<

نهێنییەکانی دیداری ئۆجەلان و شاندی قەندیل ئاشکرا بوون (بەشی دووەم)

03/09/2026, 18:39 (GMT+1)
دوای ئەوەی بەشی یەکەمی تێبینییەکانی ئەو دیدارەمان بڵاوکردەوە کە دەوترێت لە 1-2ی شوبات لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرپرسانی دەوڵەت و شاندی قەندیل (هێلین ئومێت، دوران کالکان، سەبری ئۆک...) بەڕێوەچووە و لە سێ بەش پێکدێت، ئێستا بەشی دووەمیش بڵاودەکەینەوە.
-------------------
هەڤاڵ عەباس: ئێمەش بەشێکین لە سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەمێک دەرفەت دەدۆزینەوە یەکسەر تووشی خەمساردی و سستی دەبین.
رێبەر: بێگومان وایە. موبارەک، سەدام، ئەسەد، قەزافی... چارەنووسی هەموویان دیارە.
هەڤاڵ سەبری: زۆر هۆشداریمان بە ئەسەد دا. ئێوەشیان دەناسی. گوێیان نەگرت. دیموکراتیزە نەبوون.
رێبەر: پێم وایە ئەردۆغان کەمێک هەڵیخەڵەتاندن. بە بڕوای من ئێستا هەمان ئەو هێزانە دەیانەوێت چارەنووسێکی لەو شێوەیە بۆ بەڕێز ئەردۆغانیش ئامادە بکەن. هێندە دەڵێین؛ کورد کە توخمی دامەزرێنەرە، ئینکار کراوە و پەراوێز خراوە. با کۆمار بەرەوپێش ببەین و بیپارێزین. مستەفا کەمال دەڵێت ئێمە کۆمارمان دامەزراند، ئێوە بەرەوپێشی دەبەن. ئەمە فەرمانە بۆ ئەوانەی خۆیان بە کەمالیست دەزانن. دەڵێین با کۆمار بە دیموکراسییەوە گرێ بدەین. ئەوەی من دەیکەم بەرگریکردنە لە کۆمار. یاخیبوونی من لە کۆمار، یاخیبوون نییە بەڵکو لە فەزیلەتەکانی. ئەم کوردە لە کاتی دامەزراندنی کۆمارەکەتدا خاوەنی هەمان بەها بووە. من لەو سیاسەتمەدارانە نیم. ئەوە تێکۆشان و هەوڵدانە، کە مرۆڤ دروست دەکات و دەیکاتە سۆسیالیست. دەمەوێت تێکۆشانم هەبێت. من عەشقی تێکۆشانم هەیە. ناتوانن من بفەوتێنن. دەوڵەتیش لەمە تێدەگات. بۆ پەکەکەش ئەمە ڕاستە. 40 ساڵ لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ناتوانن ئاوا بژین. ئەمە لە هەمووان زیاتر تۆ (هەڤاڵ عەباس) دەیزانیت. من باش دەناسیت. شێوازی کارکردنی من دەزانیت. خاوەن تێکۆشانیت. ئەوەی کە سەرکەوتوو نەبوویت دیارە. لەبەر ئەوەی ڕێزتان لێ دەگرم ئەم ڕەخنانە دەگرم.
هەڤاڵ عەباس: ڕاستە سەرۆکم.
رێبەر: ئەگەر بمرین یان بژین، دەبێت لای ئێمە بەهادار بێت. نامەوێت بێزارتان بکەم. لەبەر ئەوەی بەهادارن لام ئەم ڕەخنانە دەگرم. ئەگەر وانەبێت خراپ دەبێت.
هەڤاڵ عەباس: ئێمە بەمانە هۆشیارین. ئەوەی دیکە خراپترە. بێ ڕەخنە و تەنانەت پیاهەڵدان مەترسیدارترە.
رێبەر: بێگومان خراپ و مەترسیدار دەبوو. لە من پەیوەستتر و تێکۆشەرترن. بەڵام ڕەخنە دەگرم. ئێستا هەندێک کەمالیست و قۆشمەچییەکانی میدیا هەن ئێمە وەک دوژمنی دەوڵەت نیشان دەدەن. نزمبوونەوە و بێ ئەخلاقی گەیشتووەتەوپەڕی. ئەمانە ساختەکارن. ئەوەی لە تورکیادا ئازا بێت باخچەلییە. بە دەم-ییەکانیش (DEM) دەڵێت منیان بیر دێتەوە و پێیان دەڵێت ڕێبەری دامەزرێنەر بە بنەما بگرن. بەهەرحاڵ، چ وەک ڕکابەر چ وەک ڕێبەر دەمبینن، تا ئێرە هاتین. من کاری زۆرم کردووە. نە ئێوە و نە دەوڵەتیش ناتوانن بڵێن من کارم نەکردووە. بەڵام لەمەودوا بەم شێوەیە ناتوانم ڕێبەرایەتیتان بکەم. ئەگەر ئەم ڕێگەیە هەڵەیە، ڕێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە.
هەڤاڵ سەبری: دەبێت لە قسەکانت چی تێبگەین سەرۆکم؟ یان دەوڵەت ڕێبەرایەتیمان وەک هاوبەش قبوڵ دەکات و کێشەکە چارەسەر دەکات، یانیش وەک بزووتنەوە ڕێگەی خۆمان دەگرینەبەر؟ ئاوا تێبگەین؟
رێبەر: یان چارەسەرکە پێشدەکەوێت، یان هێرشێکی سەرتاسەری دەست پێدەکاتە سەرتان. 3 مانگی پێناچێت دەوڵەت بە هەموو هێزییەوە ساڵی 2015تان بیردەباتەوە، زیاتر شەڕ دەکات. لە 3 مانگدا یان ڕێککەوتنێکی واتادار یانیش شەڕ بە هەموو هێزێکەوە. دەبێت لە ماوەی 3 مانگدا چارەسەرییەک بدۆزنەوە.
هەڤاڵ عەباس: ئەمە دەبینین، ئەوان لە بۆسەدان. زۆر لایەنیش هەن ئەمەیان دەوێت..
رێبەر: بێگومان. سیاسەت دەڵێت با هەرچی زووە پێکدادان دەست پێبکات، هەرچی زووە ئەم پرۆسەیە کۆتایی بێت و هەرای تێبکەوێت. ئۆزال تاقی کردەوە، لە یەکەم دەرکەوتنیدا گوتی سێ چوار چەتەن. ئەربەکان، ئەجەڤیت و ئەوانی تریش تووشی دەستنیشانکردنی هەڵە بوون. چارەسەرەکەش پێشنەکەوت. ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە. پرۆسەی ئەمجارە لە ڕابردوو ناچێت. کە هەڤاڵ سەبری یەکەمجار هات گوتی پەیوەندیی پتەومان هەیە. دەکرێت، دەتوانن پەیوەندی دروست بکەن. تەنانەت پەیوەندیی دەوڵەتیش. بەڵام دەرئەنجامی دەبێت. بارزانی دەهێننە پێشەوە. ڕێگە لەبەردەم نەتەوە-دەوڵەتێکی کوردی دەکرێتەوە. لەبەر ئەوەیە بارزانی لە پێشەوەیە. بە تورکەکانیش ئەمە کرا. ئەگەر کەمێک لاواز ببین، ئیسرائیل، فەرەنسا و ئینگلیزەکان بەتەواوی ڕێگەی بۆ دەکەنەوە. چەکدانانی هەنگاو بە هەنگاو، تورکیاش بە هەموو هێزییەوە پێشەنگایەتی بۆ لەناوبردن دەکات. 10 ساڵی تر، 10 ساڵی تر. تا کەی؟ ئەدەبیاتێک بە ناوی پاڵەوانێتیی کوردەوە دروست دەبێت. لایەنەکەی تریش دەڵێت هەستانەوەی تورک. ئەوەی دەیدۆڕێنێت تورکیا و کورد دەبن. عوسمانیش هەر وا بوو. لەم سیاسەتە تێنەگەیشتین. هەمیشە دۆڕان دەهێنێت. ئەم سووڕانەوەیەی چەرخە واڵایە بە واتای جووڵە نایەت. با ئەم دۆخە بوەستێنین کە وەک ئەسپی ئاشی ئاو بە دەوری خۆماندا دەسووڕێینەوە و دێینەوە هەمان شوێن. منداڵێک بە دەمیرێل دەڵێت 40 ساڵە وەک ئەسپی ڕۆدیۆ سەردەکەویت و دادەبەزیت، بێزار نەبوویت؟ دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە.
هەڤاڵ عەباس: عەرەبستانی سعوودی بۆ دوایین پێکدادان و هێرشەکانی شەهبا 4 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. هاوڕاین لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانت. کۆمەڵگەی کوردی لەسەر پێیە. لە ئێران ڕاپەڕینێکی تر هەیە. بەڵام کوردەکانی تر هەموویان بۆ ڕۆژئاوا 24 کاتژمێر لەسەر پێین. ئەگەر باش ئاراستە نەکرێت ڕەنگە بچێتە قۆناغێکی ترەوە. بێگومان بارزانیزم لە گەشەکردندایە.
رێبەر: ئەوەش بەشێکە لە پلانەکە. ئامانجەکە شەڕی کورد و تورکە. لۆژیکەکە ئەوەیە. کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کورد لە حەسەکە جێگەی ترسە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیش دابمەزرێنن زۆرترین شت دەبێتە میرنشینێک، لە سەرەکەشی بارزانییەک دەبێت. لەبەر ئەوەیە بژاردەی کۆماری دیموکراتیکم هەیە. لەودیوی ئەمەوە هیچ چارەسەرییەک نابینم. سیستەمی دیموکراتیک تەنیا ئاوا دەبێت. لە ڕاستیدا هێرش دەکەنە سەر تێزی کۆمارەکەمان.
هێلین: سەرۆکم، لە کەسایەتیی بارزانیدا چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک بەم هێرشانە لاواز دەکرێت. نەتەوە-دەوڵەتخوازی پەرەی پێدەدرێت. بۆیە بارزانی دەهێنرێتە پێشەوە.
رێبەر: تورکیا ڕێگە بە تێگەیشتنی نەتەوە-دەوڵەت بۆ کورد نادات. هاوکاریان هەیە بەڵام ڕێگەیان پێنادەن. هەرخۆی ئەمە ڕێگەکەیە بۆ ئەوەی ئەم سەدەیە بکرێتە سەدەی شەڕ. دەست بۆ هەستیارترین  خاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەبرێت. بارزانییەکان بێ بەزەیین، دەزانن چۆن لەگەڵمان شەڕیان کرد.
هێلین: بەڵێ. پڕۆژەی چارەسەرییەکەتان کە ڕوانگەیەکی دیموکراتیکی هەیە کراوەتە ئامانج. دەیانەوێت ئەم چارەسەرییە بکەنە جێگەی مشتومڕ.
رێبەر: لەوانەیە هۆکاری گەیاندنی بەم گرێ کوێرەیە هەر ئەمە بێت. ئەگەر هەماهەنگیکارێکی سیاسی هەبێت لەم بابەتانەدا ڕاپۆرتی وردترتان پێشکەش دەکەم. ئەگەر ڕێبەرایەتیی بارزانی بگرێت، تیر لە کەوان دەردەچێت. ئینگلیزەکان لە ساڵی 1880ەوە ئەم بەڵێنە بە بارزانییەکان دەدەن. بەرپرسێک گوتبووی شێوازی بەڕێوەبردنی باشوور شێوازی ئینگلیزییە. تەنیا بۆ خۆیان کار دەکەن. تەواو سیستەمێکی تاڵانکارییە.
بەرپرس: ڤەنزوێلاش وایە.
هەڤاڵ عەباس: بەڵێ ڤەنزوێلاش وایە.
رێبەر: ئەمە سیستەمی تاڵانکارییە بە شێوازی کەشتییە تۆپهاوێژەکان (Gambot). شێوازی ڤەنزوێلا. هۆکاری ئەوەی وەک لینین خستوومیانەتە ژێر چاودێریی تایبەت هەر ئەمەیە. بە لینینیشیان وا کرد. منیان وەک کەسێکی نەخوازراو ڕاگەیاند، وایان لێکردم نەتوانم پێ بخەمە سەر بستێک خاک... فۆرمولەکانی ئینگلیزیان تاقی کردەوە وەک پەکەکەی بێ ئاپۆ، ئاپۆی بێ پەکەکە. من ئەو یارییەم تێکدا. تووڕەیی ئینگلیزەکان بەرامبەر کورد مێژووییە. دەزانن، مەیجەر نۆئێل ویستی کوردەکان دژی کۆمار پەروەردە بکات و ڕایانپەڕێنێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لۆڕێنسیش ویستی عەرەبەکان دژی تورکەکان ڕاپەڕێنێت و هانیان بدات. نۆئێل سەرکەوتوو نەبوو، لەم ڕووەوە ئینگلیزەکان تووڕەن و هەرگیز لە کورد خۆش نابن.
ئێستا دەبێت هەنگاوێک بنێین. چۆنی دەکەین با بیکەین بەڵام پلان بۆ ئەم 3 مانگە دابنێین. گفتوگۆی لەسەر بکەن، دەبێت ئەم قۆناغەی سێ مانگە تێپەڕێنرێت. شەڕ یان ئاشتی؟ ئیتر دەبێت بڕیار لەسەر ئەمانە بدەین. (ڕوو دەکاتە بەرپرسەکان) تکا دەکەم ئیتر دەبێت سیاسەت بڕیار بدات. ڕێزم بۆ بەڕێز ئی. هەیە. بەڵام بمهەوێت یان نەمهەوێت لەم هەلومەرجەدا توانای ڕێبەرایەتیکردنم نییە. سیاسەت تەنگەبەر دەبێت. پرۆسەکە لە 3 مانگ زیاتر نابێت. لە ماوەی 3 مانگدا دەبێت قۆناغێکی مێژوویی تێپەڕێنرێت. ئەو تیمەی شەڕ مەترسیدارە و بەدڵنیاییەوە پلانێکی گەورەشیان بۆ ئامادە کردوون. ئەو تیمە باش دەناسم. لە ڕابردوودا لێرە زۆر لەگەڵیان کۆبوومەوە. 7 ساڵ لە ئیمراڵی دیدارم لەگەڵیان کرد. بەڵام ئەوانەی ئێستا موخاتەبی ئێمەن جیاوازن.
ئەم بینایە دەبینن، کە زۆر بەهادارە. بەڵام ناتوانم هەناسەی تێدا بدەم. پێگەی (ستاتۆ)ی بیناکە گرنگە. نە زیندانە نە ماڵە... نە قەلە نە باڵە... لەم دۆخەدا ناچمە ئەم بینایەوە. بەبێ بیرکردنەوە لە ڕەهەندی سیاسی و یاساییدا ئەمە نابێت. دەوڵەتێک بەم شێوەیە کار ناکات. ڕەهەندی یاسایی گرنگە. لە ڕووی دەروونییەوە ناتوانم بەم پێگەیەوە بژیم. وا دیارە بە جۆش و خرۆشم چونکە کارێکی خێر دەکەم. بەڵام ناکرێت بگوترێت ئاوا بمێنەوە و ئەوەی تری ئێمە دەیکەین. دۆخی سیاسەت ئاوایە. بەڵام ئامین بۆ نزا و دوعایەک ناکەم کە گیرانەبێت.
هەڤاڵ عەباس: ئێمەش لەم بارەیەوە قسەی خۆمان هەیە. ساڵێک تێپەڕی. پێشکەوتن نییە. تەنانەت پاشەکشەش هەیە. باسی سێڤری دووەممان کرد. دۆخەکە بەرەو ئەوێ دەچێت.
رێبەر: بەڵێ بەرەو سێڤری دووەم دەچێت. بەرەو ئەوێ دەڕوات. وەک دۆخی باڵکانەکان. سیاسەت دەیگوت لەگەڵ 'سەرۆکی تیرۆریستان' کۆنابمەوە. باخچەلی لە کۆتاییدا بە ئازایانە گوتی من دەچم. جێگەی باوەڕ نییە. گەورەترین ڕکابەرم، ئەمە دەڵێت. بەڵام ئەوانەی پێیان دەوترێت ئۆپۆزیسیۆن نەهاتن.
هەڤاڵ عەباس: بازرگانانی شەڕ و ئەو لایەنانەی بەرژەوەندییان هەیە هانیان دان و کاریگەرییان خستە سەریان. هەندێک لایەن بەرەو دواوە کێشانەوە.
رێبەر: 60 ملیۆن جەماوەری کورد هەیە. ئیسرائیل خەریکی ڕاوە. بەدوای دیپلۆماسییەکی کاریگەرەوەیە. دەیانەوێت بە گۆپاڵی کورد لە ئێران و عێراق بدەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دژی هەندێک هێز وەک گۆپاڵ بەکاریان دەهێنان. گوتیان بە لێدان ئیسرائیلمان دروست کرد، بە لێدان نەوتمان بەدەستەوەیە. گوتیان بۆچی ئەم گۆپاڵە لە دەستمان دەردەهێنیت. دەڵێم ئیتر کەمێک ئەمە بۆ بەرپرسان ڕوون بکەنەوە. دەڵێم با تورکیا پێشڕەویی بۆ ئەم چارەسەرییە بکات. لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا دەوڵەتی کوردی دامەزرا و پایتەختەکەیان هەمەدان بوو. نیوەی تورکمان بوو. سەلجوقییەکان زیاتر لە تورک نوێنەرایەتیی کورد دەکەن. ئەلپئەرسەلان کە دێتە مالازگیرت، هەموو خێزانەکەی لە هەمەدانن. وەک میرێکی نموونەیی کورد شەڕ دەکات. دەبێت باش تێبگەین کە چۆن ئینگلیزەکان عوسمانییەکانیان ڕووخاند. داڕمانی ئێستا لەسەر کوردەکان داڕێژراوە. سەدامیشیان هەر وا برد. لێرەدا دەبێت دەستنیشانکردنێکی تەواو بکەین. نامەکەی قانوونیم خوێندەوە. دایکی پێی دەڵێت، 'کوڕم تۆ ئەم ئیمپراتۆرییەتەت دامەزراند، باشە چۆن لە ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە گرجی و عەجەمەکان دەیپارێزیت'. قانوونی لە وەڵامدا دەڵێت، قەڵایەکی کوردیم لە جەستەی زیندوو دروست کردووە، کەس ناتوانێت بیبەزێنێت و هەڕەشەمان لێبکات. ئەم سیاسەتمەدارانەی ئێستا ئەمە نابینن.
عەبدولحەمید بە فەوجەکانی حەمیدییە ئەرمەنییەکان بێکاریگەر دەکات. ئێستا سەیری ئەو پەیوەندییانە بکەن کە دروست کراون. گوتمان برایەتی، بۆچی گەشە ناکات؟ بۆچی ئەم شەرمنی و دوودڵییە؟
من ئەم هەموو هەوڵە دەدەم. لێت یاخی بووم بەڵام هەقم بوو چونکە نکوڵیت لە کورد کرد. ئێستا دەڵێم چارەسەری. سیاسەت لەمە تێناگات. من باسی [ناوچەی] شەهبام بۆ بەڕێز ئی. کرد بەردەوام وەک ناوچەی عەرەبی و عەرەبی دەهێننە پێشەوە. باشە کۆتایی ئیمپراتۆرییەتەکەتان عەرەبەکان نەیانهێنا؟ تاوانی کورد چییە؟ کورد برایەتیی لەگەڵ نەکردیت؟ ئەمە چ جۆرە مامەڵەیەکە. ئەگەر زۆر پێداگری بکەن دەڵێم بەرتیلتان لە قەتەر وەرگرتووە. ئەگەر سعوودییەکان ئەو هەموو پارەیەیان دابێت، لەوانەیە کەسانی تریش بیدەن. هەمیشە هەڵوێستی نەرێنی بەرامبەر کورد نیشان دەدەن. دەبێت کۆتایی بەمە بهێنرێت.
هەڤاڵ عەباس: ئەم زمانە هەرگیز ناگۆڕێت. سەرەتا وا دیاربوو گۆڕانکارییەک دەکەن. بەڵام بازرگانەکانی شەڕ هاتنە ناوەوە و بەردەوامن لە سووکایەتیکردن پێمان. وا لە سەردەمی ئەربەکان و ئۆزالیشدا هەر وا بوو.
رێبەر: ئێوە لێرەن تەنیا بۆ ئەوەی مەترسییەکان و دۆخە ئەرێنییەکە نیشان بدەن. ئۆزال کردی، بردیان. ئەربەکانیان لە پۆستی سەرۆک وەزیران هێنایە خوارەوە.
هەڤاڵ سەبری: ئێوە ئەم هەموو وردبوونەوەیە دەکەن. ئێمە ئەم هەموو بڕیارەمان دا. کۆنگرەمان بەست. بەڵام ئەگەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئێوە نەگۆڕێت ئێمە چۆن بیکەین؟ ئەگەر زمانی میدیا و سووکایەتی و زمانی خراپ بەردەوام بێت ئێمە چۆن لە ماوەی 3 مانگدا بچینە قۆناغێکی ئەرێنییەوە؟ دەوڵەت لە ڕوانگەی کوردەوە نەرێنییە.
رێبەر: من ویستم ڕێگە لەمە بگرم. دەمەوێت بیخەمە سەر ڕێڕەوێکی ئەرێنی. ئەو هێرشەی دەکرێتە سەرتان وا دەکات ساڵی 2015 لەبیر بکەن. ئێستا لیبراڵەکان دەرکەوتوون و دەڵێن چ ڕێککەوتنێکە ئەمانە دەبێت ببڕدرێنەوە، دەڵێن بۆچی ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە (SDG) واژۆ کرا. تا ئەم ڕادەیە ڕقیان لە کورد دەبێتەوە. دەڵێن دەبێت HTŞ تا کۆتایی لەناوی ببات. واتە ئەگەر گوندێکی کورد هەبێت. ئەگەر لەوێ خۆیان بگرن چ زیانێکیان بۆ ئێوە هەیە؟ هەرخۆی ئەمانە زامنی پاراستنی ئێوەن. متمانە بە عەرەب ناکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ. هەڵە دەکەن، ئەمانە دەبنە بەڵا بەسەرتانەوە. وەک چۆن لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕوویدا، عەرەبەکان دۆست نین. ناتوانن وەک من سیاسەتی ڕاست دروست بکەن. ئێوە بە گومانەوە نزیک بوونەوە لەو پەیوەندییەی من لێرە لەگەڵ دەوڵەت دروستم کرد. تەنانەت ئێوەش گوتتان لەوانەیە یاریی شەڕی تایبەت بێت. دەکرێت وا بێت؟ گوتم دەکرێت. بەڵام ناوەڕۆک و ماهییەتەکەی ئەوە نییە.
هێلین: سەرۆکم ... ئەوەی زۆرمان لێدەکات دۆخی ئێوەیە. هیچ گومان و نیگەرانییەکمان بەرامبەر ئێوە نییە. بەڵام دۆخ و هەلومەرجی ئێوە زەحمەتە. هەم لەناو سەرکردایەتییەکەمان و هەم لەناو ڕێکخستنەکانماندا،  کەس نییە قسەکانی ئێوە لەبەرچاو نەگرێت.
رێبەر: من نایکەم بە کێشە. با من کۆتا کەس بم کە ئازاد بکرێم. بەڵام تەنانەت ئەگەر لەم ماڵ و شوێنەشدا بزانن قیامەت هەڵدەستێنن. هەمووتان لەناو دەبەن. بەرپرسەکانیش بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن.
هێلین: هەوڵی ئێوە هەیە. بەڵام ئەگەر دەوڵەتی ئاسایی بوونی هەبێت، کە ئەگەر ئێمە لێرەین واتە بوونی هەیە. دەبێت کەمێک هەوڵ بدات. دەبێت هەوڵی گۆڕانکاری هەبێت.
رێبەر: هەوڵ دەدەن بەڵام بەس نییە. دامەزراوەی سیاسەت کارەساتە. دوو کەس هاتنە ئێرە. یەکێکیان پرۆفیسۆرە. حوسێن یایمان ترسنۆک، وەک ئەوەی ئیمراڵی خاکی تورکیا نەبێت. لەگەڵ فەتحی یەڵدز دیالۆگێکمان هەبوو. یایمان هەڵوێستێکی زۆر داماو و لاوازی هەبوو. ئێوە بیر لەوانی تر بکەنەوە.
هێلین: بەڵێ زۆر ترسابوو. پەیوەندیی نێوان ڕێبەرایەتی و بزووتنەوە بۆ ئەم پرۆسەیە گرنگە. 7 مانگە چاوەڕێین بێینە ئێرە. پێویستمان بە گفتوگۆ و دیدار بوو. گۆڕانکاریی ستراتیژی دەکەین، لە پێناو باشبوونی ڕەوشەکە نابێت ئێوە لەم پێگەیەدا بن.
رێبەر: منیان کردووە بە کێشە. ئەمە مامەڵەیەکی مەترسیدارە. ئاخر ئەوەی هەنگاو دەنێت منم، ئەوەی هاوکاری دەکات منم. بەڵام دەڵێن لەگەڵ ئۆجەلان نابێت. وەک ئەوەی من ڕێگر بم. لەم دۆخەدا یان دەبێت من بکوژن یان دەبێت من خۆم بکوژم. ئەو کاتە کەسێکی تر بدۆزنەوە با چارەسەری بکات. دەڵێن سەلاحەدین. ئاخر سەلاحەدینی داماو دەتوانێت چی بکات؟
هەڤاڵ سەبری: خۆیشی دەڵێت تا ڕێبەرایەتی هەبێت من ناتوانم هیچ بکەم.
رێبەر: با بارزانی بکەین بە پاشا با چارەسەری بکات. چەقبەستووییەکی گەورە هەیە. خەریکی حیساباتی ئەوەن کێ دەنگەکانی کورد دەدزێت. حیسابات لەسەر هەڵبژاردن دەکەن. بەمجۆرە یاری بە بارزانیش دەکەن. بەرپرسەکان کار دەکەن بەڵام تواناکانیان سنووردارە. هێزی ئەوانی تر، واتە نەیارەکان زیاترە. لە حەلەب هەلێکیان بینی دەستبەجێ خۆیان دەرخست. ئەگەر ئەمانە قورسایی خۆیان نەخەنە کار، بە شێتانە هەموو شتێکیان دەکرد. دیسانیش دەبێت لەم ڕووەوە ڕێز لە دەوڵەت بگیرێت. یاسای ئاسنینی میکانیزمی کودەتا لە کاردایە. یاسایەکی ئاسنین هەیە. هێزی بەڕێز ئەردۆغان سنووردارە. دەڵێن هەر دەبێت کوردەکان بکوژین. ئاخر بە کوشتن چیت دەست دەکەوێت؟ ئەم هێزە زۆر پلان بۆ داڕێژراوە. دەبێت بەرپرسەکانیش بزانن، من هەوڵی کودەتا لە دژی ئۆزال و ئەردۆغانم بینی. ئەمانە دەکرێت لە تەنیشتتان بن. دەکرێت نزیکترین هاوڕێکانتان بن. تا یەخەتان نەگرن تەنانەت هەستیان پێناکەن. من ڕەشبین نیم. با لەگەڵ ئەم بەرپرسانە کار بکەین. بەڵام ناتوانم سەدا سەد گەرەنتی بدەم. دەسەڵاتەکانیان سنووردارە. هێنانی ئێوە بۆ ئێرەش ئۆپەراسیۆنێکی نائاسایی بوو.
هەڤاڵ عەباس: ئێمە ئاگاداری ئەمەین.
رێبەر: ئێمە هەمیشە قسەمان کردووە، با بەرپرسەکانیش قسە بکەن.
بەرپرس (نوێنەری دەوڵەت): ئێمە 7 مانگ چاوەڕێمان کرد. عەبدوڵڵا بەگ گوتی ئەشکەوتەکان چۆڵ بکەن، هیچ نەکرا. لەگەڵ بەڕێز سەبری زۆر قسەمان کرد، هەندێک شت کرا بەڵام هەندێکیش نەکرا. پرسی سووریایان خستە بەردەم پەرلەمان. ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵ دەدەین. لیژنەی پەرلەمان ڕۆژانێکە مشتومڕی لەسەر دەکات. جەنگیز، خانمی گوڵستان و ئەوانی تریش لە لیژنەدان. چووین زانیاریمان پێ دان. گەورەترین سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە تەنانەت یەک گەنجیش نەکوژراوە. نە سەرباز و نە هاوڕێکانی ئێوە. ئەمە سەرکەوتنە. هەوڵمان هەیە، ئەگەر بڵێین سبەینێ هەموو شتێک زۆر باش دەبێت ڕاست نابێت.
هەڤاڵ سەبری: پێویستە ڕای گشتی بەم ئاراستەیە ڕێکبخەن. زمانی میدیا هێشتا کێشەدارە.
بەرپرس: بەڵێ کێشەدارە بەڵام میدیاکەی ئێوەش وا هەواڵ بڵاودەکاتەوە کە دەڵێت HTŞ، داعش و تورکیا پێکەوە هێرش دەکەن. ڕووناهی، میدیا، ستێرک تی ڤی وان. ئێوە چونکە ڕێکخستنن دیسپلینتان ئاسانە. بەڵام بۆ دەوڵەت قورسە بەسەر هەموو شوێنێکدا زاڵ بێت.
هەڤاڵ سەبری: ئێمە دەردەکەوین و ڕوونی دەکەینەوە. بەڵام کە سەیری ڕاگەیاندن دەکەین دەبینین سیاسەتێکی زۆر ترسناک پەیڕەو دەکرێت.
بەرپرس: بەڕێز ئی. کورتەباسێکی بۆ لیژنەی پەرلەمان پێشکەش کرد. لە لیژنەکەدا زۆر بە باشی باسی چۆڵکردنی هەندێک شوێن، کشانەوە لە تورکیا و دەستپێشخەریی سووتاندنی چەکەکانی بۆ ڕوونکردنەوە. با کەشوهەوایەکی باش هەبێت، با نەرێنیی نەکەین. با نەڵێین ئەگەر ئاوا بێت ئاوا نابێت. منیش خەڵکی کاستامۆنوم بەڵام پێش تورکایەتی و عەلەویبوون و کوردایەتی با مرۆڤ بین. من لەوەی پێشتر گوتم شتێکی جیاوازتر تێدەگەم. ئایا دەڵێن ئەگەر لە ماوەی 3 مانگدا هیچ ڕوونەدات چەک بەکاربهێنن؟ چۆن تێبگەین؟
هەڤاڵ سەبری: ئێستا ڕێبەرایەتیمان لەم دوورگەیەدا ناتوانێت هەناسە بدات. ئایا ئەمە نەپرسین؟ تەنانەت ناپلیۆنیش بە ئەسپەکەی خۆی لە دوورگەکەدا دەسووڕایەوە.
رێبەر: باسی چەقبەستوویی سیاسی دەکەم. دۆخێکی جدی هەیە. کاری هەمە ئاهەنگی سیاسی دەتوانێت ڕێگە بکاتەوە. پارتە سیاسییەکان دەتوانن ڕێککەوتنێک دروست بکەن.
بەرپرس: خانمانی پەروین بۆ بار هەڵگرەکان پەیوەندی بە نوعمانەوە دەکەن. بەڕێزت ئاگادارە. مادام هاوکاری دەنێردرێت دەبێت ڕابهێنرێین لەسەر هاوکاریی هاوبەش. ئێمە دەڵێین بە مانگی سووردا بینێرن و ڕادەستی بکەن. ئەوان دەڵێن هەر دەبێت لە سووروجەوە بێتە ژوورەوە. مادام ئامانج هاوکارییە، ئایا شتێکی بێمانا و سادیستییانەی وا دەبێت؟
هێلین: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاڵۆزە. بەبێ هێرشەکانی سەر حەلەبیش دەکرێت پێشهات ڕووبدات.
بەرپرس: ئەمە بە بەرچاومانەوە هات. سەرۆکی دەزگا دەیان جار بە شاندەکە و ئێمەش بە ئێوەمان گوت با ڕێککەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بکرێت. بەڵام هەنگاوێک نەنرا.
رێبەر: ئەمانەی دەیگێڕنەوە پێویستییەکە بۆ پلانێکی نوێ و میکانیزمێکی نوێ دەسەپێنن. ئەمە پێویستە. دەبێت لەم ڕووەوە ڕۆڵ ببینم. ئەم ڕۆژانە دەبێت کەمێک کار لەسەر ئەمە بکەم. ئەگەر ئەم ڕۆڵە نەگێڕم کێشەکە چارەسەر نابێت. ئەگەر فۆرماتە نوێیەکە لەم یەک دوو مانگەدا جێبەجێ بکرێت دەتوانین ڕێگریی لێ بکەین. ئەگەر پێویست بکات ڕۆڵێکی سیاسی دەگێڕم. هەڤاڵانی وەک سەبری پێشتر تاقییان کردەوە. لە ڕێگەی بەڕێز ئەمرەوە بەڵگەنامەیەکیان بۆ ناردم. داوای واژۆیان کرد، واژۆم کرد. بەڵام چونکە قۆپچەکە بە هەڵە داخرا چارەسەر نەکرا. ئایا ئەو کەسەی کە زۆرترین هێزی تیۆریی هەیە دوران نییە، بەڵام هێزی نییە و بەس نییە. شاندی دەم (DEM) لەو ئاستەدا نییە هەناسە بدات. هێزی مەزڵووم عەبدی دەبینن. ناتوانن بیکەن. دەبێت سیاسییەکان بە من بڵێن بیکە. با ئیرادەی سیاسی ڕۆڵم بۆ دیاری بکات. با ڕێگەم بۆ بکەنەوە. سازشیشمان ناوێت. دەڵێم تەنانەت پێویستمان بە ماڵیش نییە، با تێکەڵ بە پرەنسیپەکانی دەستووریش نەبین. کارەکتەری کۆمەڵایەتی (Toplumsal özne) لە کوێ جێگیر دەکەیت؟ یەکەم: هەماهەنگیکارێکی سیاسی دیاری بکەن. دووەم: با سەرکردە سیاسییەکان دابنیشن و بڕیار بدەن. تەنانەت دەتوانن بە جیاش سەردان بکەن. کات لەم بارەیەوە نەماوە، تواناکانیان سنووردارە. دەبێت ئەو هەلومەرجە بڕەخسێنرێت کە تێیدا بتوانم کار بکەم. من بێزارم لە پرسیارەکانتان دەربارەی ئەوەی ئازادییەکەت چۆن دەبێت و مەرجەکانی ماڵەوەت چۆن دەبن. بۆ من گرنگە ڕۆڵی سیاسیی خۆم ببینم. ئەگەر ئەمە پێشبکەوێت ئەوا خۆی لە خۆیدا مەرجەکان بێمانا دەبن و دەرفەت دروست دەبێت.
هەڤاڵ عەباس: ئێمەش هەر وا دەڵێین. بڕیاری کۆنگرەش هەر وایە. بێجگە لە ئێوە کەس نییە بیکات.
بەرپرس: مەزڵووم دەڵێت با هەمیشە ئەمە بپرسم. ناتوانێت بڕیار بدات. (مەبەستیان قەندیلە).
رێبەر: یەکەم جار کە هاتمە ئێرە، بەرپرسێکی سوپاسالاری گوتی مەرگ و ژیان و ئازادبوونیشت بەندە بە خۆتەوە. بەلای منەوە شتێکی ژیرانەیە. ئەوەی ئەمە چارەسەر دەکات منم. شاندەکەش وا دێت. لە دەرەوەی من کەس ناتوانێت بیکات. جگە لەوەش هیچ هێز و شێوازێک نییە ئازادیم دەستەبەر بکات. تەنیا من دەتوانم ئەمە بکەم. بە بەرپرسەکانیش دەڵێم، هەڕەشە نییە بەڵام منیش ستراتیژیی خۆمم هەیە. بە شێوەیەکی تر ڕێبەرایەتی ناکرێت. تا من ئازاد نەبم ئێوەش ئازاد نابن. ئاگادارن. ئەمە تا ڕادەیەک مافی خۆتانە بەڵام کەمێکیش فێڵبازیی لادێیانەیە. بۆ ئازادیی خۆم ستراتیژێکم هەیە.
شاندەکە: (ڕێبەرایەتیمان لە قەندیل کەمێک لەمەوبەر پرسیاری لەبارەی دۆخی ئێرانەوە کرد. دۆخ لە ئێران چۆنە، هەڤاڵانی ئێمە باسیان لەوە کرد کە جەماوەر سۆزێکی گەورەی هەیە، ئێران سەرەتا بە نەرێنی مامەڵەی دەکرد، بەڵام ئێستا بە ئەرێنیتر مامەڵە دەکات. ڕێبەرایەتیمان گوتی کە دەبێت فیدراڵیزمێکی دیموکراتیک بەپێی هەلومەرجی ئێران هەبێت. گوتی وەک ئەوەی لەگەڵ تورکیا کردمان، دەکرێت لەوێش چارەسەرێک بەپێی هەلومەرجی ئێران بسەپێنرێت، هەرخۆی ویلایەتی کوردستان هەیە و دەتوانرێت ویلایەتی کوردستان فراوانتر بکرێت، دیموکراتیزە بکرێت و نوێ بکرێتەوە. ڕێبەرایەتی گوتی هاتنی مالیکی دەشێت دەرئەنجامی هەبێت. بەرپرسان گوتیان کە وازی هێناوە و بەم شێوەیە دیالۆگێک دروست بوو.)
لە باشووری کوردستان دەوڵەتۆچکەیەک دروست بووە. کێشەکە ئێستا ئەمەیە، چۆن دەتوانێت لەگەڵ تورکیادا بگونجێت و پەیوەندی بە پرۆسەی یەکگرتنەوە (ئەنتێگراسیۆن) هەبێت، ئەمە گرنگە
رێبەر: ئێمە گفتوگۆیەکی گشتیمان لەسەر چوارچێوەیەک کرد. با تا ئێوارە چوارچێوەیەک دابڕێژین. بەڵگەنامە هەن، ئێوە تا بەیانی دەیانخوێننەوە. بەڵگەنامەکانی کۆنگرە و نامەکانم خوێندەوە زۆر پێگەیشتوو و پێشکەوتوون. لە دەرەوەی پێشبینییەکانمە. ئەگەر بەرپرسانیش بە گونجاوی بزانن، ئەوەی کە پرسی کورد لە ڕێگەی بارزانییەوە پەرەی پێدراوە بە بڕوای من پووچەڵە. بەندە بە پڕۆژەی چارەسەر و پلانەکانی ئێوەوە. چ جۆرە کوردێک و چ جۆرە کوردستانێک دەبێت؟ باسی سەلجوقییەکانم کرد. ئێستا لە باشووری کوردستان دەوڵەتۆکەیەک دروست بووە. کێشەکە ئێستا ئەمەیە، چۆن دەتوانێت لەگەڵ تورکیادا بگونجێت و پەیوەندی بە پرۆسەی یەکگرتنەوە (ئەنتێگراسیۆن) هەبێت، ئەمە گرنگە.
ڕێککەوتن و دەستکەوتەکان لە سووریا تەنیا بۆ کورد نین، بەڵکو لانی کەم هێندەی ئەوان دەستکەوتەکانی تورکیاشن. دەڵێن کۆریدۆر (ڕێڕەو)، ئەمە بێ ئەخلاقییەکی گەورەیە. نەک تەنیا بۆ ئابووریی ئیمپریالیزمە، بەڵکو بۆ گەلانیش ڕاستە. دەتوانن هەموو پێداویستییەکانیان لە ڕێگەی تورکیاوە دابین بکەن. ئەمە و شتەکانی تری وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەتوانن باڵادەستی بە تورکیا ببەخشن. پەیوەندییەکی کولتووری و مێژوویی قووڵ هەیە. بە دروستکردنی سنوورێکی ڕەقی نەتەوە-دەوڵەت چارەسەر نادۆزرێتەوە. ئیمپریالیزم ئەمە وەک چارەسەر دەبینێت. من شێوازێکی دیموکراتیک پێشنیاز دەکەم. دیموکراتیزەکردنی ئابووری، سیاسی و کولتووری پێشنیاز دەکەم. ڕژێمێکی بێخەوش پێشنیاز دەکەین. کێشەم لەگەڵ سنوورەکاندا نییە. لە کاتێکدا ئازەربایجان و قوبرس هاوکاری تورکیا دەکەن، ئەو ڕێڕەوەی ئێمە باسی دەکەین هەزار هێندە دەبەخشێت. لەبەر خێل‌بوونی چاویان ئەمە حیساب ناکەن. ئاوا بیردەکەنەوە: ئاخۆ ئەمانە ئەگەر دەرفەت بدۆزنەوە پەنا بۆ چەک و شەڕ نابەن؟ نیگەرانی و دەنگۆ بڵاودەکەنەوە. ئەمانە گەمژەن. هەرخۆی بە پڕۆژەکەی خۆم دەڵێم پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کورد و تورک. جیاکاریی نەتەوەیی، مەزهەبی و شتەکانی تر بێمانا بوون. سەردەمیان بەسەرچووە. کۆمار هەوڵی دا یەکڕەنگییان بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دەوڵەتە گەورەکان جیاوازییە کولتوورییەکان ناکەن بە کێشە. تەنانەت کولتوورە جیاوازەکانیش ناکەن بە کێشە. نموونەی سکۆتلەندا هەیە. جیاوازیی کورد بۆ تورکیا مەترسی نییە. گەلێک کە بە یاسای برایەتی دەوڵەت بە دەوڵەتی خۆی بزانێت ڕاپەڕین ناکات. مێژوو ئەمەمان بەسەردا دەسەپێنێت و فەرمانمان پێدەکات. تێڕوانینی خێلانە دۆڕان دەهێنێت. ئەم فۆرمولەیەی کوردەکان تەسلیمبوون نییە. ئەو گوتەیەی دەڵێت 'تا کۆتایی شەڕیان کرد و تا کۆتایی سەرکەوتن' ستراتیژێکی دۆڕانە. ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانە نییە. چەندت دەوێت شەڕ و پێکدادان پەرەپێبدە، با بڵێین تۆرۆسەکان و ئەنادۆڵ و ناوەڕاستی ئەنادۆڵت گرت. چی ڕوودەدات؟ دەبێتە سەرکەوتنی پیرۆس (Pyrrhic victory). مامەڵەیەک کە هەمیشە دۆڕان دەهێنێت نابێت بکرێت. ئێمە لەبەر ئەوەی بێ هێزین یان لەبەر ئەوەی بێ چارەین وازی لێناهێنین، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەڵەیە وازی لێدەهێنین. ئایا دەوڵەتیش هەڵەی نەکرد؟ کردی، هەڵەی گەورەی کرد. گەڕانەوە لە هەڵە قازانجە. با ئەمە نەکەینە بابەتی باڵادەستی. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیا خۆی وەک نەتەوە-دەوڵەتێک شێوەپێداوە. قسەیەکی زۆرمان نەماوە لەم بارەیەوە بیڵێین. ئێستا دەڵێن لە دەستووردا ئەمە ناگۆڕدرێت و هتد. میتۆدی من ئەمە نییە. میتۆدی خۆم کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. دەبێت پێناسەیەک بۆ ئەمە بکرێت. چۆن دەبێتە بەشێک لە کۆمار دەبێت باسی بکەین. ئێمە هەمیشە دەڵێین با ئەم ماددەیە یان ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت. ئەمە میتۆدێکی ڕاست نییە. نەتەوە-دەوڵەت چەقبەستووییەکە. نەتەوە-دەوڵەت لەبەرامبەر نەتەوە-دەوڵەتدا دروست نابێت. ئامانجی سۆسیالیستەکان ناتوانێت دامەزراندنی دەوڵەت بێت. بۆیە پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە. لەبری ئەوە گوتمان سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بە بڕوای من گونجاوە. بە بڕوای من ئەمە خودی سۆسیالیزمە. ئەم پڕۆژەیە لە بەرامبەر خۆیدا کۆمارێکی دیموکراتیکی دەوێت. دەوڵەتێکی دیموکراتیکی دەوێت لە بەرامبەریدا. گوتم نەتەوەی دیموکراتیک و لێی تێنەگەیشتن، بۆیە دەڵێم کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ڕێکخستنی خۆی دەستەبەر دەکات. لە ڕاگەیاندنەکەدا هەیە. لە ڕاگەیاندنی 27ی شوباتیشدا ماددە بە ماددە دەیخوێنینەوە. پرسی کۆمیون بە چەک و شتی وا نابێت. چۆن سەرمایەدارێک ئازادە لە پاراستنی کۆمپانیاکەی خۆیدا، سۆسیالیستێکیش هێندە مافی هەیە کۆمیونەکەی خۆی بپارێزێت. لە جیاتی کۆمپانیا دەڵێم کۆمیون. دەکرێت کۆپەراتیڤ (هەرەوەزی) بێت یان شتێکی تر. باسی ئابوورییەک دەکەم کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و کۆمەڵگەدایە، نەک بۆ قازانج. بەڵێ سیاسی هەیە، کولتووریشی هەیە. بۆ نموونە دەکرێت کۆمیونی فڵانە کولتوور یان شتی وا هەبێت. ئیبراهیم تاتلیسەس ئیمپراتۆرییەتێکی مۆسیقای کولتووریی دروست کردووە، هەرخۆی بە خۆیشی دەڵێت ئیمپراتۆر. ئایا لە هونەردا ئیمپراتۆر دەبێت؟ کولتووری، وەرزشی، تەندروستی هەیە ئێستاش بەڵام ناتوانێت بە ئازادی کار بکات. دەبێت زەمینەی ئازادی بۆ ئەمە بڕەخسێنرێت. هەمەئاهەنگی سیاسی لەبەر ئەمەیە پێویستە. گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێت تا یاساکانی دیموکراتیزەکردنی ئەمانە بکرێت. داودئۆغڵو، ئارنچ، مامۆستا میتهات... کەسانێکیش کە لە جەهەپەوە (CHP) دێن دەکرێت ببن. ئارنچ دەڵێت خۆم دەچم. داود ئۆغڵو خۆی پێشنیازی کرد. با وەک پیاو گفتوگۆی بکەین چۆن دەیکەین، ئەوکات ئەوەمان قسە لێکردووە. ئێستا دەبێت من ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ئەم کۆمارە دەوڵەتی کوردەکانیشە. من دەتوانم ئەمە بکەم. تەنیا من دەتوانم بۆ هەڤاڵانی ڕوون بکەمەوە.
بەرپرس: ئارنچ چوو بۆ لای سەلاحەدین دەمیرتاش و هەر کە گەڕایەوە شتانێکی گوت کە قەت نەیگوتبوو و بارودۆخەکەی شێواند. داود ئۆغڵو قسە دەکات و شتانێک دەڵێت کە تۆ نەتگوتووە. نەرجسییە، یەک دەکات بە هەزار و تەنانەت خۆت سەرسام دەبیت. سیاسییەکان کارەکان ئاڵۆز دەکەن. کەسانی وەک سارپ کورای دەشێت گونجاو بن بەڵام باری تەندروستی باش نییە. ئەگەرنا دەیتوانی بێت.
رێبەر: هەندێک جار دەبێت دەرفەت بە ڕکابەرەکانت بدەیت. بەڵێ سارپ کورای زۆر باش دەبوو. دەمەوێت چاوم بە سارپ و بێشکچی بکەوێت. لەم بارەیەوە با هەڤاڵان سڵاوم پێبگەیەنن.
بەرپرس: بێشکچی ناتوانێت بێت بەڵام سارپ لەوانەیە بێت. باری تەندروستی خاتوو لەیلاش زۆر باش نییە.
د: لەیلا زانا دەڵێیت؟ هیچ کێشەیەکی نییە.
بەرپرس: بەو مانایە گوتم کە تەمەنی هەڵکشاوە.
بەرپرس: هەروەها بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی چەپی تورکیا هەبوون بەڕێز عەبدوڵڵا... دوای هەڵوەشاندنەوە HBDH هەیە کە دەبێت باسی دۆخی ئەوانیش بکرێت.
رێبەر: هەڤاڵ دوران لە هەموو کەس باشتر دەزانێت. ئایا ئەوان دێنە ناو چارەسەرییەکەی ئێمەوە؟ توانیتان گفتوگۆ بکەن؟
هەڤاڵ عەباس: هەندێکیان قەناعەت دەکەن بەڵام دەبێت لەگەڵ هەندێکیان گفتوگۆ بکەین. نەمانتوانی بەتەواوی گفتوگۆی بکەین.
رێبەر: کۆماری دیموکراتیک چارەسەرێکی سۆسیالیستییە. نموونەی سۆسیالیستەکانی فەرەنسا هەیە. دروشمەکەیان کۆماری دیموکراتیکە. بەبێ کۆمەڵگەی دیموکراتیک سۆسیالیزم بوونی نابێت. سۆسیالیزم لەسەر لوولەی تفەنگ نییە. لەوانەیە ئازاربەخش بێت کە کاتی چەک بەسەرچووبێت. چەک ئامرازێکی سیاسەتە. ئەگەر سیاسەتی دیموکراتیک لە گۆڕێ بێت، چەک نابێت هەبێت. ئەمە هەڵەیە. تەنانەت با من بیڵێم؛ سۆسیالیزم لە لوولەی چەکەوە دەرنایەت، تەنیا سەرمایەداری دەردەچێت. نە لە مارکس و نە لە لینینیشدا ئەم توندوتیژییە نییە.
هەڤاڵ عەباس: بەڵێ سەرمایەداری و دەوڵەت دەردەچێت.
رێبەر: دەبێت قسە لەگەڵ ئەمانە بکرێت. ئێمە دەستمان پێکرد و بە ئارەزووی خۆمان واز لە چەک دەهێنین. دەبێت دۆخی ئێمە زۆر باش ڕوون بکەنەوە. دەزانن کە من شێوازی خۆمم هەیە. هیچ بوونەوەرێک ناتوانێت بەبێ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی درێژە بە مانەوەی بدات. لە پاراستنی ڕەوا هەڵە تێدەگەن و چەواشەی دەکەن. بوون سێ خەسڵەتی هەیە. پاراستنی وەچە، خۆراک و ئاسایش... سەبارەت بە ئاسایش، بە بڕوای من تەنانەت لە پەیوەندیی وزە - ماددەشدا ئەم پەیوەندییە هەیە. سەیری مار بکەن، یەکێکیان بە دڕکەکانی و یەکێکی تریان بە ژەهرەکەی بەرگری لە خۆی دەکات. بەرگریی کۆمەڵگە مرۆییەکانیش سیاسەتە، ئەخلاق و یاسا هەیە. لەو شوێنەی یاسای تێدا نەبێت، سیاسەتی تێدا نەبێت، چەک دێتە ناوەوە. با بڵێین هێزێک دێت، بەبێ ناسینی یاسا، بەبێ گفتوگۆی سیاسی پەنا بۆ چەک دەبات و هەوڵی لەناوبردن دەدات، ئەوکاتە چەک دێتە ناوەوە و دەبێتە پاراستنی ڕەوا. هەر ئەمە بوو کە بە سرّی (Sırrı)، بە سرّیی نەمرم نووسیبوو. هەڤاڵێکی زیرەک و دانا بوو. ڕستەیەکم پێ نووسیبوو بەو مانایەی کە دانانی چەک پشت بە زەمینەی یاسایی و سیاسی دەبەستێت. بە دەستی خۆی نووسیبووی.
با ئەوەش ڕوون بکەمەوە کە دەستوور دەبێت چۆن بێت؛ ماددە هەستیارەکان دەتوانن وەک خۆیان بمێننەوە لە دەستووردا. بەڵام ئایا ماددەیەکی پێوە پاشکۆ دەکرێت یان بەسەر هەموویدا دابەشی دەکەیت... با خەریکی چوار ماددەی یەکەم نەبین بەڵام لە کۆتاییدا بوونێک هەیە و دەبێت ئەمە لە دەستووردا گوزارشتی لێبکرێت. یان بەسەر هەموویدا بڵاوی دەکەیتەوە یان ماددەیەکی بۆ زیاد دەکەیت. پێناسەی هاووڵاتیبوون وەسفی ئەندامێتییە لە دەوڵەتدا. یاسای بوون بە ئەندام لە کۆمار و دەوڵەتدا، پێناسەی هاووڵاتیبوونە. پرەنسیپەکە ئەمە دەبێت؛ چۆن کەسێک دەتوانێت بڵێت ئایینی من ئەمەیە، دەبێت بتوانێت بە ئازادی گوزارشت لە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات. واتە ئەگەر هێلینیش بڵێت من کوردم ئایا گوناهی کردووە؟ نابێت بە زۆرەملێی یاسایی پێت بگوترێت کوردیت یان تورک. هاووڵاتی مافی ئەوەی دەبێت بە ئازادی گوزارشت لە ئایین، ناسنامە و دۆخی کۆمەڵایەتی - ئابووریی خۆی بکات. ئازادی بکە و با هاووڵاتی خۆی ئەوەی تر بکات. هەرخۆی تورکایەتی بە زۆر ناکرێت. واتە ئایا دەتوانم بە کوردێکی خەڵکی هەکاری بڵێم بە زۆر ببە بە تورک؟ ئاوا نابێت. ساڵانێکە ژاوەژاو و مشتومڕی بێ ناوەڕۆک دەکرێت. ئەم پێناسەکردنانە تا کۆتایی شێوە بە کۆماری ئازاد و کۆماری دیموکراتیک دەدەن. لە جیاتی ئەوەی قیامەت هەڵبستێنن و بڵێن جوداخوازە، دەبێت بزانن کە تەنیا چارەسەر ئەمەیە. ئەمە بۆ سووریاش پێشنیاز دەکەم. مشتومڕ لەسەر یەکپارچەیی دەوڵەت ناکەین. بۆ شاهینیشی پێشنیاز دەکەم. بەڕاستی ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئێران و سووریاش ڕاستە. ئەگەر پێناسەی هاووڵاتیبوون بەم شێوەیە ڕاست بکرێتەوە کێشەکان کۆتاییان دێت.
بەرپرس: پەیڕەوی ناوخۆی دەبەپە (DBP) و هودا پار هەیە. هودا پار بەرگری لە کوردستان دەکات. بەڵام دەستگیر ناکرێن. بەس با چەک نەبێت. چەک کێشەیە. پێغەمبەرەکان بە بەکارهێنانی چەک نا بەڵکو بە فەتحکردنی دڵەکان خۆیان بڵاوکردەوە.
رێبەر: پێشتر گوتنی کوردیش تاوان بوو.
بەرپرس: ئەوە لە ڕابردوودا بوو. زۆر شت چاک کراوە.
هەڤاڵ عەباس: کێشە لە پێناسەی ماددەی 66دا هەیە. دەڵێت هەر کەسێک بە پەیوەندیی هاووڵاتیبوونەوە بە کۆماری تورکیاوە گرێدراو بێت، تورکە. ئەی ئەگەر هاووڵاتی نەبێت تورک نییە؟ ئایا پێش ئەوە تورکایەتی بوونی نەبوو؟
بەرپرس: ئەوەتا سەیر بکە تورکەکانیش کێشەیان هەیە.
رێبەر: پشت بەستن بە هێزی دەوڵەت سۆسیالیزم دروست ناکات. بەرگریکردن لە سۆسیالیزم بە پشتبەستن بە دەوڵەت دەمانکات بە چین. لە چین لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمدا فاشیزم و کۆیلایەتی هەیە. بە سیستەمی کۆیلایەتی خەڵک کار پێدەکات. وەک فیرعەونەکان هەڕەمەکان دروست دەکات و دەڵێت سۆسیالیزم هەیە. سۆسیالیزم بە زۆر نابێت. سەرمایەداری هەموو شتێکی ژەهراوی کردووە. ئەگەر بە دروستی ڕوون بکرێتەوە هەمووان مەترسییەکە دەزانن. سەرمایەداری زۆر ژەهراوییە. سۆسیالیزم بە زۆر نابێت. سیستەمی خۆی لە دژی سەرمایەداری دروست دەکات. سەرمایەداریش پێتدەڵێت بە زۆر مەمانکە بە سۆسیالیست.
بۆ ئەوەی ببیتە سۆسیالیستێکی باش، دەبێت تێکۆشان دژی کۆیلایەتیی ژنان بکەیتە پرەنسیپ. چارەسەر هاووڵاتیی ئازادە. چۆن یەکسان دەبیت لەگەڵ ئەو ژنەی وەک کۆیلە هێشتووتەتەوە. هەموو ڕۆژێک کوشتن و فشار... دەبێت ژن خۆی ئازاد بکات. لەبەر ئەوەی هەستیارم بەرامبەر بەم بابەتە دووبارەی دەکەمەوە، دەڵێت بە زۆر عاشقم و خەنجەرەکەی تێدەبڕێت. کوشتنی ژنێک شتێکی سامناکە. ڕێگەی لابردنی ئەمە بە دیموکراسی و ئازادیدا تێپەڕ دەبێت. ئایا کوشتنی ژنێک ئاساییە؟ سزا و مەرگ لە نێوان یەکتردا دەهێنن و دەبەن. ڕووداوەکەی نارین-تان بینی. خێزانی گوران - کە لە مەلا گورانی-یەوە هاتوون - دایک، کوڕ و مامیان کەوتنە چ بارودۆخێکەوە. لە ئامەد کۆمەڵگە لە ڕێڕەوی خۆی دەرچووە. پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون. گۆڕانکاریی کەسایەتی چەندە قورسە.
بەکارهێنانی چەک گوناهە. بچووکترین ماف و دەرفەتی دیموکراتیک بە قەد هەزار چەک دەهێنێت. دەبێت ئێوە ئەو دەرفەت و ئامرازانە بڕەخسێنن کە پەکەکە لەوە دەربهێنێت ئامرازێکی توندوتیژی بێت. دەکرێت هەماهەنگیکارێکی سیاسی لە تورکیا بدۆزرێتەوە. کەسانی زیرەک هەن. تەنانەت سەربازیش هەن. ئەوانەشی لەگەڵمان شەڕ دەکەن ئاشتییان دەوێت. ئەگەر پەرۆشی چارەسەرین، دەبێت لەبەر ئەوە بێت کە پێویستتان پێیەتی نەک لەبەر ئەوەی لاوازن. دەبێت من ئەمە بە کۆمەڵگە ڕابگەیەنم. دەبێت ئێوە دەرفەت و ئیمکانیاتی ئەمە بڕەخسێنن.
بەرپرس: چالاکی دەکرێت. هەموو شەوێک مۆلۆتۆف فڕێدەدرێت. پرسی سووریا دەکرێتە بیانوو. لە ئامەد بۆمبی دەستکرد (EYP) فڕێدرا. ئێستا پەرلەمان چۆن دەتوانێت لە بەرامبەر ئەمانەدا یاسا دەربکات. ئەم دۆخانە زۆرمان لێدەکەن.
هەڤاڵ سەبری: دەوڵەتێک کە هەوڵدەدات کێشەیەکی وا ڕیشەیی چارەسەر بکات، ئایا بیر لەمانە دەکاتەوە؟ کەمێک هاوسۆزی (ئیمپاتی) بکەن.
بەرپرس: ئێستا لەم بارەیەوە ئیمپاتی دەکەم. بۆچی مۆلۆتۆف فڕێدەدرێتە سەر پۆلیس؟ ناتوانم هۆکارێک بدۆزمەوە. بۆ پەرلەمان دەڵێم. تکایە موساڤات و ئومێد ئۆزداغ-یش لەبیر مەکەن.
رێبەر: دەبێت شێوە بەمانە بدەین. لایەنی هاندەر لە هەردوو لا هەن. ئێوە بەرپرسیارێتیم پێدەدەن. ئەگەرنا دەهۆڵەکە لەملی مندایە و کوتکەکە لەدەستی کەسێکی تر. ئاوا نابێت.
هەڤاڵ عەباس: گۆڕینی کادرێک کە بە شەڕ و چەک شێوەی گرتووە ئاسان نییە. دەڵێت گۆڕاوم بەڵام شێوازی کارکردنی دەستبەجێ دەگەڕێتەوە بۆ شێوازە کۆنەکە.
رێبەر: هەر لەبەر ئەمەیە دەڵێم نۆژەنکردنەوە (Rehabilitation). هەندێک جار دەڵێم نابێت ئەم هەڤاڵانە یەکسەر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببن و دەبێت ساڵێک سەرنج بدەینە ناوخۆمان. دەبێت دەست بەسەر ئەمانەدا بگرین. ئەمە بۆ ئەوانەش دەڵێم کە 30 ساڵە لەناو بزووتنەوەکەدان. نابێت یەکسەر بچنە ناو کۆمەڵگەوە.
هەڤاڵ عەباس: ئێمە بە تەنیا هەرگیز ناتوانین بیکەین. هێزمان بەشی ناکات. ئەمە تەنیا ڕێبەرایەتی دەتوانێت بیکەیت.
بەرپرس: دەڵێن کۆمیونی سێ کەسی دروست دەکەین.
رێبەر: دیارە دەیانەوێت ئیلهام لە من وەربگرن. ئەم شتانە دەبێت من بیانکەم. هێزیان بەشی ناکات. بیانەوێت ناتوانن بیانکەن. سەیرکە ئەگەر لە سووریا کەسێکی وەک شاهین کە پەیوەستە بە منەوە نەبێت، کارەکان زۆر خراپ دەبن. خۆشبەختانە پەیوەستە بە منەوە و لەوێیە. دەستێوەردانی من چارەنووسساز دەبێت. دیسان قسە لەگەڵ بەڕێز ئی. بکەن کە بۆچی پێویستە ڕێکخستن بکەم، بەم داتایانەش سەلمێنراوە. ڕێگەی تاڵەبانی و بارزانی کراوەیە. ناوچەیەکی گەورەی کوردیم بۆ کردنەوە. دەبێت بە خێرایی ئەمانە بە پەیوەندییەکی دیموکراتیک لە دەوری کۆماری تورکیا کۆبکەینەوە. هێزەکانی تر بۆنیان کردووە و لێیان ئاڵاون. ئەوانیش چاوەڕێی دەرفەتن. دەبێت کۆببنەوە.
بەرپرس: ئایا بارزانی و تاڵەبانی کوردن؟ ئێمە ناتوانین کۆمارە تورکییەکان کۆبکەینەوە. لە دژی زوڵمی سەدام کۆنەبوونەتەوە، ئێمە چۆن کۆیان بکەینەوە؟
رێبەر: من هەر لەبەر ئەمەیە دەڵێم دیموکراتیزەکردنی کۆمار. دەبێتە هاووڵاتیی کۆماری دیموکراتیک. پێناسەی هاووڵاتیبوون، پەیوەندیی بە هاووڵاتیبوونی ئازادەوە هەیە. یەکەمین پەڕتووک کە مستەفا کەمال نووسیویەتی "هۆشیاریی هاووڵاتیبوون"ە. بە خۆڕایی ئەمە نانووسێت. شتی سەیر و سەمەرەیان دروست کردووە. یاخیبوونی من لە دژی ئەم سەیر و سەمەرانەیە.
بەرپرس: لە پرۆسەی 28ی شوباتدا من هیچ قوربانییەکم نەدا بەڵام گوتیان شەریعەت دێت و ژووری قەناعەت پێکردنیان بۆ ژنانی باڵاپۆش دروست کرد. بەڵام سەیرکەن وا دەرنەچوو. لەچک قەدەغە بوو لە تورکیا بەڵام ئێستا وەزیری باڵاپۆشمان هەیە. هاوکارمان هەیە. لەوانەیە 10 ساڵی تر باسی ئەم شتانە نەکەین کە ئێستا قسەی لەسەر دەکەین. بەڵام منداڵەکانمان دەیبینن. کاتێک پێناسەی ڕەگەز بۆ منداڵەکەم دەکەم تێناگات، دەڵێت چ جیاوازییەکی هەیە. بەرەو جیهانێکی وا دەڕۆین. لە ڕاستیدا دەبێت ئاوا چاکی بکەین.
رێبەر: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی مەزهەبەکانەوە کۆمەڵکوژییەکی سامناک لە ئارادایە. کۆماری دیموکراتیک بەرفراوانترین چوارچێوەی بۆ ئەمە کێشاوە. بۆ هەمووان بەسە. سۆسیالیستەکان لایەنگری دەوڵەتۆکەی بچووکن. چارەسەر لەوەدا دەبینن کە هەرکەسێک دەوڵەتی خۆی دروست بکات. پرەنسیپێکی وا بوونی نییە. لای ستالین 4 چارەسەر هەیە. ئێمە یەکێکیانمان وەرگرت و وەک پرەنسیپی ڕەها دیاریمان کرد. ئەویش نەتەوەی دیموکراتیکە. یەکەم: کەس بە زۆر ناکاتە نەتەوە. دووەم: دەست بۆ سنوورەکان نابات. سێیەم: سیستەمی کۆمەڵایەتی-ئابووریی خۆی هەڵدەبژێرێت. گوتمان ئەگەر دەوڵەت دروست نەکەین ناتوانین ببینە سۆسیالیست. هەڵەمان ئەوە بوو. بۆ دروستکردنی دەوڵەت پێویست بە شەڕ دەکات و بۆ ئەوەش دەبێت شتی زۆر سامناک بکرێت.
هەڤاڵ عەباس: سەرۆکم، لەم ڕووەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە عەقڵیەتماندا ڕوویداوە.
رێبەر: ئەوەی تر دەبێتە سۆسیالیزمی فیرعەونی. چین و ئەوانی تریش ناتوانن لەسەر پێ بمێننەوە. سیاسەتی دانیشتووان، کەشوهەوا، ئیکۆلۆژی کێشەیەکی جدییە. ژێر زەوی و سەر زەوییان نەهێشت. جیهان دەکەنە زبڵدانێک. چەوساندنەوە بە مەبەستی قازانج ژیان بۆ نەوەکانی داهاتوو ناهێڵێتەوە. جیهان دەگۆڕن بۆ زبڵدان. گەردوون دەکەنە زبڵدانی مانگە دەستکردەکان. سەیری ئەم ئاوی شاشال-ە (بوتڵی ئاو) بکە. تێچووی پلاستیکەکە دوو هێندەی ئاوەکەیە. بەڵام ئاوا قازانج دەکەن. لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆرییەک ببەستن بە هەر یەکێکمانەوە و ئەوانەی لەو بۆرییەوە هەناسە نەدەن نەتوانن بژین. بۆرییەکی لکێنراو بە هەر یەکێکمانەوە. لەبەر ئەوەیە سۆسیالیزم پێویستە. هێلین ژنێکی سۆسیالیستی تەواوی تورکە لەسەر تا پێی. 25 ساڵە ئاوا خۆڕاگر بووە.
هێلین: بە سایەی ئێوەوە سەرۆکم.
رێبەر: نەخێر، بەدڵنیاییەوە بەرگەی ژیانی ئێوە ناگرم. هەروەها مەحاڵە وەک هەڤاڵ دوران بەرگە بگرم.
هێلین: بە وەرگرتنی هێز لە ئێوەوە ژیاین سەرۆکم.
رێبەر: دەبێت بەزەییت بە خۆتدا بێتەوە دوران. سۆسیالیستەکان تەسک و دۆگماتیک نابن. لە جێبەجێکردنی سۆسیالیزمدا کێشە هەیە.
بەرپرس: سۆسیالیستەکان لە کوێن؟ ئایدیاڵترینەکان لە کوێی جیهاندان؟ پێم سەیرە.
رێبەر: ئێستا پێت وایە سۆسیالیزم بەتاڵە وایە؟
بەرپرس: نەخێر تەنیا پێم سەیرە.
هێلین: ئەگەر مەبەستتان لە تورکیایە، ئێمە هەین. واتە ئیدیعای نوێنەرایەتیکردنی سۆسیالیزم دەکەین.
رێبەر: لە ڕووسیاوە بیگرە تا وڵاتانی تر کەڵەکەبوونی ناوەکی هەیە. ئەگەر ئەمانە بتەقنەوە و بڵاوببنەوە تەنانەت لە تورکیاش ملیۆنان کەس دەمرن. لەبەر ئەمەیە دەڵێم سۆسیالیزم پێویستە. دەزانین جیهان بەرەو کوێ دەڕوات. کاتێک کۆتایی مرۆڤایەتی هات ناڵێن سۆسیالیستەکان لە کوێن. من بژاردەی دیموکراتیک وەک مەرجێکی بنەڕەتیی کۆمار دەبینم. دەماری سۆسیالیستی بە تورکیا دەبەخشین. بە ئاگاییەوە هەڵیدەبژێرم. هیچ شتێک بەقەد ژنی ئازاد بەهادار نابێت بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە لێتان هەڵدێم.
هێلین: سەرۆکم، کاتێک لەگەڵتان بووین لەگەڵ ئێمەشدا تێکۆشانتان دەکرد.
رێبەر: سامناکییەکە دەبینیت وایە؟ چۆن هەموو ڕۆژێک بە لێدانی پیاوێکەوە دەژیت؟ ئەگەر پیاوێک زاڵ بوو ناتوانیت 24 کاتژمێر بژیت. بێ ڕێزییەکی ترسناک بەرامبەر بە ژنان هەیە. جاران ڕێز هەبوو. لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەداریدا ئەوەش نەما. پەڕتووکی "کوشتنی پیاو"م لە ساڵی 95دا نووسی. ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە پەڕتووکی "کوشتنی لەشفرۆش" بنووسم. دەبێت لەبارەی ژنی کەوتوو و لاوازکراویشەوە بنووسین. ورددەبمەوە و تەنیا خەمی من ئەوەیە چۆن دەژین.
هێلین: لە تورکیا سەرهەڵدانی کۆمۆنالیزمی ژنان زۆر پێویستە. لە تورکیا ڕەگەزپەرستییەکی سامناک هەیە.
بەرپرس: پێشنیازێکم هەیە. با دەم-ییەکان (DEM) پێشنیازەیاسایەک پێشکەش بکەن. دەردەکەوێت کە ژنان زیاتر لە پیاوان دەکوژن.
هێلین: شتی وا نووسراون. بەڵام ڕاست نین. نابێت ئاوا مشتومڕی لەسەر بکرێت.
رێبەر: بابەتی هاوسەرگیریی پیرۆز هەیە دەزانن. لە داستانی گلگامێشدا باسی دەکەم. سەرەتا لەگەڵ خوداوەند هاوسەرگیری دەکات و لە پەرستگاکەدا جێگیر دەبێت. بەڵام دواتر خوداوەند دەیکوژێت. پێی دەڵێت بەهاکانی ئێنکی-ت لێ دەسەنمەوە بۆ (104 Me). لە کولتووری ئینانادا، ئەوەی کە ئەو پیاوەی هاوسەرگیریی پیرۆز دەکات، ڕۆژی دواتر دەکرێتە قوربانی، نیشانی دەدات کە سازش لە ئازادیی ژن نەکراوە. بە ئاسانی وازی لێ نەهێنراوە. لە داستانی ئینوما ئەلیشدا ئیتر ژن دابەش بووە بەسەر 40 پارچەدا. سۆمەرییەکان کۆمەڵگەیەکی سەیرن. کاتێک دەگاتە کۆمەڵگەی بابل، ژن کۆتایی هاتووە. بەڵام لە ئورووک ژن هێشتا خاوەن دەسەڵاتە. بەرگری لە بەرامبەر یاساکانی حامورابی دەکات. لە ڕەوشی تایبەت و گشتیدا، ئەمڕۆش ژن هەر لەناو ئەو دۆڕانەدا دەژی. کاتێک پیاو دەسەڵات دەگرێتە دەست، پەرستگا دەکاتە لەشفرۆشخانە. ناوەکەی چی بوو؟ موساکادیم. ئەم دۆخی کەوتنە ئێوەی هێنایە ئەم سەردەمە.
هێلین: گلگامێش کاتێک بەدوای ئینانادا ڕادەکات، سووکایەتیی پێدەکات. سەرەتا تێنەگەیشتم. بۆچی سووکایەتی بە خوداوەند دەکات.
رێبەر: هەر ئەوەیە، ململانێی دەسەڵاتە. 30 هەزار ساڵ ئەم کولتوورە دروست دەبێت. لە یانەی ڕاوچییەکاندا، پیاوی ڕاوچی باڵادەستیی چەک دەگرێتە دەست. بە چەکی ئۆبزیدیان هێرشێکی سامناک دەکات. کاتێک پیاوی ڕاوچی باڵادەستیی چەک دەگرێتە دەست، ژن سەدا سەد دەکاتە موڵکی خۆی. لەو مێژووەوە ژن دۆڕاوە. پیاوی ڕاوچی بە باڵادەستیی چەکەوە دەچێتە سەرداگرتن. باڵادەستیی چەکی ئەمریکاش هەر وایە. وەک ترەمپ. دەبینن پیاوێکی تەواو و کەسێک چۆن قسە دەکات. دەڵێت هێز لای منە. بەڵگەنامەکانی ئیپستین بەردەوامن. ئەو دۆخە لەو مێژووەوە تا ئێستا بەردەوامە. ژن لە گرێ سپی (گۆبەکلی تەپە) سەدا سەد دەکرێتە موڵک.
هێلین: دوای ئەوە شۆڕشێکی نیۆلۆتیک ڕوودەدات.
رێبەر: ئەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە. نیۆلۆتیک پەیوەندیی بە کۆیلەکردنەوە هەیە. نوێنەرایەتیی پیاوی باڵادەست دەکات.
هێلین: لە گۆبەکلی تەپە هێماکانی زۆر بەربڵاون. لەم قۆناغەشدا فیگوری ژنە خوداوەندەکان هەیە.
رێبەر: شۆڕش لە هەموو شوێنێک بە هەمان خێرایی نییە. کولتووری کاهینی باڵادەست لە گۆبەکلی تەپەوە تا تراکیا بەربڵاوە. کولتووری دایکسالاری و خوداوەند سەردەمێک بوو. زمان و کولتووری خوڵقاند. ناونانی ڕووەکەکانی داهێنا. تەقینەوەی نیۆلۆتیک بە کۆیلەکردنی ژن دەست پێدەکات. لە پشت کوشتنی ژنەوە ئەمە هەیە. بە تێگەیشتنی نامووسەوە مامەڵە لەگەڵ ژن دەکرێت. تەنانەت ئێستاش لە ئورفا ژن دەبێت هی پیاوێک بێت. هەرچی بکەم دەیکەم چونکە ژنەکە هی منە. مافی کوشتنیم هەیە. ئەوەتا ژنی ملکەچکراو. ئەمە شتێکی بۆماوەیی و جەستەیی نییە، بەڵکو کولتوورێکە.
هەڤاڵ عەباس: ئایا لە چاخی نیۆلۆتیکدا قۆناغێکی تێکۆشانی بێ پچڕان هەیە؟
رێبەر: ئێستا لە ئورفا بەردی چەند تۆنی چەقێنراون. بۆ دروستکردنی ئەمانە پێویست بە ژمارەیەکی زۆر کۆیلە هەیە. بەبێ کۆیلە ئەوانە دروست ناکرێن. تەنانەت ئەمەش وا دەکات بابەتەکە تێگەیشتنی بۆ بکرێت. ئەوەی پێی دەڵێین پیاوەتی کولتوورییە. وەک قسەکەی سیمۆن دی بۆڤوار. 'ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن.' منیش دەڵێم 'سۆسیالیست لەدایک نابێت، دەبێت بە سۆسیالیست'. بە گوتنی بووین بە ژنی ئازاد، کەس نابێت بە ئازاد. ڕەگەزی مێ چۆن ڕزگاری دەبێت. لە تورکیا کولتووری ماکیاژ هەیە.
هێلین: تێڕوانینم بۆ پیاوان وایە. وەک باڵۆنی زۆر فووتێکراون.
رێبەر: ئەوەتا کەسایەتیی باڵۆن. ئەگەر باڵۆنەکە بتەقێننەوە هیچمان لێ نامێنێتەوە، هەڤاڵ عەباس بوو وایە؟ ئاوای گوتبوو.
رێبەر: ژن بەبێ ئەخلاق (ئیتیک) ناتوانێت بژی. ئەخلاق بە پرەنسیپەوە دەردەکەوێت. یەکەمین وشەکان لەلایەن ژنەوە داهێنراون. پەیوەندیی بە پاراستنی منداڵەوە هەیە. بە ناچاری ژن بناغەی مرۆڤایەتی دادەنێت. زەینییەتێک پەرەپێدەدات. پیاوی چەکدار دەردەکەوێت. وەک ترەمپ زوڕنای لێدەدات، بە چەکی ئۆبزیدیان ئاژەڵ و مرۆڤ دەکوژێت. قۆرخکارییان دروست کردووە. پیاوی ڕاوچی لە ژنەکە دەدات. منداڵەکانی خاڵ بێکاریگەر دەکرێن. قۆرخکارییەکی ڕەها دروست دەکرێت. بکوژی کاستیک دەڵێت ئێمە هەموو شتێکمان دروست کرد. سەیری سۆمەرییەکان بکە، سەیری هەڕەمەکان بکە. پاشاکان لە هەمان کاتدا خودان. گۆڕی پاشا هەڵدەدرێتەوە سەدان کەس بە زیندوویی لەگەڵیدا نێژراون. بە عەرەبانە و کەلوپەلەکانییەوە. دیسان لە هیندستان کە مێردەکەی دەمرێت، بە زیندوویی لەگەڵ تەرمی مێردەکەی دەسوتێنرێت. کولتووری ساتی-یە. ژن قەناعەتی بەمە هێناوە. لەگەڵ هەر پیاوێک کە دەمرێت خزمەتکارەکانیشی بە زیندوویی دەنێژرێن. بۆ ئەو ژنەی خراوەتە ئەم دۆخەوە، ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە کۆیلایەتی چەندە قووڵە.
بەبێ درێژدادڕی دەمەوێت بڵێم، زۆر خەریکی ژنان بووم. هێلین لەبیرییەتی. ماوەیەکی زۆر کارم کرد. لەگەڵ ژنانی گەنج کارم کرد. بۆ من هۆکاری ئازایەتییە. سەبارەت بە من گوتیان حەرەمسەرای دروست کردووە. لێرەدا پێم باشە بڵێم هەڤاڵ دوران لە چاپەمەنیی تورکیادا نووسینی خراپ سەبارەت بە تۆ نووسرا. سولەیمان سۆیلو هەڵسەنگاندنی قورسی کرد. ویستم بیرت بخەمەوە. دەبێت ئاگادار بیت. دەیگوت بۆ تۆش حەرەمسەرای هەیە.
هێلین: سەرۆکم زۆر هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ئێوە لەسەر ژنان کرا. زۆر هەوڵیان دا چەواشەکاری بکەن.
رێبەر: ئاوا دەبێت ئاگادار بن. ئەگەر ئاگادار نەبن مامەڵەی جیاواز سەرهەڵدەدات. بەڵام من لەو بارەیەوە پێداگرم. ئەو کارە بە پەرەپێدانی کولتووری پێویست دەکرێت. دەبێت ڕێسای ئەخلاقی دابنرێت. نابێت پیاو بە هێزی زۆرەملێ ژن بەدەست بهێنێت. هەرخۆی چەمکی بەدەستهێنان کێشەدارە. تەنیا کاڵا دەکرێت بەدەست بهێنرێت. گوتم شاژنی کاڵاکان بەڵام ژن دەتوانێت ببێتە شاژنی هەم کۆمەڵگە و هەم کاڵاکان. نابێت دووڕوو بین. ناڵێم عەشق نابێت. نامەوێت بە هەڵە تێمبگەن. موڵک و ماڵ و پارە دابەش دەکەن. ئەی چی لە ژن دەکەن؟ دۆخی ژنیش دیارە. بەبێ ئازادکردنی ژن چۆن دەبێت؟ لەسەر ئەم بنەمایە سڵاوم پێبگەیەنن.
هێلین: ئێوارەی 9ی تشرینی یەکەم یەکێک لەوانەی بەڕێی کردیت من بووم. بە منتان گوت بانگت دەکەم. هەڤاڵ ژیندا ماردین هەبوو. هێشتا ماوە. کچە مێژوونووسەکە.
رێبەر: واتە ئەم گەڕانە هێشتا بەردەوامە. ئیرادەی ژنی ئازاد هەیە کە فێمێنیزم تێدەپەڕێنێت. بە ئیرادەی خۆتان خۆتان پێبگەیەنن. کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی کۆن پێویستە نوێ بکرێتەوە. دەبێت کولتووری دایکە خوداوەندی خۆتان پەرەپێبدەن. ڕەهەند وەرگرتنی شەڕەکان پەیوەندیی بە کۆیلەکردنی ژنەوە هەیە. ڕێگەی نەهێشتنی توندوتیژی پەیوەستە بەمەوە. ئەخلاقی ئەوەیە کە ژنێک بە هێزی زۆرەملێ بەدەست ناهێنرێت. بەڵام دەبێت ژنێکیش تێبگات کە بەهادارە. گوتم شاژنی کاڵاکان، دەکرێت پێچەوانەکەشی بێت. دەکرێت ببێتە شاژن و خوداوەندی مرۆڤەکان. واتە خودا نا، بەڵکو خوداوەند (مێ). پاشا نا، شاژن.
هێلین: لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی توێژینەوە هەیە.
رێبەر: ناڵێم ژن خۆشەویست نییە. باس لە بەرجەستەبوونی پرەنسیپێک دەکەم. لەگەڵ ژن بە دروستی دەژیام، هەمووان بە شێت تێمدەگەن بەڵام باش بوو وام کرد. سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی ژن "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە دەیڵێین. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاوم پێبگەیەنن...
رێبەر: 27 ساڵە ئارامم گرتووە. بۆیە بە توندی هەڵسەنگاندن دەکەم. بەڵام هاوڕام.
بەرپرس: ئەگەر پرۆسەکە کۆبکرێتەوە، تەرکیز دەخەینە سەر شۆڕشگێڕیی پۆزەتیڤ.
رێبەر: شۆڕشی پۆزەتیڤ، هێندەی ئەوەی ڕووخێنەرە دەبێت بنیاتنەریش بێت. دەبێت جێگرەوەکەی بخرێتەڕوو. ئەوەی تر بە واتای مانەوە لە دواوەی ئەنارکیزمیش دێت. کە دەگوترێت چەپی تورک، ڕووخاندن دێتە خەیاڵ.
رێبەر: با هەڤاڵان پشوو بدەن. دەموچاویان بشۆن. کەمێک پرسیار بکەن. بە تاکلایەنە باسم کرد، ئیتر بە پرسیار دەوڵەمەندی بکەن. هەروەها ئەمە دووەمین کۆنفرانسە لە ئیمراڵی. بۆ مانیفێستۆش کۆنفرانسمان کردبوو. بۆ ئامادەکاریش ئەم کۆنفرانسە بچووکە دەکەین. ئەمە مینی کۆنفرانسێکە و بەشداریی دەبێت لە داڕشتنەوەدا. بیروڕاکانتان دەخەنەڕوو.
رێبەر: ئایا هەڤاڵان د و ت هیچ شتێکیان هەیە بۆ گواستنەوە سەبارەت بە سووریا، بە کورتی؟
د: کۆبوونەوەیەکمان لە قامیشلۆ کرد. ئەرێنی بوو. ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. لە ڕاگەیاندنیشدا بڵاوبووەوە. دواتر دەمانەوێت ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بکەین.
ت: بە کورتی دەکرێت ئەمە بگوترێت. ئەرێنی بوو. پێش هاتن بۆ کۆبوونەوەکە هەردوو لا لەگەڵ شام قسەیان کردبوو. ئەو ڕێککەوتنەی واژۆ کرا گونجاو بوو لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی ئێوە کێشاتان. فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، دەروازەی نسێبین دەکرێنەوە. گەڕانەوە بۆ عەفرین و سەرێکانی دەبێت. نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا هاتنە پێشەوە. بەتایبەتی سەبارەت بە ئامانۆس نیگەرانییان دەربڕی. بەڵام ڕێککەوتنەکە نزیک بوو لە چوارچێوەکەی ئێوەوە.
رێبەر: کە هاتن هەندێک پرەنسیپی بنەڕەتی هەن. دوو پرەنسیپی بنەڕەتی گرنگن. پێشنیازی ماددەکانیشم کردبوو کە لە کاتی داڕشتنی دەستووردا بە بنەما بگیرێن.
ت: ئەو شاندەی بە ناوی تورکیاوە هات، سەبارەت بە پێشنیازەکانت ئەم بیرۆکەیەی خستەڕوو: با هەسەدە لە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووردا جێگەی هەبێت.
رێبەر: بێگومان ئەمە گرنگە. نیوەی کارمەندانی نەوت دەبێت لە ناوەند بن و نیوەکەی تریان خەڵکی ناوچەکە بن. یەکدەگرن. دەسەڵاتی ناوەندی هێز لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی دابەش دەکات. دەبێت سەدا 50 بە سەدا 50 بێت. بەم شێوەیە کێشەی هاوسەرۆکایەتیش تا ئاستێک قەرەبوو دەکرێتەوە. هەم ناوەند بەسەر خۆجێیدا زاڵ دەبێت، هەم خۆجێی بوونی خۆی دەسەلمێنێت. هەردووکیان یەکتر کۆنترۆڵ دەکەن. ئەورووپا تا ڕادەیەک ئەمەی تێپەڕاندووە. باشترینیان ئەوەیە کە دەسەڵاتی خۆجێی هێزی ناوەند هاوسەنگ بکات. دەبێت ئەمە زیاتر بێت لە لەسەدا پەنجا.
هەڤاڵ عەباس: بابەتی دەرکردنی ئەو کادرانەی لە سووریان و خەڵکی ڕۆژئاوا نین هاتووەتە ڕۆژەڤەوە. بەڵام بە بڕوای ئێمە نابێت وا بێت کە هەموویان دەربکرێن. نەخۆش، بەتەمەن و کەمئەندامان هەن. ئەمانە چۆن لەوێ دەربکەین و بیانبەینە شاخ؟ دەبێت سەیری ئەمانە بکرێت.
رێبەر: هەرخۆی ئاوا نابێت. ئەوانەی لە ئاستی فەرماندەییدان دێن بۆ لای ئێوە. ئەوانی تر دەبێت لەوێ بمێننەوە.
ئێمە بەم خێراییە کارکردنمان لەگەڵ هەڤاڵ خەیری دەست پێکرد. تا ئەمڕۆ بچووکترین لادان لەم خێراییە نەبووە. ئەم مێزە بەرهەمی 27 ساڵ ئارامگرییە. سێدارەمان لابرد و ئەم مێزەمان دانا. بۆ یەکەم جار توانیمان ئەمە بکەین. لە 84دا لەسێدارەدانەکانمان وەستاند. ئێستا مێزەکەمان داناوە. ئەمە نیوەی کارەکەیە. لە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی کورددا هەمیشە سێدارە هەبووە.
واتای ئەمڕۆی مێژوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تێدەگەین. دەبێت قەدری بزانین. ئەوەی لە هەمووان نزیکتر لێمانەوە قسە دەکات ئەم دامەزراوەیەیە. ئەم بەڵگەنامانە ببەن و ئێوارە بیانخوێننەوە. تەنانەت تێبینییان لەسەر بنووسن. بە بڕوای من ئیتر با نوسخەیەک لەمانەش لەگەڵ خۆیان ببەن.
بەرپرس: با ئەمشەو وەریبگرن، سبەینێ لێیان دەسەنینەوە. ئەو دەسەڵاتەمان نییە.
بە درێژایی شەو، لەو بەڵگەنامانەی درابوون، بەشێکی بەڵگەنامەی یەکگرتن و تێبینیی دیکەی نووسراو هەبوون کە خوێندرانەوە و تێبینیی پێویست وەرگیران.

بەشی یەکەم
بەشی سییەم
سەرچاوە:

https://rasti.tv/ocalan-2.html

سەرنجی کوردستانپۆست: کۆمەڵێک لە شوێنکەوتووە چەپەکانی پارادایم  وەکو جنێو بە ئێمە دەڵین قەومچییەکانی کوردستانپۆست
ئێمەش ئەم ڤدیۆیەیان پێشکەش دەکەین:

کوردبوون و کوردایەتی چییە؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست