لە سەرکردەیەکی زیندانی ئیمڕالییەوە بۆ قەندیلێکی گوێڕایەڵ
05/03/2026, 0:40 (GMT+1)
ئەمجارەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رۆژی 27-02-2026 ، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک، نامەیەکی دیکەی بۆ سەرکردەکانی قەندیل ناردووە، تێیدا بە فەرمی کۆتایی بە خەباتی چەکداری رادەگەیەنێت و بانگەشە بۆ (برایەتی کورد و تورک) و (یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمار)دا دەکات، هەڵبەت ئەمە تەنها وەرچەرخانێکی سیاسی نییە، بەڵکو لەناو سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەیدا، نیشانەی قەیرانێکی گەورەی فیکری و ئەخلاقییشە، کە نیو سەدەیە چارەنووسی بەشێکی گەورەی نەتەوەی کوردی خستبووە ئەستۆی خۆی. ئەم نامەیەی ئۆجەلان، هەرچەندە بە دەستەواژەی بریقەداری وەک (کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا) رازێنراوەتەوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەڵگری کۆمەڵێک مەترسیی گەورەیە، کە پێویستە بە زمانێکی ڕاشکاوانە و توند پەردەی لەسەر هەڵبماڵرێت، هەم لە رووی ناوەرۆکەوە و هەم لە رووی مامەڵەی سەرکردایەتیی قەندیلەوە.
(گەڕانەوە بۆ دەستکەوتی هیچ، لەگەڵ وەهمی برایەتی و ڕۆڵی حەسەن خەیری)
ئۆجەلان لە نامەکەیدا دەڵێت: (تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن... ) نووسینەکە باس لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆمار دەکات، بەتایبەتی (یەکێتیی تورک و کورد). ئەمە گەورەترین چەواشەکردنی مێژووە، چونکە کاتێک کەمال ئەتاتورک کۆماری تورکیای دامەزراند، لە سەرەتادا بەڵێنی (برایەتی) بە کورد دا، بەڵام هەر کە کۆمارەکەی جێگیر بوو، سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و کۆمەڵکوژییەکانی (دەرسیم، زیلان، شێخ سەعید) دەستی پێکرد. ئۆجەلان ئەمڕۆ هەمان ڕۆڵی (حەسەن خەیری) دەبینێتەوە (حەسەن خەیری ئەو پەرلەمانتارە کوردە بوو، کە بە جلی کوردییەوە چووە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێت کورد و تورک بران، دواتر لەلایەن خودی تورکەکانەوە لەسێدارە درا)، ئەمڕۆش بە شێوازێکی زۆر وریایانەتر ئۆجەلان دەیەوێت کورد بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی متمانەکردن بەو دەوڵەتەی کە سەد ساڵە لەسەر خوێنی کورد کۆمارەکەی راگرتووە.
(تواندنەوەی کورد لە ژێر ناوی یەکگرتندا)
یەکێک لە مەترسیدارترین چەمکەکانی ناو ئەم نامەیەی ئۆجەلان، بەکارهێنانی وشەی (ئینتیگراسیۆن)، یان یەکگرتنە لەگەڵ کۆماری تورکیادا. ئۆجەلان دەڵێت (ئامانجمان تێپەڕاندنی پارچەپارچەکردنە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و یەکگرتن).
لە زانستی سیاسەتدا، کاتێک نەتەوەیەکی بندەست، کە خاوەنی خاک و زمان و مێژووی خۆیەتی، واز لە داواکاریی مافی چارەی خۆنووسین دەهێنێت و داوای (یەکگرتن) لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەردا دەکات، ئەمە پێی دەوترێت (تواندنەوەی سیاسی). واتە کورد ئیتر وەک نەتەوەیەک، کە خاوەن خاکی خۆیەتی سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە پێکهاتەیەکی ناو کۆمەڵگای تورکی، کە داوای هەندێک مافی مەدەنی دەکات. ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو ئامانجانەیە، کە پەکەکە لە سەرەتای دروستبوونییەوە لەپێناویدا دامەزرا و دەیان هەزار گەنجی لەسەر شەهید بوو.
(هاووڵاتیبوون لەبری نەتەوەبوون و لێدان لە ناسنامەی کوردی)
لە بڕگەیەکی تری نامەکەدا هاتووە دەڵێت: (هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای لایەنگیریی بۆ نەتەوەیەک... نابێت نەتەوەبوونیش بسەپێندرێت.).
ئەم قسەیە لە رووکەشدا دیموکراسییانە دیارە، بەڵام لە واقیعی تورکیادا خزمەتێکی گەورەیە بە فاشیزمی تورکی. تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای (یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا) دامەزراوە. کاتێک تۆ بە کورد دەڵێیت: (نەتەوەبوون گرنگ نییە و پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە گرنگە)، مانای وایە چەکی بەرگریی نەتەوەیی لە دەستی تاکی کورد دەسەنیتەوە و تەسلیمی ئەو دەوڵەتەی دەکەیت، کە خۆی بە نەتەوەیەکی باڵا دەزانێت. ئەمە واتە کوردبوون بکەیتە بابەتێکی لاوەکی، تورکبوون، یان تورکیابوونیش بکەیتە ناسنامەی سەرەکی.
(بێچەککردنی کورد بەبێ هیچ گەرەنتییەک)
نامەکەی ئۆجەلان داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و چەکدانانی گەریلا دەکات. خاڵی لاواز لێرەدا ئەوەیە: ئایا لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوەدانەدا، دەوڵەتی تورکیا چ بەڵێنێکی یاسایی یان دەستووریی بە کورد داوە؟ لە پرۆسەی ئاشتیدا، کاتێک لایەنێک چەک دادەنێت، دەبێت لایەنەکەی تر (کە دەوڵەتە) دەستوور بگۆڕێت و دان بە مافی نەتەوەیی بەرامبەردا بنێت، بەڵام لە نامەکەی ئۆجەلاندا، تەنها داوای (ئیرادەی تاکلایەنە) لە کورد دەکرێت بۆ چەکدانان، بەبێ ئەوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بچووکترین گۆڕانکارییان لە دەستوورە فاشیستییەکەی تورکیادا کردبێت.
(ئۆجەلان وەک دیلێکی ژێر دەستی میت)
خاڵێکی زۆر جەوهەری، کە دەبێت بوێرانە قسەی لەسەر بکرێت، خودی سەرچاوەی ئەو نامە وقسانەیە، کە ئۆجەلان دەیکات، چونکە ئۆجەلان کەسێکی زیندانییە و بەتەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)دایە. هەر ئەمەش وایکردووە، زۆر کەس گومانیان لەوە هەبێت و بڵێن: ئەم قسە و نامانە ئۆجەلان خۆی نەینووسیوە. تەنانەت هەندێک راشیان وایە، کە ئاستی داڕشتن و زمانەوانیی نامە و راسپاردەکانی ئەم دوایەی، لە کەسێک ناچێت، کە خاوەنی ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری بێت، پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیەی، کە دەیانگوت لە زینداندا بە هەزاران کتێبی قووڵی فەلسەفی خوێندۆتەوە و بە دەیان کتێبی نووسیوە. ئەم دابەزینە لە ئاستی فیکریی پەیامەکاندا، وایکردووە دەنگۆی ئەوە بڵاوببێتەوە کە (ئەمە ئۆجەلانی ساختەیە و خۆی نییە (فەیکە)، هەرچەندە مەرج نییە ئێمەش بڕوای تەواومان بەم قسەیە هەبێت، بەڵام راستییەکی تاڵ هەیە: کاتێک سەرکردەیەک دەکەوێتە ژێر دەستی دوژمنێکی دڕندەی وەک تورکەوە، ئیتر هەر قسە و وشەیەک لە زیندانەوە دەردەچێت، مۆری دەزگای دوژمنی پێوەیە و راستەوخۆ خزمەت بە ئەجێندای ئەوان دەکات.
(گوێیەک بۆ گوێڕایەڵی، عەقڵێک بۆ ئیفلاسی فیکری)
ئەوەی سەرنجی منی داوە و لە زۆربەی لێدوان و راگەیاندنەکانی بەرپرسەکانی قەندیلدا دەیبینم، ئەوەیە، کە کارەساتە گەورەکە تەنها لە ئیمڕالی نییە، بەڵکو لە قەندیلیشە. سەرکردەکانی قەندیل و شوێنکەوتووەکانیان، هەرچییەک لەلایەن خودی ئۆجەلانەوە، یان تەنانەت بە ڕاسپاردەی میت لە رێگەی ئۆجەلانەوە پێیان بگات، بە یەک چرکە، بێ ئەوەی بیری لێبکەنەوە و شرۆڤەی بۆ بکەن، یەکسەر جێبەجێی دەکەن. مامەڵەی سەرکردایەتیی پەکەکە لەگەڵ نامەکانی ئۆجەلاندا، ڕێک وەک مامەڵەی پیاوێکی ئایینییە لەگەڵ دەقەکانی قورئان و فەرموودەکاندا، کە بە پیرۆزی ڕایدەگرن، تەنها دەیخوێننەوە بە بێ ئەوەی بۆیان هەبێت رەخنەی لێ بگرن. ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سەرکردەکانی قەندیل و کادرەکانیان، لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەی رابردوودا، جگە لە کتێبەکانی ئۆجەلان هیچیان نەخوێندۆتەوە و زانیارییەکی بەرفراوانی دیکەیان نییە. ئەگەر گوێ لە لێدوان و گفتوگۆ و ڤیدیۆکانیان بگریت، دەبینیت لەوپەڕی ئاستنزمیدان، هیچ داهێنانێکی سیاسی یان فیکریی سەربەخۆیان نییە، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن تەنها (جوینەوە و دووبارەکردنەوەی قسەکانی ئۆجەلانە) . بەمەش خۆیان لە ئەرکی قورسی بیرکردنەوە ڕزگار کردووە و هەرچی کەموکوڕییەک هەبێت دەیشارنەوە، چونکە لە ڕووی مەعریفییەوە ئیفلاسیان کردووە.
(تاوانبار تەنیا ئۆجەلان نییە، بەڵکو تاوانباری سەرەکی قەندیلە)
لێرەدا دەبێت پەنجە بخەینە سەر برینە کوشندەکە. لەم هاوکێشەیەدا تاوانبار تەنیا ئۆجەلان نییە. لەبەر ئەوەی ئۆجەلان کەسێکی زیندانی و دیلە، رەنگە لە ژێر فشار یان داڕمانی دەروونیدا ئەو شتانە بنووسێت، بەڵام سەرکردەکانی قەندیل ئازادن و چەکیان بەدەستەوەیە! هەموو ئەو سەرکردانەی قەندیل، کە هەرچییەک لەلایەن میتەوە بە ناوی ئۆجەلانەوە بۆیان دێت جێبەجێی دەکەن، ئەوان تاوانباری سەرەکیین لەم خیانەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییە، لایەنی کەم دەبوو یەکێکیان تێدا هەڵبکەوتایە بەرپەرچی ئەم هەموو خیانەتەی بدایەتەوە، بەتایبەتی لە ئەلفبای زانستی سیاسەت و شۆڕشدا، کاتێک سەرکردەی رێکخراوێکی سیاسی و سەربازی دەکەوێتە دەست دوژمن، دەبێت هەر لەو رۆژەوە، بە فەرمی هەموو بەرپرسیارێتییەکی رێکخراوەکەی لێبسەندرێتەوە. سەرکردەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز دەبێت کەسێکی ئازاد بێت، نەک دیل، دەبوو ئەوە بزانن دوژمن ئۆجەلانی وەک پەیامبەرێکی ساختە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی خۆی بەکار دەهێنێت، بەتایبەتی قەندیل هەر لە سەرەتاوە هیچ پەیام و داواکارییەکی ئۆجەلانی جێبەجێ نەکردایە، زوو بەیاننامەیان دەربکردایە کە (قسەی کەسێکی زیندانی رەوا نییە بۆ کەسانێکی ئازاد). بەڵام ئەوان نەک هەر ئەمەیان نەکرد، بەڵکو ئۆجەلانیان کردە کەسێکی پیرۆز بۆ ئەوەی خۆیان لەژێر سێبەری پیرۆزیی ئەودا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.
لە کۆتاییدا ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان تاوانبار بێت بە دەرکردنی ئەو هەموو راسپاردە و نامە و داواکارییانە، کە واز لە مافی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دەهێنێت و خزمەت بە تورکیا دەکات، ئەوا سەرکردەکانی قەندیل دەیان جار تاوانبارترن. ئەگەر ئۆجەلان لە ناو چواردیواری ئیمڕالیدا خیانەتی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەنجام دەدات، ئەوا ئەوانەی لە قەندیلن و بەناوی شۆڕشەوە ئەو خیانەتە جێبەجێ دەکەن، دەیان جار تاوانبارتر و خائینترن. چونکە ئەوان بە ئیرادەی خۆیان، بزووتنەوەیەکی چەکداریی نەتەوەییان کردووەتە پاشکۆی نامەکانی کەسێکی زیندانیی، کە کلیلی دەرگای زیندانەکە و قەڵەمی دەستی زیندانییەکەش، هەردووکیان بەدەست دەزگای هەواڵگریی تورکیاوەن.
تێبینی:
1- قسەکانی باخچەلی، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتە، هەر هەمان قسەی ئۆجەلانە، ئەم لینکەی خوارەوە کلیک بکە:
2- پەیامەکەی ئۆجەلان لێرەوە بخوێنەرەوە:
هەواڵی تر
هەواڵی بەناوبانگ















