگی گەڵاڕێزان بوو، سلێمانی وەک هەمیشە بە هێواشی لە خەوی خۆی بێداربوو. خەڵک بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام لە ژێر ئەم ئارامییەدا بارێکی قورس لە دڵی هەندێک کەسدا هەبوو کە دەبوو بەووریایەوە تەرمێک بەرەو گۆڕستانی سەیوان بەڕێکەین بۆ ئەسپەردەکردن . کاتێک خۆر بە هێواشی لە پشت چیایی گۆیژەوە هەڵدەهات، شارەکە وەک  شەو  هیچ  ڕووناک نەبوو. هەوا هێشتا بۆنی بارانی شەوی رابردوو لەبەرۆکی نەببۆوە ،شەقامەکان نیمچە وشک بوون وەک دڵی خەڵکی شار ، هەمووشتێک بێدەنگ بوو لەناو ترسێکدا گرمۆڵە ببوو.
لە ناوەڕاستی شاردا، مزگەوتێکی کۆن یان ماڵێکی خوا  کە مێژووی شاری لەخۆیداحەشاردابوو بە هێمنی هەردوو دەرگاکەی ئاواڵا کردبوو وەک هەمیشە  بۆ ڕووداوەکان ،  دەرگایەک بۆ کۆڵانە شاراوەکەی کەپڕ بوو لەنهێنی شاراوە ، وە کارگەیەکی شەکر هەمووڕۆژێک گوڵاو پرژێنی کۆڵانەکەی دەکرد . دەرگاکەی تری بۆشەقامە قیرتاوەکە دەچوو کە پڕبوو لەدەنگی فرۆشیارو چارۆکەی ئەو گوندیانەی شەمامەیان دەهێنا بۆ ئەسحابەسپی و ئەوناوەیان پڕدەکرد لەژیان ،  بەڵام ئەم بەیانییە شتێک جیاوازو میوانێکی جیاواز لە سەر تاتە شۆرەکەی ڕاکشابوو لەماڵی خوادا .
چیرۆکی شەوی رابردوو خێرا لە ناو گەڕەکەکەدا  بڵاو بووە ئەو پیاوەی لە زیندانی ئەبووغرێب لەگەڵ دووهاوسەفەریدا  لەپایتەختی  سوڵتان ڕۆحیان کێشرابوو بەتەنها  گەڕایەوە شار ، دووهاوڕێکەشی یەکێک بۆ شاری بابەگوڕگوڕو ئەوی تریان بۆشارەکەی حاجی قادر گەڕانەوە . لاشەیەکی سارد و سڕ بەڵام هەواڵەکەی ڕۆژ  ئاسا بەشاردا  گەرمی خۆی بڵاو کردەوە.
هەندێک بە خەیاڵی ترسەوە قسەیان دەکرد، هەندێکیش بە سەرسوڕمانەوە لەهەواڵەکایان دەڕوانی ،  چەند مانگێک لەوەپێش تفەنگەکان سەری خۆیان کزکردوو شۆڕش بووە خۆڵەمێشێکی ساردووسڕو ئاشبەتاڵ بوو بەناونیشانی گەلێکی ژێردەستە  .
چۆن گەیشتەوە شار ئەوەی لێرە یە؟
خۆ ووتیان لە ودیوو لەبەشە داگیرکراوەکەی  نیشتمان لەزینداندایە .
ئایا کێ یارمەتی داوە ،کە تەرمەکە بێنێتەوە بۆشار ؟
ئەم پیاوە نە ترسە، نە ڕووداوێکی ترسناک… تەنها مرۆڤێکە کە لە سەفرێکی درێژدا  گەڕاوەتەوەو لێرەوە چیرۆکی ژیانی دەستپێدەکات کاتێک ڕۆحی کێشراوە.
هەموو بێدەنگ بووین ، بێدەنگ وەک ئەوەی دەمان دوورابێت یان  زمانمان کلیلە درابێت.
خۆر بە تەواوی هەڵهات و شاردەستی بە ژیانێکی نوێ کرد، بەڵام ئەمجارە شتێک لە دڵی خەڵکەکەدا گۆڕابوو، یادێکی بچووک لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت  بەبێ ڕۆحیش ڕێ  بکات.
من پیاوێکی ئاسایی بووم لە سلێمانی ژیانم وەک هەموو کەسانی تر دەڕۆیشت، بەڵام  بێئاگا نەبووم  لەڕووداوەکان  ،بگرە دەمویست بەشێک بم لە خەونی ئازادی . وەک خەڵکی شار  بەیانیان بۆ کار، شەوان بۆ ماڵ دەگەڕامەوە . بەڵام هەندێک ڕۆژ هەیە کە ژیان پێش و دوای خۆیان دروست دەکەن .
ئەو ڕۆژە هەوا ئارام بوو، بەڵام ناو دڵم ئارام نەبوو. شتێک هەبوو کە ناتوانم ناوی لێ بنێم، لە نزیک مزگەوتەکە خەڵک کۆبووبوونەوە. منیش لە ناو ئەواندا بووم، بەڵام هەستم دەکرد وەک ئەوەی لە دەرەوەی ژیانەوە ڕاوەستم . هەرزوو پیاوێکی ئیماندار کەناوی "مەلا ئەمین " بوو پێم ووت تەرمی خالە شەهاب  هێنراوەتەوە  دەبێت  لەگەڵمان  ئەسپەردەی کەیت تۆ دەتوانی لاشەکە بشۆیت ؟
مەلا ئەمین  بێ دوودڵی ووتی بەڵێ من ئەوکارە دەکەم .  
کاتێک لە  تەرمی خاڵە شەهابم  ڕوانی باوەڕم نەکرد  داگیرکەران هێندە لەمردووکانیشمان بترسن ؟
بێدەنگییەک هەموو شوێنەکەی داگیر کرد. نە دەنگ بوو، نە جوڵە ،تەنها چاوەڕوانی .
سەیری کردم چاوی چەپی  تۆپەڵێک لۆکەی خوێناوی لەسەر بوو ، هێواش کفنە خوێناوێکەم لادا  لەسەر دەم وچاوی چاوی ڕاستیشی بەهەمان شێوە تۆپەڵی لۆکەی خوێناوی لەسەربوو ، لۆکەکانم لابرد هەروو گلێنەی چاویان هەڵکۆڵیبوو، ووتم ئەگەر پێڵۆکانی بکاتەوە ، لەقوڵایی بیلبیلەکانیدا سۆمای و ڕووناکی ژیان جێ ی خۆی بەچۆڵی و بێدەنگیەکی هەتاهەتایی سپاردبوو  نیگایی لێکدانەوەی لەئازایەتی و شۆڕشگێڕی دەکرد ، بۆیە نابینایان کرد دوایی ڕۆحکێشانی . دەتوت لەودیو ئەم ژیانەوە ژیانێکی تر دەبینێت  کەچاوەکانشی نەمابوو . بێدەنگ ئێمەش بەسەر مردنەکەی ئەودا دەگریاین/

مەلائەمین ووتی:  شاعیرێکی فەرس دەڵێت.....
لەشەهید بوونی مۆمێکیشدا ،  نهێنیەکی نورانی هەیە ،
لەو چرکەیەدا، ژیانم شێوەی گۆڕا، توڕەبوون بەسەرمدا خەریک بوو داگیری دەکرم . نە بە شێوەیەکی دەنگدار، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ کە تەنها دڵ دەیزان چۆن بەرخورد بکات . سات هەیە، وەستان بژاردە نییە تێیدا .  
من شتێکم بینی کە ناتوانم لێی بدوێم و ناتوانم لە بیر بکەم. لەو ڕۆژەوە من دەستم کرد بە ژیانێکی تر، ژیانێک کە تێیدا بێدەنگی قورس‌ترە لە قسەکردن . شەهید" مامۆستا عەزیز"م بانگ کرد ووتم گلێنەیان دەرهێناوە.  بەسەرسوڕمانەوە لەتەرمەکەی ڕووانی  ووتی باکەسی تر بەوە نەزانێت   ئیتر لەماڵی جەمال عەزیز لای دایکی "ئافتاوخان " مەنجەڵێکی گەورەمان هێنا  کە هەموو گەڕەک دانولەیان تێدا دەکوڵان تائاوگەرم بکەین لاشيی شەهیدەکەمان لەپیسێکانی بیابان پاکەینەوە  ، لای دایکیشم دەرزی لێفەو دەزوومان هێناتا کفنێکی بۆ بدرووین.  ئەو بەیانییە ئەمن و سیخوڕ لەوناوە وەربوون ، ڕۆژێک بوو  ئافات شاری تەنیبوو  تەنها من و جەمەل عەزیز و جەمالە ڕەش و  مەلائەمین و ئەوجەلادەی چاوی دەرهێنابوو  ئەو نهێنیەمان دەزانی .
بێدەنگیمان لەوکاتەدا کارێکی خۆڕاگری بوو. لەگەڵ تەرمەکەدا  هەزاران خەڵک  ڕێگەیان کرد بۆ گردی سەیوان، مەرگی خاڵەشەهاب کۆمەڵگەکەمانی هەژاند  بەخەڵکە سادەکەشەوە دوایی زانیان و دەرکیان بەوەکرد کە چ گەوهەرێکی بەباهایان لەدەست داوە  ئیترلەدوایدا
" کەم بژی و کەڵ بژی " بوو بەناسنامەی شەهاب .  
ڕژێم دوایی ئەوە تەرمی قوربانێکانی نەدایەوە  بەڵکو تەرمەکانی زیندان دەکرد لەگۆڕستانێکی تەنراو بەسوپادا  .  
ساڵان تێپەڕین. خەڵک گۆڕان، شار گۆڕا، منیش گۆڕام. بەڵام ئەو چرکەساتە هەر لە ناو مندا ماوەتەوە ، وەک برینێک کە ئازارم دەدات ڕۆژانە، بەڵام هەرگیز چاک نابێت و لەبیری ناکەم .
هەندێک جار کە شەو ئارام دەبێت، من لە خۆم دەپرسم" ئایا من ئەو ڕۆژە تەنها بینەر بووم، یان بەشێک بووم لە شتێکی گەورەتر"؟
هیچ وەڵامێکم نییە تەنها ئەوە دەمێنێتەوە کەبڵێم  مرۆڤ هەندێک جار شت گەلێک  دەبینێت کە ژیانەکەی بە تەواوی دەگۆڕێت، بەبێ ئەوەی هەرگیز بتوانێت باسی بکات.  
لەو ڕۆژەوە، ئەو شوێنە تەنها مزگەوتێک نەبوو بۆ ئەو کەسانەی تێیدا بوون، بەڵکو بوو بە شوێنی یادەوەرییەکی قورس یادەوەرییەک کە هەرگیز لەسەر دڵیان  دەرنەچوو .
لەو چرکەیەدا، شتێک لە ناو مندا ڕوویدا . وەک ئەوەی دەرگایەک بکرێتەوە و هەموو یادەوەرییەکان یەکجار هەڵبێن . من ناتوانم پێیان بڵێم من چیم بینی، تەنها دەزانم ئەو چرکەیە منی گۆڕی و لەوەگەشتم لەکاتێکدا وێرانکردن ،ئەگەر ئەنجامەکەی بیناکردنێکی تازە نەبێت  دەبێتەکارێکی ناشایستە .
لە دوای ئەو ڕۆژەوە، من هەمان کەس نەبووم. من بە شەو و ڕۆژ لە بیر ئەو چرکەیەدا دەژیم. هەندێک جار خەڵک دەڵێن کات شتەکان چاک دەکات ، بەڵام هەندێک یادەوەری هەیە کە کاتیش ناتوانێت ئارامترت  بکات، نە لەهزرتا دەسڕێتەوە.
ئیتر  بەیانیەک بەشەقامەکەدا دوایی  بانگی بەیانی دەچوومە گردی سەیوان و لەبەردەم گۆڕەکەی  خاڵە شەهاب دا وەستام.
چاوەکانم دادەخست ،تەنها گوتنم لە ناو دڵمدا بوو، مردن کۆتایی ژیان نییە خاڵەشەهاب ؟
لەوانەیە دەستپێکی گەشتێک بێت کە ڕاستیی مرۆڤ ئاشکرا دەکات . بەڵکو بە هەناسە و پێم دەووت لەبیرت ناکەم  لەوە دڵنیابە .
هیچ وەڵامێکم وەرنەگرتەوە . بەڵام منیش قسەی ترم  پێ نەبوو. تەنها ئەو بێدەنگییەی کە هەموو ژیانم  خوم پێوە گرتبوولەگەڵمدا هەنگاوی نا ، ئەمجارە ئارامتر بوو.کاتێک دەستم لە خاکەکە هەڵگرت، هەستم کرد شتێک کەمێک سووکتر بوو. نە ئەوەی برینەکە چاک بووبێت، بەڵکو ئەوەی فێربووم لەگەڵی بژیم وبڵێم تۆ لایەنی کەم خاوەنی چیرۆکێکی مێژوو ناتوانێت لەکەداری بکات .
ئیتر  بە هێواشی بەڕێکەوتمەوە بۆ ناو کۆلانە چڵکنەکانی شار ، بێدەنگ .
ئەو ڕۆژەم بیرکەوتەوە کە چێشهەنگاو ڕێچکەیەک بۆ گۆڕستان  ڕۆشتین  بێدەنگ .
ئەو بێدەنگییە، ئەمجارە نە ترسناک بوو، نە قورس تەنها یادەوەری بووکاتێک تەرمەکەمان برد بۆ گۆڕستان، هەموومان بێدەنگ بووین. تەنها دەنگی هەورەکان و هەناسەی دایکەکان دەبیسترا. چاوەکانی نەما بوون، بەڵام وەک ئەوەی هێشتا بە چاوی دڵ لێمان بڕوانێت . خاڵە شەهاب لە تەنیشت گۆڕەکە وەستێنرا ، دەستی خستە سەر خاکە تازەکە و بە دەنگێکی شکاو وتی: "ساڵی ١٩٧٦ هەر لەبیر ناکرێت، چونکە لەو ساڵەدا مرۆڤایەتی لەگەڵ ئەو کوژرا".
ڕۆژەکە  بە هێواشی  ئاوابوو، ئاسمانی ئەو ڕۆژە وەک دڵی خەڵک تاریک و قورس بوو. خاکی گۆڕستان بە هێواشی لەژێر پێی پیاوان وژنانی  ماتەمدا دەنگی دەکرد، و ژنان بە چاوێکی وشک و بێ فرمێسک تەماشایان دەکرد؛ چونکە فرمێسکەکانیش لە زۆری ترس و بێدەنگیدا وشک بووبوون.
ئیتر لەوڕۆژەوە بۆم دەرکەوت کە جیاوازی لەنێوان ژیان و مەرگدا نەبینم و مەرگیش وەکوژیان سروشتی ڕێی خۆی دەکات، گرنگە چۆن دەژین ، نەک ئەوەی چۆن دەمرین.
*ئەم چیرۆکە لەو بیرۆکە جوانەوە سەرچاوەی گرت کە تۆ بۆت گێڕامەوە، منیش بە شێوازی خۆم گەشەم پێدا. سوپاس بۆ ئەو ئیلھامە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان