جەنگ چۆن مرۆڤ دەگۆڕێت؟
06/06/2026, 21:26 (GMT+1)

فیلمی Number 24 (Nr. 24) چیرۆکی ژیانی ڕاستەقینەی Gunnar Sønsteby دەگێڕێتەوە؛ گەنجێکی نەرویجی کە لە ساڵی 1940، دوای داگیرکردنی نەرویج لەلایەن هێزەکانی نازی، بڕیار دەدات بەرگری لە وڵاتەکەی بکات.
ناوەڕۆکی فیلم: لە سەرەتادا، گونار هاووڵاتییەکی ئاساییە، بەڵام کاتێک داگیرکاری دەست پێدەکات، دەچێتە ناو بزووتنەوەی بەرگریی نهێنی. بە تێپەڕبوونی کات، دەبێتە یەکێک لە کاریگەرترین ئەندامانی تۆڕی بەرگری بۆ وولاتەکەی .ئەرکەکانی گونار بریتین لە:
کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی لەسەر نازییەکان.
تێکدانی دامەزراوە و کەرەستەی سەربازی دوژمن.
گواستنەوەی نامە و زانیاری نهێنی.
ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی "سابۆتاژ " تێکدەرانە دژی هێزەکانی داگیرکەر.
فیلمەکە تەنها سەربازی نییە، بە شێوەیەکی قووڵ نیشان دەدات کە بڕیارەکانی کاتی جەنگ چەند دژوارن. گونار و هاوڕێکانی زۆرجار ناچار دەبن نێوان پاراستنی ژیانی خەڵک و سەرکەوتنی ئەرکەکانیان هەڵبژێرن. هەروەها فیلمەکە کاریگەریی جەنگ لەسەر ژیانی کەسی و دەروونی ئەوان پیشان دەدات.
کۆتایی و پەیام
بەشی گرنگی فیلمەکە ئەوەیە کە پاش جەنگ، گونار وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی ناسراو دەبێت، بەڵام هەروەها پرسیار لەسەر نرخ و قوربانیی ئازادی دەوروژێنێت. فیلمەکە هانت دەدات بیر لەوە بکەینەوە کە ئازادی و دیموکراسی بۆ نیشتمانی نەرویجێکان بە ئاسانی نەهاتوون.
فیلمەکە پیشانمان دەدات کە هەر سەرکەوتنێک نرخێکی هەیە. هەندێک لە هاوڕێکانی گونار دەکوژرێن یان دەگیرێن. نازییەکان هەوڵ دەدەن تۆڕی بەرگری تێکبدەن و گونار ناچار دەبێت ژیانێکی نهێنی بژیت.
لە زۆر دیمەنەکاندا، فیلمەکە ئەو ملمڵانێ دەخاتەڕوو کە:
ئایا پێویستە بۆ ئازادی هەندێک قوربانی بدرێت؟
سنووری نێوان قارەمانێتی و مەترسیی بێسنوور چییە؟
جەنگ چۆن مرۆڤ دەگۆڕێت؟
لە کۆتایی جەنگدا، نازییەکان شکست دەهێنن و نەرویج ئازاد دەبێت. گونار وەک یەکێک لە پاڵەوانەکانی نەتەوە ناسراو دەبێت. بەڵام فیلمەکە نیشان دەدات کە سەرکەوتنەکە بە ئاسانی نەهاتووە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک ژیانیان لەدەستداوە و گونار خۆشی هێشتا بارودۆخی جەنگ لە یادە.
بەشێکی کاریگەری فیلم ئەوەیە کە گوناری پیر، ساڵانی دوای جەنگ، لەگەڵ گەنجان باس لە ئەزموونەکانی دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئازادی و دیموکراسی شتێکی هەمیشەیی نین و دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت.
کۆی گشتی، فیلمەکە تەنها چیرۆکی شەڕ نییە؛ بەڵکو چیرۆکی ئازایەتی، قوربانی و بەرپرسیاریی مرۆڤە لە کاتێکی زۆر دژواردا.
لەو دیمەنەدا، ئەو سیخوڕە (یان هاوکاری نازییەکان) کە پێشتر هاوڕێیان بوو، بووەتە مەترسی بۆ تۆڕی بەرگری. گونار دەزانێت چی ڕوویداوە، بەڵام کاتێک خزمە گەنجەکەی دوای چەندین ساڵ پرسیار لەگونار دەکات لەبارەی ئەو سیخوڕە ی هاوڕێیانەوە ، گونار ڕاستی تەواو ئاشکرا ناکات. ئەمە تەنها بۆ پاراستنی خۆی نییە، بۆ پاراستنی ئەو کەسانەشە کە هێشتا لە تۆڕی بەرگریدا ماون.
ئەو دیمەنە هەستێکی دژوار دروست دەکات، چونکە بینەر دەزانێت کە گونار بەشدار بووە لە بڕیارێک کە کۆتایی بە ژیانی مرۆڤێک هێناوە، بەڵام هەمان کات هەست دەکات ئەگەر ئەو سیخوڕە بەردەوام بوایە، ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تر بگیران یان بکوژرانبان .
بە گشتی، فیلمەکە هەوڵ نادات گونار وەک کەسێکی بێ هەڵە نیشان نەدات ، بەڵکو وەک مرۆڤێک پیشانی دەدات کە لە بارودۆخێکی زۆر دژواردا بڕیار دەدات و تا دوای جەنگیش بیرەوەریی ئەو بڕیارانە لەگەڵیدا دەمێنن.
ڕەنگە زۆر کەس ئەم فیلمە بە جیاوازی لە زۆر فیلمە جەنگییەکانی تر ببینێت ، چونکە تەنها باس لە پاڵەوانی ناکات، بەڵکو باس لە نرخ و قوربانیی پاڵەوانەکان دەکات.
منیش کاتێک سەیرم کرد، یەکێک لە کاریگەرترین دیمەنەکانم ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە گوناری پیر لەگەڵ قوتابییە گەنجەکان قسە دەکات لە سمینارێکدا و دەیخەنەژێر پرسیارەوە ، چونکە فیلمەکە وەک بیرەوەرییەک لە رابردوو ناوەستێت، بەڵکو پرسیار دەکات: «ئەگەر ئێمە لە شوێنی ئەوان بووین، چیمان دەکرد؟»۔
ئەمش لینکی فلیمەکە ، تا پاڵەوانەکانی ئێمەش خەریکی سەرو ڕیشیان نەبن بۆیاخی بکەن و خۆیان قبوڵ بێت وەک ئەوەی هەن . ئەم فلیمە تژی کردم لە پرسیار گەلی زیندوو ئاوا مێژوو دەگێڕێتەوە ، لە خائینەکانی نابورێت و دیوەخانیان بۆ دروست ناکات .
https://shafilm.vip/movie/number-24-332562897
https://shafilm.vip/movie/number-24-332562897
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان






















