<

باڵادەستی سەرمایە لە سێبەری بێدەنگی یاسادا

13/10/2026, 18:45 (GMT+1)
لە کۆمەڵگا ستەمکار و نەریتییەکاندا، بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، یاسا زۆرجار وەک ئامرازێک لە دەستی بەهێزەکاندا بەکاردێت، نەک وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی بێدەسەڵاتەکان. چیرۆکی هاوسەرگیریی " خەندە و ئیبراهیم " لە گوندی قەرەنی ئاغای سەر بە شارۆچکەی رانیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وێنەیەکی ڕوونی ئەم واقیعە تاڵەیە، کاتێک سەرمایەی زەبەلاح و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سیاسی و سەربازیدا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، کە ئەویش مافی هاوسەرگیری و پێكەوەبوونی کچان و کوڕانە.
ئیبراهیم مولود مەحەمەد ، گەنجێکی کەمدەرامەتە، خەندە، کچی بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و زەنگینە، دوای هەوڵێکی زۆر و بەپێی ویستی خۆیان هاوسەرگیرییان کرد. بەڵام ئەم هاوسەرگیرییە لەلایەن باوکی خەندەوە هەرگیز قبوڵکراوو نەبوو. هوکارە سەرەکیەکەش ئەوە بوو کە باوکی خەندە پێی وابوو کە نابەرابەری کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە هەیە لە نێوان " خەندە و ئیبراهیم "دا.
ئەم نارازی بوونەی باوکی خەندە بەردەوام بوو تەنانەت پاش ئەوەی " خەندە و ئیبراهیم " منداڵیشیان بوو، بەجۆرێک چەندین جار بە چەندین بیانووی جیاواز جیاواز باوکی خەندە بۆ چەندین مانگ خەندەی دەهێنایەوە بۆ ماڵی خۆی و بە هیچ شێوەیەک رێگای نەدەدا " خەندە و ئیبراهیم "یەکتر ببینن،زۆر هەوڵی لە گەڵ خەندەدا کە لە ئیبراهیم جیابێتەوە بەڵام خەندە رازی نەدەبوو،رووبەرووی لێدان سوکایەتی دەبوەوە، تا کار گەشت بەوەی فشار بخاتە سەر ئیبراهیم بەوەی کە هەر دەبێت لە کچەکەی جیاببێتەوە، بەڵام ئیبراهیمیش بە هەمان شێوەی خەندە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو لە خەندەی خۆشەویستی و دایکی منداڵەکانی جیاببێتەوە.
خەندە و ئیبراهیم دڵنیابوون لەوەی تەنها دوو رێگایان لە پێشە، یان جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەیان، یان هەڵهاتن و دوو کەوتنەوە لە کوردستان، ئەگینا ژیانیان بە تەواوەتی کەوتبووە خەتەرەوە.
کێشەی سەرەکیی ئەم چیرۆکە راستەقینەیە تەنها ناکۆکی خێزانی یان نەریتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی نەبوونی دادپەروەری و سەروەرنەبوونی یاسایە. کاتێک " خەندە و ئیبراهیم " پەنا دەبەنە بەر دامەزراوە یاسایی و ئاسایشییەکان بۆ پاراستنی ژیانیان، ڕووبەڕووی بێدەنگی و پشتگوێخستن دەبنەوە. لە سێبەری گەندەڵی کارگێڕی و جێبەجێکردنی نادادپەروەرانەی یاسادا، دەسەڵاتی دارایی و پەیوەندییە سیاسییەکانی باوکی خەندە بەهێزرتر بوون لە دەقە یاساییەکان.
ئەم بێئومێدییە لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لە ناوخۆدا، " خەندە و ئیبراهیم " ناچار دەکات ڕێگەی سەختی تاراوگە بگرنە بەر و ڕووبکەنە وڵاتی بەریتانیا ، بە ئومێدی بەدەستهێنانی پەنابەری و پاراستنی ژیانیان.
بەڵام کۆستەکە بە هەڵهاتنی ئەوان کۆتایی نەهات. باوکی خەندە، کە خۆی بە کەسێکی ئاستبەرز و خاوەن شەرەف دەزانێت، دوای هەڵهاتنی " خەندە و ئیبراهیم " شێت و هار دەبێت و هەست دەکات ئابڕووی چووە و تووشی شکانێکی گەورە بووە لە ناو خەڵکدا.
تووڕەی و شێتی باوکی خەندە بەوە گەشت کە بە ئاشکرا هەڕەشە لە کەسە نزیکەکانی ئیبراهیم بکات کە ئەگەر کچەکەی بۆ نەگەڕێننەوە، بەشێوەیەک تۆڵەیان لێ دەستێنێتەوە کە وێنەی نەبووبێت.
مخابن، ئەم هەڕەشانە بوونە راستی؛ لە رێکەوتی 25/08/2026 لە ناو شارۆچکەی رانیەدا، (موحەمەد مولود ئەحمەد) کە برای ئیبراهیمە، بە ٣ فیشەک تیرۆر کرا .
ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە سیستەمە گەندەڵەکاندا نموونەی (حکومەتی هەریمی کوردستان) کاتێک سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەکان دەتوانن یاسا بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بچەمێننەوە و دامەزراوە فەرمییەکان بێدەنگ بکەن، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی تێک بدەن و تاکەکان ناچار دەبکەن بۆ رزگارکردنی گیانیان نیشتمان بەجێبهێڵن. تا ئەو کاتەی یاسا یەکسانیی تەواو لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دەستەبەر نەکات، چیرۆکی هاوشێوەی " خەندە و ئیبراهیم " وەک بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر کورتهێنانی سیستەمی دادوەری دەمێنێتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست