قەسابەکەی بانیاس و دۆستی ئۆجەلان و بنەماڵەی ئەسەد دەستگیرکرا
16/10/2026, 19:58 (GMT+1)

لە ڕووداوێکی ئەمنیی بێپێشینەدا کە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوچەکە لێکەوتەوە، دەزگای هەواڵگریی سووریا بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ توانییان یەکێک لە تاریکترین و ڕەشترین سیماکانی سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕژێمی پێشوو دەستگیر بکەن؛ ئەویش تاوانبار "مێعراج ئۆرال"ـە (ناسراو بە عەلی کیالی)، کەسێک کە مێژووەکەی پڕییەتی لە توندوتیژی، ئاڵۆزیی سیاسی، تۆڕی قاچاخچێتی و تاوانی جەنگ دژی هاووڵاتییانی مەدەنی.
لە چەکداریی مۆدێرنەوە تا ڕاکردن بەرەو باوەشی ڕژێمی ئەسەد
مێعراج ئۆرال لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ئەنتاکیا لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا لە خێزانێکی عەلەوی چاوی بە دنیا هەڵێنا، بەڵام دواتر ناسنامەی خۆی وەک "عەرەبێکی سووری" پێناسە کرد. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئۆرال پێی خستە نێو خەباتی چەکدارییەوە کاتێک پەیوەندی بە ڕێکخراوێکی چەپڕەوی توندڕەوەوە کرد بە ناوی "عاجلجیلەر" (پەلەکەرەکان)، ڕێکخراوێک کە بە ئەنجامدانی کاری خوێنڕێژانە و توندوتیژ ناسرابوو.
لە ساڵی ١٩٧٨دا، بە تۆمەتی ئەنجامدانی زنجیرەیەک "کاری تێرۆریستی" لە خاکی تورکیادا دەستگیر کرا—لەوانە دزیکردن لە بانکێکی شاری ئەدەنە و جێبەجێکردنی هێرشی تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا. دوای دەستبەسەرکرانی لە ١٢ زیندانی جیاوازدا، لە زیندانی ناوەندیی ئەدەنە کۆتایی بەم حاڵەی هات. دوای کودەتا سەربازییەکەی جەنەڕاڵ کەنعان ئێڤرین لە ساڵی ١٩٨٠، توانی بە بەرتیل دان بە پاسەوانەکەی لە زیندان هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە خاکی سووریا. لەوێ لەژێر سێبەری حافز ئەسەددا خۆی داڵدەدا، ڕەگەزنامەی سووریی پێبەخشرا و لە نێو سوپای ئەو وڵاتەدا جێگیر کرا.
تۆڕی پەیوەندییە ئاڵۆزەکان و بازرگانیی تاریک
ئۆرال پێگەی خۆی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سووریادا بەهێزتر کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ "مەلەک فازڵ"، سکرتێری جەمیل ئەسەد (برای حافز ئەسەد) کرد. لەو سەردەمەدا میلیشیایەکی چەکداری پێکهێنا کە لە شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٢ی لوبناندا (لە بەیروت، نەبەتییە و باشوور) بەشدارییان کرد.
هاوکات، ئۆرال ڕۆڵی نێوەندگیرێکی کلیلیی گێڕا لە نێوان ڕژێمی ئەسەد و سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵدا هەبوو.
هەر هەموویان بە فکری سیاسی و بە عەقڵیەتی مەزهەبیی عەلەویی زۆر نزیک بوون لەیەکدی. لە پاڵ ئەم ڕۆڵە سیاسییەدا، ناوبراو چالاکانە تێوەگڵابوو لە تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، کە سنوورەکانی لە ئەفغانستانەوە تا قووڵایی ئەورووپا دەکێشرا. وەک دواتریش ماهیر ئەسەد( برای بەشار ئەسەد) و سوپای قودسی پاسدارانی ئێران و باڵی جەمیل بایک لە ناو پ ک ک، هەمان کاریان تا کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵەی عەلەویی ئەسەد دەکرد و باندی درووستکردن و هەناردەکردنی حەبی کاپتاگۆن لە سووریا و ڕۆژئاڤای کوردستان ناسراوە بۆ کورد و عەڕەب.
هەروەها هاوکاری پ ک ک و جەیشولباقر و سوپای قودسی پاسدارانی ئێران لە ناوچەی نوبل و زەهرا لە نزیک شاری حەلەب، بەشێکی جیانەکراوەی سیاسەتی برایەتی عەلەوی بوو لە سووریا.
دوای ئازادکردنی سووریا، هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و ناردنی هاوکاری نیزامی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران هەر بەردەوام دەکات و باندی عەلەوییەکانی سوپای ڕووخاوی بنەماڵەی ئەسەد کە خۆیان لە شار و گوندەکانی سووریا حەشار داوە بە ئاسانکاری بەشێک لە مافیا و میلیشا شیعەکانی عێڕاق لە عێراقەوە و بە چاوساغی باڵی جەمیل بایک لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەمان کار بەردەوام دەکەن.
"قەسابەکەی بانیاس"؛ کارنامەیەکی پڕ لە تاوانی جەنگ
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا، ئۆرال وەک سەرکردەی ڕێکخراوێکی چەکداریی "شەبیحە" دەرکەوت بە ناوی "بەرخۆدانی سووری - بەرەی گشتی بۆ ڕزگارکردنی لیوای ئیسکەندەرون". ئەو بە چەکدارکردنی گەنجانی هاوئایینزاکەی لە پارێزگای هاتای، لە پاڵ هێزەکانی ڕژێم و نێو میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانیدا، بەشداریی لە سەرکوتکردنی خوێنڕێژانەی ڕاپەڕینەکاندا کرد لە حەلەب، ئیدلیب (جسر الشغور) و گوندەوارەکانی لازقییە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نازناوی "قەسابەکەی بانیاس"یان بەسەر ئۆرالدا بڕی، دوای ئەوەی ناوی بە زنجیرەیەک کۆمەڵکوژیی تۆقێنەرەوە بەسترایەوە کە دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە؛ لەوانە:
کۆمەڵکوژیی حوڵە (٢٥ی ئایاری ٢٠١٢) شەپۆلێک لە توندوتیژی لە گوندەواری حومس کە بووە هۆی شەهیدبوونی ١١١ هاووڵاتیی مەدەنی، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵی بێتاوان بوون.
کۆمەڵکوژیی گەڕەکی بەیدا لە بانیاس (٢ی ئایاری ٢٠١٣) بە هاوکاریی مفتیی عەلەوییەکان بەدر غەزال، سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی سوننە بە سەربڕین، سووتاندن و ڕەشرەشکردن بە فیشەک لەسێدارە دران.
تەقینەوەکانی ڕەیحانییە (١١ی ئایاری ٢٠١٣) داڕشتنی کۆمەڵێک تەقینەوە لە ناوخۆی تورکیا کە دەیان قوربانیی لە هاووڵاتییانی تورک و سووری لێکەوتەوە.
پەیامی دادپەروەری؛ هیچ تاوانبارێک دەربازی نابێت
دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە هەواڵێکی خۆشحاڵکەر بوو بۆ کەسوکاری قوربانییان. ئەحمەد مووەفەق زێدان، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کاروباری ڕاگەیاندن، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئێمە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی تاوانبار مێعراج ئۆرال... هەر تاوانبارێکی بکوژ، کاتەکەش درێژخایەن بێت یان کورت، ڕاو دەکرێت و هیچ کەسێک لە بەدواداچوونی دەزگا ئەمنییەکانمان دەربازی نابێت.!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان





