بەرزانى ئەحمەد كوردە بۆ نابێتە گۆڕان؟؟؟
22/12/2009, 12:00 (GMT+1)

یەكێتى نیشتمانى كوردستان هەر لەسەرەتاى درووست بوونیەوە تا ئەوەى بە ئەمڕۆ دەگات، وەك حیزبێكى بێوەفاو بێ بەڵێن بەرامبەر بە كادرەكانى ناسراوە، لە ناو یە كێتیدا هەمیشە كادر تەواوى تەمەنى بۆ سەركەوتنى ئەو حیزبە تەرخان دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو حیزبە هەر كاتێك نەوعەنما پێوستیان بە شوێنى ئەو كادرە هەبێت، ئەو كاتە كادرە دڵسۆزەكانى خۆى بەكار دێنێت بۆ بردنەوەى پۆستەكان و دواى ئەوەش لەبڕیارێكى مەكتەب سیاسیدا بێ گوێدانە پرەنسیپە ئەخلاقیەكان لایان دەدەن و چەند كادرێكى لاواز و ماستاو چى دەخەنە شوێنیان.
لەتەواوى دونیادا هەڵبژاردن سەنگى مەحەكە بۆ ئەوەى كێ دەبێتە دەسەڵاتدار و كێ گرەوەى خۆشەویتى خەڵكى دەباتەوە، بەڵام ئەو معادەلەیە وا پێدەچێ لاى یەكێتى پێچەوانە بوبێتەوە و وەك ئەوەى مەكتەب سیاسیەكان سێبەرى خوابن بەسەر حیزبەوە، هەر ئاڵوگۆڕێك كە بیانەوێت بە یەك كونفەیەكون دەیكەن و بێ ئەوەى تەنیا بۆیەك دەقەش گوێ لەكادرەكانى خوارە وە بگرێت، بێى ئەوەى گوێبدەنە ئەوەى كێ شایستەیە یان كێ دەتوانى كار بكات، كارى تایبەت وشەخسى ئەوەندە پێش كارى ئەمەك ودڵسۆزى كەوتووە، كە هەڵبژاردن بە مانا فراوانەكەى هیچ نرخ وبەهایەكى نەماوەو لە لایەكى دیكەوە سەپاندنى بڕیارى سەیرو سەمەرە لە لایەن مەكتەب سیاسیەكانەوە بۆتە مۆدێلێكى تازەى حیزبى، ئەمە جگە لەوەى مەكتەب سیاسیەكان هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنێت و كەسێك نیە چاوى راستەقینە بە سەر رابردوى یەكێتى وهۆكارى لاوازى ئێستاى یەكێتیدا بخشێنێت، ئەگینا لە كام حیزبى دنیادا بینراوە كەسێك لە ڕێى دەنگەوە هەڵبژێردرابێت و دواتر بە قودرەتى دەسەڵاتى مەكتەب سیاسى لابدرێت و راستەوخۆو بێ هەڵبژاردن مەیدانەكە پێشكەشى كەسێكى دیاریكراو بكرێت، دواى ئەوەش دەكرێ پرسیارێك بێتە ئاراوە و بگوترێ كە ئایا ئەوانەى ئەمڕۆ ناویان لەخۆیان ناوە مەكتەب سیاسى شەرعیەتیان هەیە تا بڕیارى لەو جۆرە بدەن؟؟ چونكە گەر بە پێى پەیڕەو و پڕۆگرامى یەكێتى بێت نابێت ئەوان وەك دیكتاتۆر تا هەتایە ئەندامى مەكتەب سیاسى بین، بۆیە دەبێ تەواوى كادرانى یەكێتى بزانن كە مەكتەب سیاسیەكان پێش ئەوەى بڕیار بدەن لەسەر لابردنى كادر دەبێ خۆیان لابچن، لەژێر رۆشنایى ئەوەوە من بێگومانم ئەگەر ئەم كارانەى مەكتەب سیاسەكان دەیكەن پێش پلنێۆمەكە بكرایە ئێستا رەنگە سەرانى یەكێتى بیان گوتایە ئەم كێشەیە نابێ بمێنێت، بەڵام من ئێستا دەپرسم كە ئایا مەبەست لە دەربازكردن و بەستنى پلنیۆمەكەى یەكێتى (هەروەكو خۆیان بە كۆمەلێك بەڵێنى قەبەى چاكسازى كۆتاییان بە پلنیۆمەكە هێنا) چاكسازى بە دوادا هات، یان تە نیا لە ژێر پەردەى چاكسازیدا فۆیان بە كەڕەناى كۆتایى هێنان بە كەسانى دڵسۆزو بە ئەمەكدا كرد،؟ یەكەم كارێك كە لە دواى پلنیۆم یەكێتى كردى ئەتكردن و شكاندنى حوڕمەتى پرۆسەى هەڵبژاردن بوو، هەر بۆیە بە دلنیایەوە دەڵێم لە ناو یەكێتیدا تەنها ماستاو دەبێتە باشترین شەهادە لەبەردەم پێشڤەچوونى هەر كەسێكدا.
رەنگە لە ئێستادا نموونەیەكى زیدنوو هەبێت بۆ پشتراستكردنەوەى ئەو راستیە و سەلماندنى ئەو قسانەى كە كردوومن، ئەویش لادانى بەرزانى ئەحمەد كوردە و هێنانى هێرۆ بیت بۆ شوێنى ئەو، من وەك كادریك بۆ هەتا هەتایە گەواهى ئەوە دەدەم كە هیچ كەسێك بەقەد بەرزان دڵسۆزى بنەماڵەى تاڵەبانى و یەكێتى نەبووە، كەچى ئەو بنەماڵەیە بەرزانیانیان بەكار هێنا بۆ بردنەوەى هەڵبژاردنەكان لەمەڵبەند و دووبارە هێنانەوەى بۆ مەڵبەند بۆ ژێر دەسەڵاتى خەتى گشتى، بەڵام بنەماڵەى مام جەلال و یەكێتیش نەیانتوانى هیچ وەفایەك بۆ بۆ ئەوكادرە دڵسۆزە بنوێنن و هەر هێندەى دەسەڵات هاتەوە لاى خۆیان ئیدى باكیان بە دڵسۆزى و شتى وا نەما هێرۆ كرا مەیدانە براوەكە پێشكەشى، بۆیە هەر لێرەوە بەو پەڕى قەناغەتەوە دەیڵێم گەر ئەو خزمەتەى بەرزان بە یەكێتى و بنەماڵەى جەلال تاڵەبانى كردى گەر بۆ ریفۆرم و گۆڕان بیكردایە، ئەوا ئێستا زۆر لە پێشتر دەبوو، یان دەتوانم بڵێم دەبووە یەكێك لەوانەى كە ئێستا پێشەنگى گۆڕانن و بەقەناغەتەوە بۆ باشترین پۆست ئامادە دەكرا، چونكە هێندەى من بەرزان بناسم وەك ئاردى گەنم وایە و دەتوانى لە هەموو شوێنێك دا كاربكات، لەكۆتاییدا بەناوى خۆم و كۆمەڵێك لەوكادرە دابڕاوانەى كە ماهیەتى بەرزان دەناسین، تەنها پێشنیارم بۆ بەرزانى ئەحمەد كوردە ئەوەیە كە هەرچى زووتر بچێتە ناو بەرەى گۆڕانەوە، چونكە لە ئێستادا تۆ وەكو بەرزان هیچ پێویستیەكت بە یەكێتیەكى بێ وەفا نییە، لە هەروەها من لێرەوە پێت ئەڵێم بەوپەڕى قەناغەتەوە گەر بچیتە ناو بەرەى گۆڕان سەد ئەوەندەى ئێستات لەپێشەوە و سەد ئەوەندەى ئێستات چالاك تردەبى.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

