پاش ڕاپەڕین....
25/10/2026, 16:14 (GMT+1)

پاش ئەوەی ئەڵمانیای نازی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەزێندرا، سوپای ئەمریکی و ڕووسی و فەڕەنسی گەیشتنە بێرلین، هەزاران ئافرەتیان لاقە کرد، شارێکیان جێ هێشت لەدوای خۆیان خراپتر لە تاوانی نازییەکان؛ برسێتی و نەخۆشی. تەلەفزیۆنی فەڕەنسی ئەو وێنانەی بە شانازییەوە نیشانی دانیشتووانەکەی دەدا.
ئەمڕۆش دوای خۆپیشاندانەکان لە دادگای پاریس گەنجان زیندانی دەکەن و بە هەڕەمەکی سزایان دەدەن، پڕۆسەی یاسایی دیموکراسی پەیڕەو ناکەن، لەبەر ئەوەی ماکرۆن گوتی ئەوانەی ئەو کارەیان کرد دەبێت باجەکەی بدەن. بەجۆرێک سزا و باری زیندانی گەنجەکان خراپە کە دادوەران ناڕازین و هاواریان لێ هەستاوە.
کاتێک سەردانی هەر لادێیەک و تەلارێک و کەنیسەیەکی ئەم فەڕەنسایە دەکەیت لەلایەن شۆڕشگێڕانی شۆڕشی فەڕەنسییەوە شکێندراون یان دزراون، تەنانەت بەردەکانی شووڕای چواردەوری پاریس گشتیان دزراون. خەڵکی فەڕەنسی لە برسا و لە ڕقا وەک ئەمڕۆ هەموو شتێکیان تاڵان دەکرد. خۆ لە کوردستانیش لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا خەڵکی بە فیشەک تەنکی ئاوی شارەکەیان کون دەکرد و بەرپرسانیش هەرچی کەلوپەلی دەوڵەتییە ئاودیوی ئێرانیان دەکرد لە کاتێکدا برسیش نەبوون و کارکردن وەک فەڕەنسییەکان نەیچەوساندبوونەوە. چاوچنۆکی!
بێ شک لایەنگری ئەو گەنجانە نیم کە لە خۆپیشاندانەکانی پاریس بێ بەزەییانە دوکانی کابرایەکیان دەشکاند و تاڵانیان دەکرد، بەڵام هەندێ لە سیاسەتمەدارە بێ شەرەفەکانی فەڕەنسا دەڵێن دەبێت مافی دەنگدان لەو کەسانە بسەندرێتەوە کە ئەو کارانەیان کردووە لە کاتێکدا مارین لوپێن چوار ملیۆن و نیو یۆرۆی بەلادا بردووە و سزا دراوە لەگەڵ ئەوەشدا شەرم ناکات و یاساش ڕێگری لێ ناکات خۆی بەربژێر بکات بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا.
تۆڵەسەندنەوەی مێشک؛
ساڵانی شەست و حەفتا کاتێک فەڕەنسییەکان تێر بوون و نەیاندەویست کار بکەن، کاربەدەستانی فەڕەنسا چوون بەدوای کرێکاردا لە ئەفریقای باکور، یەک بەیەک هەڵیاندەبژاردن؛ بۆ ئەوەی بزانن ئەو کەسە تەمبەڵ نییە و کار دەکات تەوقەیان لەگەڵ دەکردن و دەستیان دەهێنا بە لەپی دەستیاندا، ئەگەر زبر بوایە واتای وابوو ئەو کەسە کار دەکات، بەڵام کابرای ئەفریقی ساویلکە بوو وای دەزانی ئەمە شێوازێکی فەڕەنسییە بۆ تەوقەکردن.
ئەمانە لە کامپێکدا دەژیان دوور لە ماڵ و منداڵیان، سوپای فەڕەنسی چاودێری دەکردن و هیچ مافێکیان نەبوو، بۆیە کرێکارەکان پەندێکیان هەبوو کە دەیانگوتەوە لە نێو خۆیاندا؛
دەمت مەکەرەوە با مێشی تێ نەچێت.
N’ouvre pas ta bouche pour qu’il n’y ait pas de mouche.
ئەو کرێکارانە باپیرانی ئەو گەنجانەن کە ئێستاکە هەموو شتێک تێکدەشکێنن، ناڵێم تۆڵەی باپیرانیان دەکەنەوە بەڵام بەمە دەوترێت تۆڵەسەندنەوەی مێشک، ئەی ناپرسن بۆچی کوڕی سارکۆزی تێدا نییە؟ چونکە ئەوان ڕاستەوخۆ لە قاسەی دەوڵەت دزی دەکەن.
ئەوانەی لەسەر جادەن نە پەناهەندەن نە ئیسلامی، سیاسەتمەدارەکان خوازیارن وا بوایە چونکە بە قازانجی ئەوان دەشکێتەوە، بەڵام وا نییە. ئەمانە هێزی پوختن، واتە بەخۆڕسکی کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بەو نادادپەروەرییانەی هەموو ڕۆژێک دەیبیستن لە هەواڵەکاندا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوی تۆکمە و ئاگامەند وەک سەردەمی کۆمۆنیستی، ناچار هێزی پوختی ڕق و تۆڵەی خۆیان دەنوێنن بەبێ ئەوەی داواکارییەکانیان بگەن بە ئامانج؛ بەخۆڕسکیش دەزانن کە چارەسەر نییە بۆ دۆخەکە، کەواتە با وەک ئەنارشیستێک بەڵام بێ پەروەردە و بەبێ ئاگامەندی، هەموو شتێک تێک بشکێنین.
جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەمان زۆربەیان چاویان شین و قژیان زەرد نییە. نەگبەتییەکەش ئەوەیە کە زۆربەی زۆری قژڕەشەکانی جیهان دژیانن و نایانەوێت تێیان بگەن، وەک ئەوەی بۆ هەمیشە سزا درابن. خۆ ئەگەر قژزەردێک ئەو کارەی بکردایە دەیان گوت ئەوانە شۆڕشگێڕی فەڕەنسین و چەپڵەیان بۆ لێ دەدان.
وێنەکە بانکێکی فەڕەنسییە
وێنەکە بانکێکی فەڕەنسییە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

