تەنانەت جاش و خۆفرۆشەکان، خیانەتیان نەگەیاندبووە ئاستی ئینتگراسیۆن
18/10/2026, 17:21 (GMT+1)

🎧 گوێگرتن لەم وتارە
گەورەترین و سامناکترین خیانەتی سەردەم، کە لە مێژووی نوێی نەتەوەکەمان و مرۆڤایەتیدا دەکرێت، پڕۆپاگەندەی ئاپۆچییەکانە بۆ (ئینتێگراسیۆن) و خۆتواندنەوە لەناو نەتەوەی سەردەستدا، ئەویش لە ناو جەرگەی خاک و نیشتیمانی کورددا.
لەمەدا چەپەکانی کورد، نمونەی وڵاتانی ئەوروپا دەهێننەوە، لە کاتێکدا بستێک لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتیمانی کورد نییە و هیچ هاونیشتیمانییەکی وەکو فەڕەنسیی، ئەڵمانی، ئیتاڵی هۆڵەندیی، ئامادە نیین، لە ناو نیشتیمانی خۆیاندا جگە لە زمانی خۆیان، بە زمانێکی جیاواز بدوێن، یان وەڵامی بێگانەیەک بدەنەوە و قسەی لەگەڵدا بکەن!. بەڵام ئاپۆچییەکان و چەپە چەپەڵەکانی ناو پەکەکە، بۆ ئەمە مۆدێلێکی نوێیان داهێناوە بۆ خیانەت و ناپاکیی، بە ناوی پڕۆسەی ئاشتی و کۆماری دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلانــەوە، ئەو ژارە دەردەخواردی تاکی کوردی دەدەن. بەوپەڕی بێشەرمییەوە پڕۆپاگەندەشی بۆ دەکەن.
میتەکانی ناو پەکەکە بێ شەرمانە پڕۆپاگەندە بۆ توانایی دەسەڵاتی داگیرکەر دەکەن، تا شوناسی نەتەوەیی بکرێتە قوربانیی خەیاڵپڵاوییەکی ئایدۆلۆژیی.
کاتێک ئێمەش ڕەخنە لەم خۆبەدەستەوەدانە دەگرین و داوای مافی ڕەوای نەتەوەیەکی خاک و نیشتیمان داگیرکراو دەکەین، لەلایەن ئەم ڕەوتە پیسەی ئاپۆچییەکانەوە، بە فاشیست، سەرسپاردە و دواکەوتوو، هەروەها قەڵەمپیس تۆمەتبار دەکرێین. لە کاتێکدا فاشیزمی ڕاستەقینە و پاشکۆیەتیی سەردەم، ئەو عەقڵیەتەیە، کە میللەتەکەی خۆی بە ملکەچبوون و ڕادەستبوونی نەتەوەیەک ناچار دەکات، کە لە ژێر سێبەر و چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا پرۆژەی تواندنەوەی نەتەوەیی بکات، ئەمەش وەک دەستکەوت بە کوردی دەفرۆشنەوە و ناوی پڕۆسەی ئاشتی لێدەنێن.
بیرکردنەوەی ئەم خائینانە، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناسنامە و سڕینەوەی نەتەوەیی و بەفیڕۆدانی خوێنی هەزاران شەهید. ئەگەر بە ناوی پیرۆزی (ژن، ژیان، ئازادی) وە دروشمی خۆبەڕێوەبەڕیی دیموکراتیکــەوە، ئامانجی گەورەی نەتەوەیەک بچووک بکرێتەوە بۆ خزمەتکردنی وڵاتە داگیرکەرەکان و یەکپارچەیی و شەرعیەت دان بە داگیرکاریی، ئەوە نەک هەر ئازادی نییە، بەڵکو کۆیلایەتییەکی مۆدێرن و خۆبەخشانەیە. بۆیە پێویستە بە توندترین شێوە هەڵوێستی نەتەوەیی و مێژوویی لەسەر ئەم ڕەوتە مەترسیدارە وەربگیرێت، لەسەر ئاستی جەماوەریش ڕیسووا بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت چارەنووسی گەلێک بکرێتە قوربانیی تێکەڵبوونێکی ئارەزوومەندانە لەگەڵ جەللادەکانیدا. ئەوەی ئەمانە دەستیان داوەتێ، دەبێت جاش و خۆفرۆشەکانی رابردوو شانازیی بە خۆیانەوە بکەن، کە خیانەت و جاشایەتییەکەیان نەگەیاندبووە ئاستی ئینتگراسیۆن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

