چەمکی «پارادایم»؛ لە چوارچێوەی زانستییەوە بۆ ئامرازی سەرکوتکردن و شاردنەوەی شکستەکان (بەشی دووەم):

21/02/2026, 11:16 (GMT+1)

(لە نێوان سۆزی شۆڕشگێڕی و واقیعی سیاسیدا؛ کاتێک ئایدیۆلۆژیا جێگەی لۆژیک دەگرێتەوە)


1. پرسی "ڕەخنەی ناوخۆیی" و قەوانە سواوەکەی "کاتی هەستیار"

هەندێک لە بەڕێزان پێیان وایە، کە پەکەکە بۆ ڕەخنەی ناوخۆ کراوەیە، بەڵام ڕەخنەی دەرەوە لەم "کاتە هەستیارەدا" وەک هێرش و لێدان لێکدەدرێتەوە.
ئەم لۆژیکە یەکێکە لە مەترسیدارترین پاساوەکان، کە لە مێژووی سیاسەتی کوردییدا. کاتێک حیزبێک پێوەرەکانی ڕاستی و دروستیی ڕەخنەیەک لەسەر بنەمای "ئەندامبوون" یان "دەرەوەی حیزب" دیاری دەکات، ئەوە نیشانەی تەواوی داخراوێکی تۆتالیتارییە. ئایا ڕاستیی و هەڵەی بڕیارێکی سیاسی پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە، یان بە ناسنامەی ئەو کەسەی دەیڵێت؟
کاتێک تۆ مافی قسەکردن لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک لە کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزبەکەت لێدەسەندرێتەوە بە بیانووی "کاتی هەستیار"، ئەمە ئەوە دەگەنێت، کە لە ڕاستیدا تۆ دیالۆگ دەکوژیت. لە کوردستاندا هەمیشە ئەوە بە رووی رەخنەگرندا دەدرێتەوە و دەڵێن: (کاتەکە هەستیارە، وا باشە چاوەڕێ بکەن تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە)! لەمەی ئیستادا ئەگەر لە پەکەکە بپرسین: "بۆچی ئەم هەڵەیە کرا؟"، ئەوا دەبێت تا هەتایە بێدەنگ بین سەرەنجام باجی هەڵەی سەرکردەکان بدەین، هەروەکو چۆن لە سەر بنەمالەی بارزانی و تالەبانی داومانە، ئەوا ئەمەی سەرکردەکانی پەکەکەش هەروەکو ئەوانی لیدەردەچێت، چونکە تابۆیە و نابێت رەخنە بگیرێت.

2. وەهمی "کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی" و مەترسیی توانەوەی سیاسی:

بەشێکی زۆر لە بەرگریکارانی پەکەکە دەڵێن: ئۆجەلان داوای توانەوەی نەکردووە، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی بۆ "دەوڵەت-نەتەوە" داناوە، کە سەرچاوەی هەموو نەخۆشییەکی وەک فاشیزم و دیکتاتۆرییەتە! بۆ ئەمەش نموونە بە سویسرا و فەلسەفەی کانت دەهێننەوە.
لێرەدا تێکەڵکردنێکی گەورە هەیە لە نێوان "خەیاڵی فەلسەفی" و "واقیعی جیۆپۆلەتیکی". بەڵێ، دەوڵەت - نەتەوە کێشەی زۆرە، بەڵام با پرسیارێکی واقیعی بکەین: کاتێک تۆ لە ناوچەیەکدا دەژیت، کە تورک، فارس، و عەرەب خاوەنی سەرسەختترین و دڕندەترین دەوڵەت-نەتەوەن و بەردەوام خۆیان پڕچەک دەکەن بۆ سڕینەوەی تۆی کورد، ئیتر چۆن دەکرێت بە بیانووی "ئاشتیی گەلان"ــەوە دەستبەرداری خەونی قەوارەی سیاسیی خۆت بیت؟
ئەمە تواندەوەیەکی کولتووری (ئاسیمیلاسیۆن) نییە، کە قەدەغەی زمانی کوردی بکات، بەڵکو توانەوەیەکی سیاسییە. کاتێک تۆ واز لە خەونی سەربەخۆیی دەهێنیت بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستەمێکی لامەركەزی لە ناو دەوڵەتی تورکیا یان سووریادا خۆت بگونجێنیت و لەگەڵیاندا بژیت (کە ئەوان ئەوەشت پێ ڕەوا نابینن و ڕۆژانە دەتکوژن)، ئیتر بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت تۆ لە ڕاستیدا وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادە لەسەر نەخشە سڕاویتەوە، سەرەنجامیش دەتوێیتەوە، جگە لەمە بەراوردکردنی ئەمە بە سویسرا، هەڵەیەکی کوشندەیە؛ سویسرا لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیای دیموکرات و خاوەن یاسادایە، نەک لە نێوان (ئەردۆغان و خامنەیی و ئەحمەد شەرعدا!) تۆ ناتوانیت بە فەلسەفەی سەدەی هەژدەی ئەوروپا، وەڵامی فاشیزمی سەدەی بیست و یەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەیتەوە.

3. خوێن و قوربانیدان، پێوەری ڕاستیی سیاسی نین:

خاڵێکی دیکە کە بە بەردەوامی وەک کارتی سۆزداری بەکاردێت، دووبارە دەکرێتەوە، کە دەڵێن: "ئەگەر ئەم پارادایمە هەڵەیە، بۆچی ملیۆنان کەس شوێنی کەوتوون؟ بۆچی گەنجی کرماشان و کەرکووک لە ڕۆژئاڤا شەهید دەبن؟"
لێرەدا دەبێت لەو نێوەندەدا هێڵێکی ڕوون لە نێوان سەرکردە و بەرپرس و قوربانییەکاندا بکێشین و بڵێم: کە من بە پێچەوانەوە  رێزم بۆ خەبات و گیانفیدایی و خوێنی ئەو گەنجانە هەیە، کە بە نێتێکی پاک لەپێناو پاراستنی کەرامەتی نەتەوەکەیاندا گیانی خۆیان بەخت دەکەن. ئەو بەرخودانەی دژی داعش کرا، هەروەها ئەو گەریلایانەی کە بە نێتێکی پاکاوە هاتوونەتە ریزەکانی پەکەکە بەو نیازەی، گوایە ئەو رێخراوە ئامانجی رزگاری کوردستان و سەرفرازی کوردە، نێتی ئەوان بەرز دەنرخێنم، بەڵام لە زانستی سیاسەتدا، خوێن و قوربانیدان و جەماوەری زۆر، پێوەری ڕاستی و دروستیی تیۆرییەکی سیاسی نین. لە مێژوودا دەیان ئایدیۆلۆژیا هەبوون (وەک کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی، یان شۆڕشەکانی ئەمریکای لاتین) کە ملیۆنان مرۆڤی دڵسۆز باوەڕیان پێیان هەبوو، هەزاران گەنجیش گیانیان لە پێناویاندا بەخشیوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو باوەڕ و سیستەمە خزمەتیان بەو گەلانە نەکرد و شکستیان هێنا. هۆشیاریی گەل بەوە ناپێورێت، کە چەند کەس ئامادەیە بمرێت، یان لە ئەوروپا بڕژێتە سەر شەقام، بەڵکو بەوە دەپێورێت، کە ئایا سەرکردایەتییەکی عەقڵانی هەیە بتوانێت ئەو قوربانیی و ئەو خوێنە بکات بە دەستکەوتی سیاسیی پارێزراو بۆ نەوەکانی داهاتوو؟ مانەوە لەناو شەڕێکی پەنجا ساڵەدا، کە بەردەوام قوربانی دەدات بێ ئەوەی قەوارەیەکی دانپێدانراو مسۆگەر بکات، جێگەی پرسیارە، نەک جێگەی پاساوهێنانەوە.

4. بەکارهێنانی تۆمەت، شەڕی تایبەت و ناسیۆنالیزمی وشک

دواجار، کاتێک وەڵامی ڕەخنەگرێک دەدرێتەوە بە دروستکردنی وێنەیەک کە کەسێک توانجم لێدەگرێت، ئەو کەسەش  (مەبەستی لە منە)، گوایە من "ناسیۆنالیستێکی وشکم"، "کەوتوومەتە ژێر کاریگەری شەڕی تایبەت"، یان "بەکرێگیراوێکی قەڵەم پیسم"، ئەمە نیشانەی ئیفلاسبوونی فیکرییە.
ئەگەر ناسیۆنالیزم و بوونی دەوڵەت هێندە خراپ و "فاشیزمــە، بۆچی تورک و عەرەب و فارس دەبێت خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن و ئامادە نین یەک بست لە خاکی داگیرکراومان پێ بدەنەوە، بەڵام تەنها کورد دەبێت ببێتە قوربانیی پڕۆژەی "برایەتی گەلان" و واز لە خەونی نەتەوەیی خۆی بهێنێت؟ بۆیە با ئەوانە بزانن، کە خەمخۆری بۆ دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردیی، ئەمە بە ناسیۆنالیزمی فاشیستیم پێناسە ناکرێت، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان لە ژینۆساید و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی نەتەوەیی سادەترین مافی سروشتیی هەموو نەتەوەیەکە،.

ئەنجامگیری:

مەبەست لەم گفتوگۆیە، شکاندنی تێکۆشان و سووکایەتیکردن نییە بە خوێنی هیچ لایەنێک. مەبەست ئەوەیە تێبگەین، کە ئایدیۆلۆژیاکان، هەرچەندە پیرۆزیش بکرێن، لە کۆتاییدا ئامرازن بۆ خزمەتی مرۆڤ، نەک بە پێچەوانەوە مرۆڤ بکرێتە قوربانی بۆ سەلماندنی فەلسەفەیەک. هەتا ئەو کاتەی ئێمەش بوێریی ئەوەمان نەبێت فەلسەفە و دروشمەکانمان لە واقیعی تاڵ و سەختی ناوچەکەدا هەڵسەنگێنین، هەتا ڕەخنەگرتنیش وەک "خیانەت" سەیر بکرێت، ئەوا لەناو بازنەیەکی داخراوی خوێنڕشتنی بێ کۆتاییدا دەخولێینەوە، بە بێ ئەوەی بگەینە کەنارێکی ئارام بۆ نەتەوەکەمان. گەورەترین مەترسی بۆ سەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، هێرشی دوژمنانە نییە، بەڵکو لەدەستدانی توانای پێداچوونەوەیە بە هەڵەکاندا.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەمدا، بەڕێزێک، کە ئەوە یەکەمجار بوو پەیوەندییم پێوە بکات و خۆی پێناساندم،  پرسیارێکی کرد و منیش ئاوا وەڵامم دایەوە:
 (بە دەست خۆم نییە، کە وا دروست بووم و ئەو هەستەم هەیە، کە کوردم لە خۆم خۆشتر بوێت، بۆیە (ئۆجەلان و پەکەکە)، (سەبری ئۆک و ئامەد مەلا زگر و لوقمان حەسەنی ئاپۆچی) هەروەها هەموو سەرکردەی پارتەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەم بە قوربانی بستێک لە خاک و نیشتیمانی کورد.).