<

پڕۆسەی ئاشتی ئۆجەلان و ئاشبەتاڵی قەندیل

19/09/2026, 0:00 (GMT+1)
چەمکی (ئاشتی) لە بنەڕەتدا بە واتای دانوسان و سازشکردنی دوو لایەن دێت، کە تێیدا هەردوو لا ڕێک دەکەون و کۆتایی بە شەڕ و جەنگ دەهێنن، لە ئەنجامدا هەر یەکەیان پشکێک یان دەستکەوتێکی بەر دەکەوێت، کەم تا زۆریش پێی ڕازی دەبن.
ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی پڕۆسەی ئاشتی بانگەشەی بۆ دەکرێت، لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە تەسلیمبوون و ئاشبەتاڵ. پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلان، پڕۆسەی خیانەت و ناپاکییە. تورکەکان بە ناوی کۆتاییهێنان بە تیرۆر ناوی دەبەن، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا خۆچەماندنەوەی پەکەکەیە بۆ دەوڵەتی تورکیا و هیچ دەستکەوتێکی تێدا نییە؛ تورکیا نەک دەیان هەزار زیندانیی سیاسیی ئازاد نەکردووە، بەڵکو بچووکترین مافیشی بە نەتەوەی کورد نەداوە. تەنانەت ئازادکردنی ئۆجەلانیش سیناریۆ و شانۆگەرییەکی دەرەوەی یاسای تورکیایە، دەزگای میت بە ڕووکەش شوێنی بۆ خۆش دەکات و دەمێکە لە زیندان دەریان هێناوە. تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە مەرامەکانی خۆی بەدەست بهێنێت و بەم ئازادکردنە ڕواڵەتییە دڵی خۆش بکات تا ئەو کاتەی کاری پێی نامێنێت، بەمەش چاوی خەڵکی پێ دەبەستن. بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئۆجەلان بە تەواوی تەسلیم بووە و وەک تورکێک دەیەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورک بکات. لە پێناو ئازادکردنی خۆیدا هەموو کوردی کردووەتە قوربانی، بەڵام هەرگیز ئەو ئازادییە بە خۆیەوە نابینێت و چارەنووسی لە حەسەن خەیری خراپتر دەبێت.
ئەگەر بە قووڵیش سەیری دەرهاویشتەکانی ئەم سیاسەتە بکەین، وەک بەڕێزێکی کۆنە کادری پەکەکە بۆی نووسیبوون، دەڵێت: بریا زووتر کۆتایی بەم شانۆگەرییەی پەکەکە بهاتایە، پێش ئەوەی ئۆجەلانی ناموبارەک، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کورد بەرەو لەناوچوون ببات. زۆر مەترسیدارە، ئەوەتا دروستکردنی چوار حیزبی پاشکۆی پەکەکە لە هەر چوار بەشی کوردستان و ئاڕاستەکردنیان بۆ لێدان لە دۆزی نەتەوەیی کورد، گەورەترین گورزە لە مێژوودا لە کورد بدرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە کارەساتی شنگالییەکانە، بۆیە مێژوو هەرگیز لە بیری ناکات، کە چۆن بەناوی پاراستنەوە، پڕۆژەی داتاشینی نەتەوەی ئێزیدییان هێنایە ئاراوە و کوردی ئێزیدییان لە کوردبوون دوورخستەوە، خستیانە باوەشی دەوڵەتی عێراق و سوپا و حەشدی شەعبییەوە.
ئەوەی ئێستاش هەیە ئاشتی نییە، بەڵکو تەسلیمبوون و دۆڕان و تێشکانێکی گەورەیە، دڵنیاشم کەس ئەم نەفرەتلێکراوەی مێژوو لە بیر ناکات و دەبێت ئۆجەلان ڕیسوا بکرێت.
چەمکی ئاشتی و ئاشبەتاڵی قەندیل
سەبارەت بە چەمکی (پڕۆسەی ئاش+ تی)، کە من لێرەدا وەک یارییەکی وشەسازیی بە (ئاش) و (بەتاڵ) جیایان دەکەمەوە کە لە ئێستا چەکدارەکانی قەندیل ئاشەکەیان خستووەتە گەڕ و بەتەواوی بەتاڵیان نەکردۆتەوە، بەڵام وەک لە لێدوانەکانی جەمیل بایک و موراد قەرەیلاندا دەردەکەوێت، ئەمە تەنیا کاتی دیاریکراوی دەوێت و سیاسەتێکی کاتییە. ئەوان دەیانەوێت پێش مانگی یازدە چەند داواکارییەکی بچووک و ڕووکەشیان بۆ جێبەجێ بکرێت، ئەو داواکارییانەش، داواکاریی جەوهەریی نین و هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد تێدا نابێت، چونکە بڕیارە تا ئەو کاتە پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک کۆتایی پێ بێت. ئەگەر تا ساڵێکی دیکە ئەو مەرجانەی بە دڵی تورکیا جێبەجێ بکەن، ئەوا قەندیل بەتەواوی بەتاڵ دەکرێتەوە و هیچی تیا نامێنێت.
بەداخەوە، ئەمڕۆ دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەشدا بنێین، کە چارەنووسی دۆزی کورد کەوتۆتە دەست ئەم خۆفرۆشانەی کوردەوە، هەرجەندە  پێشتر هیوایەک هەبوو لانی کەم ئەگەر خۆیان هەڵنەوەشاندایەتەوە و تەسلیم نەبوونایە، تا کەمێک لە مافەکانی کورد مسۆگەر بکەن. دەبوو پێداگرییان لەسەر (ئۆتۆنۆمیی نەتەوەیی) بکردبایە (نەک ئۆتۆنۆمیی دیموکراتی)، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت بوونی کورد وەک نەتەوە لە دەستووری تورکیادا بچەسپێنن، هاوشێوەی دەستووری ساڵی 1958ی عێراق. ئەگەر ئەمەیان بکردبایە، ئەوا کورد ناچار نەدەبوو جارێکی دیکە لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکاتەوە و ئەو دەریا خوێنە بەفیڕۆ بچێت.
لە کۆتاییدا ئایدیۆلۆژیا و مێتۆدەکانی ئەم حیزبە بۆ سەر نەتەوە و تاک و خێزانی کورد، هێندە مەترسیدارن کۆتاییەکەی تەنیا تواندنەوە و لەناوچوونی کوردە، کە خزمەت بە دەولەتە داگیرکەرەکان دەکات.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست