دكتۆر بەرهەم مەزنترین ستەم و تاوانى بەرامبەر دەزگاى هاتوچۆ ئەنجامدا
09/02/2011, 12:00 (GMT+1)

بەراستى هەرێمێكى سەیر و سەرۆك حكومەتێكى سەیرترمان هەیە ، ئێمە نازانین دكتۆر بەرهەم لەكاتێكدا بەسەدان راوێژكار و یاریدەدەر و سكرتێر و نوێنەرى لێرە و لەوێ هەیە گوایا هەموویان موچە و دەرماڵە و ئوتومبیل و ئیمتیازاتى خەیاڵیان لەپاى چى بۆبڕاوەتەوە !! ، نازانین بۆ دكتۆر بەرهەم و دەست و دائیرەكەى هاوڵاتى خوار خۆیان وەك نۆكەر و كۆیلەى دیوەخانى ماڵەبابى خۆیان تەماشائەكەن ، نازانین ئەم لێكدابڕان و دووفاقى و نابەرامبەرى و ستەم و زۆرداریەیى ئەم كۆمەڵە بەرپرسە تێرە تاكو كەى بڕدەكات ؟ ، گوایا خۆیان گێلن یان خەڵكى بەگیل و نەفام دەزانن ؟ ، گوایا ئاگایان لەراى گشتى و ئاراستەى بیركردنەوەى شەقامى كوردى نیە ؟ ، باشە خۆ راى گشتی بەرامبەر بەحیزب و حكومەت بەو پاس و كۆستەرانە پێكناهێنرێت كەلەكاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا لەلایەن كۆمیتەكانەوە بەكرێ دەگیران و ئاڵاى سەوز و دروشمى سوریان پێوە دەكرا و شەقامەكانیان ئەپیوا بەهۆڕن لێدان و بەهەموویا چل كەسیان تیانەبوو ! ، ئایا ئەم حكومەتە كوێر و ئفلیجە كەى پێ لەو راستیە دەنێت كەشەرعیەتى نەماوە ؟ كەى درك بەوە دەكات دادپەروەر نیە ؟ كەى بۆى روون دەبێتەوە كە واستە و مەحسوبیەت و گەندەڵى وەك مۆرانە داوێتە لاكە بۆگەنەكەى ؟ لەگەڵ هەموو ئەم راستیانەشدا حكومەت خۆى بەسەركەوتوو ئەزانێت ، بەڵام لەسەر كامە بنەماو پێوەر ئەم سەركەوتنە گەڵاڵەكراوە ئەوە ئەو خوایە بۆخۆى نەبێ عەبد نایزانێ ، ئەگەر لەسەربنەماى پرۆژە جوانەكانى وێنەى خەستەخانەى چوارسەد قەڵەوێرەیەكەیە كە تاكو ئیستا بودجەى دووساڵى تەواوى دەوڵەتێكى وەك سودانى بۆ تەرخان كراوە ئەوە شتێكى ترە ، ئەگەریش لەسەر بنەماى كارەبا جوانەكەیە كە مولیدەى ئەهلى بەپارەى گیرفانى خۆمان بۆمان ئەنێرێ ئەمەش باسێكى ترە ، ئەگەر لەسەر رووناكى باخ و كۆشكى قەشەنگى بەرپرس و مەسئولەكانە ئەمەیان تەوەرەیەكى ترە ، ئەگەریش بەدەستوورى بەدووچاو سەیركردن و فەرق و جیاوازى بەرنامەى كارى حكومەتە بۆ تەخشان وپەخشانكردنى بودجەى گشتى ئەوە پرسیارێكى ترە .. ئەو پرسیارەى ئیستا لەناخى هەموو ئەفسەر و كارمەندەكانى دەزگاى هاتوچۆدا دروستبووە ، ئەو ئەفسەر و كارمەندانەى كە وەك دەڵێن كــــافر پێیان موسڵمان دەبێت ، ئەو ئەفسەر و كارمەندانەى لەوەتەى هەن دوكەڵى رەش و ژەهراوى ئەگزۆزى ئوتومبیلەكان ئەچێ بەسییەكانیاندا .. ئەو ئەفسەر و كارمەندانەى بەشەو بەرۆژ .. لەبەرسەرما و لەبەر گەرما بەبەرچاوى دۆست و دوژمنەوە بەپێوە سەرقاڵى رێكخستنى هاتوچۆن و ماندوو و شەكەتى خزمەتكردنى كۆمەڵانى خەڵكى و شار و شارۆچكەكانن .
هەموو لایەك گەورە و بچوك بەویژدان و بێویژدان بەهەردەپەنجەكەیان چاوداخستوو پێ لەو راستییە ئەنێن كە ئەگەربێت تاكە یەك سەعات كامەندى هاتوچۆ شەقام جێبهێڵێت شار ئەبێ بەرۆژى حەشر و كەسێك لەكاتى خۆیدا ناگاتە شوێنى مەبەستى ، زۆربەى ئەفسەر و كارمەندەكان بەهۆى سەرماو باران و گەرما و هەتاو و هەڵمژینى بەردەوامى دوكەڵى ژەهراوى دووچارى دەیان نەخۆشى موزمن و كوشندە بوونەتەوە ، هەمووانیش ئەزانن كارمەند و ئەفسەرى هاتوچۆ چەندە ماندووە و چەندە ئەركەكەى پیرۆز و گرنگە ، هەربۆیە جەنابى دكتۆر بەرهەم و كابینە حەكیمەكەى دوو رۆژ بەرلەئیستا لەكۆبوونەوەى ئاسایى خۆیاندا بەكۆى دەنگ بریاریاندا كە خەڵاتى دەزگاى هاتوچۆ بكەن لەپاى ماندوو بوونیان ... ئەویش بەوەى دەرماڵەى ئەفسەر و كارمەندانى كۆلێژى پۆلیس و بەرگرى شارستانیان كردە 90% و دوور و نزیك باسیان لەدەزگاى كۆڵەوارى هاتوچۆ نەكرد و لەم ئیمتیازە بێبەشیانكرد .
ئاخر خوایە ئەبێ ماندووبونى كۆلیژى پۆلیس كامە كۆڵكێشان بێت ، خۆئیستاش زۆركەس هەر ناوى ئەم دەزگایەشى نەبیستووە ، ئەگەر چوار ساڵى كەش دەوام نەكەن كەسێك مێش میوانى نیە ، ئەوە بەرگرى شارستانیش كوشتارەكەى ئوتیل سۆما و ئاگرگرتنى شاخ و دەوەن و دەشتەكان شاهیدى كارە جوانەكانى بەرپرسەكانیانن ، بەڵام نـــــا ئێمە گەوج و گەمژەین پسپۆڕى و گرنگمەندى ئەو دەزگایانە و هەڵسەنگاندنى ..... كارى ئێمەى نەزان و جاهیل نیە ئەوە كارى ئەو بەرپرسە بەرێزە پۆشتە و پەرداخانەى هەولێرە كە گوێیان لەخشپەى مار و مێرووە و خەمخۆرى هەژار و كەمدەرامەتن.. ئەلحـــــەقى ئەزانن كێ موستەحەقى زیادكردنى دەرماڵەیە و كێ موستەحەق نیە ، موبارەكە بەدڵێكى خۆش تووڕەبوون و نەفرەتى هەموو ئەفسەر و كارمەند و خێزانەكانیان و كەس و كارەكانیانتان موبارەك بێت ، ئەمەش بابچێتە سەر گەندەڵیەكانى تر بۆ رۆژى خۆى .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

