<

هەقیقەت و ڕاواندن لە دیداری ئاپۆ لەگەڵ سێ سەرکردەی پەکەکە

17/10/2026, 18:21 (GMT+1)
تێبینی لەسەر بەشی دووهەمی دیدارەکەی ئۆجەلان لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە
کاتێک سەیری ئەو دوو وێنەیە دەکەین، لە وێنەی یەکەمدا ئاپۆیەک دەبینین ئارام و بە خەندەیە، هی ئەو سەردەمەیە کە کتێبەکەی بە ناوی مانیفێستۆی شارستانیەتی دیموکراتیک تەواو کردبوو، هێشتا نەگەشتبوو بە هیقیقەتێک.
لە وێنەی دووهەمدا کە دواهەمینە، ئاپۆیەکی تر دەبینین بە روخسارێکی جدی بەرامبەر بە ئێمە وەستاوە وەک ئەوەی هەواڵێکی گرنگمان پێ ڕابگەیەنێت؛ کارەسات و گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ، چونکا ئەزموون و مێژوو گەیاندوونی بە هەقیقەتێک؛ هەقیقەتێک کە ئاپۆی وەرچەرخاند بۆ مرۆڤێکی دی بە پرۆژەیەکی نوێوە
پرۆژە نوێکەی بۆ وەڵامدانەوەی گووتەکەی نەنکیەتی کە خەتاباری کردبوو، بوو بە خاڵی وەرچەرخان و تەقینەوە، بوو بە ژیلەمۆی گەڕان بەدوای ئەو پەیوەندییە ئەرێنیە دەگمەنەی کە سەردەمانێک لە نێوان کورد و تورکا هەبووە بۆ شەرعیەتدان بە قسەکەی نەنکی.
نەنکی کە تورکە و بە کوردی پێی دەڵێت ؛
(یا لاوێ تە بێ ناموس دەرکەوت).
مرۆڤ کاتێک دەگات بە هەقیقەتێک ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێت بە لاڕێیدا ببات.
چۆن مرۆڤ دەگات بە هەقیقەت؟
دەرئەنجامی پێکدادانی زانیاریەکی بێشومار و ئەزمونە، تەقینەوەی ئەم زانیاریانەیە کە دەرئەنجامەکەی گەیشتنە بە هەقیقەتێک لە سەردەمێکی دیاریکراودا و کەسکە وەردەچەرخێنێت بۆ بەرزەمرۆڤ؛ دەبێتە خاوەنی توانایەکی کاریسماتیک بەجۆرێک کە هەموو بەربەستەکان دەشکێنێت و دەوروبەری ڕازیی دەکات بە سەپاندنی تیۆریەکەی، چونکا بەرەو خاڵێکی دیاریکراو هەنگاو دەنێت. هەقیقەتیش دەتوانێت مرۆڤ بکات بە کەسێکی ئەرێنی وەک عیسا یان نەرێنی وەک هیتلەر.
ئاپۆ زۆر دەخوێنێتەوە و زیندانیش یارمەتدەر بووە لە خوێندنەوەی زۆرتر، هەرچەندە هەندێک زانیاری هەڵەم لە نوسینەکانیدا بەرچاو کەوتووە. بەڵام ئەم ئەزمون و زانیاریانە دەبێت ڕووبەڕووی واقیع ببنەوە نەک لە نێو دیواری زینداندا. کامۆ دەربارەی مارکی دووساد دەڵێت ناتوانین بابەتەکانی ساد بە هەند وەربگرین بۆ کەسێک کە سی ساڵی ژیانی لە زینداندا بەسەر بردبێت. بۆیەکا کاتێک ئاپۆ ڕوبەڕووی واقیع دەبێتەوە ناچارە زیاتر و رادیکاڵانەتر بەرگری لە هەقیقەتەکی بکات بۆ گەیاندنی بە ئامانج، واتە خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک و بەردەوامییدان بە بیرۆکەی ئەتاتورک، ئەگەر نا بیرۆکەکانی ناگەن بە خاڵی مەبەس.
پرۆژەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک جوانکاریە بۆ دەستەواژەی ئەسیمیلاسۆنی زۆرەملە؛ بەزۆر ئێمە مەکەم بە تورک، ئێمە خۆمان بە دیموکراسیانە دەبین بە تورک، بە کوردی و پوختی پرۆژەکەی دژی کورد و کوردستانە و ئەوەی تورکیا گەرەکی بوو ئاپۆ دەیهێنێتە دی.
لە سەرەتای ئەم بەشەدا ( بەشی دووهەم)، وەها تێدەگەین کە پلانی بەرەوپێشچوونی جەیشی تورک و بۆردومانکردنی پەکەکە بە ئامۆژگاریی ئاپۆ بووە بۆ ئۆردوگان، بە مەبەسی ترساندنی پەکەکە بە سەردانەواندن بۆ پرۆژەکەی، تەنانەت لەو کاتەشدا کە پرۆسەی چەکدانان بەڕێوەچووە. پاشان ئەو سەرکردانەی پەکەکە کە دیداری ئاپۆ دەکەن لە ئیمراڵی لە دوو ڕوەوە ئازاد نین لە قسەکردندا لەگەڵ ئاپۆ، یەکەم لەبەر میت؛ ئەگەر بە ئاشکرا دژی پرۆژەکەی ئاپۆ بوەستنەوە دەبنە نیشانەی میت و دەکوژرێن، بۆ ئەمەش بەرپرسێکی دەوڵەتیان بە تەنیشتەوەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی دیدارەکە، جگە لەوەی ئاپۆ بە ژیرانە و بە سیاسیانە دەیانترسێنێت.
وادیارە هەڤاڵ عەباس ( کاڵکان) دەیەوێت بابەتێکی تر بوروژێنێت؛ بابەتی ساردبوونەوەی پەکەکە و ئاپۆ کاتێک دەڵێت :
-کەمێک دەرفەت دەدۆزینەوە یەکسەر توشی خەمساردی و شکست دەبین.
بەڵام ئاپۆ قسەکانی دەبات بەلادا و بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ قەزافی و سەدام و موبارەک و ئەسەد وەک ئەوەی هەڤاڵ عەباس مەبەسی لەوان بێت کە نەیانتوانی بەردەوامیی بە ژیان و خەباتیان بدەن.
ئاپۆ؛ چارەنوسی هەمویان دیارە و ئۆردوگانیش بەشداریی لەناوبردنیانی کردووە، پێ دەچێت چارەنوسێکی لەو شێوەیە بۆ ئۆردوگانیش ئامادە بکەن.
بۆ ئەوەی هەڤاڵ عەباس دەمکووت بکات خێرا دەست دەکات بە ڕەخنەگرتن لێی، هەتاوەکو لە خەت لانەدات و گوێڕایەڵی بێت.
ئاپۆ: 40 ساڵ لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ناتوانن ئاوا بژین. ئەمە لە هەمووان زیاتر تۆ (هەڤاڵ عەباس) دەیزانیت. من باش دەناسیت. شێوازی کارکردنی من دەزانیت. خاوەن تێکۆشانیت. ئەوەی کە سەرکەوتوو نەبوویت دیارە. لەبەر ئەوەی کە ڕێزتان لێ دەگرم ئەم ڕەخنانە دەگرم.
هەڤاڵ عەباس؛ ڕاستە سەرۆکم.
ئاپۆ لە ڕابوردودا باسی خاسیەتی کەمال ئەتاتورکی دەکرد کە گوایە ئەگەر بە ڕێکەوت ژنێکی کوردی بهاوردایە ئەوا کۆمارێکی کوردیی دادەمەزراند لەبری کۆمارێکی تورکیی. ئێستاکە ئاپۆ گەرەکیەتی گوایە کۆماری کەمالیست پەرە پێ بدات بەرەو کۆمارێکی دیموکراسی بەقازانجی دەوڵەتی تورکیی لەم کاتەدا کە ناوچەکە گۆڕانکاریی گرنگ بەخۆیە دەبینێت و تورکیا حاڵی لە شلۆقیدایە.
ئاپۆ: کورد کە توخمی دامەزرێنەرە، ئینکار کراوە و پەراوێز خراوە. با کۆمار بەرەوپێش ببەین و بیپارێزین. مستەفا کەمال دەڵێت ئێمە کۆمارمان دامەزراند، ئێوە بەرەوپێشی دەبەن. ئەمە فەرمانە بۆ ئەوانەی خۆیان بە کەمالیست دەزانن. دەڵێین با کۆمار بە دیموکراسییەوە گرێ بدەین. ئەوەی من دەیکەم بەرگریکردنە لە کۆمار. یاخیبوونی من لە کۆمار، یاخیبوون نییە بەڵکو لە فەزیلەتەکانی. ئەم کوردە لە کاتی دامەزراندنی کۆمارەکەتدا خاوەنی هەمان بەها بووە…….…………..
بەڵام لەمەودوا بەم شێوەیە ناتوانم ڕێبەرایەتیتان بکەم. ئەگەر ئەم ڕێگەیە هەڵەیە، ڕێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە.
ئاپۆ پرۆژەکەی بە ڕاستەوخۆ باس ناکات، چونکا پرۆژەکەی تەواو بە پێچەوانەی ئامانجەکانی پەکەکەیە، هەڤاڵانیش لە مەبەسی شاراوەی ئاپۆ تێ ناگەن، بۆیەکا بە ترس و لەرزەوە هەڤاڵ سەبری دەڵێت:
دەبێت چۆن لە قسەکانت تێ بگەین سەرۆکم؟ یان دەوڵەت ڕێبەرایەتیمان وەک هاوبەش قبوڵ دەکات و کێشەکە چارەسەر دەکات، یانیش وەک بزووتنەوە ڕێگەی خۆمان دەگرینەبەر؟ ئاوا تێبگەین؟
ئاپۆ دەیانترسێنێت هەتاوەکو ڕێگەچارەی تر نەگرنەبەر:
-یان چارەسەرەکە پێش دەکەوێت، یان هێرشێکی سەرتاسەریی دەست پێ دەکاتە سەرتان. ……..دەبێت لە ماوەی 3 مانگدا چارەسەرییەک بدۆزنەوە……
هەڤاڵ عەباس بۆ بەیکبوونی لەگەڵ ئاپۆ لە دوانیا لاسایی ڕێبەر دەکاتەوە؛ بە پچڕ پچڕ بابەتەکە باس دەکات؛ گووتەیک لەملا و گوتەیەکی تر لەولا کە جۆرێک لە خۆڕزگارکردنە لە دەرئەنجام و بڕیاردان، لەهەمان کاتداسیاسەتی بەیەکبوونە لەگەڵ ستایلی گووتاری ڕێبەر.
هەڤاڵ عەباس: هاوڕاین لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانت….بەڵام کوردەکانی تر هەموویان بۆ ڕۆژاوا ٢٤ سەعات لەسەر پێین. ئەگەر باش ئاراستە نەکرێت ڕەنگە بچێتە قۆباغێکی ترەوە، بێ گومان بارزانیزم لە گەشەسەندندایە…..
ئاپۆ؛ ئەوە بەشێکە لە پلانەکە ئامانجەکە شەڕی کورد و تورکە……لۆژیکەکە ئەوەیە ئەگەر لە ڕۆژاوا دەوڵەتێک دابمەزرێنن دەبێتە میرنشینێک…..لەبەر ئەوەیە بژاردەی کۆماری دیموکراتیکم هەیە ….هێرش دەکەنە سەر کۆمارەکەمان. کەواتە بۆ ڕێگریکردنە لە دەسەڵاتی بارزانیە کە ئاپۆ دەستبەرداری داوکاریەکانی کورد دەبێت و پەرە بە پرۆژەی کۆماری تورک دەدات، هەڤاڵ هێلێنیش ڕای وایە کە یارمەتی بارزانیەکان دەدەن دژی پرۆژەی ئاپۆ. ئاپۆ دەڵێت کە هەرگیز تورکیا ڕێگە بە دروستکردنی نەتەوە دەوڵەت نادات ( مەبەس لە دەوڵەتە بۆ بارزانیەکان) .
ئاپۆ: شێوازی بەڕێوەبردنی بارزانیەکان تەواو ئنگلیزیە، تەنها بۆ خۆیان کار دەکەن، تەواو سیستەمێکی تاڵانکارییە…….هۆکاری ئەوەی وەک لینین خستوومیانەتە ژێر چاودێریی تایبەت هەر ئەمەیە……………
ئاپۆ وەک هەمیشە قسەکانی دەربارەی مێژوو پەرژوبڵاو و ڕاواندنن، ئەو زانیاری و ڕووداوە مێژوییانەی کە گەیاندونی بەو هەقیقەتە؛ سیاسەتی ئنگلیز بەرامبەر بە کورد و چۆن لە کورد خۆشنابن، پێگەی قانون و باری دەروونیی خۆی لە ئیمراڵی و …. تاد، ناچار هەڤاڵ عەباس پێ دەنێت بەجەرگی خۆیدا و پەنجە دەخاتە سەر برینەکە و دەڵێت:
-ئێمەش لەم بارەیەوە قسەی خۆمان هەیە. ساڵێک تێپەڕی. پێشکەوتن نییە. تەنانەت پاشەکشەش هەیە. باسی سێڤەری دووەممان کرد. دۆخەکە بەرەو ئەوێ دەچێت.
ئاپۆ دیسانەوە ڕاستەوخۆ وەڵامی ناداتەوە و هەقیقەتیان لێ دەشارێتەوە. جارێکی تر دەستدەکاتەوە بە ڕاواندن.
رێبەر: بەڵێ بەرەو سێڤری دووەم دەچێت. بەرەو ئەوێ دەڕوات. وەک دۆخی باڵکانەکان. سیاسەت دەیگوت لەگەڵ 'سەرۆکی تیرۆریستان' کۆنابمەوە. باخچەلی لە کۆتاییدا بە ئازایانە گوتی من دەچم. جێگەی باوەڕ نییە گەورەترین ڕکابەرم ئەمە دەڵێت. بەڵام ئەوانەی پێیان دەوترێت ئۆپۆزیسیۆن نەهاتن……
پاشان ئاپۆ باسی ئیسرائیل دەکات کە چۆن دەیەوێت ٦٠ ملوێن کورد وەک گۆپاڵ بەکار بهێنێت دژی ئێراق و ئێران و تورکیا….. کەچۆن لە مێژوودا کورد و تورک هاوپەیمان بوون کورد وەک قەڵایەک تورکی پاراستووە و ئنگلیز هەوڵی داوە کوردەکان بەکار بهێنێت دژی دەوڵەتی عوسمانی و سەدامیشیان هەر بە کورد ڕووخاند، کەواتە دەبێت تورکیا بەخەبەر بێتەوە نەوەکا ئەمجارەش کورد بەکار بهێنن بۆ ڕووخاندنی تورکیا، تەنانەت کورد لە ئەرمەنیەکان دەدەن کەواتە بۆچی بەردەوامیی ئەم برایەتییە نەدرێت؟
ئاپۆ: من بۆیە لێت یاخی بووم چونکا تۆ نکۆڵیت لە کورد کرد، لە بری ئەمە ئێوە هاتن هاوپەیمانیتان لەگەڵ عەرەبدا کرد دژی کورد…. ئێوە ناتوانن متمانە بە عەرەب بکەن چونکا ڕۆژێک لێتان هەڵدەگەڕێنەوە، مەگەر کورد برایەتیی لەگەڵ نەکردیت؟ دەبێت کۆتایی بەمە بهێنرێت.
سەرنجەکەی ئاپۆ جوانە لەسەر سایکۆلۆژی عەرەب بەڵام لە کاتێکدا ئامۆژگاری تورک دەکات کە خۆیان نەخەنە داوی عەرەبەوە لەولاوە ئامۆژگڕی مەزڵوم عەبدی دەکات لەگەڵ شەرعدا حکومەت پێکبهزێنێت برایەتیی گەلان لەگەڵ ئەواندا پەیڕەوی بکات..
هەڤاڵ عەباس: ئەم زمانە هەرگیز ناگۆڕێت. سەرەتا وا دیاربوو گۆڕانکارییەک دەکەن. بەڵام بازرگانەکانی شەڕ هاتنە ناوەوە و بەردەوامن لە سووکایەتیکردن پێمان. وا لە سەردەمی ئەربەکان و ئۆزالیشدا هەر وا بوو.
ئاپۆ پێیان دەڵێت کە ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی تەنها مەترسیەکان و دۆخە ئەرێنییەکان نیشان بدەن. هەڤاڵ سەبری دەڵێت ئەگەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئێوە نەگۆڕێت ئێمە چۆن لە ماوەی سێ مانگدا نچینە قۆناغێکی ئەرێنییەوە چونکا دەوڵەت لە ڕوانگەی کوردەوە نەرێنییە؟
ئاپۆ جارێکی تر دەیان ترسێنێت و دەڵێت کە ئەو ویستویەتی ڕێگری لەوە بکات بەڵام هێرشێک دەکەنە سەریان خراپتر لەوەی 2015. بە بەرپرسانی تورکی گوتوە کە نابێت متمانە بە عەرەب بکەن، ئەگەر گوندێکی کورد کە ڕۆژاوا دروستبێت چ زیانێک بە تورکیا دەگەیەنێت. ئێوە بە گومانەوە نزیک بوونەوە لەو پەیوەندیەی من لەگەڵ دەوڵەت دروستم کردووە، گووتان لەوانەیە یاری (شەڕی تایبەت ) بێت، گووتم پێدەچێت بەڵام ناوەرۆک ماهیەتەکەی ئەوە نییە.
هەڤاڵ هێلێن جارێکیبتر ئاپۆ دڵنیادەکاتەوە و دەڵێت ئەوەی ئەوانی نیگەران کردوە باری ئازادنەکردنی ئاپۆیە.
ئاپۆ ئەوە بە کێشە نازانێت و دەڵێت با ئەو دواهەمین کەس بێت ئازاد بکرێت، بەڵام قیامەت هەڵدەسێنن و ئێوە لەناو دەبەن، بەرپرسەکانیش بە خیانەتبار تۆمەتبار دەکەن.
هێلێن دەڵێت کە هەوڵی ئێوە بوونی هەیە. بەڵام دەبێت گۆڕانکاریی هەبێت و نابێت ئێوە لەم پێگەیەدا بن. ئاپۆ دەڵێت کە ئەویان کردووە بە کێشە بەڵام ئەوەی ئەم کارەی پێ دەکرێت و هەنگاو دەنێت وەک ئەوەی دەبێت من بکوژن یان من خۆن بکوژم، ئەو کاتە دەبێت کەسێکی تر بدۆزنەوە، دەمیرتاش چی پێ دەکرێت؟
هەڤاڵ سەبری: دەمیرتاشیش خۆی دەڵێت تا ڕێبەرایەتیی هەبێت من ناتوانم هیچ بکەم.
ئاپۆ وادایارە بە تەنزەوە دەڵێت با بارزانی بکەن بە پاشا بەشکو چارەسەری ئەم چەقبەستوییە بکات……..حسابات لەسەر هەڵبژاردن دەکەن بۆیەکا یاریش بە بارزانی دەکەن،….. دەڵێن هەر دەبێت کوردەکان بکوژرێن…یاسای ئاسنینی کودەتا لە ئارادایە،…. من ڕەشبین نیم با لەگەڵ ئەم بەرپرسانە کار بکەین بەڵام ناتوانم سەد لە سەد گەرەنتی بدەم چونکا دەسەڵاتەکانیان سنوردارە، هێنانی ئێوەش بۆ ئێرە ئۆپەراسیۆنێکی نائاسایی بوو.
ئاپۆ بەرگریی لە دەوڵەت دەکات کە توانایان نیە و قانون ڕێگەیان پێ نادات لەوە زیاتر بکەن بۆ دۆزی کورد و بۆ دۆخی ئەویش لە ئیمراڵی. لە ئەگەری کۆدێتایەکدا کورد دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی هەشتاکان. هەڤاڵ عەباس داوا دەکات با بەرپرسی دەوڵەتیش ڕای خۆی بڵێت بەرپرسیش بە ئەرێنی باسی ڕەوشەکە دەکات بەڵام دەڵێت ئەشکەوتەکان چۆڵ نەکراون، هەندێک شت کراوە لەلایەن دەوڵەتەوە و هەندێ شتیش هەیە کە نەکراون، ئەگەر بڵێم سبەینێ هەموو شت باش دەبێت ڕاست نابێت. نابێت بڵێن ئەگەر وانەبێت نابێت.
بەرپرس وەک ئاپۆ قسەدەکات و مرۆڤبوون پێش عەلەوی و تورک و کوربوون دەخات. هەڤاڵ سەبری دەڵێت کە زمانی میدیا ئەرێنی نییە، بەرپرسیش رەخنە لە میدیای ئەوان دەگرێت. ئاپۆ جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە تەنها ئەو دەتوانێت کارەکان بەرەو پێشەوە ببات، بۆیەکا دەبێت ئیرادەی سیاسی ڕۆڵی بۆ دیاری بکەن، بێزارە لەم پرسیارانە لەسەر دۆخی ئەو کە ئازادیەکەی چۆن بێت، گرنگ ئەوەیە رۆڵی خۆی ببینێت ئەوسا مەرجەکان بێ مانا دەبن و دەرفەت دروست دەبێت. هەڤاڵ عەباسیش پشتڕاستی قسەکانی ئاپۆ دەکاتەوە و دەڵێت کۆنگرەش هەمان ڕای هەیە. پاشان شاندەکە باسی دۆخی ئێران دەکات کە لەسەرەتاوە ئێران بە نەرێنی مامەڵەی دەکرد ئێستا باشترە و ڕێبەرایەتی لەوێ باسی فیدرالیسمی دیموکراسی دەکەن، ویلایەتی کوردستان هەیە و دەتوانرێت فراوانتر بکرێت و دیموکراسی پەیڕەوی بکرێت. ئینجا ئاپۆ هەموو باسەکەی دەباتە سەر دۆخی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان کورد و تورک بە پشتبەستن بە رووداوە مێژووییە ئەرێنیەکان هەرگیز باسی دڕندەیی تورک ناکات بەرامبەر بە کورد؛ هەزارەها لاو لە زینداندا ژیانیان بەسەر برد، کوشتنی خەڵکی بێ تاوان، ژینۆسایدی بەردەوام، لاقەکردنی ئافرەتان، دەرسیم، دزینی دارزەیتونەکانی رۆژاوا و ئەنفالی دارستانەکانی باشور…تاد.
ئاپۆ پێشنیار بۆ شاندەکە دەکات کە دەبێت ئەمشەو ڕاپۆرتی چوارچێوە بخوێننەوە و ئەویش بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی خوێندۆتەوە و لە دەرەوەی پێشبینیەکانی ئەون چونکا زۆر بەرەوپێشە، بەڵام لەوەی کە پرسی کورد لە ڕێگەی بارزانیەوە پەرەی پێ دراوە بە ڕای ئەو پوچەڵە، ئەوە بەندە بە پرۆژە و پلانەکانی ئەوان. دەوڵتۆچکەیەک لە باشور دروست بووە و کێشە ئەوەیە چۆن لەگەڵ تورکیا و پرۆژەی ئەنتێگراسیۆن بگونجێنین. هەروەها دەستکەوتەکانی سوریا تەنها بۆ کورد نین و بۆ تورکیاشە. پرۆژەی کۆریدۆر بێ ئەخلاقیەکی گەورەیە تەنها ئابوری ئیمپریالیزمە و دەتوانن هەموو پێداویستیەکانیان لە ڕێگەی تورکیاوە دابین بکەن، تەنانەت لە پەیوەندیە کولتووریی و کۆمەڵایەتیەکانیشا بالادەستیی بە تورکیا ببەخشن چونکا پەیوەندیەکی مێژوویی قوڵ هەیە، ئیمپریالیزم ناتوانێت بە دروستکردنی سنورێکی ڕەقی نێوان دەوڵەت نەتەوە بیکات، من پێشنیاری دیموکراتیزەکردنی ئابوری و سیاسی و کولتووری دەکەم، ڕیژیمێکی بێخەوش، کێشەم لەگەڵ سنورەکاندا نییە، قوبرس و ئازەربایجان هاوکاری تورکیا دەکەن، ئەوان ئەمە نابینن و ئەگەر ناچار بن پەنادەبەنە بەر چەک، ئەمانە گەمژەن، من پرۆژەکەم ناوناوە پرۆژەی کورد و تورک چونکا جیاکاری نەتەوەیی و مەزهەبیی بێ مانا بوون، کۆمار هەوڵی دا بیسڕێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دەوڵەتە گەورەکان کولتوورە جیاوازەکان ناکەن بە کێشە بۆیەکا جیوازی کولتووری کورد و تورک نابن بە کێشە، ئەگەر گەلێک دەوڵەت بە دەوڵەتی خۆی بزانێت راپەڕین ناکات.
مەگەر ئاپۆ نازانێت کە بردنەوەی ڕاستە توندڕەوەکان لە ئەوروپا هۆکاری جیاوازیی کولتوریی نێوان بیانیە ئیسلامیەکانە لەگەڵ کولتووری مەسیحی و ئازادیی ئافرەت ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە وڵاتانی ئەوروپا خاوەنی سنورێکی جوگرافیای بەهێز و قانون و کولتورێکن بەڵام جیاوازیی کولتووریی کێشەی گەورە دەنێتەوە. هەتا ئەمڕۆش زۆربەی تورکەکان کورد وەک مرۆڤ نابینن. جیاوازی کولتوریی نێوان گەلەکانی ڕۆژهەڵات ئەگەریش موسڵمان بن هەنە و کاتێک تێکەڵ بەیەکتری دەبن ڕەگەزپەرستیی زیاتر لە هەڵکشاندایە، بەڵام ئاپۆ گەرەکیەتی کولتوری تورکی بکاتە کولتورێکی نمونەیی و باڵادەست بۆ گەلانی ناوچەکە وەک چارەسەرێک.
ئاپۆ بەراوردی هەڵەکانی کۆماری تورکیا بە هەڵەکانی پەکەکەوە دەبەستێتەوە؛ ئەگەر پەکەکە چەکی داناوە لەبەر ئەوەی کە ئێمە هەڵەبووین. نەتەوە دەوڵەت بەرامبەر بە نەتەوە دەوڵەت دروستنابێت و ئامانجی سۆسیالیستەکان دامەزراندنی دوڵەت نییە.
هەروەها یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی جیهانی ئەمڕۆ ژیری دەستکردە، بەڵام ئاپۆن دەیەوێت کۆمپانیا بگۆڕێت بۆ کۆمیون و هەرەوەرزیی وەک چارەسەری یەکێتی سۆڤیەت بۆ کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی کە هەرەسی هێنا.
ئاپۆ دژی ئیمپریالیزمە لە کاتێکدا هەمان پرۆژەی ئەوان پێشنیار دەکات بۆ ناوچەکە وەک باراک؛ بەهێزکردنی دەوڵەت و پاراستنی سنورەکان. تەنانەت سەپاندنی مۆدێلی تورکیی وەک مۆدێلێکی نمونەیی.
ئەوەی ئاپۆ دەتوانێت بەدی بهێنێت بە پرۆژەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لە تورکیا تەنها مافی قسەکردنە بە کوردیی و هیچی تر.
سەرچاوە:
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست