چۆن ئایدۆلۆژیای کوێرانە بیرکردنەوەی مرۆڤ ئیفلیج دەکات؟
24/08/2026, 18:32 (GMT+1)

مێشکی مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوەی خۆی هەیە، نوێبوونەوە بە واتای بیرکردنەوە و پرسیارکردن، هەروەها راهێنان لەسەر بەردەوامییدان بە جوڵە و گۆڕانکاریی. خاوەنی مێشکی بۆگەن ئەو کەسانەن کە مێشکیان وەکو خۆیان تەمبەڵ دەکەن، وزە و توانای لێدەبڕن، تا لە جوڵە بکەوێت و لە شوێنێکدا بوەستێت، لەوێدا مێشک دەکرێتە قوربانیی باوەڕێکی کوێرانە، ئیتر خاوەنی ئەو مێشکە تاریکی دایدەگرێت بەبێ ئەوەی هەست بکات، کە بۆتە بەشێک لە ئەندامی مێگەلێکی داخراو.
لەم دۆخەدا، ئەگەر بەرەو رووی راستییەک بوویەوە، ڕاستییەکان بکەینە پێشەنگ، تا ئەو تاریکییانەمان بۆ ڕووناک بکاتەوە، کە ئەوانە تێیدا دەژین، لەبری ئەوەی پێخۆشحاڵ بن و چاوەکانیان بەڕووی ڕووناکیدا بکەنەوە، کەچی پەلاماری ئەوانە دەدەن، کە رێگای راستییان پیشان داون. ئەوان ناتوانن ددان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن، بۆیە ڕق و کینەیان بەسەر ئەو کەسانەدا دەڕێژن کە خەونە درۆینەکانیان لێ تێکدەدەن.
ئەمە تەنیا پێناسەیەکی خەیاڵی نییە، بەڵکو برینێک و کارەساتێکی گەورەیە لەناو کورددا بەتایبەتی لەنێو بەشێک لە بزووتنەوەکانی نیشتمانەکەماندا. کاتێک باوەڕ دەبێتە دیوارێک لەبەردەم عەقڵدا، عەقڵیان بە تەواویی دادەخەن، شوێنکەوتووان دەبنە کۆیلەی ئەو دروشمانەی بۆیان داتاشراوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی هزرەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەگوزەرێت، نموونەیەکە لەو برینە قووڵەی خەریکە جەستەی نەتەوەکەمان وێران دەکات. لەبری ئەوەی ئەم شوێنکەوتووانە گوێ لە دەنگی ئەو کەسە دڵسۆزانە بگرن، کە وشیاریان دەکەنەوە بەرامبەر بە کارەساتێکی گەورە، کەچی کوێرانە هێرش دەکەنە سەر ئەوانەی، ڕاستییەکانیان بۆ باس دەکەن، ئەو ڕاستییەی کە چۆن ئەم ڕێگەیە لەژێر چاودێریی تاریکترین ژوورەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیادا پلانی بۆ داڕژراوە، تەنیا بۆ ئەوەی مێشکی تاکەکانی پێ دەستەمۆ بکرێت و خەونەکانیان لەگۆڕ بنرێت.
ئەم ژەهرە هێندە بە هێواشی چۆتە ناو قووڵایی دەمارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، کە وشیاریی تاکەکانی بە تەواوی سڕ کردووە. کارەساتە گەورەکە لەوەدایە، کە ئێستا خۆتواندنەوە و لەدەستدانی شوناسی کوردی، وەکو شتێکی ئاسایی، تەنانەت وەک دەسکەوتێکیش سەیر دەکرێت. ئەوان تێکەڵبوون و توانەوەی خۆیان لەنێو نەتەوەی سەردەست و داگیرکەردا، بە ناوی (سەرکەوتن بۆ برایەتیی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک) پیرۆز دەکەن. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەم جار بینراوە قوربانییەک بە پێی خۆی بەرەو سێدارە بڕوات، لە هەمانکاتدا پەتی سێدارەکە بکاتە ملی خۆی و بە دەنگێکی بەرز چەپڵەش بۆ جەلادەکەی لێبدات!
لەم نێوەندەدا، کاتێک قەڵەمە ڕەخنەگرەکان بە دڵسۆزی و بە زمانی لۆژیک ئەم واقیعە تاڵە دەخەنە ڕوو، لەبری ئەوەی ئەو ڕۆحانەی ناو مێگەل بەئاگا بێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی هزری نیشتمانی، کەچی بە توندترین شێوە پەلامار دەدەن. هۆکارەکەشی زۆر سادەیە: قەڵەمەکان وەکو ئاوێنەیەک وان، ئەوانیش پێیان خۆش نییە رووی ناشرین و راستەقینەی خۆیان ببین، بۆیە تف لەو ئاوێنەیە دەکەن، کە رووی خۆیانی پێشان داون.
کاتێک کەسێک لە ئاوێنەیەکدا دەموچاوی شێواوی خۆی دەبینێت و تێدەگات کە چۆن خۆی ڕادەستی داگیرکەر کردووە و خەباتی دەیان ساڵەی بەفیڕۆ داوە، لەبری ئەوەی شەرم لە خۆی بکات و هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئاسانترین ڕێگە هەڵدەبژێرێت، ئەویش ئەوەیە بەردێک دەگرێتە ئاوێنەکە و دەیشکێنێت. ئەوان دەیانەوێت دەنگی ڕەخنەگرەکان کپ بکەن و کەسایەتییان بشکێنن، تەنیا لەبەر ئەوەی خەیاڵەکانیان لێ تێک نەچێت کە ساڵانێکە خودی خۆیانیان پێوە خەڵەتاندووە.
بەڵام با شتێک بزانن، شکاندنی ئاوێنەکان و بێدەنگکردنی دەنگی راستیی، هەرگیز ناشرینیی واقیعەکە ناگۆڕێت. پرۆسەی خۆتواندنەوەی کورد و خزمەتکردن بە بێگانە، بە شکاندنی قەڵەمی ئازاد و دەنگی ڕەخنەگر پەردەپۆش ناکرێت. زوو بێت یان درەنگ، مێژوو وەکو دادوەرێکی بێبەزەیی، حوکمی کۆتایی خۆی بەسەر سەرجەم ئەو کەسانەدا دەدات کە نەتەوەیەکیان بەرەو خۆلەبیرکردن و بێگانەپەرستی بردووە، ڕاستییەکانیش وەکو خۆر، هەردەم لە پشتی هەورە تاریکەکانەوە دەدرەوشێنەوە.
لە کۆتاییدا ئازادی ئۆجەلان ئازادیی کورد نییە. شەرمەزارییە چارەنووسی نەتەوەیەک بدرێتە دەست کۆیلەیەکی ژێر دەستی داگیرکەر.
تێبینی: بەشێک لە بیرۆکەی ئەم نووسینەم لە (د. سەربەست نەبی) وەرگرتووە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

