چیرۆكى دادوەرییەكە مەلا مستەفا لەدەمى ڕۆژنامەنووسێكى ئیسرائیلیەوە
20/04/2014, 12:00 (GMT+1)

جۆناتان سی ڕانداڵ (JONATHAN C. RANDAL) لە كتێبی (MY ENCOUNTERS WITH KURDISTAN) كوردستان یان كڵۆڵی نەتەوەیەك. لەلاپەڕەكانى (150 تاوەكو 155) باسی سیفەت و كەسیەتى مەلا مستەفا دەكات لەو ساتانەى كە خۆى لە كوردستان ژیاوە. لەلاپەڕە (154)ى وەڕگێڕدراوى كتێبەكە كەلەلایەن "خەسرەو شاڵى" لە ئینگلیزیەوە وەڕگێردراوە لە ساڵى 2001. نووسەر باسی ڕووداوێك دەكات كە ڕۆژنامەنووسێكى ئیسرائیلى بۆى گێڕاوەتەوە. تێیدا باسی دڕندەیی مەلا مستەفا دەكات و دەڵێت:
(ڕۆژنامەنووسێكى ئیسرائیلى گێڕایەوە كە مەلا مستەفا چۆن چۆنى لەگەڵ پێشمەرگەیەكدا ڕەفتارى كردووە، كاتێك لە ئاشتبوونەوە، لەگەڵ كەسێكى تردا نەچۆتە ژێرفەرمانى مەلا مستەفا و پێداگرى كردووە لەسەر كوشتنى بەرانبەرەكەى، لەوكاتەدا بارزانى دەستى بۆ نێو جانتاكەى بردووەو قەڵەمێكى پاركەرى زێر كە بەدیارى بۆى هاتبوو لەگەڵ دەفتەرێك و چاویلكەیەكى چوارچێوە زێڕینى لێدەرهێناو فرمانێكى نووسی كە ئەو پێشمەرگەیە دەستگیر بكرێت و دادگایی بكرێت و بە كوشتن تاوانبار بكرێت و بەر لە خۆرهەڵاتن بكوژرێت. كە ڕۆژنامەنووسە ئیسرائیلیەكە لە بارزانى پرسی بوو؟ بۆچى خۆى بە نووسینى ئەو كاغەزەوە خەریك كرد؟ بارزانى بە تووندى وەڵامى دابووەو، ووتبووى: ئەى دادوەرى چۆن دێتە دى؟)
دیارە پرسیارى ڕۆژنامە نووسە ئیسرائیلیەكە بۆ ئەوە بوو لە مەلا مستەفا، كەتۆ بڕیارت داوە ئەم پێشمەرگەیە بكوژیت چ پێویست دەكات لەسەر پارچە كاغەزێك چەند دێرێك بنوسیت؟
وەڵامى مەلا مستەفاش بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت كە دەرهێنانى دەفتەرو قەڵەمەكەى، بۆ ئەوە بوو نیشانى بدات ئەو وەكو قازی و دادوەرێك بڕیار لەسەر (تاوانباران) دەدات نەك وەك سەركردەیەك.
نووسەر بۆ وەڵامى ئەم دەربڕینەى مەلا مستەفا لەبەرانبەر ڕۆژنامە ئیسرائیلیەكە دەڵێت: (ئەم ڕادەربڕینە و بەو جۆرە گاڵتە جاریە، ئەو دوورییە دەردەخات كە بارزانى لەكەسایەتییەكى ناسراو و ناودارى چیاوە بڕیویەتى تا گەیشتۆتە سەركردایەتیكردنى نەتەوەكەى).
ئەوەى ئەمڕۆ كوڕ و نەوەكانى بارزانى لەكوردستان ئەنجامى دەدەن هەمان ئەو بریارانەیە كە بەقەڵەم و دەفتەرەكەى باوكیان لە ژێر ڕەحمەتى چاویلكە زێڕینە خیانەتكارەكەىدا خەندەقی خیانەت دروست دەكەن بۆ دروست كردنى سنور لە نێوان نیشتمانێكى یەك خاك و یەک زمان.
لەكۆتایی ئەم نووسینە دەڵیم: (شۆڕشێك) لە ژێر ڕەحمەتى قەڵەم و دادوەریەكى ئاواى بارزانییدا بووبێت، ئیتر چۆن چارەنووسی بە ئاشبەتاڵ كۆتایی نایەت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

