<

یەكێتى و پارتى كۆبونەوەى پێنجقۆڵیان ڕاگرت نەك ئۆپۆزسیۆن

11/07/2011, 12:00 (GMT+1)
دواى ئەوەى ماوەیەك لەمەوبەر تەنگەژەیەكى سیاسى و كۆمەڵایەتى هەرێمى كوردستانى گرتەوە و خۆپیشاندانەكان لەشاروشارۆچكەكانى ئەم هەرێمە زیاتر لەدوومانگى خایاند دواتر بەزەبرى هێز و لەژێر رەحمەتى پۆستاڵ و تفەنگ كۆتایى بەخۆپیشاندانەكان هێنراو بودجەى ئۆپۆزسیۆنیش بەفەرمانى یەكێتى و پارتى بڕدرا ، دواى ئەمانەش لەدەست پێشخەرییەكى سەرۆكى هەرێم سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن و دوولایەنى حوكمران لەسەریەك مێزى گفتووگۆ كۆبونەوە ئۆپۆزسیۆن لەپرۆژەچاكسازییەكانى خۆیاندا پرۆژەیەكى چاكسازى شەش پاكێجیان هەڵێنجاو خستیانە بەردەم هەردوو حزبى حوكمران بۆئەوەى جێبەجێى بكەن و چاكسازى بنەرەتى لەهەرێمدابكەن ، دواى ئەوەى هەردوو حزبى حوكمران پرۆژە شەش پاكێجیەكەى ئۆپۆزسیۆنیان وەرگرت و داواى ماوەیەكیان كرد بۆئەوەى تاوتوێى ئەوپرۆژەیەى ئۆپۆزسیۆن بكەن و دواترلەكۆبونەوەیەكدا وەڵامى داواكارى و پرۆژەى ئۆپۆزسیۆن بدەنەوە ، دواى ئەوەى یەكێتى بەجیا و پارتیش بەجیا و دواتر كۆبونەوەى هەردوو مەكتەبى سیاسى یەكێتى و پارتى بەیەكەوە ئەنجامدرا و پرۆژەكەى ئۆپۆزسیۆنیان تاوتوێ كرد و ئۆپۆزسیۆن و شەقامیش چاوەرێى وەڵامى هەردوو حزبى حوكمران بون بەڵام ئەوەى رۆشنبیران و چین و توێژەكانى هەرێمى نیگەران كرد ئەوەبوو كەهەردوو حزبى حوكمران لەبرى وەڵام و جێبەجێكردنى پرۆژەكەى ئۆپۆزسیۆن پرۆژەیەكیان خستە بەردەم هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن و تیایدا چەند داوایەكى ئۆپۆزسیۆنیان رەتكردبۆوە كەگرنگتریان یاساى خۆپیشاندانەكان بوو و سێ رێگاشیان خستبووە بەردەم ئۆپۆزسیۆن ئەوانیش بریتیبوون لەبەشداریكردنى ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت و چاوەرێكردن تاتەواوبونى تەمەنى كابینەى شەشەم و هەڵبژاردنى پێشوەختە!!!ئەم پرۆژەیەى هەردوو حزبى حوكمران خستیانە بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان هاوكێشەى سیاسى هەرێمى پێچەوانەكردەوە و ئۆپۆزسیۆنى كردە حوكمران و خۆیانیان كردە ئۆپۆزسیۆن ، سەرەراى ئەوەى ئۆپۆزسیۆن پرۆژەكەى هەردوو حزبى حوكمرانى وەرگرت و ئەوانیش و هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەجیا كۆبونەوەى خۆیان ئەنجامدا و تاوتوێى پرۆژەكەى یەكێتى و پارتیان كردوو رۆژى دووشەممەى11/7/2011 ش هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەیەكەوە كۆبونەوە و دواى گفتووگۆیەكى چڕوپڕ دواتر لەبەلاغێكى هاوبەشدا كۆبونەوەى پێنج قۆڵیان لەگەڵ یەكێتى و پارتى هەڵپەسارد بەبیانووى ئەوەى دەسەڵات لەمیانەى دانیشتنەكانى رابردوو چەند بەڵێنێكى دابوو و تائێستاش هیچ هەنگاوێكیان نەناوە و بەڵێنەكانیان جێبەجێنەكردووە و بودجەى ئۆپۆزسیۆنیشیان نەگەراندۆتەوە ، لەئێستادا كەدەگوترێت هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن كۆبونەوەى پێنج قۆڵیان هەڵپەساردووە بەڵام باشتر وایە بڵێین یەكێتى و پارتى كۆبونەوەى پێنج قۆڵیان هەڵپەساردووە چونكە ئەگەر یەكێتى و پارتى بەڵێنەكانیان جێبەجێكردبا ئەوا كۆبونەوە پێنج قۆڵییەكان بەردەوام دەبوون بۆیە یەكێتى و پارتى هۆكارى سەرەكى راگرتن و هەڵپەساردنى كۆبونەوەى پێنج قۆڵین ،لەهەنوكەشدا بێئومێدى تارمایى بەسەرهەرێمدا كێشاوە و واش چاوەروان دەكرێت لە15ى ئەم مانگەوە خۆپیشاندانەكان سەرهەڵبدەنەوە بەتایبەتى لەشارى سلێمانى.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست