ئاپۆ، ئاوێکی ڕشتووە بە خۆشی کۆنابێتەوە
24/02/2026, 1:55 (GMT+1)
وانەکانی یەکێتی نەتەوەییمان ٢
دایکم، هەرگیز ئینتگرێرەی داگیرکاریی دوژمنان نەبوو، نەشیویست کە من گەورەدەبم، ئینتگرێرە ببم.(١)
سەرکردەیەتی، تاقم و دەستەکانی کورد، ئینتگرێرەی دوژمنانی کورد بوون، ئەویش لە جۆرە خەستەکەی!.
لە ڕێنماییە گەوهەرینەکانی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد: " کورد لە مێژووەوە، بەر لە هەموو شتێک دەبێ فێری عاقڵی بێت کە بریتییە لە: ١- یەکبوون ٢- یەکبوون ٣- یەکبوون... ٤، ٥، ٨٠، ٩٩" یەکبوون.
• ئایا کوردبوون سەختە؟!
هەموو ئاماژەکان، ڕووداوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە کوردبوون، یەکێک لە هەرە سەختییەکانی ژیانی کەسایەتی کوردە بە گشتی. ئەم بەربەستە دەروونی و جەستەییە، هەر لە منداڵییەوە کەسایەتی کورد ساڵ دوای ساڵ دروست دەکات، هەموو قۆناغەکانی ژیانی کووردبوون، سەختی تایبەت بەو قۆناغە لەگەڵ خۆیاندا دێنن، لە هەموو سووچ و کەنارێکی ژیاندا وەک کورد، بەربەستێک و دووان و سیان هەیە. کەواتە منداڵی کورد، کە ئێستا کچێکە و لاوێکە و ژنێکە و پیاوێکە، دروستکراوی سەختییەکی درێژخایەنە، کە کووردبوونە.
بۆچی کوردبوون سەختە؟!
کوردبوون، بەو مانایەی کە کەسێکی کورد، هەستی بەوە کردبێت کە ئازاد نییە، هەر لەو ساتەوە ئێدی سەختبوون دەست پێدەکات، سەختییەکانی تر جواروجۆرن، بۆ نموونە نەبوونی و کەمدەرامەتی خێزان لەو سەرەتایانەی قۆناغی منداڵییەوە، زۆر گرفتی بۆ منداڵەکە لێدەکەوێتەوە، بەڵام کە هەستی ئازادنەبوون لەکەسێکی کورددا بزوا و هەڵوێستی بەرانبەر وەرگرت، سەختییەکە لە باری کەسایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ بارێکی گشتی کە هەموو نەتەوەکە لە ناوکەسایەتی ئەو کوردەدا، چڕ دەبێتەوە، دەوڵەتنەتەوە ئیستعمارییەکانی داگیرکەری کوردستانیش، هەزاران چاویان بۆ کۆنترۆڵی ئەم جۆرە هەست و هەڵوێستانە، دروستکردووە، پەروەردەکردووە، بە کرێگرتووە و بوودجەی زەبەلاحی ئەو دەوڵەتنەتەوە ئیستعماریانە، بۆ ڕاگرتنی کوردستانە وەک ناوچەیەکی سەربازی و ئەمنی. یاسای تایبەتیان بۆ کوردستان بڕیارداوە کە هەمووی لە ڕوانینی سەربازییەوە بڕیاریان لەسەر دراوە، هەموو بوونی کوردێک و هەموو بوونێک لە سروشتی کوردستاندا، مەسەلەیەکی ئەمنییە، بەپێی یاساکانیان دەتوانرێ کوردەکە بکوژرێ، باخەکەی بسووتێنرێ و ماڵەکەی کاولبکرێت. ئەمە یاسای گشتی بەڕێوەبردنی کوردستانە لە ڕوانینی ئەو دەوڵەتنەتەوە ئیستعماریانەی کوردستانیان داگیرکردووە.سەرەتای ئازادبوون، هەستکردنە بەوەی کە ئازاد نیت، لەو ساتەوە کە ئەو هەستە دەبزوێ، لەگەڵ خۆیدا گەڕان بە دوای هۆکان، ڕێگاکان و دەرفەتەکاندا دەبزوێن. ئەمەش ئەو وێنەیەیە کە بینیمان لە یەکییەتیە نەتەوەییەکەی نەتەوەکەدا دژ بە هێرشەکانی فاشیەکانی سەر ڕۆژئاڤای نیشتمانی کوردستان. ئەمە خواستی دێرینی کوردبووە کە حیزبەکانی لەو ماوە درێژەدا گاڵتە و جەفەنگیان پێکردووە، بۆیە ئیتر نەتەوەکە بڕیاری خۆی دا و وتی: یەک ، یەکێتی، دوو، یەکێتی. سێ، یەکێتی و چوار و پێنج و هەشتا و نەوەتونۆ یەکێتی، وەک لە مێژە بیرمەندی کورد لە زمانی نەتەوەکەوە فۆرمۆلەی کردووە. هەر کوردێک لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی بەرخۆدان و خۆنواندنە شارستانەتیەدا ڕۆژ بەڕۆژ، خۆپیشاندان دوای خۆپیشاندان، لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایەدا بووبێت، هەستێکی جیاواز و تاقانەی هەبوو، هەستی شانازیی کوردبوون، من ئەو ژنەکوردە ئازادەم بینی کە لە شارۆچکەیەکی ئەمێریکا دەژی و تاقانە کوردی ئەو شارۆچکەیەیە، بەڵام بە تەنیا بەسەر شەقامەکانی ئەو شارۆچکەیەدا کوردبوونی دەنواند، وەک پاڵەوانێک کە سەرکەوتووانە لە جەنگێک گەڕابێتەوە و ڕوو بە جەنگێکی مەزنتر هەنگاو بنێ کوردبوونی هاوار دەکرد، ئەو شەڕڤانێکی ڕۆژئاڤایی، ئازادیخوازێکی کوردستانی بوو، کە نوێنەرایەتی زیندووبوونەوەی شارستانەتێک دەکات، کە ئێدی هەڵساوەتەوە و گەردی هەزاران ساڵەی لە ڕووخساری خۆی تەکاندووە و ئاڵوواڵا جوانییەکانی خۆی پیشانی مرۆڤایەتی دەدات. لەم دنیایەدا کە سیستەمی ساختەکاریی فریوی داوە، تۆ دەتوانی هەموو بڕوانامە، نەخشە، سیاسەت، ئابووری، دبلۆماسی، لەشکری و تەنانەت مرۆڤیش ساختە بکەیت، بەڵام کوردی(ئازاد)ت بۆ ساختە ناکرێت، ئەو کوردەی لە شوێنێکدا پێت دەڵیت: (نا) لەو جێگا و سات و بارودۆخ و هەلومەرج و هیوایەدا کە تۆ چاوەڕوانی نەبوویت، من پێموایە کە کورد ستەمێکی گەورەی لێکراوە و خاپێنراوە، لە نیوەی ڕێگا جێهێڵراوە، خاک، سامان، ئابوورییەکەی فڕینراوە، هەم لە دەسەڵاتە داگیرکارییەکانەوە، هەم لە ناوخۆییەکانەوە و هەم لە دوورەکانەوە، بەو مانایایەی کە هەمیشە بەپێی ئەو سیستەمەی دنیا دەبات بە ڕێوە و ستەمەکان بە یاسایی دەکات، کورد ستەمەی دووقاتە و سیقاتەی لێکراوە، بە چەند بارکردنەوەی، بەڵام نەتوانراوە کوردبوونی زەوت بکرێت. ئەوا ئیستا لە ڕیشەوە دەبزوێ، چوونکە ئێدی دەبوو کاردانەوەکەی بە ئەندازەی ئازارەکەی، ڕاچڵەکاندنەکەی بە فراوانی تێکۆشانەکەی و هاوارەکەی بە بەرزی کوردبوونەکەی بایە.
• هێرشکردنە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد، بە ناوی ڕۆشنبیرییەوە
نەتەوەی کورد، جگە لەوەی کە گرفتاری داگیرکاریی و دابەشکاریی بووە، گرفتێکی ناوخۆیی مەزنشی تووشبووە کە پڕۆژەی نەزۆکی ڕۆشنبیرانێتی، ئەم پرۆژە نەزۆکەمان لە ڕابوونە نەتەوەییەکەی ئەم دواییانەی کوردا بە ئاشکرا لە ڕادیۆکانی کلابهاوس و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە* سەدان جار گوێ لێبووە و ئێستاش هەر دەیڵێن و دەیڵێنەوە، ئەو ڕۆشنبیرانەی کە عاشقی فەهرەستی کتێب و تایتڵی کتێب و ناوی نووسەرانی کتێبەکانن، لەهەموو بزووتنێک زارەتەرەک دەبن. چوونکە هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات کورد، کە حیزبەکانی ئەوان بەسەر خۆیاندا، دابەشیانکردبوو، ئاوا لە پڕێکدا و لە ناکاو شەبەیخوونیان لێ بکات، بۆیە لە سەرەتاوە تاسان و بێدەنگ بوون، تەنانەت خۆیان شاردەوە، نەوەکا ڕابوونەکە ئەوان و حیزبەکانیشیان ڕابماڵێ. یەکێک لەو چەواشەکاریی و خاپاندنانەی ئەم فشنبیرانە دەیکەن، ئەو بەرگەیە کە لە خۆیان پێچاوە و دەڵین کە گوایە ئەوان بێلایەن و سەربەخۆن و بۆخۆیان بیردەکەنەوە، چوونکە تا ئێستا لەو باوەڕەدان کە نەتەوەکە دوژمنانی ناو خۆیی و دەرەکی ناناسێ و لێیان بێئاگایە، هەر ئەو ڕابوونە خۆی کۆی سەرەتای پیشاندانی هەموو ئەزموونەکانی نەتەوەکە بوو لەگەڵ دوژمنانیدا، خۆیی بن یا بێگانە، سەرکردەیەتی حیزبەکانی و لەگەڵ فشنبیرانشیدا. ئەمە ئەوەشی دەرخست کە ئەو خەڵکەی، فشنبیرە حیزبییەکان لە کۆبوونەوە فشنبیرییەکانیاندا، بە گێل و گەلحۆ و ڕەشە خەڵک و ناو و ناتۆرەی زۆرتریش ناوزەدیان دەکردن، لەوان وشیارتر لەوان ئاگاترن بەحاڵی نەتەوەکە و لەوانیش جوامێرترن بە ئەسڵ و کلتووری خۆیان کە هی خۆیانە و خۆیان دایهێناوە و خوڵقاندوویانە. هەموو نەتەوەیەکیش بازرگان و بازاڕیی هەیە، جوامیر و کۆیلەی هەیە، خاوەن پرانسیپ و خوارپەرست و هەلپەرست و ئازا و ترسنۆک و یاخی و دەستەمۆشی هەیە، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی نیشتمانی کورد، دەریان خست کە زۆرینەی کورد خەسڵەتی ئازادیخوازیی ناسنامەی مرۆڤبوون و کوردبوونییەتی، ئەگەر سۆزی لێدەبارێ، سۆزی کووردبوونییەتی، کوردیش کۆیلەی حەقیقەت بێت، سەدجاران شەرافەتمەندترە لەوەی بارمەتی دەستی خۆویستییەک بێت کە لە مرۆڤ بوون و کوردبوونی کەل دەکات. کوردێکی جوامێری دلێر، لەهەموو باسوخوازەکانیدا وا بە شوێن ئەو ڕایەڵەوە کە دەیبەستێتەوە بە بەرژەوەندی گشتی کوردەوە، نەک تیۆری ناوکتێبان و ناوی نووسەران، بۆ کوردێکی ئازادیخواز، لە وێژە و ئەدەبیدا خانی و حاجی قادری پێ ئاشناتری ڕۆحییەتی تا شکسپیر و نازم حیکمەت، مەسعوود محەمەد و ڕەفیق حیلمی، خۆی پێدەناسێنن تا مارکس و لینین، ئەگەر تۆ تازە و کۆن تەمەن و سەردەم، پێوانە و تەرازووی ڕوانییەنەکانت بێت، ئەوەی مەسعوود محەمەد دەربارەی پرسیاری لێ ورووژاند دووسەد ساڵی تریش وەڵامی نادرێتەوە و ڕەفیق حیلمی لە کووردبوونێکی بۆ گێرایتەوە، لەهیچ پەراوێزی نووسینێکی سەرکردیەتی حیزبایەتی ئەم سەردەمەی کوردا بەلای هیچ هزرێکی قاڵب بەستووی ئەواندا نەهاتووە، چوونکە مەبەستەکە و هەوڵدانەکە و ژیانبەخشینەکە بە نەتەوەکە، ئاسمان و ڕیسمانە. هەر ئەو ئاکارە کلتوورییە زۆر باڵایەی ئەوان، لای لاوێکی کورد کە تەنیا ژیانی شک دەبرد، بردی بۆ پێشکەشکردنی ئەو ژیانەی بە کوردبوونەکەی، مامەڕیشە، کاک فوئاد و بێریتان و دێنز و زیاد حەڵەبیش هەمان ڕەفتاریان نواند بۆ کوردبوونی خۆیان، تۆ چی دەکەیت، کە کوردیت و لە پێناوی کوردبوونتدا پرچەکانت دەبڕن و لاشە پیرۆزەکەت، لەبەرزاییەوە فڕێدەدەنە خوارەوە؟! تۆ ئەگەر وەک کوردێک کوردبوونی خۆت ناسیبێت، بێگوومان ئەوەشت ناسییوە کە بەرانبەرەکەت، تینووی خوێنە و دەیەوێت لە کاسەی سەرتا ئاو بخواتەوە، یا شاگەشکە ببێت بە سووتاندنی جەستەی کچەکانت! ئەوە خەسڵەتی (کوردبوونی ئازاد)ی تۆیە، کە شەرڤانی ئازادیی مرۆڤی کورد بیت، کە بەرگرییە لە مرۆڤبوون و کووردبوون، ئێ ئەم دوو ڕەفتارە خاڵی هاوبەشیان نییە، ئەگەر چی تۆ بشتەوێ بە تێکۆشانە باڵاکەت، ئەو ڕەفتارە دارستانییە لە هزری ئەودا بگۆڕیت، بۆیە تۆ وەک کوردێک:
لێرەدا بەرگری دەکەیت.
لەوێدا هێرش دەبەیت.
لەم هەڵوێستەدا دیلێکی بریندار دەرمان دەکەیت.
لەو هەڵوێستەدا نیشانەی تفەنگی لێدەگریەوە.
هەمیشەش ئەوەت لەیادە کە ئەوە ئەوە دەیەوێ تۆ داگیر بکات، دەنا تۆ ئاستەنبول و تارانی بەیەک تەماتەی ڕزیوی کوردیش، ناگۆڕیەوە، هەروەک ئەورەحمانپاشای بەبە، نوێنەرایەتی لە بەغدای بە جامێ دۆی ترشی کوردستان نەگۆڕیەوە، یا کاک ئەحمەد، هەموو ئێرانی بە سنە و مەسناوی جوانی نەگۆڕیەوە. کوردبوون، بوونە، کەینوونەیە(٢)، نە لە ناسیونالیستی خێڵ-حیزبی بنەماڵەدا کە بیری کووربوونی پەراوێزێکی زۆری لە کورد بە لاڕیدا بردوە، جێی دەبێتەوە، نە لە هاشوهووشی فشنبیری حیزبی هیچ لەباردا نەبوودا. لای من وایە: بیری کووردبوون، ئەو کەینونەیەیە، ئەو تێگەیشتە قووڵ و پانەیە، وەک پانتاییەکی بێپایان، هەموو لێدانی دڵێک لە مرۆڤێکی کوردی کە کووردبوونی خۆی ناسییوە، دەگرێتەوە، تا ئەو دوا هەناسەیەی جەستەی ئەو شەرڤانە کە کاتێک گەیشتە سەر خاکی کوردستان، لە سنگی هاتە دەرەوە. لای من ڕابوونی کورد، بزووتنی شارستانەتێکە کە ئێدی گەرد و تۆزاوی سەر ڕوخساری، بە بای ئەو ڕابوونە نەتەوەییە لادرا و دەرکەوت، چوونکە وەک مامۆستا مەسعوود دەڵێت" دەتوانم گرەوێک بکەم بە مەرجی دۆڕاندنی هەر چی کە هەمە، ئەوی تا ئێستا لەسەر کورد نووسراوە، جگە لە گەردی سەر ڕووخساری شتێکی تر نییە.....". کە هەر خۆی دەیان کتێب و سەدان نووسراوی لە بارەی کوردبوونەوە نووسیوە.
ئەوانەی کوردیان ناسییوە، کوردبوون و ئەگەر لە بازنەی زۆر بچووکی ڕەفتاری ڕۆژانەشیاندا ببووێت، لە ژینگە تاکە کەسییەکەیاندا بە کوردەواریی و کوردبوونەوە خەریکاون، جا دەستگیریی کوردێکی تر بووبێت، یا وشیار و ئاگادارکردنەوەی لاوەکوردێکی دی، لەم مەیدانەدا حیزبی کوردی بێ پرانسیپی هەڵقوڵاوی سەرچاوەنەگرتوو لە کووردبوونەوە، زیانێکی مەزنیان لە بزووتنەوە نەتەوەییەکەی داوە، بۆ نموونە: وتویانە فڵانە کورد بیری ناسیونالیستی هەیە، یا فیسارە کورد کە بیری ناسیونالیستی هەیە، کۆنەخواز و پاشڤەڕۆویستە، بەپێی تیۆری فڵانە نووسەر لە فیسارە کتێبیدا، ئێدی لە بیری چۆتەوە، یا ڕەنگە هەر نەشیزانیبێ، یا بۆ نموونە ئەدا وئەتواری فشنبیریی لە خۆی پیشانداوە، کە گوایە منداڵی کورد ئاوایە و ئاوایە و ئاوا، چوونکە منداڵێکی ئەڵمانی یا سوێدی ئاوا نییە و ئاوا نییە و ئاواش نییە، بێگوومان ئەو چوونکە بۆتە کۆیلە-مەستی تیۆری کەسانی دی، لێی شێویاوە کە نەک باوانی ڕەنگە نەنە و پایرەی ئەو منداڵە کە چاوی بە ئازادیی دنیاکەیدا کراوەتەوە، لە باوانێکی ئازادەوە فێری زمانی دایکی بووە و چۆنێتی نانخواردنیشی هەر لەوان وەرگرتووە، بەڵام کە دێیتە سەر منداڵە کوردە بەروردکراوەکە لای ئەو فشنبیرەی کورد، بیری نەبووە کە ئەو خەریکی بەروردکارییە لەگەڵ منداڵیکی ترساوی، باوان ڕەنجاوی چواردەورگیروای دابەشکراودا، کە هەندێ جار لەبەر ئەوەی بتوانن، پاروە نانێک بۆ منداڵەکەیان مسۆگەر بکەن، ناچاریی ژیانی داگیراوییان، ملی پێداون بە خزمەتکردنی داگیرکەرانیشیان!.
• ڕەخنە و کۆنەقین
من دڵنیام لە خۆم توانای ئەوەم هەیە ڕەخنەی دڵسۆزانی نەتەوەکە و چارەنووسی نەتەوەکە، لە کۆنەقین جوودا بکەمەوە، نووسینە ڕەخنەییەکانی دڵسۆزانم زیاتر بە نووسین دییوە و خوێندۆتەوە وهەڵڕژاندنی کۆنەقینەکانیشم لە چەقەخانەکانی** سوشیال مێدیادا بەتایبەت کلابهاوسدا، گوێ لێ بووە. ئەوی کە دڵسۆزی نەتەوەکە و یەکێتی نەتەوەکەیە، بەڕێزەوە چەمک و تێگەیشتن و ماناکان، لێکدەداتەوە و کەمایەسییەکانیان یان نەگوونجانەکانیان شی دەکاتەوە، کەس بریندار ناکات و تێکۆشانی کەس ناشرین ناکات و ناسڕێتەوە. لە بابەتەکە دەدوێ و شیکاری خۆی بۆ دەکات و خۆی ماندوو دەکات بۆ دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکانیان، بەڵام هەرگیز ئەوەی لە یادناچێت، کە بەرپرسیارێتی کوردبوونی لە ئەستۆگرتووە و ئەو بۆ شکاندن و وردکردنی هیچ کوردێک، نانووسێت و شیکاریی ناکات، بەڵکو بۆ پتەوکردنی کوردبوون و یەکێتی نەتەوەیی و گەشەپێدانی هزرێکی دووربینی کوردی، تێکۆشان دەکات.
وەک لەوە و بەر نووسیوومە لە کوردستانپۆستی هێژادا، کە کورد جگە لە گرفتی داگیرکارییەکەی کە هەموو نەتەوەکەی گرتۆتەوە و هەموو خاکەکەی داگیرکراوە، گرفتی ناوخۆیی و گرێکوێرەی زۆریشی بۆ دروستکراوە کە وای لێهاتووە، مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی کە حیزب و تاقم و دەستە بەناو سیاسەتکارەکانی، فرەفرە لە نەتەوەکەوە دوورن و گێچەڵ بە نەتەوەکە دەکەن و لەیەکتری دەترازێنن تا گەیشتۆتە ئەوەی کە کوشتوویانە بەناوی خۆیەوە(نەتەوەکە)، بۆیە لەو وتارانەمدا کە بە ناوی (فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن) چەند ئەڵقەم لێ بڵاوکردۆتەوە، نە سیما و نەسێبەر و نە کۆپی حیزبی تێدا نییە، جا جگە لە گرفتاریی حیزب و سەرکردەی حیزب و ئەم شتانە، ئێستا کورد گرفتاری دەستەیەکیشی بۆ زەق بۆتەوە بە ناوی ڕۆشنبیری فشنبیر، کە بەداوێنی یەکێک لەم سەرکردایەتییانەدا ئاوێزان بوون و خۆیان لە لۆچی پشتێنەکانیاندا حەشارداوە و دوو دوو سێ سێ و جاروبار بە دەستە، بۆ یەکی دەسێننەوە.
ڕاستییەک هەیە، بەم دواییانە، هەموو نەتەوەکە، بۆی ئاشکرا بوو، ئەویش دۆزینەوە و کاراکردنی ئەو ڕایەڵە کۆمەڵایەتی، دەروونی و کلتوورییەیە کە هەموومانی پێکەوە گرێداوە، کوردبوون، کوردبوون نرخ و بەها هەرەبەرزەکە و گرانەکەی ئەم نەتەوەیەیە کە بەهیچ نرخ و بەهایەکی تری سیاسی، حیزبی، سەرکردەیەتی، واژە و دروشم جێی ناگیرێتەوە، ئێمە ساڵانێکی دوور و درێژە، بە هەندێ درووشمی بەتاڵەوە خەریککرابووین، کە هەم بازرگانییەکی ڕەواجدار بوو بۆ هەندێ (لە ڕاستیدا زۆرینە) ی ئەو دەستەو تاقمانەی کە خۆیان دەکردە ئەمری واقعێک وەک لایەنی لەسەر حەق، بەبەر چاوی کراوەی لە ترسدا تۆقیوی منداڵانی کوژراوی کوردەوە، کە قۆڵ بکەن بە قۆڵی دوژمنانی کوردا و لە جیاتی دوژمنانی کورد شەڕی کورد بکەن، چ بڵحیی(گەلێکمان) بینی لە سیاسەتکارانی دەستە و تاقمەکان!.
ئێستا سەردەمێکی ترە، سەردەمی ئاوارەبوونی باش و خراپی کوردە، بەهەموو پاشخانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، لەشکری و نەخوێندەواریی و خوێندەوارییانەوە، سەردەمی دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە برەودان بە پووچی، ڕاستگۆیی، ئاینی، زانستی، خورافی، تێکشکان و سەرکەوتنەکانیانەوە، بەهەموو ئەو زامانەی کە ڕووداوی لایەنی تایبەتی و ڕووداوی لایەنی گشتی لە ڕۆحیادا درووستی کردوون. گواستنەوەی ئەو برینانەی کە ساڵانی زۆری داگیکردن دروستی کردوون، هەم بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییکە هەم ئینتگرێرەبوون لەگەڵ داگیرکارییەکەدا، کە ئەمەی دواییان، سەرکردەیەتی دەستە و تاقمەکانی تێیدا شارەزابوون بوون و لە شاگردییەوە هەڵکشاوون بۆ بوون بەوەستا لەو پیشەیەدا!. ئەگەر وانییە، شەڕی دوژمنانی کوردیان بۆ دوژمنانی کورد نەدەکرد دژ بە کورد!. کەواتە ئێمە ئینتگراشۆنمان هەیە، دوولایەنییەکەشیمان هەیە، زۆر خەستەکەی، سەرکردەیەتی دەستەو تاقمەکانی ئێمە تا ئەو ڕادەیە لەگەڵ داگیرکردنەکەدا پێشوەچوونیان کردووە و ئیتگرێرەبوون کە بە سواری تانکی داگیرکەرەوە، پەلاماری میللەتی خۆیان داوە، سیمبۆلەکانی سەرکردەیەتی دوژمنانیان بە بەسەردڵیاندا هەڵواسییوە و سوێندیان بەسەریان خواردووە و پێشەوایەتی لەشکری داگیرکاریان کردووە بۆ کوشتنی کورد و وێرانکردنکردنی ژینگەی کوردەواری، ئێستا ئاوارە دۆڕاوەکانی کە بەشێک لە ژیانی گەنجێتی خۆیان لە ئینتگراشوون لەناو حیزبە فارسییەکاندا پیرکردووە، لە چەقەخانەکانی کلابهاوسدا، هەزار ویەک واژە و دەستە واژەیان لە پەراوێزی کتێب و گوێگرتن لە ڕادیۆ و گەڕان لە گووگڵدا دۆزیوەتەوە و بە کوردە ئازادیخوازە شەرافەتمەندەکەی دەفرۆشنەوە، کە ئەوەتەی ئاوەزی پژاوە و چاوی دڵی بینابووە، بە دوای نەتەوەکەی خۆیدا گەڕاوە و دڵیشی هەر ئەو دڵبەرە بردوویەتی. بۆیە ناچارم لەم سەردەمی یەکێتی نەتەوەییەدا، کە ڕۆحم پێی گەشاوەتەوە و تووند تووند، دەستم لێگیرکردووە و هەر کنە دەکەم بۆ پتەوبوونی، ناچارم بەراوردکارییەک بکەم، چوونکە ئەوەش هەر دەچێتە پتەوکردنی ڕابوونە نەتەوییەکەوە:
١- ئینتگراشوون: (سویدییە، پرۆسەیەکی دووسەرەیە، ئینگلیزییەکەی دەبێتە، ئینتێگرەیشن، لە نووسیندا وەک یەکن، Integration): ئەوە دەگرێتەوە، کە بەشێکی بچووک بچێتە ناو بەشێکی گەورەترەوە، بە جۆرێک کە یەکەکی کارکردوو دروست بکات، بە ئامانجی کارکردنی بەشەکان پێکەوە، نەک ئەوەی کە بەشێک بەشێکی تر قووت بدات. ئەم واژەیە بە زۆری لە کۆمەڵناسیدا بەکاردێت، کە هاتووەکە بۆ ناو گەورەترەکە خۆی بگوونجێنێت لەگەڵ ئەو نۆرم و یاساکۆمەڵایەتیانەدا کە کۆمەڵگا دەبزوێنن، لەو پێکهاتەنوێیەدا کە هاتنەکە و قبووڵکردنەکە دروستی دەکات، داواکراو نییە کە هاتووە کەمترەکە واز لە نۆرمە کلتوورییەکانی خۆی بهێنێت و کلتووری گەورەترەکە وەربگرێت، بەڵکو پێکەوە کارکردنێکی لێککاریگەرییان دەبێت. ڕەنگە لە هەندێ حاڵەتدا ببێتە هۆی دابڕانی هاتووەکە لە لایەنگەلێکی کلتووری خۆی، کە ئەمە لە بنەڕەتدا ئامانجی ئینتگرەیشن نییە، بەستراوەتەوە بە هەردوو لایەنەوە و ڕوانینیان بۆ کۆمەڵگا تازە پێکهاتووەکە. لە بوارەکانی تری زانستدا وەک ئای تی، بەستنەوەی بەشەکانی سیستەمێکە پێکەوە، لە ماتماتیکدا بۆ شیکارکردن و حسابکردنی ڕووبەرەکان و ..... هتد بەکار دێت.
٢- ئەسیمیلاشوون: (سویدییە، پرۆسەیەکی یەکسەرەیە، ئینگلیزییەکەی دەبێتە، ئەسیمیلەیشن لە نووسیندا وەک یەکن، Assimilation): ئەوە دەگرێتەوە کە گروپێک یان تاکێک، نەرێت، بنەما کۆمەڵایەتییەکان و زمانی زۆرینە وەردەگرێت بە جۆرێک کە بنەما کلتوورییەکانی خۆی ون دەکات، کە ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئەو تاکە یان ئەو گرووپە، سەرجەم خۆی دەتوێنێتەوە لەناو کلتووری زۆرینەدا. پرۆسەیەکی یەکسەرەیە بە واتای زۆرینە، بە ڕێگای جۆراوجۆر، تا فشار بۆ هێنان هەوڵی زاڵکردنی کلتووری سەردەست دەدات، نموونەی زەقی، ئەو ئامڕازانەی کە دەوڵەتنەتەوە ئیستعمارییەکانی داگیرکەرانی کوردستان بەکاریان هێناوە، بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد و نە بۆیان کرا/ بۆشیان ناکرێت.
• بەراوردێک
هەروەک باسم کرد لەسەرەوە، هێرشێکی گووماناوی، لە ژێر ناوی ڕەخنەدا، دوای ڕووداوە خوێناوییەکان و هەڵوێستی کوردبوونی نەتەوەکە و شەڕڤانانی نەتەوەکە لە ڕۆژئاڤادا و ئەو خۆ پیشاندانانەی کە هەموو دنیای سەرسام کرد، دەکرێتە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد، سەر کوردبوون، هەندێ لایەنی سیاسی چاوەڕوانی تریان هەبوو، بەڵام نەتەوەکە خاوەنداری لە خۆی کرد و نەبووە بڵندگۆی هیچ لایەنێک، لەبەرئەوەش کە تەوژمەکە هێندە مەزن بوو نەیانوێرا، لەو کاتەدا بێدەنگیان هەڵبژارد، دەیانزانی نەتەوەکە لێیان قبووڵ ناکات، ئێستا بە مەزەنەی خۆیان، کاتی هێرشێکی ستماتیکییە، لەسەرهێڵێکی دیاری کراو کە ئامانجێکی دیاریکراو دەکاتە نیشانە، بەئاگا و بێئاگا، تەریب لەگەڵ هێڵی شەڕی تایبەتی توورک، شەڕی بزووتنەوەی ئازادی کورد دەکەن. کوردی ژیریش، ڕەخنەی دڵسۆزانەی ڕۆشنبیرانی بەوەفا بە نەتەوەکەیان دەناسێتەوە و بە پێویستییەکی گرنگی ئەم سەرەتا کرۆکییەی یەکێتی نەتەوەیی کوردی دەزانێت. ئێمە دەبێت فێری پرسیارکردن بین، دەبێت دەمەکان دانەخەین بەڵکو بواری وتن و هاوارکردنیان بۆ بڕەخسێنین، دەبێت ئەوە فێربین کە بزانین، ڕۆشنبیری دڵسۆز و وشیار بە گرفتارییەکانی نەتەوەکە و تاقم و دەستەکانی، ڕەخنەکانی کە ڕاستکردنەوەی خواری و لارییەکانە، بۆ پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەییمان پێویستییەکی ژیانی و ژیارییە، هەر بابەتێک، گووتن و هەڵوێست وەرگرتنێک دەبێت لە سەرەتاوە پەروەردەکردنی یەکسانییخوازیی و دادگەریی بەرنامەی تێکۆشان و بەرخۆدانی بێت، تا کۆتاییەکەی نەگاتە ئەوەی کە جەللادێکی غەوارە بگۆڕین بە جەلادێکی خۆماڵی! لە چوارچێوەی سوودی گشتی نەتەوەکەدا، هەر ڕەخنەیەکی پێویست ئەگەر بەم بارۆمەترە پێوانە بکرێت، بە ئاسانی درووستی و نادرووستی دەردەکەوێت، دەیڵێمەوە ڕەخنەی سەر بە نەتەوەکە و یەکبوونی نەتەوەکە، پێویستییەکە لە ئاو و هەوا پێویستتر بۆ چارەنووسی کورد.
کۆمەڵناسی توورک، بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی کاتێک لە کوردستان، پاش ئەوەی دانیشگا تەواو دەکات سەرباز دەبێت، وەک کۆمەڵناسێک دەکەوێتە لێکۆڵینەوە و سەرنجدان لەو جیهانە تایبەتەی کە بۆ ئەو نوێ بوو، دەنووسێت: "ڕۆژێک دایکێکی بە تەمەنی کورد دەچێت بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکە، بە کوردی بەخێرهاتنی دەکات، ژنەکە دەسڵەمێتەوە و لە پزیشکەکە دەپرسێ، چما تۆ کوردی"؟! هەروەها دەنووسێت:" کە لە دیاربەکر زیندان بووم، ژمارەیەک کوردیش زیندانی کرابوون، زۆر هەوڵم لەگەڵیان دەدا کە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا داوای وەرگێڕ بکەن، بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە ئەوان کوردن و توورک نین"؟!.
ئەو داپیرە کوردەی کە سی ساڵیک لەمەوبەر، دەسڵەمییەوە لەوەی کە پزیشکێکی کورد، بە کوردی لەگەڵیدا بدوێ، چوونکە وا ئەسیمیلە ببوو، کە کورد ناتوانێ زانا و دانا و پسپۆڕی بەرزی هەبێت، چوونکە وێنەی کوردیان لە مێدیاکانی توورکەوە، وەک کێوییەک لە مێشکیدا نەخشاندبوو، ئەمڕۆ ئەو داپیرە کوردە، یا کچەکەی کە ئێستا بۆتە دایک، چنگەکانی پڕ لە بەردن و دەیانگرێتە جەندرمەی توورک و بە شانازییەکی باڵاوە دەڵێ: ئەز کوردم. ئایا ئەمە سەرەتای ئەسیمیلەبوون و توانەوەی کوردە لە ناو توورکدا، یا سەرەتایەکی بە تەوژمی گەڕانەوە بۆ خۆ و وشیاربوونەوەیە بە حاڵی نەتەوەی خۆ؟! ئەگەر ئینتەگریشن و ئاسیمیلەبوونی کورد ئاوایە، کەواتە ئەو داپیرە و دایکە کوردە هەردوو هاوکێشەی ئینتێگرەیشن و ئاسیمیلەبوونیان پێچەوانە کردۆتەوە و هیچ بە دووری مەزانە لە حاڵەتی کوردبوونی مرۆڤەکاندا، هاوکێشە باوەکان، بە جۆرێکی تاقنە و بێوێنە کار بکەن، کە لە هیچ کۆمەڵگایەکی تری مرۆڤەکاندا هاوتایان نەدۆزییەوە، ڕەنگە. ئێمە تا سەردەمانێکی زۆر، فراوانی کوردستان و قووڵبوونی کوردبوونمان، لە پراکتیکدا نەئەزمواندبوو، بۆیە زۆر لە یاسا بزوێنەرەکانی ناو کۆمەڵگای کووردیمان لێ دیار نەبوون.
ئەگەر ئینتێگرەیشن و ئاسیمیلەیشن، ئەوە بێت کە لەیلا زانا، لە پەرلەمانی توورکاندا، بەسەرپۆشی شەڕڤانانەوە دەربکەوێت و بەکوردی ڕۆژباش بکات و هەشتساڵ زیندانی کوردبوونی بکێشێت و عوسمان بایدەمیر، لەوەڵامی پرسیاری توورکاندا کە کوردستان لە کوێیە، دەست بخاتە سەر دڵی و بە سینگیدا بکێشێت کە لێرەدایە...لێرە، لەو بڕوایەدام هەردوو هاوکێشەکە پێچەوانەوە بوونەتەوە و ئینتگرەیشن و ئاسیمیلەیشن، لەناو ئەم نەتەوەیەدا هەر ئەوەیە کە وەک پەیڤێکی ئەکادیمیکاریی لەناو کتێبەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ ناو گفتوگۆی کوردی-کوردی، کە زۆر ئاسایی و پێویستیشن، بۆ ڕێگرتن لە ڕووداوگەلێک بەر لە ڕوودانیان و ئامادەکردنی نەتەوەکەیە کە سات بەسات دەبێت وشیار، لە سەر هەست و پێکەوە بێت. ڕەنگە هەندێ کەس پێم بڵێت: ئەوانە کردەوەی سیاسین و دەگوزەرێن، بەڵام هەر ئەو کردەوە سیاسییانە بوون، کە لەدڵەوە بۆ دڵەکان وتران لەکاتی خۆیدا، ئەوەی بەرهەم هێنا کە کورد پێکڕا وتی: کوردن ئەم، ئەم ڕووداو گەلە سیاسییانە بوون کە لەگەڵ خۆیدا، ڕابوونی شارستانەتێکی بزواند، نە بە ئۆردووگان، نە بە توورک، نە بەفارس، و نە بە عەرەب و نە بە ئاپۆ کە خۆی یەکەم کەس بوو کە بزووا، هەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، هاوکێشەکە پێچەوانە کار دەکات و لەسەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە کووردبوون کار دەکات، هەموو هاتوویەک بۆ ناو کوردەواری دەکوردێنرێ و وەک کوردییەک کار دەکات، ئەگەر بەپێی ئەو یاسا کۆمەڵایەتییە کوردییە کار نەکات، قبووڵ ناکرێت و زۆر و زیوو زەڕ و زماندرێژی، کار لەو سیستەمە بەرگرییە ناکات، کە کووردبوون خوڵقاندوویەتی و هەموو کوردێک لە چنینیدا، ڕایەڵەیەکی گرێداوە. من ئەمانەم لە وتارە ڕابووردووەکانمدا لە کوردستانپۆستی هێژادا، لێرە و لەوێ ئاماژە پێداوە، سادەتر نەک وەک ئەم وتانەی ئێستام، ئەوسا تیۆری بوون و ئێستا بە پراکتیکی لەبەر چاوی خۆم بینیم و هەستم پێکرد و هاوبەشی بووم. بەڵام دەبێت وشیار و ئاگادار بین و ڕەخنەی دڵسۆزانی نەتەوەکە، وەرگرین و بۆ ڕاستکردنەوەی خوارییەکانمان سوودیان لێ وەربگرین.
بۆ ئەوەی وێنەکە تەوا بکەم، دەبێت باسی سیستەمی حوکمداریی و ئینتێگرەیشن و تاڕادەیەک ئاسیمیلەیشنیش لە باشووردا بکەم. ئایا باکووریان وەک خەڵک لەناو توورک و سیستەمی توورکی ئێستادا ئینتەگرێرەبوون یا سیستەمی حوکمداریی باشووریی و تا ڕادەیەک خەڵکانێک لە باشوور ئیتێگرێرەی کۆمەڵگای توورک و سیستەمی بەڕیوەبەرێتی توورک بوون؟!. یەکێکی تر لەو گرفتاریانەی کە نەتەوەکەیان پێوە گرفتارکردووە، ئینتێگرەیشن تا ڕادەی ئاسیمیلەبوون، لە لوتکەی دەسەڵاتەکەدایە، ئەوە سیاسی و حوکمداری کوردن کە بە سانایی لەگەڵ داگیرکارانی کورددا، ئینتێگرێرە دەبن و خۆشیشیان لێ دێ، دەڵێی بە ئەرکی کووردبوونی خۆیانی دەزانن.
• لە ئاستی سەرکردەیەتی تاقم و حیزبەکاندا
- هەمیشە وابەستەی پایتەختێکی یەکێک لە وڵاتانی ئیستعماریی داگیرکەری بەشێكی کوردستان و بەڕێوەبەرانی ئەو پایتەختانە بوون. ناسراوون چ ئێستا و چ ئەوسا کە لە شاخ بوون، ئاگاداری پەیوەندییە ئاشکرا (کەم) و ژێربەژێرە(زۆرەکانیان) بووین.
- بە وتار و بە ڕەفتار، خۆیان بە بەشێک لەو دەسەڵاتە زانییوە، کە ئەو وڵاتە ئیستعماریانەیان بەڕێوە بردووە، پێم مەڵی سیاسەتیان کردووە، سیاسەتکردن ئەوەیە کە شارەزای مانۆڕکردن بیت لە دوژمنانت، خۆت نەخەیەتە گۆشەیەکەوە کە بەرانبەرەکەت، دەست بخاتە بینەقاقات و بۆ ڕزگاربوون لە خنکان، ناچاری مەرجەکانی بیت، کە زۆر جار بەوە تەواو بووە کە دەبوو لە لایەنێکی کوردیی تر بدەیت و لێشت داوە!.
ئەو دوو خاڵە بەسە و وێنەکە دەگەێنێ.
• ئینتەگرێرەبوونی دەسەڵاتی باشوور لەگەڵ سیستەمی داگیرکەرانی کوردستاندا
١- لە ڕووی سیاسەییەوە: هەر هەنگاوێکی دەسەڵاتی باشوور، پێویستی بە مۆری تەئیدی توورکی و ئێرانی هەیە.
٢- لە ڕووی ئابوورییەوە: وێرانە و لە ئینتێگرێرەی تێپەڕاندووە و ئاسمیلەشوونی ئابووری سەر تا پا قبووڵ کردوە و بێ ئەو ڕایەڵە ئابوورییانە بە ئابووری توورکەوە کە بوونەتە بنەما، هەناسەی بۆ نادرێ و ڕێگەشی پێنادرێ کە ڕەفتارێکی ئابووری لە خۆی پیشانبدات، نەیباتەوە سەر ئابووری بە تایبەت توورکی و ئاڵوگۆڕی دراوی توورکی و بڕیارەکانی بانکەکانی توورکی، چوونکە دەرگای پشتەوەی هەناردەکردنی گوژمە پارەی ئاوا زەبەلاح، کەوڵێکی یاسایی گەرەکە بۆ سپیکردنەوەی. باشوور مەیدانی ڕمبازێنی کۆمپانیاکانی سیخووڕی توورکن، بۆ ڕووتاندنەوەی ئابووری خەڵکی باشووریی کوردستان و باربۆکردنی لەشکری داگیرکەری توورک.
٣- لە ڕووی مێدیاییەوە: کارەساتە گەورەکە لێرەدایە، چوونکە ڕاستەو ڕاست ڕووی دووان و پیشاندان و نیشانەگرتنەوەی هزر و بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی لاوانی باشووری بە ئامانج گرتووە، هەرچی دەرهێنەری پلە دە و دوازدەی توورکی توورکگەرا و سەر بە ناوەندە سیخوورییەکانی توورکی هەبوون، وەخۆ خران و سەدان فیلم و سریاڵ و گاڵتەجاڕیی مێدیاییان بۆ باشوور خستە سەر پەردەی تەلەڤزیۆنەکان، کە لە ناویاندا ڕیزپەڕێک ناتوانی دەستنیشان بکەیت، کە گاڵتەیەک و جەفەنگێکی بە (شانازییەکی) کوردی تێدا نەبێت. ئەمە جگە لەوەی کە بە بەرنامە، دەیانەوێت، ورەی کوردبوون و بەرەنگاری کوردێتی لە ناخی لاوانی کورددا وردوخاش بکەن و کەسایەتییەکی ترساو و بێدەربەست لە داگیرکراویی نەتەوەکەی لێ دروست بکەنەوە. لاوێک کە هەموو بیرکردنەوەی ببێت بەوەی کە مۆدێلی جلەکەی یا ڕێکخستنی قژەکەی وەک فڵانە ئەکتەری ناو فیسارە سریاڵە توورکییەکە بێت.
٤- لە ڕووی پەروەردەوە: قوتابخانەی توورکی، پەیمانگای توورکی، زانکۆی توورکی، بە پارەیەکی زۆر کە ساڵانە دەفتەرێک و دوو دەفتەری دەوێت، وایان لە خێزانی کوردی کرد، کە منداڵەکەی لە قوتابخانەی گەڕەکەکەی خۆیان، کە هەموو هاوڕێکانی لەوێ دەیانخوێند، دەربهێنن و لەیەکێک لەو قوتابخانە توورکیانە ناونووسی بکەن، کە مێژووی توورک، شانازییەکانی توورک، ڕەفتاری توورک، دینی توورک، جوگرافیای توورک و باسوخوازیی مەزنەکانی توورکی تێدا دەوترێتەوە، ئەمانە بۆ بیرهێنانەوەیە، دەنا ڕاستەقینەیەکن، لە خۆری ئاسمان ئاشکراتر. لێرەدا دەبێت ئەو باسەتان بۆ بگێڕمەوە کە قسەکانم دەسەلەمێنێ. لەو سەرەتایانەی دروستبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی کلابهاوسدا، شەوێک وەزیری پەروەردەی حوکوومەتی باشووریان، داوەتکردبوو کە ناوی (دڵشاد) ە ڕۆژهەڵاتییەکان داوەتیان کردبوو، باشووریان دەیناسن، سەبارەت بە پەروەردە و خوێندن لە باشوور، پرسیاری هاکەزاییان لێدەکرد، لە شوێنێکدا باسەکە چووە سەر زمانی کوردی و زمانی منداڵی کورد، ئەو وتی: مناڵی کورد دەبێت فێری زمانی تر ببێت بۆ ئەوەی پێشبکەوێت، نموونەی منداڵەکەی خۆی هێنایەوە کە خستویەتییە قوتابخانەیەکی توورکی و بە توورکی دەخوێنێ، بۆ ئەوەی داهاتووی باشتر بێت. ئیتر من چی بڵێم؟!. ئەو داپیرە کوردەی باکوور، لەیلا زانا، عوسمان بایدەمیر ئینتێگرێرەبوون یا ئەو وەزیرەی پەروەردەی حوکمدارییەکەی باشوور!.
٥- لە ڕووی لەشکرییەوە: بە بیانووی بوونی گریللا سەربەرزەکانی پارتی کڕیکارانی کوردستان لە قەندیل، کە ئەمە ڕووکەشەکەی بوو، ڕاستییەکەی بۆ پاراستنی داهاتووی بنەماڵە و وەک مەرجێکی گرنگی توورک بۆ هاوکاریکردنی سیاسی- ئابووری بنەماڵە، بەشێکی مەزن لە لەشکری فاشی توورک، ئەوەندە کە بەشی دامەزراندنی ٤٨ سەربازگەی فراوان بکات، بنەماڵە دەستی ئەو لەشکرە داگیرکەرەیان گرت و لە ناوچەیەکی فراواندا بوونە حاکمی عەسکری ناوچەیەکی فراوانی باشووری کوردستان، خەڵکی شیلادزێی دلێر، لاوە کوردەکانی شیلادزێ، زوو هەستیان بەم مەترسییەکرد و هێرشیان بۆ بردن، بەڵام دەسەڵاتی بنەماڵە ژمارەیەکی لە لاوەکان شەهیدکرد و زیندانی کردن. بیرتانە ساڵی ١٩٢٢ بیرمەندی کورد، ڕێنمایی حوکمداری کوردستان، مەلیک مەحموود دەکات و دەڵێ: " ...چوونکە حکومەتی تورک حکومەتێکی عەسکەری یە، چووبێتە هەروڵاتێک، لەشکرێکی زۆری تیادانەوە و لەووڵاتەدا بەهێزی لەشکر لە سیاسەت ئیشی بردووە بەرێوە..."(٢) وەک خۆی نووسیمەوە لە ڕووی ڕێنوسەوە. ئەوە پەکەکە، خۆی هەڵوەشاندەوە، تفەنگیان سووتان، چوونە ناو وتووێژەوە لەگەڵ توورکان، ئایا لە چەقەخانەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کە ٢٤ کاژێر لەم کاتەدا کە بنەمای (یەکێتی نەتەوەییمان) پێکهێناوە، بە رەمز و ڕاز و ڕووبەڕو پەلاماری بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد دەدەن، ئەم پرسیارەیان کرد کە بۆچی لەشکری فاشی توورک لە باشووری داگیرکراوی کوردستان، ناکشێتەوە؟!. ئێستا لە خوارەوەش هێدی هێدی بە عەرەبکردنی باشووری کوردستان، بەهۆی سیاسەتی ئابووری و دەسەڵاتداریی دژە نیشتمانی هەرێمەوە، سیستماتیک و بەپێی پلان عەرەبەکان، زەوی و خانوو و دوکان و کارخانە لە باشوور دەکڕن و دادەمەزرێنن، نووسینەگانی فرۆشتنی خانوو/ زەویوزار لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بە عەرەبی بانگی برایانی عەرەب دەکەن بۆ نیشتەجێبوون لە شارەکانی هەرێم، گامێشی عەرەبی و گاوانی جزداشەلەبەری عەرەبی، هەر چەندساڵێکی تریان دەویت، کە لە زۆر ناوچەدا ببنە زۆرینە و بەپێی پلانەکە حیزب و ڕێکخراوی خۆیان دروست بکەن و بچنە پەرلەمان و دامودەزگاکانەوە، ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەری هەڵداوە، کە دەبێت کوردانی باشووری شەرافەتمەند و ڕۆژهەڵاتیانی ئازادیخواز، بەرانبەری بوەستنەوە و بەری پێبگرن، سەرپێچی لە نەفرۆشتنی خاکی کوردستان بە عەرەب، توورک و فارس، خیانەتە بە نەتەوەی کورد و قبووڵ ناکرێت، نەتەوەی کورد لە حاڵەتێکی هەستیار و تالووکەدایە، کە هەموو گۆڕانکارییەکی بچووک لە شار و دێهاتیدا، پێکهاتەی دانیشتوان و تەرازووی هێز دەگۆڕیت و کورد لاواز دەکات، دەبێت ئەوە بزانین کە لەبەر ئەوەی کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەم جۆرە گۆڕانکاریانەی دانیشتوان، مەترسی گەورەن لەسەر داهاتووی نیشتمان و یەکێتی نەتەوەییمان، هەر کاتێک بووینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، ئەوسا ئامڕازی یاسایی زۆر بەهێزمان بۆ پەیدا دەبێت، کە ترسمان لە هاتنی خەڵکی بێیانی(توورک، فارس و عەرەب) نەبێت، تا ئەو کاتە، هەموو هەنگاوێک بۆ هێنانی ئەندامانی نەتەوەی سەردەست لە کوردستاندا، خیانەتە و ڕێپیدراونییە، هیوادارم خەڵک وشیار بێت و نەکەوەنە داوی ئەم خیانەتە نەتەوەییانەوە، یەکێک لە ئامڕازەکانی تێکەڵ بوونی عەرب، دۆزینەوەی پیاوانی نەفسنزمی هەرێمە، بۆ زەماوەندکردن لەگەڵ ژنانی عەرەب، ئەمە لەم کاتەدا خیانەتە و ئەو جۆرە پیاوانە دەتوانن بچن لە شار و دێهاتی ماڵە خەزوورانیان نیشتەجێ ببن، ڕەوەیە منداڵی عەرەب بخەنەوە، کوردستان بێ خاوەن نییە، ئاگادار بن.
دەمەوێت دوو وێنەی تری ئینتێگرێرەبوونی کاک حەسیب کاپڵان، ئەندامی دەمپارتی(هەدەپە) لە پەرلەمانی فاشستی توورکیادا وەبیربێنمەوە کە چەند بە جوانی ئیتێگرێرەبوونی خۆی دەردەبڕێت و چ پێشبینییەک بۆ شەڕڤانان دەکات و چۆن قسەکەی دێتە دی: " لەو کاتەوە بە سەرۆک وەزیرانی توورکیا، ئەردۆگانم وتووە، قۆندەرەی خوێڕیترین کورد، لە تۆ بەنرخترە لەلای من. ڕۆژنامە و تێ ڤێکانی توورک بە کەسێکی دەروون شیواو ناوم دەبەن، ئاخر بەلایانەوە سەیرە، سەرەک وەزیران لە پێلاوی خوێڕییەک بێ نرختر بێت"!. هەروەها هەر ئەم پەرلەمانتارە لە هەڵوێستێکی کوردستانی تریدا وێنەی چەند شەڕڤانی یەپەگەی بەرزکردەوە و هاواری کرد و وتی:" خۆشتان بێت یان نا، ئەمانە ئیرادە و داهاتووی گەلی ئێمەن، جا قبووڵی دەکەن باشە، قبووڵی ناکەن چی دەتوانن بیکەن"!.
لەم وتارەدا نووسیم: کوردبوون، هەر بەتەنیا کوردبوون لە چەشنە کوردییەکەی قبووڵ دەکات، بۆیە هاوکێشەکان لە کووردبووندا، پێچەوانە دەبنەوە، ئەمەش وێنەیەکی تاقانەیە ولای هیچ نەتەوەیەکی تر، پەیدای ناکەیت، بەهەموو حاڵەکان لەلای ئەو نەتەوانەی دەوری ئێمەیان داوە.
لەو باوەڕەدا نیم، دێوێک لەم دنیایەدا هەبێت، بتوانێت کورد، وەک نەتەوە و بەگشتی، ئینتێگرێرەی کلتوور و گاڵتەجارییەکانی خۆی بکات، باکووریش سەرکاروانی ئەم ڕابوونە کوردییەیە، ئاپۆش ئاوێکی ڕشت کە تەنانەت بە خۆشی کۆناکرێتەوە. بۆچی نەیانکرد، نەیان کوشتین، سەریان نەبڕین، لە سێدارەیان نەداین، ئەنفالیان نەکردین، دۆزەخی هەڵەبجە و هەڵبجەکانیان بۆ ئاگر نەداین، پرچی شیرینەکانی ئێمە بە سێدارەی ئاخووندەکانەوە نەشەکایەوە، زەینەبەکانی ئێمەیان لە پشت هەزاران دیوارەوە لە چاومان نەشاردۆتەوە، دوژمنی کورد و دەسەڵاتی کوردی ئینتێگرێرەبووی باشوور، نەیانویست بێریتان بە زیندوویی دەسگیربکەن و ئەو باڵی گرت و فڕی؟! کەچی کەزییەکانی شیرین دووان بوون، بوون بە دووسەد هەزار، بێریتان بووە دێنیزە شەڕڤانەکان، زەینەب لە سەر دیواری ژووری زیندانەکەی:
ژن ژیان ئازادی هەڵکۆڵی بوو،
ژنان: بوون بە هەزاران ژنی شەڕڤان،
ژیان: بوو بە بەرخۆدان،
ئازادی: لە سەقزی ژیناوە
بوو بە ئازادیی هەموو کوردستان.
یەکێتی نەتەوەیی خۆتان بپارێزن، (کۆهۆشی کوردبوون) بگەشێننەوە، داوای بنیاتنانی (سپای ڕزگاریی کوردستان) بڵێنەوە، ژیانێکی ئازاد و کوردستانێکی ئازاد مسۆگەر دەکەن، کووردبوون، لە هەموو بیروباوەڕێکی سیاسی و زاتی و ئایدیۆلۆجی....هتد مەزنترە، کەینونەیە، هەموومان لە وێدا پارێزراو دەبین.
-------------------------
سەرنجەکان:
* گاڵتەکردن یا بێنرخکردنی داهێنانە شارستانیەکانی بەرهەمی بیرکردنەوە و تێکۆشانی زانستی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شۆڕشێکی مەزنی ئازادبوونی مرۆڤە لەدەست دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام شێوازی کارکردنی یا بەکارهێنانی لەلایەن هەندێ دەستەوە، وەک ڕادێۆیەکی شەو و ڕۆژکراوەیە.
** چەقەخانە: سەردەمی خۆی، کە مزگەوتەکوردییەکان، جێگای پێگەیاندن و پەروەردەکردنی فەقێی کوردی و پیاوانی ئاینی کوردستانی بوون، ژوورێک لە نزیک مزگەوتەکەوە دروست دەکرا، پێیان دەووت(چەقەخانە) کە لە وێدا ناو بەناو لە نێوان وانە خوێندنەکاندا، قوتابییەکان دەچوونە ئەوێ و ئێدی لەهەموو شتێک دەدوان و شاییان دەکرد و شەڕە شیعر و یارییە کوردەوارییەکانیان ئەنجام دەدا، ئەم ژوورانەی کلاپ هاوس لە باسوخوازیاندا، زۆر بەو چەقخانانەی ئەو سەردەمە دەچن.
١- لەبیرمە کە منداڵ بووم، بەباوەشی دایکەمەوە کاتێک کە دەگەیشتینە بەردەم سەربازێکی داگیرکەر، دایکم دەستی دەخستە سەر چاوەکانم، کە گەورە بووم لێم پرسی بۆ دەستت دەخستە سەر چاوەکانم؟، دەیووت: نەمدەویست سەربازەکە ببینی و وابزانی ئەویش لە خۆمانە، دەمووت کە گەورە بووی خۆت تێدەگەی کە ئەوە سەربازی داگیرکەرە.
٢- کەینونە: تێگەیشتنێکی فراوانە سەبارەت بە ئامانجێک کە نیشانە ئۆپژەکان و خۆییەکان دەگرێتەبەر، لەمەڕ واقع و بوون. بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:" کوردایەتی وجودە- بوونە- کەینونەیە".
٣- یادداشت، ڕەفیق حیلمی، لاپەڕە ٦٢-٦٣ کۆتایی لاپەڕە ٦٢ و سەرەتای لاپەڕە ٦٣. بەشی سێهەم، چاپخانەی دار الحریە/بەغدا ١٩٩٢ زاینی، ئامادەکردنی پاکیزە ڕەفیق حیلمی.
هەواڵی تر
هەواڵی بەناوبانگ















