<

لە تۆمارى رەشى پارتى و بنەماڵەى مسعود بارزانیدا

12/12/2011, 12:00 (GMT+1)
بروا ناكەم بە درێژایى مێژوو هیچ هێزێك هەبێ بە قەد پارتى و بنەماڵەى مسعود بارزانى لە خیانەت و دزى و كوشتن و سوتاندن و خۆفرۆشیدا ئەو تۆمارە رەشەیان هەبێ ، شەرى كوردەكانى ئێران لە پاڵ پاسدارانى ئێران و شەرى كوردستانى باكور و پارتى كرێكارانى كوردستان لە تەك سوپا و جەندرمەى داگیركەرى توركیا و خیانەتە گەورەكەى 31/ئابى/1996 لە هێنانى دەبابە و گاردى كۆمارى رژێمى داگیركەرى بەغدا بۆ سەر هەولێرى پایتەختى كوردستان و دزینى دەیان ملیار دۆلار لە قووتى خەڵكى رەش و رووتى كوردستان و كوشتن و تیرۆركردنى دەیان و بگرە سەدان لە تێكۆشەرانى باشور و پارچەكانى ترى كوردستان و رۆژنامەنووسان ، ئەمە هەر مشتێكە لە خەرواری ئەم پارتە و ئەم بنەماڵە خیانەتكارە .
خۆ ئەگەر تۆمارى رەشى سوتاندن و داگیركردنى بارەگاى حزبەكانى باشوریش بخەینەروو دەبینین لەمەشیاندا هەر كەمیان نەكردوە ، فەرموون سەیرى ئەو رۆژمێرە رەشەى ئەو پارتە و ئەو بنەماڵەیە بكەن لەم بوارەدا ، لە (20) ساڵى رابردوودا.
* سوتاندنى بارەگاكانى (بەرەیى توركمانى) لە هەولێر لە ساڵى 1997 لە رێگەى ئاوارەكانى شەرى نێوخۆوە دواتر داگیركردن و تاڵانكردنى ئەو بارەگایانە .
* سوتاندنى گوندى كەڵەكین و تاڵانكردنى و كوشتنى (حسێن ئاغاى سورچى) سەرۆكى عەشیرەتى سورچى و (38) كەسى تر لەم عەشیرەتە لە سەرەتاى ساڵى 1996 دا.
* سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان لە بادینان و تاڵانكردنى و كوشتنى (4) كەس لە سەركردە و كادیرى ئەو حزبە كە یەكێكیان ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوو بوو ، لە (6/12/2005)دا
* هێرشكردنە سەر بارەگاكانى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوو و كۆمەڵ و بارەگاكانى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى و بارەگاكانى گۆران لە ئەنجامى كاردانەوەى هەڵبژاردنەكەى 25/7/2009دا.
* سوتاندنى بارەگاكانى بزوتنەوەى گۆران لە هەولێر و سۆران و شەقڵاوە و دهۆك و شوێنەكانى تر لە شوباتى (2011)و لە ئاكامى پەلاماردانى خەڵك بۆ بارەگاى لقى (4)ى پارتى لە سلێمانیدا.
* دواجاریش كە دیارە دواجار نابێ دووبارە سوتاندن و تاڵانكردنى بارەگاكانى یەكگرتووى ئیسلامى لە زاخۆ و سمێڵ و دهۆك و قەسرۆك و بارەگاكانى دەزگاى راگەیاندنى ئەو حزبە لە دەڤەرى بادیناندا بە درۆى شاخدارى پەلاماردانى یەكگرتوو بۆ سەنتەرەكانى مەساج و دووكانى مەى فرۆشى و شوێنە گەشتیارەكانى تر ، كە ئەمەشیان سیناریۆیەكى دروستكراوى دەزگا جاسوسیەكانى پاراستن و كورە تاوانكارەكەى مسعود (مسرور) بوو وەك ئێستا بە ئاشكرا بۆ هەموو لایەك دەركەوتووە .
ئەوە ماوە بڵێم ئەو كەلتورى سوتاندن و تاڵانكردنە ، دواجاریش بە لارێدابردنى رووداوەكان ئەمە كەلتورى داگیركەرانە ، بە تایبەتیش بەعسیەكان كە بە میرات بۆ پارتى و بنەماڵەى مسعود بارزانى ماوەتەوە ..


كامران على محمود
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست