<

نهێنییەکانی دیداری ئۆجەلان و شاندی قەندیل ئاشکرا بوون (بەشی یەکەم)

02/09/2026, 18:28 (GMT+1)
تێبینی: کوردستانپۆست بەبێ سانسۆر ئەو دیدار و قسانەی  کراوە وەکو خۆی بڵاودەکاتەوە، تەنها سەرنجێک بۆ خوێنەرەکانمان ئەوەیە، کە دوای خوێندنەوە بزانن، ئەو قسە و راوبۆچووانە لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی میتی تورکدا بەڕیوەچووە، ئەگەر لە بەرژەوەندی تورکیا نەبێت، هەرگیز رێگای پێنەدەردا زانیارییەکان دزە بکەنە دەرێ، ئێمە وەک ئەمانەتێکی مێژوویی بڵاوی دەکەینەوە.
-------------------------------
نهێنییەکانی ئەو دیدارەی، کە دەوترێت لە 1-2ی شوباتی 2026 لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرپرسانی دەوڵەت و شاندی قەندیل بەڕێوەچووە، لە سێ بەشدا پێشکەشتان دەکەین. بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، لەم دیدارەدا کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەرپرسانی باڵای پەکەکە وەک (هێلین ئومیت)، (دوران کالکان)،(سەبری ئۆک) و (ڕاپەڕین) بەشدارن. تێبینییەکان لە سێ بەشدا و بەبێ دەستکاریی هیچ پیتێکی، وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە.
دیداری ڕێکەوتی 1-2ی شوبات
رێبەر: بەخێربێن. با سڵاوکردنەکە بەم شێوەیە بێت. دەزانن کە بابا ئیسحاق و بابا ئیلیاس هەن. کاتێک سەیری پێگەی هەردووکتان دەکەم لە مێژووی پەکەکەدا، ئەمە زۆر لەگەڵ ئێوەدا دەگونجێت. لێکۆڵینەوەم لە ڕاپەڕینی بابا ئیسحاق کرد. سەبری لەوێیە. عەباس منداڵی تورکمانە و پیاوی ئەو نەریتەیە. ئەوانیش پیاوانی ئەو سەردەمە بوون. کاتێک سۆسیۆلۆژیای مێژوویی پەرەپێدەدەم، دەگەڕێمەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی و بیر دەکەمەوە بزانم لە سەردەمی ئەمڕۆماندا لە کێ دەچێت. هەموو ڕابردوو دەڕژێتە ناو ئێستاوە. پێشتر وتبووم مێژوو لە ئێستاماندا شاراوەیە و ئێمەش لە سەرەتای مێژوودا شاراوەین.
ئێوە زۆر لەمێژە مردوون. لە تەلەکۆنفڕانسەکەدا بە سەبریم وت نە دەزانن بژین و نە دەزانن شەڕ بکەن. ڕەخنەی قورسم دەبێت. ڕەخنەگرتن لە مردووەکان تا چەند ڕاستە؟ ئەمە لە ڕووی فەلسەفییەوە دەڵێم.
ڕاپەڕینی بابا ئیسحاق لە هێڵی سەمسوور (ئادیامان) و ئاماسیا دوایین ڕاپەڕینی تورکمانەکان بوو. لە کرشەهیر کۆتایی هات و وەک دەزانن سەرکوت کرا. سەری بابا ئیلیاسیان بە قەڵای ئاماسیاوە هەڵواسی. سەلجوقییەکان ئەمەیان کرد. ئەو 500 تا 1000 سوارچاکی فرەنگیی لەگەڵیاندا بوون دوایین گورزی کوشندەیان وەشاند. ئەوانە سەربازی بەکرێگیراو بوون. ئەوانە بوون کە سەلجوقییەکانیان ڕزگار کرد. ڕاپەڕینێکی کۆتایییە. پەیوەندی ئەم ڕووداوە مێژووییە بە ئێوەوە چییە؟ هەمان شێوازی پەکەکەی هەیە. دەتوانن ڕەتی بکەنەوە. نازانم ڕەخنەگرتن لەوانەی هەموو شتێکیان لە ڕاپەڕیندا لەدەستداوە تا چەند ڕاستە. بەراوردێکی مێژوویم کرد. کاتێک 40 ساڵی پەکەکە دەخەمە ژێر ڕەخنەوە، ئێوەش دەتوانن ڕەخنە بگرن، دەتوانن بەرگری لە خۆتان بکەن. هەندێک ڕەخنەم هەیە، با بە لێکتێگەیشتنەوە وەریبگرن. با بەم شێوەیە سڵاو لە هەردووکاتان بکەم.
یادەوەریەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ هێلین ئومید
سەبارەت بە هێلین، دوو یادگارییم لە مێشکدا ماوەتەوە. نازانم خۆی بیری دێت یان نا. لە شام ماڵێکی وەک ڤێللامان هەبوو. ماڵەکەی دەشتاییەکە. مەلەوانگەیەکی هەبوو. ئاوی مەلەوانگەکە خەریک بوو بەتەواوی وشک دەبوو. ئاوێکی کەم مابوو. وتم با بێین مەلە بکەین. بەڵام تۆ نیگایەکت کرد کە بێمانایی ئەو کارەی دەردەخست.
هێلین: بیرم دێت سەرۆک. هەوڵم داوە تێیبگەم.
رێبەر: ئێوە منتان ئاگادار کردەوە. پرسیتان ئایا لەم ئاوە کەمەدا مەلە دەکرێت؟ بێگومان داواکارییەکەی من بۆ ئێوە بێمانا بوو. ئەم هەڵوێستەت مانادار بوو. یادگاریی دووەم ئەوە بوو کە یاری بالەمان دەکرد. ئەو کاتە تۆپەکەم دەگرت و ئاوا فڕێم دەدا. ئەمە بێ‌یاسایی بوو. من هێشتا لێرەش کاتێک لەگەڵ هەڤاڵان یاری تۆپ دەکەم هەمان شت دەکەم. لە ڕاستیدا ئەوەی من فێڵ بوو. بەڵام هێلین پابەند بوو بە یاساکانەوە. باش یاریی دەکرد. خەڵکی کاستامۆنوی وانییە؟ کوێی کاستامۆنو؟
هێلین: بەڵێ سەرۆک، کاستامۆنو، تاشکۆپرو.
رێبەر: خزمتان لەوێ هەیە؟
هێلین: بەڵێ خاڵەکانم لەوێن.
رێبەر: من ئەو کاتە وتم ئەم کچە تورکە ڕێک‌وپێکە بۆچی هاتووەتە لای ئێمە. بێمتمانەیی نەبوو، بەڵام بیرم لەوە نەکردەوە کە ئاخۆ دزەکردنە ناوەوەیە یان نا. بەڵام لەم بابەتەدا بێمتمانەییم نەبوو. بەڕێز (ح.) پێشتر وتبووی. کە بە گومان بم لێت. من مرۆڤێکی کەمێک گومانکارم. بەڵام هیچ کەسێک بە گومانەوە تۆمەتبار ناکەم. هێشتا بیر دەکەمەوە ئایا کەسیرە دزەی کردبوو،  یان ڕۆشنبیرێکی چەپ بوو. باوکی هێندە لەگەڵ دەوڵەت تێکەڵ بوو کە لەگەڵ مستەفا کەمال و ئینۆنۆ نامەگۆڕینەوەی هەبوو. لەگەڵیدا  و پێکەوە وەک لایەنێکی سیاسیشی پێکەوە بوونمان هەبوو، من ناچمە ناو وردەکارییەوە. خۆشم دەویست و هەستیشی تێدا بوو. ئێمە بەو شێوەیە سەیر ناکەین کە باوکی ئاوا بووە یان ئاوا نەبووە. بۆ هێلینیش کاتێک وا ڕێک‌وپێک هات، بیرم کردەوە ئایا وایە. دواتر بیستم کە هێشتا دەژی، کچە تورکەکە هێلین. چەند ساڵە لە چیاکانیت؟
هێلین: ساڵی 95 پەیوەندیم کرد. لە 2001ەوە لە چیاکانم. من لە لای ئێوە گەورە بووم سەرۆک.
رێبەر: ئەوەتا کچێکی تورک. لێرە لە بەرامبەرمانە. کچێکی تورک لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە ڕیزەکانماندایە و لە بەرامبەرتاندایە. (ڕوو دەکاتە بەرپرسەکان) فەرموون دەتوانن چەندەتان دەوێت قسە بکەن. وەک دەزانن دایکیشم ژنێکی تورکمان بوو. نەنکم بە کوردی دەیگوت:(یا لاوێ تە بێنامووس دەرکەت) واتە(کوڕە تۆ بێنامووس دەرچوویت). ئەمە گرنگ بوو. ئەم ڕووداوەم بۆ باخچەلیش نووسی، کە ئەگەر چەمکی نامووس هەبێت دەبێت کۆمەڵایەتی بێت. لە ڕاستیدا نەنکم بەو قسەیە منی کرد بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی. ئەو قسەیەی ئەو بۆ من دەریخست، کە یەکەمین شت وای لێکردم هەست بەوە بکەم دەبێت بە دڵنیاییەوە بە نامووسەوە بژیم، هەر ئەم هەڵوێستەی ئەو بوو. بەو قسەیە ئاڕاستەی کردم. کاتێک وتی بێنامووس، وەک ئەوەی ئاوی کوڵاو بکرێت بە سەرمدا. من ئەمەم لە ناو فڕۆکەکەشدا هەوڵدا باسی بکەم، بەڵام دواتر شێواندیان. لەگەڵ حەسەن بیندال کە هاوڕێی منداڵیم و لە بنەماڵەی بەرامبەر بوو پەیوەندیم دروست کرد. زۆرم خۆشدەویست. لە بیقاع لە جێگەی من کوژرا. ژیانی خۆی لە پێناو مندا بەخشی. لە منداڵیدا پێکەوە گوڵەبەهارەمان دەچنی. هاتنی هێلین بۆ ئێرە لەم ڕووەوە گرنگە. 25 ساڵە لە چیادایە. باشە ئەی ئێوە خەڵکی کوێن؟ دیارە تۆ کوردیت؟
هەڤاڵ ڕاپەڕین: من خەڵکی دەرسیمم سەرۆک.
رێبەر: بێگومان نامەوێت جیاکاری بکەم. هێلین هیچ تایبەتمەندییەکی نەرێنی نییە، کە بۆ خۆی دەریبهێنێت. لە سەرتاپایەوە لە بارودۆخێکی وەهادایە. کەسایەتییەکی حەقیقەتە. بۆ من لایەنێک هەمیشە دەڵێن دوژمنی ژمارە یەکی تورکە. بەڵام کچێکی تورک کە بەدوای مندا هاتووەتە شاخ، لە بەرامبەرمە. عەباسیش لە کۆتاییدا منداڵێکی تورکمانە. تورکمانبوون هەیە، وانییە؟
هەڤاڵ عەباس: کەمێک قەوقازیشی تێدایە، بەڵام ڕاستە تورکمانم.
رێبەر: تۆ لە بابا ئیلیاس دەچیت، ئەگەر ڕیشت هەبێت تەواو لەو دەچیت. لێرە باسی پەیوەندییەکانی تورک-کورد دەکەین. ئێمە پێشتر هاوپەیمانی تورک-کوردمان پێکهێناوە. حەقی قەرار، کەمال پیر و کەسانی تریش هەن. جاندا هەبوو، کەسانی زۆر هەن کە لەبیریان ناکەم.
هێلین: ئۆزگوریش هەبوو...
نوێنەری قەندیل: ئێمە هەرگیز دەستبەرداری پەیوەندی کورد و تورک نەبوین
رێبەر: ئێمە ئەم کێشەیەمان لە ناو خۆماندا لەگەڵ ئێوە چارەسەر کردووە. نووسینەکانتم کەمێک خوێندەوە. ئێمە ئەم کێشە چارەسەرکراوە دەگوازینەوە بۆ دەرەوەی خۆمان. بەپێی وەسیەتەکەی حەقی قەرار گەیاندمانە ئەمڕۆ. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری پەیوەندی کورد-تورک نەبووین. هی ئێمە بزووتنەوەیەکی ڕاپەڕین بوو. ویستمان بیگۆڕین بۆ شەڕێکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. بە وتەی دەمیرەل گەورەترین ڕاپەڕینە. دەڵێن دوایین ڕاپەڕینی کوردە. هەڤاڵ دوران لە سەرەتاوە تێیدایە. بۆیە تەنها بە ڕاپەڕینێکی کورد دانانرێت، لە هەمان کاتدا ڕاپەڕینی تورکمانیشە. وەک بەرەیەکیش ئێستا ڕێکخراوە سۆسیالیستەکانی تورکیاش هەن. بەڵام ئێستا لەسەر ئەم مێزەین. دەتوانن ئەم مێزە مێژووییە وەک زۆر پڕئیدیعا ببینن. ئەم مێزە هەڵەکانی کۆمار چارەسەر دەکات. پەیوەندییەکانی دوو گەل لە مێژووی کۆماردا چاک دەکرێتەوە. ئەم مێزە دوو هەڵەی بنەڕەتی چارەسەر دەکات. سەد ساڵە پیسییەکانی کۆمار خراونەتە ژێر مافوورەکەوە. ئەم مێزە دەتوانێت گوناه و پیسییەکانی پەیوەندییەکانی کورد-تورک پاک بکاتەوە. بۆیە ئەم مێزە بەنرخ و گرنگە. بەگژ یەکداکردنی گەلان گەورەترین تاوانە. بردنی ئەمە بۆ ڕووداوێکی خوێناوی، بردنی بۆ کەلێنێک لە نێوان دوو گەلدا، لە تاوانی کوشتن مەترسیدارتر بوو. نزیکبوونەوەیەکم هەیە کە سۆسیالیتی هەیە. وتەیەکم هەیە کە 'پێداگری لە سۆسیالیزم پێداگرییە لە مرۆڤایەتی'. مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە. بۆیە مرۆڤبوون بەسە بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە. سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و هەڵەکان، ژیانتان تەرخان کرد بۆ ئەمە. کۆمەڵگەیەکی گەورە لە هەڤاڵان لە پشتتانەوەن. هەزاران شەهید هەن. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاوتان لێ دەکەم. هەڤاڵەکەی تر ناناسم. (ڕوو دەکاتە هەڤاڵ ڕاپەڕین) ئایا هیچ یادگارییەکم لەگەڵ تۆدا هەیە؟
ڕاپەڕین: خەڵکی دەرسیمم سەرۆک. ساڵی 98 لە فاکەڵتی یاسای زانکۆی ئەستەنبوڵەوە پەیوەندیم کرد. کەمێک پێش دەرچوونتان لە سووریا، من لە ئەکادیمیای یۆنان بووم، ئێوە بە تەلەفۆن پەیوەندیتان کرد و وتارتان پێشکەش بە دەورەکەی ئێمە کرد.
رێبەر: لە کوێ وتارم دا؟ ڕاستەوخۆ بەشدار بووم؟ لە یۆنان لە ژوورێک نەهاتمە دەرەوە.
ڕاپەڕین: بە تەلەفۆن بەشدار بوون سەرۆک.
هێلین: ئێوە لە شامەوە بە تەلەفۆن بۆ دەورەکانی یۆنان قسەتان دەکرد. هەڤاڵ ڕاپەڕین ئەو کاتە لە دەورەی یۆنان بووە.
ئۆجەلان : CIA منی ڕادەستی دەوڵەت کردەوە و دەوڵەتیش بێئاگابوون
رێبەر: بەڵێ تێگەیشتم. دوو جار چوومە یۆنان. وەک (زیندانخانە) وابوو، نەمتوانی بچمە دەرەوە. لەوێوە برام بۆ مۆسکۆ و لەوێشەوە بۆ دورگەی کۆرفۆ. بەڵام ڕێوشوێنی زۆریان گرتبووە بەر. دەرچوون لە شام بە فشاری CIA بوو.
هەڤاڵ سەبری: بێجگە لە CIA کێ دەتوانێت لە دوایین خولەکدا ئاراستەی فڕۆکەکە بگۆڕێت؟
هەڤاڵ عەباس: بەڵێ سەرۆک CIA لەوێ بوو، هەر لە سەرەتاوە لە ناویدا بوو. لە مۆسکۆش زیاتر بوونی هەبوو.
رێبەر: هەر بۆیەش لەوێوە برام بۆ نایرۆبی. پلانگێڕییەکە لە کاری CIA دەچوو. دوای شام دەستی پێکرد. بیرم دێت. کەسێک بوو جیاواز بوو لە ستاڤراکیس. لە یۆنان هات و چاوی بە من کەوت. پرسیاری کرد. وەک لێکۆڵینەوە مامەڵەی کرد. من داخراو بووم. ئۆسلۆی وەک ناونیشان نیشان دا. دەیانویست وەک عەرەفات بکەن. کاتێک لە سەرەتاوە ڕەتم کردەوە، لەبەر چاو ون بوو. دیار بوو کە ئەندامی CIA یە. دواتر چوینە نایرۆبی. بەیانی لە باڵیۆزخانە نانمان دەخوارد. باڵیۆز و کالێندەریس لەسەر نانخواردنەکە بە زمانێک قسەیان کرد کە ئێمە تێنەگەیشتین. دواتر کالێندەریس بە هەردوو دەستی کێشای بە سەری خۆیدا، شتێکی وت و بە ڕاکردن ڕۆیشتە خوارەوە. لە ڕاستیدا کاتێک هەواڵی ڕادەستکردنمانی لە باڵیۆزەکەوە بیست، وای کرد. هەر دواتریش ئەجەڤیت وتی 'تێناگەم بۆچی ئاپۆیان ڕادەست کردین'. وەک بۆمبێکی تەوقیتراو هەڵیانداین بۆ ناو تورکیا. لێرە ئەفسەرێک یەکەم کەس بوو پێشوازی لێکردم. قاپێک میوەشی هێنابوو. ئەو کاتە بۆ یەکەمجار پێیم وت، با ئەم دورگەیە بکەینە دورگەی ئاشتی. یەکەمجار ئەوکاتە وتم. قسەی تیمێکی ناو فڕۆکەکەشم بیرە، وتی 'بەخێربێیتەوە بۆ وڵاتەکەت'.
بەرپرس:وتبووی بەخێربێیتەوە بۆ نیشتمان (Memlekete Hoş Geldiniz).
رێبەر: با بێمەوە لای ئێوە. خەڵکی کوێی دەرسیمن؟ خزمتان هەیە؟
ڕاپەڕین: هەڤاڵ کەمال زاپ هەیە.
هەڤاڵ عەباس: لە هۆزی حەیدەرانە.
رێبەر: نەتانناسم بۆیە یادگارییم نییە. (ڕوو دەکاتە بێشار) باشە با تۆ بناسم. هیچ یادگارییەکت لەگەڵمدا هەیە؟
بێشار: سەرۆک هیچ یادگارییەکم لەگەڵتدا نییە. براکەم ئیبراهیم یڵدرم لەگەڵتان ماوەتەوە. دوای دەرچوونی لە زیندان بەشداری لە کۆنفرانسی زیندان لە بیقاع کرد. دواتر شەهید بوو.
رێبەر: خەڵکی عومەریانە؟
بێشار: نەخێر، خەڵکی قۆسەرم (Kızıltepe).
رێبەر: هاتوومەتە قۆسەر. لە خۆرس یادگارییم هەیە. لەگەڵ فەرهاد کورتای مابوومەوە. ئۆپەراسیۆن کرا و سەرباز هاتە گوندەکە. موختارێک هەبوو. ئێمەی برد بۆ لای تاشەبەردێک. زۆر هەوڵیدا بمانپارێزێت. دوای گەڕانەوەی سەربازەکان ئێمە گەڕاینەوە گوند. یادگاریی فەرهاد کورتای لای من زۆر بەنرخە. یەکێکە لەو چوار هەڤاڵەی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. هەڤاڵێکی زۆر بەنرخ بوو. بەشداربوون لە قۆسەرەوە زۆر بوو. مێردین شوێنێکە کە زۆر گورزی بەرکەوتووە. ڕەنگە براکەت بناسم بەڵام زەحمەتە بیرم بێتەوە.
بێشار: لە شەڕە بەناوبانگەکەی بێلۆکا بە برینداری دەستگیرکرا.
رێبەر: دووبارە دەرچووەوە و دووبارە پەیوەندی کردەوە وانییە؟ ئێوە لە بنەماڵەی مەلا ئەمین نین، وانییە؟
بێشار: نەخێر سەرۆک.
رێبەر: بەڵێ. سڵاوکردن تەواو بوو. ئێستا گوێتان لێدەگرم. (ڕوو دەکاتە بەرپرسەکە) وتبووتان با هەڤاڵانیش کەمێک قسە بکەن.
هێلین: سڵاو، خۆشەویستی و تامەزرۆیی بەڕێوەبەرایەتی بزووتنەوەکەمان و سەرجەم هەڤاڵانمان لە چیاکانەوە هێناوە.
رێبەر: هی ژنان؟
هێلین: بەگشتی سەرجەم بزووتنەوەکە سەرۆک.
رێبەر: بێگومان ئێوە زیاتر بەسەر پاژک  (PAJK)دا زاڵن.
(پاژک PAJK)ە، (پارتیا ئازادیا ژنێن کوردستانێ Partiya Azadiya Jinên Kurdistanê)
هێلین:هەڤاڵانی ژن واتە هەڤاڵانی پاژک سڵاوی زۆریان هەیە.
رێبەر: بەسێ چۆنە؟
هێلین: هەڤاڵ بەسێ کار دەکات و ورەی بەرزە .
رێبەر: مەسەلەی شۆڕشی ژن لە سەرووی هەموو مەسەلەکانی ترەوەیە. ئازادیی ژن دەخەمە پلەی یەکەمەوە. لە مانیفێستۆکەدا نیوە بە نیوە باسم کردووە و وەڵامی زۆر پرسیارمان داوەتەوە. دووبارە دەیڵێمەوە زۆر دەرفەت بۆ ئەم بابەتە دەکرێت. هەموو ڕۆژێک کوشتنی ژنان، لە هەموو شوێنێکدا هەیە. بەڵام لە تورکیا زیاتر ئەنجام دەدرێت. لە تورکیا بە شێوەیەکی سەرپێیی و چەواشەکارانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکرێت. ئەو کوشتنانە، کە دەوترێت، وەک دیوی دەرەوەی چیای سەهۆڵینەکە وایە. مرۆڤبوون، سۆسیالیستبوون بە نزیکبوونەوە لە ژن دەپێورێت. ئەمەم لە مانیفێستۆکەدا ڕەنگدایەوە، بەڵام پێویست بوو قووڵتر بێت. بۆ چارەسەر دەبێت پەنجا هێندە زیاتر سۆسیالیست بن.
هێلین: بەڵێ سەرۆک بەدڵنیاییەوە. ئێمەش بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا کرد.
رێبەر: شەڕی من لە دژی سەختییەکان ناسراوە. هیچ سەختییەک ناتوانێت هێندەی تێکۆشان لە دژی کلتووری دەستدرێژی کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر بەنرخ بێت. کاتێک کەمێک قووڵتر بوومەوە، دیدگایەکی سۆسیۆلۆژیی بەم شێوەیەم پەرەپێدا:ئەگەر بڕیارە دیسیپلینی سۆسیۆلۆژیا هەبێت، دەبێت سەرەتاکەی وەک کێشەی سروشتی دووەم پێناسە بکرێت. پێویستە لە دەوری ئەم کێشەیەی ژن سۆسیالیزمێک پەرەپێبدرێت و ئەم سۆسیۆلۆژیایە دەبێت بەو کۆمەڵایەتیبوونە دەست پێبکات کە لە دەوری ژندایە. چەمکی نامووسم لە نەنکمەوە وەرگرت. 'نامووس' بە واتای یاسا و زانست دێت. هیچ کلتوورێک، هیچ یاسایەک و هیچ پێوەرێک بوونی نییە. هیچ پیاوێک، هیچ خێزانێک ڕێگە نادات ئێوە بچنە سەر چیاکان. بەدەستهێنانی ناسنامەیەک بەم شێوەیە گرنگە، بەڵام زۆر قورسە. گوشاری بەربەست هەیە. هەر بۆیە بە هۆی کردنەوەی ئەم ڕێگەیەوە بۆ ئێوە، منیش لە ژێر هێرشی سەختدام. بەڵام زۆر زۆر بەنرخە. ئازاری بەربەستیی، زوڵمی بەربەستیی و چەوساندنەوەی ئابووریی ڕەنج هەیە. مارکس کە سۆسیالیستی ژمارە یەکە. تەنانەت نزیکبوونەوەی ئەو لە هاوسەرەکەیشی ناسراوە. ڕەنجی ژنی بە ڕەنج دانەناوە. دۆخی لینین و ماو کارەساتبارترە. من قۆستنەوەم بۆ ژن نەکرد. تەنها بە بەها سەرپێییەکان مامەڵەم نەکرد. ڕەنگە خاڵی لاواز هەبێت کە هەر پیاوێک تێی بکەوێت، بەڵام هەڵەی گەورەم، هەڵەیەکی کوشندەم نەکرد. بۆیە ئەو گرووپە ژنەی کە باسی دەکەیت لەسەر ئەم بنەمایە سڵاویان لێ دەکەم.
ئۆجەلان : ئاگام لە هەموو هەواڵەکانی دەرەوە هەیە
هێلین: لە ئێران "ژن، ژیان، ئازادی" هەیە، لە ڕۆژئاواش بزووتنەوەی پرچ کەزییە دەستی پێکردووە. با پێی بڵێین شۆڕشی کەزی. شتێکی ڕووکەش نییە. خاوەندارێتییەکی گەورەی لێدەکرێت. بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. سیاسەتی پراکتیکی ئەو هێڵی ژنەی کە دروستتان کرد لەبەرچاوە. ژنان خاوەندارێتییەکی گەورەی لێدەکەن.
رێبەر: بەڵێ بڵاوبووەوە. خوێندمەوە. زۆر سەرنجڕاکێشە. پێموایە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا بەرەو پێش دەچێت. دایکم دەیگوت ئەگەر وا بڕۆیت هیچ ژنێک قبوڵت ناکات. ئەو بە مانای بوون بە خاوەنی ژن (هاوسەرگیری) دەیگوت. ڕاستە، نەشبووم. ئەوەی منی لە ژیاندا هێشتەوە مەسەلەی ئازادیی ژن بوو. نازان ئوستونداغ نامەی نووسیبوو، خوێندوتانەتەوە. نامەیەکی هەیە کە بۆ منی نووسیوە. پێتان دەدەم بیخوێننەوە. دەستنیشانی گرنگ لەسەر من دەکات. بەڵام سەرەڕای دەرفەتەکان لە نەریتی چەپەوە دێن، و بەلای قەراغی چەپیشدا تێناپەڕن. سۆسیالیستێک دەبێت بزانێت چۆن لەگەڵ ژنێکدا بژی. ژن لە دەرەوەی ڕەنج مایەوە. زانینی ئەوەی چۆن لەگەڵ ژنێکدا بژییت بۆ من گرنگە. پیاو ژن وەک کەرەستە و ئامانج مامەڵە دەکات. هانا ئارێنت هەر خۆی کەمێک دەچێتە ناو بابەتەکەوە. ئەو شتەی منیش ناوم لێناوە کۆمەڵناسیی ئازادی هەر ئەمەیە. پێشەنگایەتیکردنی ئەمە لەلایەن پاژک و ئەو گرووپە ژنەی کە باسی دەکەیت سەرباری ژیانێک لە بارودۆخێکی وێرانکەردا، گرنگە. هاتنی ئێوەش بۆ ئێرە لە ئاستی پێشەنگایەتیدا مانای ڕەمزیی هەیە. کات کەمە، ئەگەرنا هەموو کۆبوونەوەکە وا تێدەپەڕێت. شتێک بخۆن، بەردەوام دەبین. لێرە چوار هەڤاڵ هەن، لە بەیانییەوە تا ئێوارە قسە دەکەین.
بەرپرس: تا ئێوە نەفەرموون کەس دەست بۆ هیچ نابات.
رێبەر: هەمیشە من قسە دەکەم. فەرموون شتێک بخۆن.
ڕاپەڕین:ئەنفلۆنزایەکی قورستان گرتووە، بە ناوی پاژکەوە هیوای زوو چاکبوونەوەتان بۆ دەخوازین. بەشداریکردنی هەڤاڵانی ژن لە مێزێکی لەم شێوەیەدا لەلایەن ئێوەوە زۆر گرنگ و مانادارە.
رێبەر: لەبەر ئەوەی دەوڵەت نێرینەیە، سیستەمەکەشی بەو شێوەیە دادەڕێژێت. کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە گرنگە. دەرکردنی ئەم بڕیارە قورس بوو. ڕەهەندە مێژووییەکەی ئەمە گرنگە.
هێلین: تورکیا دەکرێت بە کۆمەڵگەیەکی زۆر نێرینە (Eril). سیاسەت نێرینەیە.
ڕاپەڕین: ژنان لە هەموو پرۆسەکانی تێکۆشانی کۆمەڵایەتیدا هەن، بەڵام لە پرۆسەکانی دانوستان و چارەسەریدا لە دەرەوە دەمێننەوە. بەشداربوونمان لەم مێزەدا زۆر گرنگە و هەوڵدەدەین شایستەی بین.
رێبەر: ئۆلیمپ دی گوژ قسەیەکی هەیە. دەڵێت:'مافی ناردن بۆ گیووتین (پەتی سێدارە) بە ژنان دەدرێت، کەواتە دەبێت مافی چوونە سەر مینبەری پەرلەمانیشیان پێبدرێت'.
ڕاپەڕین: مافی چوونە ناو سیاسەتیان هەیە... باس لەوە دەکەین، کە لەم قۆناغەدا چۆن پێشەنگایەتی بکەین. هەوڵەکانمان هەیە بۆ تێگەیشتن لە مانیفێستۆکە. پێویست بە قووڵبوونەوە و هەرسکردن هەیە. لەو نامەیەی کە بۆ هەڤاڵ وەیسیتان ناردبوو، ڕەخنەی تێدابوو. ئەم قۆناغە لەو چوارچێوەیەشدا بە فراوانی تەرکیز دەکەین.
رێبەر: ویستم لە نامەکاندا باسی بکەم. پێویستە دۆخی نێرینەیی هەنووکەیی تێپەڕێنرێت. تاکگەرایی، خودپەرستی دەکوژێت. جەماوەرێکی گەورەی ژنان دروست بووە. ئەمە دۆخێکی پێچەوانەی سەرجەم ژیانی کلاسیکە. دایکیشم هەر لەبەر ئەمە دەیگوت کەس تۆ نابات. لە ڕاستیی لەدەستدانی عەلی حەیدەر قەیتاندا ئەمە هەیە. عەلی حەیدەر هاوسەرگیریی کرد. منیش شتێکی هاوشێوەی هاوسەرگیریم کرد. جورئەتی ئەمەم کرد. هۆکاری تریش هەبوون. لە ڕووکەشێتیی دەرسیمدا زۆر بەهەڵە تێگەیشتن لێی. ئامانجی من جیاواز بوو. خۆشەویستی و پەیوەندییەکی سۆزداریی هەبوو. بەڵام گۆڕدرا بۆ پرسێکی شەڕ. ئەگەر ئەم شەڕەی دە ساڵەم نەبووایە نەدەگەیشتمە ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن. عەلی حەیدەر بە دروستی هەڵینەسەنگاند. نەیتوانی لە کاریگەریی ئەو هاوسەرگیرییەی کردی ڕزگاری بێت. حەمیدیش وا بوو سەکینەش وا بوو. بەهەڵە بەرەوپێشیان برد. بابەتێکی زۆر پێچەوانە و هەستیارە. نەیانتوانی ئەو شکانەی تیایدابوون تێیبپەڕێنن.
ئۆجەلان : دوران کاڵکان دەروێشێکی دڵسۆزە بەڵام بێ ئاگایە لە سیاسەتی من
دوران کالکان خاوەنی پابەندبوونێکی دەروێشانەیە، بەڵام نەیتوانیوە شێوازی سیاسەتکردنی من بناسێت، شیکاری بکات و تێیبگات. من بە بەرپرسەکانم وت کاتێک لە قۆناغی گرووپدا بووین کەی بۆ یەکەمجار هەستتان پێکردین و ئێمەتان خستە ژێر چاودێرییەوە؟ وتیان دوای 4 ساڵ هەستمان پێکردن و چاودێریمان کردن. واتە دەکەوێتە ساڵی 77ەوە. ئەو کاتە تەواوی گرووپەکەم دروست کردبوو. هەر بۆیە یەکێک نیشان دەدەم و سێ دانە لە گیرفانمدا هەڵدەگرم. ئێستا وا نییە، با بەهەڵە تێنەگەن. خاوەنی یەک ستراتیژین و دڵسۆزین. لەو سەردەمەدا ناچار بووین. شێوازی شەڕکردنم زۆر جیاوازە.
هەڤاڵ دوران زەحمەتکێشترین، ماندوونەناسترین هەڤاڵە. بەڵام هیچ هەڤاڵێکیش هێندەی ئەو دۆگماتیک و پارێزگار نییە. ئەوەی لە کۆتاییدا دەیڵێم لە سەرەتاوە دەیڵێم، با دڵت نەیەشێت هەڤاڵ دوران. شەڕی تایبەت ئەوەندە خەریکی ئێمەیە. دەیەوێت بمانڕووخێنێت. وتم ئەگەر شەڕی تایبەت بیەوێت بمانڕووخێنێت تەنیا کەسێکی ئەوەندە دۆگماتیک و پارێزگاری وەک هەڤاڵ دورانمان بۆ دەنێرێت. کاتێک لە شامەوە بەڕێمان دەکردیت، میهری بێلی-یش لەلامان بوو. کاتێک تۆ دەچوویتە زاگرۆس، پێکەوە (ڕۆڵی زۆرەملێ - Zorun Rolü)مان نووسیبوو. تەواو بووبوو؟
هەڤاڵ عەباس: تەواو بووبوو. من بە تایپڕایتەر ڕاستکردنەوەم (Redakte) بۆ کردبوو. ساڵێک پێشتر نووسیبوومان.
رێبەر: من وتم دەڕوات و دە هێندەی من باشتر دەکات. ئێستا شتێک دەڵێم ڕەنگە کەمێک قورس بێت. بەڵام بۆ ئەوەی پێشەکییەکی دڵسۆزانە بکەم با بیڵێم. دەکرا 15 ئاب نەبوایە. ئەم دۆخە ڕێگەی بۆ شکست و زیانەکان کردەوە. دەرگای تا سەر بۆ شکست کردەوە. ڕێگریی لە دروستبوونی شێوازی گەریلا کرد.
ئۆجەلان: هێندە لە سیاستی سەرکردایەتی پەک ناڕازی بووم کە دەمویست جیاببمەوە و بەجێتان بهێڵم
دواتر هۆگری نزم لە مێردین بەبێ جیاوازیکردنی ژن و منداڵ هەمووی کۆمەڵکوژ کرد. گوندی چیچەک بوو؟ یان پنارجک بوو؟ ئەمانە پێچەوانەی تێگەیشتنی من بوون. من لە بەرامبەر چالاکییەکی وەهادا لە دەوڵەت زیاتر تووڕە بووم. نازانم بەتەواوی ئایا هۆگر ئەندامی شەڕی تایبەت بوو یان نا. ڕێکخستنی تۆ پەیوەندی بە شەڕی تایبەتەوە نییە بەڵام ئەگەر بمزانیایە، بە دڵنیاییەوە ڕێگەم نەدەدا لە سووریاوە دەربچیت. لە 98دا هێندە کاردانەوەم هەبوو کە دەمگوت من لە پەکەکە جیادەبمەوە. بەڵام تۆ تێنەگەیشتوویت. هۆگری نزم هێرشی کردە سەر مەدەنییەکان. لێرەش بە بەڕێز ئەمرەم وت شێوازی چالاکییەکان لەسەدا 90ی شێوازی من نەبوو. سەدا 95ی لە دەرەوەی ئیرادەی من ڕوویداوە. ئەمە من لە بەرپرسیارێتی ڕزگار ناکات. ئەگەر  بمزانیایە ئەنجامەکەی ئاوا دەبێت نە ڕێگەم دەدا یەکەی چەکدار سنور ببەزێنێت و نە تۆش. بەڵام با دووبارەی بکەمەوە، ئەمە من لە بەرپرسیارێتی ڕزگار ناکات. زۆر کارت کرد، قوربانییەکی زۆرت دا. ئێستا کەسایەتیت چۆنە، چۆن گۆڕاویت نازانم. هەڤاڵ دوران تا کۆتایی خاوەندارێتی لە بەرپرسیارێتییەکەی دەکات، بارەکەی لە گۆڕەپانەکەدا جێناهێڵێت. پێت دەڵێن ستوونی بنمیچ. هیچ ناڵێم. دەکرێت وا بێت. ستراتیژی سەربازی جێگیر نەکرا. بۆ نموونە سەلاحەدین چەلیک، ئەبوبەکر چی و چییان نەکرد و ڕۆیشتن. دەرەنجامەکانی ئەمە بەرگە ناگیرێن. یەکێک لە بەرپرسانی پلە یەکی ئەمە تۆیت. کاتێک دەڵێم تۆ، مەبەستم تەواوی فەرماندەیی شەڕە. هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت بەرگەی دەرەنجامەکانی شەڕێک بگرێت کە ئەنجامی هێندە قورسی هەبێت. با نموونەی ماهیر چایان بهێنمەوە. کاتێک لە زیندان بوو DHKPC دەرکەوتنێکی مێژوویی دەکات. یوسف کوپەلی هەر کە دێتە دەرەوە داوای هەندێک ئەرک دەکات. دەستبەجێ دەری دەکات، یوسف دووردەخاتەوە. هۆکارەکەی ئەوەیە، دەڵێت تۆ زۆر جیاوازیت لەو پارتەی کە دەمەوێت بونیادی بنێم. تا ڕادەیەک هاوسۆزیم بۆ کەسایەتی ماهیر هەیە. هۆکاری بەکارهێنانی ئەو نموونەیە ئەوەیە؛ بەهۆی ئەو پراکتیکەی تێیکەوتن ئایا ئەگەر خۆم بچوومایە بۆ ئەو ئەرکە باشتر دەبوو؟ جێگەی گفتوگۆیە. ڕەنگە بزووتنەوەیەکی زۆر خراپتر لەوەی تۆم دروست بکردایە. ڕەنگە نەمتوانیایە هەنگاوێکیش بنێم. ئەو تێڕوانینەی لای من دروست بووە ئەوەیە کە هێڵەکە لەوێ کەمئەندام بوو. تێگەیشتنی چالاکیی ئەو گرووپە بێبەرپرسانە هێڵەکەی تێکدا. شێوازی چالاکی بەتەواوی کارەکانی گەیاندە ئەم دۆخە. وەک سەرۆکایەتی، دواکەوتن شێوازی چالاکییەکانی گەیاندە ئەم دۆخە.
چاوەڕوانییەکەم ئەوە بوو، ژمارەمان گەیشتبووە 300 کەس. لە خواکوڕک جێگیر ببوون. کەرەستەتان پێویست بوو بۆ وەرگرتنی پێگەی شەڕ. لە ڕووی شێوازی پڕوپاگەندەی چەکدارییەوە ویسترا خواکوڕک بکرێتە گۆڕەپانی شەڕی سیستماتیک. ژمارەکە پێویست بوو. بەهۆی شەڕی ئێران-عێراقەوە بارودۆخێکی جیۆپۆلەتیکی هاوشێوەی ئەمڕۆ هەبوو. بە شێوازێکی ئاست نزم (بۆتانی) گەندەڵی کرد. ژەنەڕاڵە تورکەکان دەیانگوت دەتوانین لە نەوەدەکاندا ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. ئۆزالیش هاتبووە ناو بابەتەکەوە و دەستی بە کار کردبوو. ئەگەر هێڵی ئاگربەست بەردەوام بوایە، دەکرا لە نەوەدەکاندا کۆتایی پێبێت. بەڵام هەم ئۆزالیان ڕووخاند و هەم کۆنتراکانی ناوخۆمان کە پێویستیشی نەدەکرد لە ناوماندا بن. شێوازی چالاکییە ئاست نزامەکانی بۆتانیی و ئەوانی تر ئێمەی لە چارەسەر دواخست. ئێوە مردبوون، نەتانتوانی یەکەم هەنگاو بنێن. ڕێکەوتی مردنتان بەو شێوەیە دیاری دەکەم. بزووتنەوە لە ساڵی 93 لە لوتکەی سەرکەوتندا بوو، دواتر بووە هۆی دابەزین. تا چەند خۆتان بە بەرپرسیار دەزانن. ئێوە خۆتان چوون بۆ ئەوروپا و لەوێش دەستگیر کران. ئێستا با ئێرە وا دابنێین کە هیچ بەرپرسێکی لێ نییە و بە ئاسوودەیی قسە بکەین. (ڕوو دەکاتە بەرپرسەکان) من ئەم کارەم بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئۆزال دەستپێکرد نەک ئێوە. ئەو لە دیدی ئێمەدا شەهیدە. بەڵێنم پێداوە، بۆ یادی ئەو ئەم پرۆسەیە دەگەیەنمە ئەنجام. بڕیار بوو لەگەڵ کایا تۆپەری دیدارمان هەبێت، ئۆزال ئەو ڕۆژە کەوت. ئێستا دەپرسم، ئایا قەسەدە (SDG)، قەندیل، ئەوروپا ڕەخنە لە خۆیان دەگرن؟ بەرەی قەندیل لە رەخنەگرتن لە خوود چۆن تێدەگات؟ لەم دواییانەدا لە حەلەب دەوری شێخ مەقسوود دراوە. تورکیا وتوویەتی پشتیوانی دەکەم. وەزیری بەرگری دەڵێت یارمەتییان دەدەین. هەموو شتێک لەسەر بنەمای لەناوبردن داڕێژراوە. پلان و ئامادەکارییەکان هەڵکێشانە لە ڕەگەوە. گەڕەکەکە بەرگری دەکات، ڕەوشی هێزەکانمان و ئەنجامەکە ڕوونە. پلانەکە بەتەواوی لەناوبردنە. بەرپرسەکان کەم نەبوون و هاتن  باسی ئەم مەترسییەیان کرد. منیش نامەم نووسی. ئێوەش ئاگاداری ئەو نامەیەن. ئەگەر ئەو نامەیە نەگەیشتایە چی دەبوو؟ باهۆز وتوویەتی 'تا دوایین کەستان بە ڕۆحی ئاپۆییەوە بەرگری بکەن'. دەرەنجامی ئەمە چی دەبوو؟ ئەگەر منیش بڵێم تا کۆتایی بەرگری بکەن بەرد لەسەر بەرد نەدەما. دە هەزار کەس کۆمەڵکوژ دەکران. بەرد لەسەر بەرد نەدەما. بەڵێ وەک کۆمۆنەی پاریسی لێدەهات و دەچووە مێژووەوە، بەڵام تەنانەت مارکس پێش ڕاپەڕین نووسیویەتی 'خۆزگە پێش ئەوەی کۆمۆنەی پاریس ڕاپەڕێت دەرفەتێکی دانوستان لەگەڵ حکومەت هەبووایە'. مارکس دەڵێت خۆزگە. لە کۆتاییدا لە پاریس 10 هەزار کەس کوژران. کۆمۆنەی پاریس بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاسمان بەڵام ستایشی ناکات کە باش کردتان. ئەو مێژووە تا ئەمڕۆ دێت. ئەو هێزانەی کە کێشەی شێخ مەقسوودیان دەستپێکرد، پەیوەندییەکانی تورک-کوردیان بۆ سەد ساڵی داهاتوو دەگۆڕی بۆ پەیوەندییەکی خوێناوی. نە قامیشلۆ و نە کۆبانیش نەدەمایەوە. کورد بەرگری دەکرد، کێ دەیباتەوە کێ دەیدۆڕێنێت دیار نییە بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆنی غەززەم کرد. بەڵام لە غەززە فەلەستین چەندی بردبێتەوە کوردیش ئەوەندەی دەبردەوە. تەنانەت جیهان لە پشتی غەززەوەیە کەچی کورد بە تەنیا دەمایەوە و شتێک بە ناوی کورد لە سووریادا نەدەما. تۆ تا پێتخۆشە بڵێ من لە چیام. دەکرا ببێتە داستانێکیش. بەڵام دەرەنجامەکەی چی دەبوو. دەبێت شۆڕشگێڕ ئەنجامەکەش هەژمار بکات. شۆڕشگێڕێک کە حیساب بۆ دەستکەوت نەکات ناتوانێت بەرگری لە کۆمەڵگە بکات.
ئۆجالان: ئیسرائیل بێتاوانە و غەزەییەکان باجی هەڵەی خۆیان ئەدەن کاتێک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل
لێرە هەڤاڵ عومەر قسەیەکی تۆی بیر خستمەوە. لە کاتی رووداوەکانی جزیرە و سووردا وتووتە 'ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد لە جزیرە دەوڵەت هێندە بێبەزەییانە و دڕندانە پەلامار بدات'. عومەر ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت چۆن بیری لێناکاتەوە و پێشبینی ناکات. شۆڕشگێڕێک چۆن بیر لەمە ناکاتەوە. ئایا ڕێگەی تر نییە؟ ئەگەر شۆڕشگێڕێک بیر لەمە نەکاتەوە گەلێک لەناو دەچێت. دوایین قسە بۆ تۆیە بەڵام بە گشتی هەموویان بەرپرسن. من خۆم وەک سەرۆکایەتییەکی بێوێنە نابینم بەڵام ئەمە شێوازی من نییە. بەرپرسەکان لە ڕۆژئاوا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی (Şahinler) کۆبوونەتەوە. ڕێککەوتن کراوە. جیۆپۆلەتیکێکی کوردی دروست دەبوو کە لە دەرسیم خراپتر دەبوو. لە ڕۆژئاوا ڕێگریی لە مۆدێلی غەززە کرا. چارەسەرێکی ئایدیاڵ نییە بەڵام زۆر بەنرخە. بە بەنرخی دەزانم چونکە ڕێگری کراوە لە غەززەبوون. وەک ئەوێ زیانێکی گشتگیر نییە. فەلەستینییەکان لە 7ی ئۆکتۆبەردا چالاکییەکی گەورەیان کرد. ئەم چالاکییە کۆتایی بە غەززە هێنا. ئێمە زیانێکی وەک غەززەمان نییە. فەلەستین کۆتایی هاتووە، لەلای ئێمە هێشتا بە پتەوی ماوەتەوە. ئەو شتەی پێی دەڵێین سیاسەت، پێشەنگ ئەمە دەبینێت و ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر. ئێوەش هێرشەکەی (TÜSAŞ)تان کرد. دەتوانن بەرگری لێبکەن، هیچ ناڵێم. قسە فڕێ نادەم، بەهەڵە تێنەگەن. خاوەندارێتیشی لێدەکەن. بەڵام کەسانێک هەن ئەو چالاکییەی کۆتایی بە غەززە هێنا بە قارەمانێتی پێناسە دەکەن. لە تورکیاش مەیلێکی ئیسلامی وا هەیە. پێویست ناکات هەموو تاوانەکە بخرێتە پاڵ ئیسرائیل. نابێت داکۆکی لە چالاکییەک بکرێت کە تۆ لەناو دەبات. ئەوە قارەمانێتی نییە بەڵکو تاوانە، من بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەم. نیەتی باش هەرچییەک بێت دەرەنجامەکەی دیارە. ئەمە ڕەنگدانەوەی شەڕێکی تایبەتە.
دوای سەدەی 18، بارزانییەکانیش یەکێکن لە جوولەکە ئایین گۆڕاوەکانی (دۆنمە) لە موسڵ
ئێمە لێرە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان هەیە. پێموایە لە هەڵسەنگاندنێکدا کەمێک ئەمەتان وەک شەڕی تایبەت پێناسە کردووە. هیچ ناڵێم و ڕەنگە پێویست بێت بایەخی پێ بدرێت. بەڵام لێرە بەم بەرپرسانەی سەر ئەم مێزەشم وت کاتێک کە نوێنەرانی دەوڵەتی ئاسایی و نائاسایی دەتوانن تێکەڵ بن. ئەو کاتە بە بەرپرسەکەم وت. تەنانەت خەریک بوو بە (ئ. ک.) بڵێم سێبەری مۆساد لە پشتتانەوە دەبینم، دواتر وازم هێنا. پێتان وتم گومانکار (سێپتیک). ئیسرائیل بیری لەمە کردووەتەوە. غەززەکردنی کورد، مەترسییەکە گەورەیە. شێخ مەقسوود ئەمەی سەلماند. ئەگەر مەزڵوم عەبدی و ئەوان (Şahinler) بێن قسەیان لەگەڵ دەکەم. من هەر لە سەرەتاوە وتم بۆنی غەززەیەک لەم کارە دەکەم. ئەمەم هەمیشە وتووە. حەلەب منی پشتڕاست کردەوە. واتە تەڵەیەکی کوشندە لە شێخ مەقسوود دانرابوو و تەڵەکە بەردەوامە. چەند ڕۆژێکە شیکارییەکانم نوێ دەکەمەوە. ئەو دۆزینەوە نوێیەی هەمە ئەمەیە، ئیسرائیلی زایۆنیست هەڵکشان و بەرزبوونەوەی خۆی لەسەر دیالێکتیکی خستنە گۆڕی کوردەوە بونیاد ناوە. ئەمە عەقڵی ئینگلیزە. ئەمە زۆر ڕوونە. زایۆنیزمی ناوەند-لەندەن بەرەوپێش دەچێت. پێشتر بۆ نیشتمانێکی جوولەکە باکووری عێراق واتە دەوروبەری موسڵ حیسابی بۆ کراوە. عەبدولحەمید موسڵ قبوڵ دەکات. بەڵام ئەوان دەڵێن نەخێر با لە فەلەستین بێت. کاتێک عەبدولحەمید ئەمە قبوڵ ناکات لەسەر تەخت لایدەبەن. دوای سەدەی 18، بارزانییەکانیش یەکێکن لە جوولەکە ئایین گۆڕاوەکانی (دۆنمە) لە موسڵ، هەروەک چۆن هەڵگەڕاوەکانی سالۆنیک دەبن بە تورک و هەر ئاوا هەڵگەڕاوەکانی موسڵیش دەبن بە کورد. ئیسرائیل ئەم پەیوەندییەی لە مێژوودا دروست کردووە. ئەوان زاڵن بەسەر هەردوو سۆسیۆلۆژیای تورک و کورددا. کاتێک بڕیار دەدەن دەوڵەتی جوولەکە لە فەلەستین دروست بکەن، دەڵێن:کاتێک ئێمە فەلەستین دەکەین بە ئیسرائیل، دەبێت شتێک بکەینە قوربانی. کوردستان دابەش دەکەن بۆ چوار پارچە. پارچەیەک دەهێڵنەوە و پارچەکانی تر دەکەنە قوربانی. تورکیا و بەتایبەتی وەزیری دەرەوە زۆر کاری لەسەر قەسەدە (SDG) کرد و بەردەوام باسی قەسەدەیەک دەکات لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا و هەوڵیداوە تێڕوانینێک دروست بکات. بەڵام ئێوە بەسەرهاتی من و موساد دەزانن. لە شامەوە چاودێرییان دەکردم. وتیان وەرە بۆ لامان چیت بوێت پێت دەدەین. تەنیا ئۆسلۆیان وەک ڕێگە نیشان دا نەچووم. پەیوەندییەکان لە مۆسکۆ ژێر بەژێر پەیوەنییان بە ژیرینۆڤسکی هەبوو، کە جوولەکەیە. لە ڕۆماش لە گەمارۆیەکی باوەڕپێنەکراودا بووم. دواتر لە نایرۆبییەوە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو هەڵیان دامە ناو تورکیا. ئامانجەکە گەورە بوو، شیکارییان بۆ ئێمە کردووە. ئامانج لێی شەڕێکی کورد و تورک بوو و لەسەر بنەمای لەناوبردنی من بونیاد نرابوو.
با بێینە سەر شێخ مەقسوود، دیسان دەیانویست ڕامانکێشنە ناو شەڕ و پێکدادانێکی گەورەوە. دیارە ڕێککەوتوون. لە حەلەب دەیانویست ئەم مێزە هەڵگێڕنەوە. بەڕێز ئیبراهیم و بەرپرسان دەستبەجێ هۆشدارییان دا، ئەمە دۆخێکی جدی بوو. نامەم نووسی، مەزڵوم عەبدی (Şahin) بە جدی وەریگرتبوو. بێگومان دەرکەوتنێکی خراپ بوو بەڵام نەچوونە ناو شەڕێکی گەورەتر و هەڵەوە. قەندیل-یش بێزار بووە، بە بۆچوونی من هەرگیز دۆخێک نییە کە جێگەی بێزاری بێت. چونکە بۆ یەکەمجار بە ئیرادەی خۆمان نەچووینە ناو شەڕێکەوە. ئەگەر دوایین پێکدادانمان بەم شێوەیە بکردایە، نەک تەنیا سووریا، بەڵکو ئەم پرۆسەیە لەناو دەچوو. شەڕێک دەبوو کە درێژ دەبووەوە بۆ سەدەیەک. لە قامیشلۆ، حەسەکە و شارەکانی تر دەیان هەزار کەس دەمردن. خۆتان شێوازی شەڕی عەرەب دەزانن، هەر شوێنێک بچن هەموو پیاوەکان دەکوژن و ژن و منداڵەکان وەک دیل دەبەن. ئایا لە شەنگال وایان نەکرد؟ پێدەچێت مەزڵوم عەبدی و ئەوان وتبێتیان 'یارمەتی لە ئیسرائیلەوە دەگات'. لەناو دەبراین. یارمەتی بۆ غەززەش دەچێت، بەڵام ئایا لەناو نەبرا؟ ترەمپ لەسەرووی یارمەتییەکەوەیە. چاوەڕوانی یارمەتی لە کێ دەکەیت. هەر ئەوان ئیسرائیلیان هانداوە بۆ هێرش کردن. من پێشبینییەکی وام کرد. بە ڕابردووەوە هەڵناواسرێم. ڕابردوو لە ڕابردوودا مایەوە، ئەوەی گرنگە سەیرکردنی داهاتووە. ڕەخنەکانم سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە و شێوازی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە ... هتد. زانراوە. لە نەوەدەکانیشدا ئەو ڕەخنانەم دەربڕیبوو. دەبێت دووبارە بیڵێمەوە ئەگەر بڕیارە چارەسەرێک پەرەبستێنێت دەبێت لە میکانیکی کودەتا باش تێبگەین. میکانیکی کودەتا خراوەتەگەڕ. لە مێژووی کۆماردا تۆپاڵ عوسمان هەبوو کە پاسەوانی سەرەکی مستەفا کەمال بوو. تۆپاڵ عوسمان بەتەواوی وەک هێزێکی دەوڵەتی نائاسایی جووڵایەوە. لە تەنیشت ئەتاتورک بوو، بەرپرسی ئاسایشی ئەو بوو بەڵام تەنانەت عەلی شوکری بەگی پەرلەمانتاریشی کوشت لەگەڵ چەندین کەسی تر. ئەتاتورک دەیزانی ئەمە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، دەیزانی کە نۆرە گەیشتووەتە سەر خۆی هەر بۆیە ڕێوشوێنی گرتەبەر. دەوڵەتی ئاسایی مستەفا کەمال بوو بەڵام دەوڵەتی نائاسایی هەمیشە هەبوو. ئەو کاتە تۆپاڵ عوسمان بوو. لە 15ی تەمموزدا نزیکترین یاوەرەکانی بەڕێز ئەردۆغان بە کودەتاچی دەرچوون. هێشتا چالاکن. وا دەزانن لەناو براون، وا نییە. ئەو قسانەی دەڵێن لەناو براون چیرۆکن. ئێستا گۆڕەپانی یاریی ئەمانە چیتر سووریایە.
ئێوەش دەتوانن پرسیار بکەن. بوونی بەرپرسان لێرە بە گرنگ دەزانم. ئێستا گفتوگۆکانی دوای هەڵوەشاندنەوە لەسەر ئەم مێزە بەردەوام دەکەین. دوای پەکەکە چی و چۆن چارەسەر دەکەین. چەکەکان ماون، هێشتا جێمان نەهێشتوون. کۆمسیۆنی پەرلەمان هیوابەخش نییە. ڕەشنووس دەرنەکراوە و پێگەم هێشتا نایاسایییە. هاتنی ئێوە بۆ ئێرە بە ئۆپەراسیۆنێکی ئازایانە زۆر گرنگە. ڕەشنووسم لایە، ئەمشەو دەیخوێننەوە. بەیانی بە قووڵی گفتوگۆی لەسەر دەکەین. پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی سیاسی هیوابەخش نییە بەڵام عەقڵی دەوڵەت لێرەیە و ئەمە کۆبوونەوەیەکی ئاستانەییە. ئەم کۆبوونەوەیەی ئێستا دەتوانێت سەرەتایەکی گرنگ بێت. ڕەنگە مێژوو بە جۆرێکی تر بڕوات. دەکرێت واز لە کلتووری پێکدادان بهێنرێت. یاسا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت. بەڵام تەنها بە من ناکرێت. ماندوو بووم. دەبێت لایەنەکان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ. داوا و تکا ناکەم. بە کورتی باس لە ئاستانەکە دەکەم. بەڵام ئێوەش لێرەن. هەڤاڵ دوران زۆر بە ئەزموونە، سەرەڕای ئەم ڕەخنە قورسانە هەڤاڵێکە کە دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکی زۆر لە ئەستۆ بگرێت. هەڤاڵ سەبری لێرەیە. ئەزموونێکی زۆری هەیە. کەرەستە ئامادەیە تەنها دروستکردنی عاشووراکەی ماوە. بەڵێ، قسە بۆ ئێوەیە...
هەڤاڵ عەباس: بە مۆڵەتی ئێوە دەمەوێت هەندێک شت بڵێم. هەوڵدەدەین لە قسەکانتان تێبگەین. مانیفێستۆکەشمان زۆر خوێندەوە و گفتوگۆمان لەسەر کرد. هاتنمان بۆ ئێرە مانادارە. دەتوانم هەندێک شتیش بڵێم کە پشتگیری قسەکانی ئێوە بکات. دەکرێت گوزارشتکردن سەبارەت بە 15ی تەموز بە جۆرێکی تریش بێت بەڵام لە بنەڕەتدا شێوازی شەڕەکە وەک ئەوەی ئێوە ئاماژەتان پێدا پەرەی سەند. هەڵکوتانە سەر گوندەکان یەکسەر دوای 15ی تەموز بوو. بە ئەبوبەکر دەستی پێکرد، هۆگر ئەو هێڵەی بەردەوام کرد. کۆنتراکان ئەنجامیان دا (کۆنترا کورتکراوەی کۆنترگەریلان، کە مەبەست هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی قووڵ)، بەڵام هەر خۆی وەک شێوازێکی شەڕیش پەرەی سەند. بۆیە ئەوەمان نییە کە بیخەینە پاڵ کۆنتراکان و خۆمانی لێ دەرباز بکەین. هۆگر کۆنترا نەبوو (ناوی ڕاستەقینەی جەمیل ئشک-ە) بەڵام شێوازەکەی کۆنترا-ئاسا بوو. سەبارەت بە ئاگربەستی 93 هەڵسەنگاندنەکانی سەرۆکایەتیمان هەبوو.
رێبەر: سەبارەت بەوە، واتە مردنی ئۆزال، زانیاری نوێتان لایە؟
هەڤاڵ عەباس: ئێمە زانیاری جیاوازمان نییە. زانیاری زیاتر لێرە هەیە.
رێبەر: لە ناو سوپاشدا چەندین پاکتاوکردنی تر هەن.
هەڤاڵ عەباس: بۆ پرۆسەی 93 ئەو هەڵسەنگاندنەمان هەبوو کە گوایە دەوڵەت یەکپارچەیە. پرۆسەی دواییش نیشانیدا کە ئەم تێڕوانینەمان هەڵەیە. لەم پرۆسەیەدا شاند و هەڤاڵان هاتن و چوون. نامە هات و چوو. لە کاتێکدا ئێمە هەوڵمان دەدا نامەکان جێبەجێ بکەین، لە حەلەب نزیکبوونەوەی پێچەوانە ڕوویدا. سەرەتا سەرسام بووین بەڵام کاتێک کۆبوونەوەکانی پاریس ڕەنگی دایەوە تێگەیشتین مەسەلەکە چییە. کاتێک لەسەر ئەو 3 خاڵەی لە نامەکەدا ئاماژەتان پێداوە (دەروازەکان، نەوت و نوێنەرایەتییە بەرامبەرەکان) جەخت دەکرایەوە، هێرشەکانی حەلەب و دواتری چۆن ڕوویاندا؟ کێ ڕێکیخستن؟ ئەمە بۆ ئێمە گرنگە.
ئۆجەلان: ئەوانەی فەشەلیان بە کودەتاکەی سەر بەڕێز ئەردۆگان هێنا هەر ئەو کەسانەن کە لە پشت ئەم مێز و کۆبونەوەکەی ئێمەوەن
رێبەر: ئەم پێکدادانە شەڕی 93ی بیر خستمەوە. ئەوکاتەی بەتەواوی هەوڵی گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەرمان دەدا سێینەی کودەتا واتە من پێیان دەڵێم گێرەشێوێنی (پڕۆڤۆکاسیۆن)ی تەلعەت پاشا. جگە لەو سێ کەسە (تەلعەت، جەمال، ئەنوەر) لە کابینەکەدا کەس ئاگاداری جەنگی جیهانی یەکەم نەبوو. بۆ ئۆزالیش هەر وا بوو. سەبارەت بە مردنی هیچ شتێک ڕوون نەبووەوە. ئەو سەربازانەی سەر بەو بوون پاکتاو کران و ئەو پاکتاوکارانە زیاتر بەهێز بوون، دەوڵەتیان زیاتر کۆنترۆڵ کرد. لە شێخ مەقسوود شتێکی هێندە ورد هەیە، کە عەقڵ دەوەستێنێت. بەرپرسەکان ناتوانن باسی پشکی خۆیان بکەن، چونکە نهێنییەکی شاراوەیە. بەڵام ڕێگرییان لە گەورەبوونی کرد. من باوەڕم بەمە هەیە. باشە کاتێک باس لەم نامەیە کرا، کێ ئەم شەڕەی هەڵگیرساند. تێگەیشتم و بینیم کام دینامۆی کودەتایە کەوتە کار. بە بەراورد بە 93 هێزێکی ڕێکخراوتر بوون و زیاتر زاڵ بوون بەسەر میدیادا. ناوەوەی دەوڵەتیان وەک کرم کلۆر کردووەتەوە. ئەمە تەنانەت تاقمێک (کلیک)یش نییە بەڵکو زیاترە. لە 15ی تەمموز کاتێک بەڕێز ئەردۆغان دەستبەسەر کرا، هەموو دەوروبەرەکەی بە کودەتاچی دەرچوون. داتا لەبەردەستدایە. کودەتاکە سەرکەوتوو بووە. ئەمانە کەی پاکتاو کراون! کەسانێک بۆ تێکدانی دەستپێشخەریی ئێرە و ئەم مێزە ئەمەیان کرد. ئامانجەکە ئێرە بوو. ئەمە حاشاهەڵنەگرە. ئەم دەرەنجامەم دەرکرد. نزیکبوونەوەی قەندیل و هەڤاڵ باهۆزیش هەڵە بوو. دەبووە هۆی کوژرانی 10 هەزار کەس. تا قەندیل درێژ دەبووەوە، هەموو شوێنێک خاپوور دەکرا. لە کۆبوونەوەی پاریس ڕۆژئاوا، و پێشتریش لە کۆبوونەوەکەی عەممان شەنگال کرابووە ئامانج. لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا فەرمانی کورد درا. لە پاریس گۆڕەپان بۆ ئیسرائیل کرایەوە. گۆڕەپانی ئابووری بۆ دروزەکان کرایەوە. کوردەکان لە شێخ مەقسوود دەکرانە قوربانی. وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە ناویدایە. چونکە ئەویش لە پاریس بوو. ئەمریکاش هەیە، وتیان بچە ناو عەفرین، ئەویش چوو. واتە ئەوەی پەنجەی بە پەلەپیتکەکەدا نا ئیسرائیلە. ساڵانێکە بوێرییان بە قەسەدە (SDG) داوە، پێیان وتون بەرگری بکەن سەردەکەون.
هەڤاڵ عەباس: فەرەنساش لەناو ئەو پلانەدایە. بە درێژایی هێرشەکان فەرەنسا هیچ شتێکی نەوت. کاتێک ڕێککەوتنەکە کرا یەکسەر وتیان لە پشتتانین.
رێبەر: بێگومان لە ناویدا بوو. ئەمپریالیزم ئەمە دەکات. ئەمە پرۆژەی کۆمەڵکوژیی کراوەیە. مۆساد ئەو چالاکییەی بە حەماس کرد. ئیسرائیل بە خستنە ناو گۆڕەوە سەردەکەوێت. ناڵێم پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست مەکەن. بەڵام بەباشی چاودێری پەیوەندییەکانتان بکەن. دەنگی هەڤاڵ باهۆزیان پێ گوێگرتم. دڵسۆزە بەڵام من پێی دەڵێم بەتەواوی کەوتنە ناو یارییەکەوە. عەرەبەکان پەندێکیان هەیە دەڵێن 'دوای ئەوەی بەسرە وێران بوو پرسیاری بەغدا ناکرێت'. دوای ئەوەی وێران بوو شتێک نییە بیبەیتەوە. بەڵێن بە ئیسرائیل دراوە، نیوەی دەبات. کێ دۆڕاندی، کوردەکان. بەرپرسە بەڕێزەکان بە ژیرییەوە مامەڵەیان کرد. بە دڵنیاییەوە زانیارییان دەربارەی میکانیکی کودەتا هەیە بەڵام نهێنییە ناتوانن ئاشکرای بکەن. بەڕاستی حەلەب یارییەکی زۆر مەترسیدار بوو. ئەم بەرپرسانە وەک هێزێکی نەرم ڕۆڵیان بینی. ڕێگرییان کرد لەوەی لە حەلەب تێپەڕێت. سەرەتا ئۆزال بڕوای نەدەکرد شتێکی وا بەسەر دەوڵەتدا بێنن. لە تاڵەبانیم پرسی، ئۆزال پشتی بە چی بەستووە شتێکی وا دەکات؟ بەپێی گێڕانەوەکەی تاڵەبانی، ئۆزال دەستی خستووەتە سەر دڵی و وتوویەتی ئەمڕۆ بەدلیس پاشام قایڵ کرد، ئەوانی تریش قایڵ دەکەم. لە کاتێکدا ئەمەی دەوت هەمان ڕۆژ کەوت. هێزە ئاساییەکان لێرەن، واتە لەسەر ئەم مێزەن. بەڵام هێزەکانی بەرامبەر بچووک نین، دەرەنجامەکانیان کارەساتە. ڕووداوەکە گەورەیە و ئەم مێزە خاپوور دەبوو. چی دەبوو؟ شەڕمان دەکرد. لەو ناوەدا سەرکەوتنی پیرۆس (سەرکەوتنێک کە هاوتایە لەگەڵ شکست) دەبوو. با سەد ساڵی تریش شەڕ بکەین، ئەوەی بچووک دەبێتەوە ئێمەین، ئەوەی گەورە دەبێت ئیسرائیلە. باشە کە عەقڵێکی دەوڵەت هەیە. وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت نییە. کاریگەری و دەسەڵاتەکانیان جێگەی گفتوگۆیە. لە نامەکەشدا ئەمەم وتبوو. ئێستا ناتوانم هەمان شت بڵێم. بە دەستپێشخەریی خۆیان هێنایانە ئێرە. کارەکان وەک ئەوە نییە کە ئێوە بیری لێدەکەنەوە. هیچ شتێک نییە بە شەڕ بەدەست بێت. بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە لە دەرەوەی لۆژیک هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر ئەو شێتانە ئەم تیمە پاکتاو بکەن شەڕ گەورە دەبێت و پەرەدەستێنێت. ڕاگەیاندراوەکەی 27ی شوبات گرنگە. باخچەلی دوای ئەتاتورک دەستپێشخەرییەکی گەورەی کرد. (ڕوو دەکاتە هەڤاڵ عەباس) تۆ هەڵسەنگاندنێکی ترت کردبوو. بە باخچەلیت وتبوو وتەبێژی شەڕی تایبەت. بێگومان باخچەلی شتی وای هەبوو بەڵام لەم قۆناغەی ئێستادا چۆن بوو نازانم. بەڵام باخچەلی کەسێک نییە قسەی هەرزان بکات. هەر خۆی لەم قۆناغەدا هیچ دەستپێشخەرییەکی تریش نییە. هەڵسەنگاندنەکەت گرنگ نییە بەڵام من دەرکەوتنەکەی باخچەلی بە بەنرخ دەزانم. (وێنەی پارچە ڕۆژنامەیەکی پیشاندا کە وێنەی دیارییەکی مافووری لەسەرە). ئەمە دەبینن؟ ئەمە زۆر گرنگە.
هەڤاڵ عەباس: درابووە میدیاکانیش. لەوێ بینیمان.
رێبەر: کاتێک هەموو ئەمانە دەڵێم ناڵێم ئەم کارە دەستی پێکرد و تەواو بوو. هێشتا لە سەرەتاداین. هێشتا بە قەد زەڕنێقێک هەنگاوی ئەرێنی نەنراوە. دۆخی من و ئێوەش دیارە. بەڵام هیوادارم. بە بەراورد بە کارەکانی شەڕ، کارەکانی ئاشتی زۆر قورسە. لە چەندین کاری سەختدا بووم. نەچوومەتە ناو هیچ پرۆسەیەکەوە بە بەشداریکردنی هێندەی ئەم هێزەم. بە بەها و مانایەکی زۆر گەورەوە چوومە ناو ئەم پرۆسەیەوە. دەزانن ناچمە ناو شتێکەوە کە بەنرخ نەبێت. دڵ دەیەوێت خێرا بێت. بەڵام سیاسەت و نەریتی تورکیا ڕێگە بەمە نادات خێرا بێت. چاوەڕێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆن دەکەین. بەڵام بەم ڕەوتە سیاسەت دەستپێشخەری ناکات. بۆیە پێشنیارێکی چارەسەریم هەیە. با ڕێکخەریی سیاسی هەبێت. داود ئۆغڵو پێشنیاری کردبوو. بابەتێکی تر ئەوەیە کە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان پێویستە کۆدەنگییەک لەسەر من دروست بکەن. سەرکردەکان با کۆببنەوە و سنوورەکانی چالاکییە جێبەجێکارییەکانی من دیاری بکەن. بۆ نموونە گەلی تورکیا و کۆمەڵگە چییان لە من دەوێت؟ بەڕێز ئەمرەش دەیگوت ئێمە نازانین چیمان لە ئاپۆ دەوێت. دەیگوت کەموکوڕی و هەڵە هی ئێمەیە. ئێستا باخچەلی وتی مافی هیوا (Umut Hakkı). ئایا ئەوان قبوڵی دەکەن یان نا کە من ئەم کارە بگرمە ئەستۆ؟ لە پراکتیکدا دەبێت کۆتایی بە دۆخی نایاساییبوونی من بهێنرێت. سەلمێندراوە، هێزم هەیە. هاتنی ئێوەش بۆ ئێرە ئەمە نیشان دەدات. جگە لە من کەس ناتوانێت جێبەجێکاری بکات. قەندیل، قەسەدە و دەم پارتیمان بینی. بەشدارییەکانیان زۆر سنووردارە. من شتانێکم هەیە بیانکەم. جیابوونەوە نییە، توندوتیژی نییە. لە ژێر بەرپرسیارێتیی مندا، بەتەنیا هەوڵدەدەم ئینتیگراسیۆنی دیموکراتی (تێکەڵبوونی دیموکراسیانە) ئەنجام بدەم. من چارەسەرکەری کێشەکانم.
هەڤاڵ عەباس: بڕیاری کۆنگرەکەشمان هەر وایە. هەر خۆی ئێمەش ئاوا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. وتمان ئەم پرۆسەیە تەنیا دەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێوەوە بەڕێوەببرێت.
رێبەر: (بە پێکەنینەوە) هەڤاڵ دوران دوایین نوێنەری سۆسیالیزمی ڕاستەقینەیە. بەو شێوەیە پێناسەی دەکەم.
هێلین: هەڤاڵ عەباس لە دوای پەرتووکی 'پاراستنی گەلێک'ی ئێوەوە گۆڕانکاریی زۆری بەخۆیەوە بینی. من تێڕوانینم لەم ڕووەوە هەبوو.
رێبەر: ناڵێم نووسینەکانی عەباس هەڵەن. عەباس زەحمەتێکی زۆر دەکێشێت و تیۆریی باشی هەیە. بەتەواوی زاڵ نییە بەسەر سۆسیۆلۆژیای کوردیدا. لە گۆڕینی ڕەنجە گەورەکەی بۆ پراکتیک کێشەی هەیە. نازانێت چۆن کاری پێبکات. ئایا لە پاتاگۆنیا شەڕ بە پەنگوینەکان دەکات؟ لە تێگەیشتن لەوانەی تەنیشتی خۆی کێشەی هەیە. دەڵێم کەسایەتییەکی پێشەنگ نابێت وا بێت. پراکتیک زۆر ترسناکە، چۆن ناتوانێت ڕێگری لەم وێرانکارانە بکات. کەچی لە 15ی شوباتەوە ڕێگە دەبڕێت. هەمووان زۆر متمانەی پێدەکەن. منیش زۆر متمانەی پێدەکەم. پێشتر چواندنم بە بازرگانێکی قەیسەری کردبوو. وتم کەرەکە بۆیاخ دەکات و بە باوکی دەفرۆشێتەوە، با بە هەڵە تێنەگەن. دڵسۆزی و پەیوەستبوون بە تەنیا بەس نییە. شێوازی سیاسەتکردن گرنگە. ئەگەر ناتوانیت داهێنەر بیت، پەلکێشی سێدارەت دەکات. ئەوانەی خۆیان بە مارکسیست دەزانن دەبێت ئەمانە تێپەڕێنن. 40 ساڵ لە شاخ دەمێنیتەوە، بەرگری دەکەیت بەڵام تەنانەت ناتوانیت بەرگری لە خۆشت بکەیت. عەلی حەیدەرەکان، قاسم ئەنگینەکان، کۆچەرۆ، چەندین کادری لەدەستچووە هەن. ئەمە لە کاتی پەڕینەوە لە چەم خنکان. ناتوانن ڕێوشوێنی داهێنەرانە بگرنەبەر. پێتان سەیر نەبێت بۆ خاتوونەکان، سەیری دەرەنجامەکان بکەن (وەک پەندێک:Haticeye değil neticeye bakacaksınız). شێوازی ژیان و شەڕتان کەمئەندامە.
لە زاگرۆسەوە دەتانویست شۆڕش بۆ وڵاتێک یان دوو وڵات بگوازنەوە. داعش و مەلاکانیش چییان لێدێت؟ جار نا جارێک هەراسانتان دەکەن. عێراق، ئێران بنکەی سەرەکی شۆڕشەکەتانە. ئەگەر بەم شێوازە شەڕ بکەن و بەردەوام بن دەکەونە تەڵەوە. لەوێ گەمارۆتان دەدەن. هەموو ڕۆژێک هۆشیاری مێژووییتان بەئاگا دەهێننەوە. هەموو ڕۆژێک ژیانی نوێ دەدۆزنەوە. ئەوێ بێشکەی ژیانی نوێیە. لە نێوان ئەوەی هیوام پێی بوو و ئەوەی بینیم جیاوازییەکی یەکجار زۆر هەیە. ڕەنگە هەڵسەنگاندنێکی زیادەڕەوانە بێت. نامەوێت ناهەقی بکەم. داخ دەخۆم. ئازاری گەورەمان چێشت. من زۆر بێزارم لەو 40 ساڵە. ئەگەر کارێکی ڕاست بکرایە لە نەوەدەکان کۆتاییمان پێدەهێنا. داخ بۆ ئەمە دەخۆم، درێژەی کێشا. منیش لەم جۆرە ژیانەی ئێوە بێزار دەبم. بە هەوڵێکی سنووردارەوە هەوڵدەدەین ئەمانە قەرەبوو بکەینەوە. کاتێک ناتوانیت ببیتە چارەسەر، بنبەست دەتخنکێنێت. شێوازی تێکۆشانی من بە چەک نەبوو بەڵام لە دەرەنجامەکە بەرپرسیارم. ئەگەر بمزانیایە دەرەنجامەکان وا دەبن نە لە 83دا تۆم دەنارد و نە ئەو گرووپانەش. ئەگەر ئەم چارەسەرییە نەگاتە ئەنجام بێگومان لایەنێک دەتانپەستێوێت. هەڤاڵ سەبری دەیگوت 'ئێمەش بەتاڵ نین. پەیوەندی و هێزمان هەیە'. بەڵام لەم بارودۆخەدا بەم حاڵەوە مەحاڵە بەردەوام بن.
لێرە 4 هەڤاڵ هەن دەڵێم بڕۆن تا بەیانی گفتوگۆ بکەن و چارەسەرێکی گونجاو بهێنن. لە دەوروبەری ئێوە سەدان کەس هەن. بەردەوام دەڵێن ناوچەی تاڵەبانی، ناوچەی بارزانی. بەڵام ئەوانیش بە سایەی ئێمەوە لەسەر پێ وەستاون. تاڵەبانی دەیگوت 'ئەگەر ئێوە نەبن 24 کاتژمێر ناتوانین لەسەر پێ بوەستین'. ڕێککەوتنمان لەگەڵ بارزانی و ئیدریس کردبوو. ئەگەر ئێمە نەبوینایە کەس ئەوانی نەدەناسی. کەموکوڕییەکانی خۆمان ئەم زەمینەیەی بۆ ڕەخساندن. هەرچۆنێک بێت با واز لەمانە بهێنین. ئەگەر بوونی من لێرە نەبوایە حاڵتان پەرێشان دەبوو. ئەوەی بڵێیت پێمان وانەبوو، نەمانتوانی حیسابی بۆ بکەین، هیچ مانایەکی نییە. دەبێت بیری لێبکەنەوە. بە بەرپرسەکانیش دەڵێم؛ بڕۆن ڕێکخەری سیاسی بهێنن، دەردی خۆم بڵێم، با ڕاپۆرتی دروستتان پێ بگەیەنن. سیاسییەکان، کۆسپن لە بەردەم چارەسەری سیاسی. دەوڵەت ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک ئەمە دابین بکات. هەندێکیان دەردەکەون دەڵێن تا دوایین چەک دانەنرێت نازانم چی... ئێمە هیچ کارێک و کێشەیەکمان بە چەکەوە نییە. من پشت بە چەک نابەستم. ئێمە ئەم پرۆسەیەمان لەبەر ئەوە دەستپێنەکرد کە ئۆجەلان لە ژێر فشارە و ڕێکخراوەکەش لە زەمینەیەکی لاوازدایە. ناتوانن لە چیاکاندا بژین. دەوڵەتیش وایە. سیاسییەکان ساڵی 2015 هاتنە ئێرە ئەگەر لەبەر ڕێزگرتن نەبووایە بۆ خۆم دەمتوانی مێزەکەیان بەسەردا بشکێنم. ئایا ئەوەندە بێجدییەتی و بێبەرپرسیارێتی دەبێت؟ لە پەرلەمان تەنانەت گوێ لە یەکتری ناگرن. دەڵێم دەرفەت بدەن با کار بکەم. خاوەنی ئەم بارودۆخانە نیم. ئەم هەمووە کار دەکەم کەچی تەنانەت پێشنیارەکەشمان لە هەوادا دەمێنێتەوە. هەموو ڕۆژێک دەڵێم تکایە ڕێگەمان بکەنەوە. ئەگەر ئەم پرۆسەیە تێکبچێت وێرانکارییەکی گەورە ڕوودەدات. وتم ئەگەر ئەم پرۆسەیە نەگاتە ئەنجام سوپایەکی 100 هەزار کەسی دروست دەبێت، پرۆسەکە منی لە ڕۆژئاوا پشتڕاست کردەوە. ئێستاش ئەگەر ئەم پرۆسەیە پووچەڵ بکرێتەوە لە ئەنجامی قەیرانی ئێران و عێراقدا 500 هەزار کورد چەکدار دەکرێن. ئێران هەیە، عێراق هەیە. حاڵی هێزە کوردییەکان دیارە. ئەمە ئاڕاستەی تورکیا دەکەن و دەڕووخێنن. ئەمە هەڕەشە نییە. هۆشداریتان پێدەدەم. لە پێشهاتێکی ئەگەرکراو ئاگادارتان دەکەمەوە. دەمەوێت واژۆ لەسەر ئەو چارەسەرییە بکەم کە پێی دەڵێن ئایدیاڵی ئێمە. دەبێت ئەم کارە چارەسەر بکرێت. هەزاران گیان هەن. پەندێک هەیە دەڵێت 'ناوم خدرە و ئەوەی لە دەستم دێت هەر ئەمەیە'. ئەو هەموو سەربازە هەیە، ئەو هەموو خەرجییە هەیە. ئەو کچ و گەنجانە لە بارودۆخی سەختدا تێدەکۆشن. دەبێت چارەسەری بۆ ئەمە پەرەپێبدرێت. شەڕ چارەسەر ناهێنێت. ئەو شەهیدانە وەک ئەوە بوو کە لە کاتی پەڕینەوە لە چەمدا بخنکێن. 33 ساڵ کارمان کرد هێندەی جۆیەک ڕێگەمان نەبڕی. نابێت شۆڕشەکان بەم شێوەیە کۆتایی بە خۆیان بهێنن. پێموایە تێدەگەن وانییە؟
سەرچاوە تورکییەکە:

https://rasti.tv/ocalan.html

https://www.tiktok.com

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست