<

سیپان حەمۆ سندووقی نهێنییەکانی بۆ گۆڤاری "المجلة" دەکاتەوە بەشی (1)

04/04/2026, 15:33 (GMT+1)

"ڕووسیا ڕادەستی تورکیای کردم، بۆیە لەوێ و لە سووریاش دەستگیر کرام... ئاواش 'یەکینە' کوردییەکانم دامەزراند"

 ئیبراهیم حەمیدی (المجلة): ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ سەرکردەیەکی کوردی سووریادایە، کە باس لە کاروانی ژیانی خۆی دەکات؛ لە خوێندنی لە دیمەشقەوە و پەیوەندیکردنی بە "بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان" و زیندانیکردنی لە سووریا و تورکیا، تێپەڕبوون بە دامەزراندنی "یەکینەکان" کە دواتر بوونە بنەمای "هەسەدە" (هێزەکانی سووریای دیموکرات)، تا دەگاتە دیاریکردنی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری.

گۆڤاری "المجلة" چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرکردەی دیاری کوردی سووریا، سیپان حەمۆ (سەمیر ئاسۆ) ئەنجامداوە، کە تێیدا سندووقە نهێنییەکانی خۆی لە هەردوو بواری سەربازی و سیاسیدا ئاشکرا دەکات؛ هەر لە خوێندنەکەیەوە لە دیمەشق، تا پەیوەندیکردنی بە "بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان" و زیندانیکردنی لە سووریا و تورکیا و ڕادەستکردنی لەلایەن مۆسکۆوە بە ئەنقەرە، هەروەها تێپەڕبوون بە دامەزراندنی "یەکینەکانی پاراستنی گەل"ی کوردی پێش ئەوەی ببنە بڕبڕەی پشتی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە)، تا دەگاتە دیاریکردنی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری (لیوا مورهەف ئەبو قەسرە)، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا لە نێوان حکوومەتی سووریا و "هەسەدە" واژۆ کرا.
لەم زنجیرەیەدا، زیاتر لە قۆناغەکانی سەرەتا نزیک دەبینەوە، و تیشک دەخەینە سەر گۆڕانکارییەکانی لە گەنجێک و خوێندکارێکی دیمەشقەوە بۆ ناوێکی دیار لە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی ناوچەکەدا.
لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی بەرزە لە پایتەختی سووریاوە دەستی پێکرد، کە ئەو قۆناغە بەمجۆرە وەسف دەکات: "ئێمە پێمان وابوو ئەو زمان و شێوەزارانەی لە باڵەخانەکەدا هەبوون جوانییەکن بۆ باڵەخانەکە، وەک ئەوەی لە یەک خێزاندا بین".
چیرۆکی ئەم گەنجە کوردەی سووریا ئاوا دەست پێدەکات. بەڵام ئەم ژیانە ئاساییە زۆری نەخایاند، چونکە زوو سەرنجی بۆ کاری سیاسی ڕاکێشرا، و تێکەڵ بەو شتانە بوو کە خۆی پێی دەڵێت "بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان"، لە قۆناغێکدا کە چالاکییە قوتابییەکان دەروازەیەکی سەرەکی بوون بۆ ڕێکخستنی سیاسی.
زۆری نەخایاند ئەم ڕێڕەوە گۆڕا بۆ زنجیرەیەک دەستگیرکردن و ئەزموونی سەخت لە سووریا و ڕووسیا و تورکیا. لە سووریا، باس لە یەکەمین وێستگەکانی زیندان دەکات و دەڵێت: "لە ساڵی ١٩٩١ دەستگیر کرام... و نزیکەی شەش مانگ لە ئاسایشی سیاسی لە حەڵەب مامەوە". بەڵام ئەزموونە هەرە سەختەکە دواتر بوو، کاتێک باس لە دەستگیرکردنەکەی دەکات لە لقی ئاسایشی سیاسی لە ناوچەی فەیحا لە دیمەشق لە ساڵی ٢٠٠٥، ئەمەش دوای ئەوەی چەند ساڵێکی لە زیندانەکانی تورکیا بەسەربرد کاتێک ڕووسیا ڕادەستی ئەوانی کرد، سەبارەت بە زیندانەکانی ڕژێمی ئەسەد دەڵێت: "هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجە، و هەموو ڕۆژێک سووکایەتی"، ئەمەش شایەتییەکە کە کورتەیەکە بۆ لایەنێکی واقیعی زیندانەکانی سووریا لەو قۆناغەدا.
بەڵام ئاڵۆزترین وێستگە، لە دەرەوەی سنوورەکان بوو. دوای چەند ساڵێک لە چالاکی، لە ساڵی ١٩٩٩ لە جۆرجیا دەستگیر کرا، بۆ ئەوەی ڕادەستی تورکیا بکرێت، کە لەوێ تا ساڵی ٢٠٠٤ لە زینداندا مایەوە، ئەوەش لە چوارچێوەیەکی هەرێمیی ئاڵۆزدا کە بەدوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئەفریقا لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ هات، دوای چەند مانگێک لە دەرکردنی لە دیمەشق لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٨. ئەم ئەزموونە بە زنجیرەیەکی ڕوون کورت دەکاتەوە: "دەستگیریان کردم و ڕادەستی تورکیایان کردم... و تا هاوینی ٢٠٠٤ لە تورکیا لە زینداندا بووم".
لە نێوان ئەم دەستگیرکردنانەدا، سیمای کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی پێكەوە دروست دەبێت. دوای ئەزموونەکەی لە تورکیا، گەڕایەوە سووریا بە ئەزموونێکی تێکەڵ بە زیندان و ئازاربەخش. دواتر بەرەو هەرێمی کوردستانی عێراق چووە دەرەوە و نەگەڕایەوە تا کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی سووریا لە چوارچێوەی "بەهاری عەرەبی"دا، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا "یەکینەکانی پاراستنی گەل"ی کوردی دامەزراند کە بوونە کۆڵەکەی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە) کە جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی سەرۆکایەتی دەکرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
دوای کەوتنی عەفرین لە سەرەتای ٢٠١٨، سیپان بۆ جاری دووەم دیار نەما کاتێک چوو بۆ "خوێندن" لە کوردستانی عێراق، و نەگەڕایەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تا کاتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی ٢٠٢٤. گەڕایەوە سووریا بە پشتبەستن بە ناسیاویی لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکان کە لەگەڵیاندا زۆرێک لە ڕێککەوتنە ناوخۆییەکانی ڕێکخست.
لە کاتی سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەکان و دواتر ڕێککەوتنەکان لە سەرەتای ٢٠٢٦، ئەستێرەی سیپان درەوشایەوە کاتێک وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری سووریا دیاریکرا بۆ کارکردن لەگەڵ دیمەشق لەسەر تێکەڵکردنی چەکدارانی "هەسەدە" بە ناو سوپای سووریادا.
سەبارەت بەم بابەتانە سیپان یان سەمیر لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەرێگەی تەلەفۆنەوە لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢٦ ئەنجام دراوە قسە بۆ گۆڤاری "المجلة" دەکات. ئەم زنجیرەیەش تەنیا گێڕانەوەی ژیاننامەی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکە بۆ قۆناغێکی تەواو، کە تێیدا بژاردەکان لەژێر گوشاردا دادەڕێژران، و باجەکەی لە زیندانەکاندا دەدرا پێش ئەوەی لەسەر زەوی دەربکەون.

• دوو ڕووداو لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢٦ ڕوویاندا: یەکەمیان سووتاندنی ئاڵاکە بوو، کە بە هێمایەکی نیشتمانی دادەنرێت، لە لایەکی تریشەوە شاندێک بە جلی کوردییەوە لە جەژنی نەورۆزدا چوونە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ دیداری سەرۆک ئەحمەد شەرع، چۆن دەڕوانیتە ئەم دوو ڕووداوە؟

• با سەرەتا پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی نەورۆز لە نەتەوەی ئیسلامی و عەرەبی بکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی کورد و گەلی عەرەب و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەکەم. خودا بەمجۆرە هەردووکیانی لە یەک ڕۆژدا کۆکردەوە، و هیوادارین ئەمە نیشانەیەکی خێر یان هێمایەکی خێر بێت بۆ سووریا لە پلەی یەکەمدا، و بۆ گەلی کورد بەتایبەتی. دووبارە دەیڵێمەوە: پشت بە خوا ناخۆشترین ڕۆژەکانی سوورییەکان تێپەڕیبن، و ئەوەی دێت جوانترین ڕۆژەکانی داهاتووی سووریا بێت.

 ئێمە ڕێککەوتنێکمان لە نێوان خۆمان و حکوومەتدا ئەنجامدا، و تێکەڵکردنێکی ڕاستەقینەمان کرد. بێگومان لەوانەیە ئەم هەنگاوە هەندێک لایەنی بێزار کردبێت، تەنانەت هەندێکیش لە شەقامی کوردی، کە بە ڕاشکاوی بابەتەکەیان هەرس نەکردبوو (تێینەگەیشتبوون).

بە ڕاستی، ئەگەر کەسێک سەیری بارودۆخەکە بکات و بە دروستی شیکاری بۆ بکات، دەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە لایەنەکانێک هەن کە ئەو وێنەیەی ئێستایان بەدڵ نییە. واتا سەردانی پارێزگاری حەسەکە (نورەدین ئەحمەد) و سەرکردە لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (مەحموود خەلیل) بۆ دیمەشق بە جلی کوردییەوە، و دیدار لەگەڵ بەڕێز سەرۆک (ئەحمەد شەرع)، بێگومان وێنەیەکی زۆر جوان بوو. ئەمە ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردانی سووریا، تەنانەت لەوانەیە بۆ کورد بەگشتیش وا بێت.

• پاشان سووتاندنی ئاڵاکە ڕوویدا؟

• بەڵام ئێمە سەرسام بووین بە بابەتی داگرتنی ئاڵاکە لە ناوچەی کۆبانێ ، و دواتر خێرا شتەکان تەشەنەیان کرد، و سووکایەتی بە هێما کوردییەکان کرا، تەنانەت لێدان لە گەنجانی کورد بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ڕوویدا. وێنەکە بە تەواوی گۆڕا. لەم بارودۆخەشدا، ئەو جووڵەیەی لە هەندێک ناوچەی لادێی حەڵەب ڕوویدا و درێژبووەوە بۆ ناوچەکانی تریش، لە هەمان کاتدا پاڵی بە لایەنەکەی تریشەوە نا، تا ئەو ڕادەیەی کاردانەوەکان لە ناوچە کوردییەکانیشدا ڕوون بوونەوە، وەک قامیشلۆ و حەسەکەش.
سانا: سەرۆک ئەحمەد شەرع لە کۆشکی گەل لە دیمەشق،
بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی نەورۆزەوە
پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی کوردی سووریا کرد.
بە ڕاشکاوی بڵێم، من ئامادەی ئەو گردبوونەوەیە بووم کە لە حەسەکە ڕوویدا، و هەوڵم دا بارودۆخەکە هێمن بکەمەوە. با لێتی نەشارمەوە: بارودۆخەکە ئارام نەبوو، و هەست دەکەیت چەند دەستێک لە ژێر مێزەکەوە دەجووڵێنرێن، و چەند لایەنێک هەن هەوڵی لەباربردنی دۆخەکە دەدەن.

• ئەم لایەنانە کێن؟

• بێگومان نا. نامەوێت دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکەم. وەک پێت دەڵێم، نامەوێت هیچ لایەنێک دیاری بکەم.. بمبەخشە. بەڵام ئەو وێنەیەی من دەیبینم ئەوەیە کە چەند لایەنێک هەن ئاسودە نین بەو هەنگاوانەی دەیاننێین. ئێمە لە بیست و نۆیەمی مانگی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکوومەت واژۆ کرد، خاڵ بە خاڵ جێبەجێمان کرد، و تێکەڵکردنێکی ڕاستەقینەمان ئەنجامدا؛ لە هێزە سەربازییەکانەوە تا هێزەکانی ئاسایش، و بەدوایدا لەگەڵ دامەزراوەکانی تریش. بێگومان لەوانەیە ئەم هەنگاوە رەنگە هەندێک لایەنی بێزار کردبێت، تەنانەت هەندێکیش لە شەقامی کوردیدا کە بابەتەکەیان هەرس نەکردبوو، یان نەیانتوانی بە باشی لەگەڵیدا بگونجێن. کێشە نییە، لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات شتەکان چارەسەر ببن.

 ئەو باڵەخانەیەی تێیدا دەژیاین، عەرەبی خەڵکی ئیدلب و حۆران و شوێنانی تری تێدا بوو، و هیچ ڕۆژێک کەس پرسیاری نەدەکرد: بنەچەی ئەم کەسە چییە؟

سەرەڕای ئەوەش، و وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو پێشهاتانەی ڕوویاندا، گەڕانەوەی خەڵک بۆ عەفرین بێگومان بۆ خەڵکی عەفرین ڕۆژێکی مێژوویی بوو. دوای چەندین مانگی درێژ، گەڕانەوەی خەڵک بەو شێوەیە بووە وێنەیەکی مێژوویی. ئەم بابەتەش هەندێک کەسی بێزار کرد، دواتر نەورۆز و جەژن هات، لەگەڵ ئەو جووڵانەی لە شەقامدا ڕوویاندا، بۆیە تای تەرازووەکە زیاتر بەلای کورددا شکا. تێبینی دەکەیت کە لایەنەکانێک هەن زۆر گرژ و بێزارن لە دۆخەکە تا ڕادەیەکی لەڕادەبەدەر، و حەزیان بە هیچ نەدەکرد جگە لەوەی دۆخەکەمان لێ تێکبدەن.

• ئایا مەبەستت بۆ نموونە لایەنەکانی وەک "پارتی کرێکارانی کوردستان"ە؟ ئایا لە قسەکانتەوە وا تێبگەم کە کەسانێک هەن بەرگەی بوونی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا ناگرن؟

• بێگومان نەخێر، مەبەستم ئەوە نەبوو. وەک پێم گوتیت ناتوانم بە دیاریکراوی هیچ لایەنێک دەستنیشان بکەم، بەڵام ئەگەر تێبینیی دیاریکردنم وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری بکەیت، دەبینیت لە شەقامی عەرەبیدا کاردانەوەی زۆر سەیر ڕوویدا، سەرەڕای ئەوەی کە من لەو ناوچانەدا بوونم نەبووە و هیچ بەرکەوتن و تێکەڵاوییەکم لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا نەبووە. پێم وا نییە ئەگەر لە خەڵکی ڕەققە یان خەڵکی دێرەزوور بپرسیت کەس هەبێت بە شێوەیەکی شەخسی من بناسێت، یان مامەڵەیەک لە نێوانماندا هەبووبێت جگە لە مامەڵەی جوان و باش.
شەڕڤانانی ژن لە "هێزەکانی سووریای دیموکرات"
(هەسەدە) لە نمایشێکی سەربازیدا لە کێڵگەی نەوتی عومەر
لە پارێزگای دێرەزوور، ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١
بەڵام ئەم شتانە ڕوویاندا. هۆکارەکەی چییە؟ بەرگەنەگرتنی بوونی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا. قبووڵنەکردنی لایەنەکانی تر بەوەی کورد ڕۆڵی لە سووریادا هەبێت. بەڵام نازانم چۆن، حەز دەکەم بە بیر هەموو سوورییەکان بهێنمەوە کە ئێمە لە سەرەتا و کۆتاییدا خەڵکی سووریاین. ئێمە سووریا بەو چەترە دادەنێین کە هەموو پێکهاتەکان کۆدەکاتەوە. من - ئەگەر کورد یان عەرەب یان هەر پێکهاتەیەکی تر بم - ئەوا لە پلەی یەکەمدا سووریم. شانازی بە ناسنامەی سووریمەوە دەکەم، و لە هەمان کاتیشدا بێگومان ئەو فرەچەشنییەی لە سووریادا هەیە بە شتێکی زۆر جوان دادەنێم، وەک باخچەیەک کە ملیۆنێک گوڵی تێدا بێت.
بێگومان بارودۆخەکە گۆڕاوە؛ چواردە ساڵ لە قەیرانی سووریا و شەڕ و ئەو کێشانەی لە ناوخۆدا ڕوویاندا، درزێکی لە نێوان کۆمەڵگەکانی سووریادا دروست کرد. لە بنەڕەتیشدا، دەمەوێت بە ڕاشکاوی پێت بڵێم: من کوڕی دیمەشقم، واتە لەوێ لەدایک بووم و گەورە بووم و پەروەردە کراوم، هەموو سەردەمی لاوێتی و منداڵیم لە دیمەشق بووە.

• لە کوێ بە دیاریکراوی، لە گەڕەکی ڕوز یان ڕوکنەددین یان برزە؟

• نەخێر وەڵڵا، لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی بەرزە.

• لە کوێ بە تەواویی؟

• ڕێک لە بەرامبەر بانکی کشتوکاڵی. هەر لە ڕۆژانی منداڵیمەوە. ئەو باڵەخانەیەی تێیدا دەژیاین، عەرەبی خەڵکی ئیدلب و حۆران و شوێنانی تری تێدا بوو، و هیچ ڕۆژێک کەس پرسیاری نەدەکرد: بنەچەی ئەم کەسە چییە؟ بەپێچەوانەوە، ئێمە پێمان وابوو ئەو زمان و شێوەزارانەی لە باڵەخانەکەدا هەبوون جوانییەکن بۆ باڵەخانەکە، وەک ئەوەی لە یەک خێزاندا بین.

• هەموویان ناوی ڕاستەقینەی تۆیان دەزانی، واتە سەمیر ئاسۆ نەک سیپان حەمۆ؟

• ڕاستە.
جارێک لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی جەژنی کرێکاراندا دەستگیر کرام، و نزیکەی شەش مانگ لە ئاسایشی سیاسی لە حەڵەب مامەوە، و دواتر گواستیانمەوە بۆ زیندانی سولەیمانییە.

• لە دیمەشق چیت دەکرد؟ و چیت لەوێ خوێند؟

• من قوتابی بووم تا ئەو کاتەی شتەکان گۆڕان، و بێگومان ئاراستەم گۆڕا بەرەو بزووتنەوە سیاسییەکان.

• چیت خوێند؟

• لە پەیمانگایەکی پیشەیی (مەعهەدێکی میهەنی).

• لەو کاتەدا پەیوەندیت بە "پارتی کرێکارانی کوردستان"ەوە کرد؟

• واتە، حەز ناکەم بڵێم "پارتی کرێکاران" وا باشترە، بەڵکو با بڵێم: بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان. لەو قۆناغەدا شێوەی بەو جۆرە بوو.

• لە نەوەدەکاندا؟

• لە ساڵی ١٩٩٠.

• تۆ لەدایکبووی چ ساڵێکی؟

• لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣م.
• ئەوکاتە من لە زانکۆی دیمەشق بووم، و لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ دوو گەنجی "پارتی کرێکاران"مان لەگەڵ بوون...
• لەو کاتەدا گەنجان هەبوون، تەنانەت لە قۆناغی ئامادەییشدا گەنجی چالاک هەبوون.

• چالاک بوون و هەوڵیان دەدا قوتابییان ڕێکبخەن (تەجنید بکەن)...

• بە ڕاشکاوی، لە ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ و تەنانەت تا ١٩٩٥یش، ڕێکخستنی "پارتی کرێکاران" تەنیا لە ناو ئامادەییەکان و زانکۆکاندا بوو و بەس. لە بنەڕەتیشدا "پارتی کرێکاران" بزووتنەوەیەکی قوتابییان بوو.

• تۆ لە زانکۆ بوویت؟

• لە ڕاستیدا من نەچوومە زانکۆ، بەڵکو دوای قۆناغی ئامادەیی (بەکالۆریۆس) لە پەیمانگایەکی پیشەسازی لە قابوون ناوم تۆمار کرد، بیرت دێت؟

• بێگومان، نزیک کۆلێژی پۆلیس.

• تەنیا ناوم تۆمار کرد و نەچووم. واتە لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا پەیوەندیم کرد.

• دواتر چی ڕوویدا؟ کەی گەڕایتەوە بۆ جەزیرە؟

• دواتر باس لە وردەکارییەکان دەکەین.

• ئایا زیندانی کرایت؟

• بەڵێ.

• * لە تورکیا؟

• نەخێر، لە سووریا. بێگومان جارێک لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی جەژنی کرێکاراندا دەستگیر کرام، و نزیکەی شەش مانگ لە ئاسایشی سیاسی لە حەڵەب مامەوە، دواتر گواستیانمەوە بۆ زیندانی سولەیمانییە...

• زیندانی سولەیمانییە لە کوردستانی عێراق؟

• نەخێر، ئەمە ئەو ناوەیە کە ئەو زیندانەی پێ دەناسرایەوە. لە ساڵی ١٩٩٩، کاتێک پیلانگێڕییەکە دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕوویدا، بە فەرمی دەستگیر کرام. لە جۆرجیا بووم، و ڕووسەکانیش لەوێ بوون، سوپای ڕووسیا دەستگیری کردم و ڕادەستی تورکیای کردم.

• لە حەڵەب؟

• بەڵێ، لە باکووری حەڵەب.

• دواتر چی؟

• دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥دا دیسان دەستگیر کرام، و ماوەیەک لە لقی فەیحا (ئاسایشی سیاسی) لە دیمەشق مامەوە.

• ئەو زیندانە دەناسم چونکە منیش تێیدا زیندانی کراوم، کە سەر بە ئاسایشی سیاسییە.

• بەڵێ لە ژوورێکی زیندانی تاکەکەسیدا بووم، ڕۆژ و شەومان جیا نەدەکردەوە.

• ئەمە چ ساڵێک بوو؟

• ئەمە ساڵی ٢٠٠٥ بوو.

• واتە لای عەمید محەممەد خەلووف؟

• قێزەونترین پیاوی جیهان، سوێند بە خوا. لە گەردووندا لەم پیاوە پیس‌تر نییە.

• دوای ٢٠٠٥ بۆ کوێ چوویت؟

• دوای ئەوەی لە قامیشلۆ لە ئاداری ٢٠٠٤ ڕوویدا، هەندێک جووڵەمان کرد و ئەوکاتە لە ناوخۆی وڵاتدا کارمان کرد، بۆیە دەستگیر کرام. دواتر لە زیندان مامەوە، ئەگەر بیرت بێت، لە سەرەتای ٢٠٠٥دا لێبووردنی گشتی دەرچوو
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی "پارتی کرێکارانی کوردستان"،
لەگەڵ ئەندامانی تری پارتەکە لە زیندانی ئیمراڵی لە دوورگەی ئیمراڵی
 لە دەریای مەڕمەڕە، تورکیا، لە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٥ دانیشتووە.

• واتە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کوێ بوویت؟ لە چیاکانی قەندیل بوویت؟

• نەخێر، نەخێر. من لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە دەرەوەی وڵات بووم، لە تورکیا، و لە تورکیاش دەستگیر کرام و هەر لەوێش زیندانی کرام.

• ئەوە لە چ قۆناغێکدا بوو؟ زنجیرەی ڕووداوەکان چۆن بوو؟

• من ساڵی ١٩٩٠/١٩٩١ چوومە دەرەوە و چووم بۆ تورکیا، و تا ٢٠٠٤ لەوێ مامەوە.

• واتە لەگەڵ "پارتی کرێکاران"؟

• لە ساڵی ١٩٩٩، کاتێک پیلانگێڕییەکە دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (سەرکردەی "پارتی کرێکارانی کوردستان") ڕوویدا، بە فەرمی دەستگیر کرام. لە جۆرجیا بووم، و ڕووسەکانیش لەوێ بوون، سوپای ڕووسیا دەستگیری کردم و ڕادەستی تورکیای کردم.

• دوای ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی ١٩٩٩؟

• بە تەواوی. ڕووسەکان لە ساڵی ١٩٩٩ لە جۆرجیا دەستگیریان کردم، دواتر لە مانگی ئادار ڕادەستی تورکیایان کردم، و تا هاوینی ٢٠٠٤ لەلایان زیندانی بووم.

• ئەوە ئەو قۆناغە بوو کە لێکتێگەیشتن لە نێوان سووریا و تورکیادا دروست بوو، و هەموو گرووپەکەی "پارتی کرێکاران"یان ڕادەست کردەوە.

• ئەوکاتە تورکەکان دوای ڕێککەوتننامەکانی ئەدەنە (لە ١٩٩٨) ڕادەستی سوورییەکانیان کردم.

کاتێک هێرشەکانی "داعش" بۆ سەر کۆبانێ دەستی پێکرد، بابەتی کۆبانێ بووە داستانێک، و هەموو جیهان پێی زانی، و هاوکێشەکە گۆڕا کاتێک ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لەگەڵمان هاتنە سەر هێڵ

• دواتر ناڕەزایەتییەکانی قامیشلۆ لە ئاداری ٢٠٠٤ ڕوویاندا و تۆ لە زیندان مایتەوە.

• لە زیندان لە لقی فەیحا وەک میوانێکی ڕێزلێگیراو مامەوە لە کۆتایی ٢٠٠٤ تا سەرەتای ٢٠٠٥. • ئەو قۆناغە چۆن بوو؟ 

• وەک دەڵێن میوانێکی "ڕێزلێگیراو و بەقەدر". هەموو ڕۆژێک ئەشکەنجە، هەموو ڕۆژێک سووکایەتی. ئەم خەلووفە پیس‌ترین پیاوە لە هەموو جیهاندا. بەبێ وەستان جنێوی پێدەدام بە قسەیەک کە شەرم دەکەم بیڵێم..

• سەرماکە سەخت بوو..

• سەرماکە لە ناوەڕاستی زستاندا زۆر توند بوو، ئێمە لە مانگی کانوونی دووەمدا زیندانی بووین.

• دواتر لە زیندان دەرچوویت، چی ڕوویدا؟

• دەرچووم و چووم بۆ باکووری عێراق.

• بۆ سلێمانی یان قەندیل؟ لەوێ مایتەوە؟

• چوومە لای خزمەکانم.
أ.ف.ب گردبوونەوەی کوردان لە شاری قامیشلۆ،
لەو کاتەی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە)
داوای لە "گەنجانی کورد، لە ژنان و پیاوان"
لە ناوەوە و دەرەوەی سووریا کرد "پەیوەندی بە ڕیزەکانی
بەرخۆدانەوە بکەن"، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦

• بۆ هەولێر؟

• لە ناوچەکە مامەوە تا ساڵی ٢٠١٠. لە ساڵی ٢٠١٠، کە چەخماخەی "بەهاری عەرەبی" و بزووتنەوەی عەرەبی لە تونس دەستی پێکرد، هەندێک ئامادەکاریمان کرد. دەمانزانی کە بابەتەکە وردە وردە بەرەو ناوچەکەی ئێمەش دێت، بۆیە لە ٢٠١٠دا هاتین و هەندێک ئامادەکاریمان ئەنجامدا. لە سەرەتای ٢٠١١دا گرووپەکانی "یەکینەکانی پاراستنی گەل"مان دامەزراند. من داممەزراند.

• دواتر چی ڕوویدا دوای دامەزراندنی "یەکینەکانی پاراستنی گەل"؟

• دەستمان پێکرد بە ڕزگارکردنی گوندە کوردییەکان؛ لە بنکەکانی پۆلیس و لە بوونی دەوڵەت و هەموو شتێکەوە، شتەکانیش پەرەیان سەند، تا ڕووبەڕووبوونەوەکانمان گەیشتنە هێرشی "داعش" بۆ سەر کۆبانێ. کاتێک هێرشەکانی "داعش" بۆ سەر کۆبانێ ڕوویاندا، بابەتی کۆبانێ بووە داستانێک، و هەموو جیهان پێی زانی، و هاوکێشەکە گۆڕا کاتێک ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لەگەڵمان هاتنە سەر هێڵ.

• بەڵام تۆمەتێک هەبوو کە هەماهەنگی لە نێوان ئێوە و ڕژێمدا هەیە، و ڕژێم هەموو ناوچەکانی ڕادەستی ئێوە کردووە بۆ ئەوەی "سوپای ئازاد" کۆنتڕۆڵیان نەکات. ئەم قسەیە تا چەند ڕاستە؟

• بابەتەکە ڕادەستکردن نەبوو. ئێمە دەمانخستنە بەردەم ئەمری واقیع: یان بە زۆر لە ناوچەکە دەرتان دەکەین، یان دەڕۆن و هەموو کەلوپەلەکان ڕادەست دەکەن و دەڕۆن. تەنیا دەرفەتێکمان پێ دەدان کە بە زیندوویی دەربچن. ئەگەرنا بە زۆر لێمان دەسەندن. لە هەندێک خاڵیشدا پێکدادان لە نێوان ئێمە و ئەواندا ڕوویدا. بۆیە بابەتەکە هەمووی ڕادەستکردن نەبوو. ڕاستە کە ڕژێم نەیویست بمانکێشێت بەرەو ئۆپۆزیسیۆن، بە جۆرێک کە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ دروست بێت و ناچار ببین هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەین، و ئەم لێکدانەوەیەش ڕاست بوو. ڕژێم زۆر ڕووبەڕوومان نەبووەوە، بەڵام لە ڕمێلان شەڕمان لەگەڵ ڕژێم کرد و کوژراو هەبوو، هەروەها لە دێرک (مالیکیە) لەگەڵ ئاسایشی سەربازی شەڕمان کرد و لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئاسایشی سەربازی شەڕڤانانمان شەهید بوون، و لە بارەگای ئاسایشی ئاسمانی لە کۆبانێ شەڕمان لەگەڵ ڕژێم کرد، و ئەفسەرەکانیان لە ئاسایشی ئاسمانی لە کۆبانێ کوژران، هەروەها لە شێخ مەقسوود (لە حەڵەب) شەڕمان لەگەڵ ڕژێم کرد.

لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا شتێک نییە بە ناوی ئەوەی کەسێک کەسێکی تر هەڵبخەڵەتێنێت. هەمووی بەرژەوەندییە. ئێمەش ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ هەر لایەنێکدا هەبێت، بێگومان بەرژەوەندیمان تێیدا دەبێت

ئەوکاتە لەگەڵ "سوپای ئازاد" و "لیوای بەرەی سووریا"ی ئەحمەد عەفەش هاوپەیمانیمان کرد، و هێرشمان کردە سەر هەندێک خاڵی دەوڵەت (ڕژێم) لە شێخ مەقسوود. واتە شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان ئێمە و دەوڵەتدا ڕوویدا، بەڵام ناتوانیت بڵێیت دەوڵەت هەموو شتێکی ڕادەستی ئێمە کرد. وەک "سوپای ئازاد" سەیری نەکردین، بەپێچەوانەوە، ڕژێم هەمیشە هەوڵی دەدا نەمانخاتە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، هەندێک ئاسانکاری هەبوون بەڵام ناتوانم بڵێم بابەتەکە جێگەی گفتوگۆ یان ڕادەستکردن بوو، وا نەبوو. بابەتەکە بەسەریاندا سەپێنرابوو. لەو ناوچانەشی کە ڕازی نەدەبوون، شەڕ ڕووی دەدا.

• دواتر "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، و "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە) پێکهێنرا. ڕاستە؟

• بەڵێ، دوای "هەسەدە" شتەکان گۆڕان، لە ناوچە کوردییەکانەوە دەرچووین بەرەو ناوچە عەرەبییەکان بۆ شەڕکردن دژی "داعش" لەگەڵ هاوپەیمانان. ئەمەش بەرنامەیەکی تر بوو، و لە چوارچێوەیدا شت و بەرنامەی هاوکاری لە نێوان ئێمە و هێزەکانی هاوپەیماناندا دروست بوو، ئەو بەرنامانەی هاوپەیمانان کە لەسەر زەوی یان لەسەر مێزەکە هەبوون، بە شێوەیەکی ڕێککەوتوولەسەر لە نێوان ئێمە و هێزەکانی هاوپەیماناندا جێبەجێ کران.
رويترز: شەڕڤانە کوردەکانی "یەکینەکانی پاراستنی گەل"
بەشداری لە نمایشێکی سەربازیدا دەکەن بۆ ئاهەنگگێڕان
بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی "داعش"دا،
لە قامیشلۆ، سووریا، ٢٨ی ئاداری ٢٠١٩

• تۆ "یەکینەکانی پاراستنی گەل"تان دامەزراند، پاشان جەنەڕاڵ مەزڵووم (عەبدی) سەرۆکایەتیی "هەسەدە"ی کرد..

• بابەتەکە پەیوەست بوو بە یەکەوە، بەهۆی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ ئەمریکییەکان هەبوو ئەم شتانە هاتنە ئاراوە.

• بەڵام خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوودا هەبوو، ئەویش چیرۆکی عەفرین بوو لە سەرەتای ٢٠١٨. تۆ پێش عەفرین چوویتە مۆسکۆ و لەگەڵ سوپاسالاری ڕووسیا کۆبوویتەوە و پێیان گوتیت: هیچ دەستوەردانێک نابێت و دەتانپارێزین، بەڵام ڕووسەکان فێڵیان لێکردن، ڕاستە؟

• لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا شتێک نییە بە ناوی ئەوەی کەسێک فێڵ لە کەسێکی تر بکات. هەمووی بەرژەوەندییە. ئێمەش ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ هەر لایەنێکدا هەبێت، بێگومان بەرژەوەندیمان تێیدا دەبێت، هەروەک چۆن ئەویش بەرژەوەندی هەیە. چ جای وڵاتە زلهێزەکان؟ ئەمانە کار لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ناکەن ئەگەر نەیانەوێت سوودی لێ ببینن.. لەبەر خۆشەویستی لە هیچ لایەنێک نزیک نابنەوە.

• بەڵام هەستت کرد ڕووسەکان خیانەتیان لێکردیت، دواتر پاشەکشەت کرد، ڕاستە؟

• لە ڕۆژانی عەفریندا بابەتەکە سۆزداری بوو و لەوانەیە لەو کاتەدا ئەو وشانەم بەکارهێنابێت، بەڵام من بابەتەکە بە خیانەت نازانم، بەڵکو بەرژەوەندییە و لەوانەیە هەوڵیان دابێت هەردوو لای تەرازووەکە هاوسەنگ بکەن و بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر بووبێت.

• بەڵام دواتر تا ڕادەیەک دیار نەمايت؟

• تا ڕادەیەک بەڵێ. چووم بۆ هەولێر چونکە حەزم دەکرد درێژە بە خوێندنەکەم بدەم.

• و لەوێ خوێندت؟

• خوێندنی کراوە. حەزم کرد ئەو پسپۆڕییە تەواو بکەم کە حەزم لێی بوو.

• پسپۆڕییەکە چییە؟

• مێژوو.

چەند جارێک چاوم بە عەلی مەملووک کەوت. یەکەمین دیداری نێوان من و ئەویش لە فڕۆکەخانەی حمێمیم بوو لە لازقیە

• کەی گەڕایتەوە؟

• ساڵی ڕابردوو گەڕامەوە.

• بۆچی گەڕایتەوە؟

• بە ڕاشکاوی، ئەو گرووپەی ئێستا هەن، کە دەگوترێت ڕقیان لێمە، لە سەرەتادا پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵیاندا هەبوو؛ لە سەرۆک ئەحمەد شەرعەوە تا ئەبو ماریا قەحتانی تا ئەو گرووپانەی ئێستا هەن و (وەزیری ناوخۆ) ئەنەس خەتتاب و هەموویان. لە ڕۆژانی عەفرین پەیوەندییەکانمان باش بوون. لە ٢٠١٣ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ "بەرەی نوسرە" واژۆ کرد لە چوارچێوەی سنوورەکانی عەفریندا. بۆیە پێشبینیم دەکرد لەم قۆناغەدا بتوانین ڕێککەوتنی زۆر ئەرێنی بکەین و دەمویست بگەمە ئەو فۆرمە. بەڵام دوای ئەوەی هاتم، بینیم شتەکان بەرەو ئاراستەی تر ڕۆیشتوون و لایەنی زۆر هاتوونەتە سەر هێڵ. هەمووان لە سووریادا بوونیان هەیە، ئەو بەرنامە یان پڕۆژانەشی ئەمڕۆ خراونەتە ڕوو وەک ئەوە وایە دوو ڕێکخراو بین و بەرژەوەندیمان یەک بگرێت و بتوانین ڕێکبکەوین وەک ساڵی ٢٠١٣، تەنانەت پەیوەندییەکانیش گۆڕاون؛ ئەوان ڕێکخراوێک بوون و ئێمەش ڕێکخراوێک بووین. بەڵام ئێستا ئەوان دەوڵەتن و کورد بە لایەنێکی سنووردار یان بچووک لە سووریا دەزانن. دۆخەکە چیتر لەوە ناچێت کە پێشتر هەبوو.

• کاتێک فەرماندەی "یەکینەکانی پاراستن" بوویت و لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم، زیاتر لە جارێک لە دیدارەکانتدا لەگەڵ لیوا عەلی مەملووک دانوستانت کردووە، ڕاستە؟ پەیوەندیت لەگەڵی چۆن بوو؟

• چەند جارێک چاوم بە عەلی مەملووک کەوت. یەکەمین دیداری نێوان من و ئەویش لە فڕۆکەخانەی حمێمیم بوو لە لازقیە. کاتێک باسی ڕووبەڕووبوونەوەکانمانم لەگەڵ ڕژێمدا بۆ کردیت، بیرم چوو باسی حەسەکە بکەم، چونکە شەڕ لە نێوان ئێمە و ڕژێم ڕوویدا بۆ ڕزگارکردنی شاری حەسەکە. لە چوارچێوەی ئەو کێشانەی نێوان ئێمە و ڕژێم لە حەسەکە، چاوم بە عەلی مەملووک کەوت و یەکەم دیدار لە فڕۆکەخانەی حمێمیم بوو بە نێوەندگیریی ڕووسیا، ئەوەش نزیکەی لە ساڵی ٢٠١٦ بوو.

• دواتر ڕێککەوتن یان لێکتێگەیشتنتان واژۆ کرد، و هەماهەنگی لە نێوانتاندا هەبوو؟

• هەماهەنگی هەبوو، لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەواڵگری بوو، بێگومان هەماهەنگی هەبوو.

سەرچاوە:

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان