ساڵیادی سەرکەوتنەکەی بارزانی....بەسەر-سەری خۆیدا.
18/09/2026, 16:08 (GMT+1)

زۆرن ئەوانەی کە سوار سەری خۆیان ئەبن و باجەکەی دەدەن، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەوانەی کە لەگەڵ ئەوەی سوار سەری خۆیان ئەبن شوومی و نەهامەتی بۆ میللەتێک ئەهێنن و باجەکەشی هەر بە میللەت دەدەن،نیوەی خاکی هەرێمێك دەدۆڕێنن،متمانە و نەتەوەخوازی گەلێک دەڕوخێنن،ئابوری هەرێمێک هەرەس پێ دێنن.
سرانی دوو بنەماڵە هەرگیز تامی سەرکەوتنیان نەکردووە،تەنها ئەو کاتانە نەبێت کە سەرکەوتوون بەسەر سەری خۆیاندا،هەرگیزیش باجەکەیان نەداوە،تەنها خەڵک و خاک باجەکەی داوە.
لەناو ئەم هەموو وێنە ناشرینەی دەسەڵاتی کوردیدا،ناشرینترینیان ئەوەیە کە لە تەواوی جیهاندا سەرکردەکان بۆ بەرهەم هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکانیان،سەرکێشی بە ژیانی خۆیان و کورسییەکانیانەوە دەکەن،بەڵام بارزانی سوار سەری خۆی دەبێت و سەرکێشی بە خاک و ژیانی خەڵکەکەی و ئابوری وڵاتەکەی دەکات و نەهامەتی بۆ هەرێمێک دەهێنێت!
وە بەڕاستی(ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی نێوان بارزانی و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە زلهێزەکان)لەبارەی بڕیارەکەی بارزانی و سووربوونی لەسەر ئەو بڕیارە سەرەڕای ئەوەی (واشنتۆن و تاران و بەغدا و ئەنقەرە و لەندەن).....هتد دژی ئەو بریارەبوون،بەتەواوی سەرکەوتنێکی مەزنی بارزانیبوو بەسەر سەری خۆیدا،واتە یەکەم هەنگاوی بارزانی بۆ سەرکەوتن بەسەر سەری خۆیدا لە ناکۆکی جیۆپۆلەتیکییەوە دەستی پێکرد لەبەرامبەر سووربوونە کوێرانەکەی بارزانی لەسەر بڕیاری ڕیفراندۆم.
وە یەکێک لە ڕەهەندە ناشرینەکانی ئەم بڕیارە گەوجاندنی خەڵک و جوڵاندنی سۆزی هاووڵاتییانی نەتەوەخواز و تینووی سەربەخۆیی کوردبوو،کە لە یەکێک لە دیمەنەکاندا هاووڵاتییەک بەناوی حاجی عەلی لەوپەڕی بێباکی پاسپۆرتەکەی دەدڕێنێت وەک هێمایەکی پێشوەختە بۆ سەرکەوتن و بەدەست هێنانی سەربەخۆیی،بەڵام پاش ماوەیەکی کەم ناچار دەبێتەوە کە بە تکا پاسپۆرتێکی عراقیـتری پێبدەن.
دڕاندنی پاسپۆرتەکە:کورتکراوەی وێنەی تراجیدیای نەتەوەیەکە،کە بە چەندین شێوازی جیاواز دانیشتوانی هەرێم باجی ئەو قومارەی بارزانییاندا.
لەکۆتاییا ئەڵێم: قومارچێتی بەر لە دۆڕان شکستێکی عەقڵییە،کە لە دەرەنجامی ئەحمەقی و نەزانی لە پێشبینی کردن مرۆڤ پەنای بۆ دەبات،بەڵام سەرکردەی قومارچییە شکستخواردووەکان ئەو کەسەیە کە خودی خۆی قومارەکە دەکات بەڵام باجەکەی بە خەڵکی دەدات!.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

