
هیچ حزب و دیاردەیەكى سیاسى لەنێو دونیاى سیاسەتكردنى كوردو لە هەرێمى كوردستاندا هێندەى حزبى شیوعى مایەى پێكەنین و گاڵتەجاڕیى نییە. ڕاستە پرسى ڕۆژگار و ڕووداوى هەرەسهێنانى بلۆكى سۆشیالیزم لەكۆتایى ساڵانى هەشتاكانو سەرەتاى ساڵانى نەوەدەكانى سەدەى بیستى ڕابوردودا ڕۆڵى گرینگو سەرەكى هەبوو لە پچوكبوونەوەو بوونە مایەى گاڵتەجاڕیى ئەو قەوارە سیاسییەدا بەڵام ڕۆڵى خودى سەرانى ئەو حیزبە خۆشى هیچى لە ڕۆڵى شكستى كۆمۆنیزم لە جیهاندا كەمتر نەبوو لەو بەقەپاغبوونەى ئەمڕۆیدا. لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا شیوعییەكانى كوردستانو حیزبەكەیان ئەو خەڵكو حیزبەن كە ساڵانێكى زۆرە لە پەڕاوێزى هەموو كارو چالاكییەكى سیاسىو كۆمەڵایەتىو فەرهەنگیى ئەم وڵاتەدا ئەژین. هۆكارى سەرەكى بوونە فیلمى ئەم حیزبەش بۆ سیاسەتى چەوتى سەرانى ئەگەڕێتەوە كە جاران تا بلۆكى خۆرهەڵات مابوو پاشكۆ و پاشبەندى سیاسەتى دەوڵەتانى سۆشیالیستى بوونو لەدواى مردنى ئەو باوكەیانو هەتیوكەوتنیشیانەوە بوونەتە پاشكۆ و پاشبەندى سیاسەتى یەكێتىو پارتى. ساڵانێكە حیزبى شیوعى بەهۆى بوونى بەدەروێشى تەریقەتى بارزانىو تەریقەتى تاڵەبانى جەماوەرێكى هێندە زۆرى لەخۆى تەراندووە كە ئەتوانین بڵێین لە ئەمڕۆدا ئەم حیزبە تەنها قەپاغەكەى ماوە. ئەو شتەش كە قەپاغى ئەو حیزبەى هێشتۆتەوە بەرژەوەندى كۆمەڵێك سیاسى فاشیل و ئەو پۆلیسو فەرمانبەرانەیانن كە لە بارەگاكانیاندا بۆ خزمەتى خۆیان دایانمەزراندوون. یەكێتى و پارتیش بەدوو دیودا سودیان لەو جۆرە مانەوەیەى حیزبى شیوعى وەرگرتووە، لەلایەك ئەوان خۆشحاڵن بەو دۆخەى كە حیزبى شیوعى تێكەوتووەو مایەى مەترسى نییە بۆ سەر كەس تەنها بۆ سەر خودى خۆى نەبێت، هاوكات بارى هێندە لەنگە چاوى لە دەستى خێرى ئەوانەو بەسواڵو دەرۆزە ئەژى. لەلایەكى ترەوە یەكێتىو پارتى ئەیانەوێت وا لەجیهان بگەیەنن كە ئەوان هەر خۆیان بەتەنها حكومەتى هەرێمیان دروست نەكردووە بەڵكو حیزبى شیوعیش لەحكومەتەكەیاندا بەشدارە و ئەمەش ماناى بوونى پلۆرالیزم و دیموكراسیبوونى سیستەمى سیاسى لەكوردستاندا ئەگەیەنێت. ئەوەى جێى سەرنجە ئەم قەپاغە سیاسییە كە ڕۆژگارێك قەوارەیەكى سیاسى بوو، سەبارەت بەخزمەتكردنى بیرى ماركسیزم نەئەوسا و نەئێستاش چارەكى ئەو كارو چالاكییانەى پێنەكراوە كە بیرمەندانێكى ناودارى وەكو (سادق جەلال ئەلعەزم) ى سوریىو (مەحمود ئەمین ئەلعالم) ى میسرى بۆ داكۆكى لۆجیكییانە لە هزرى ماركسیزم كردویانەو تائێستاش یەكەمیان، واتە سادق جەلال، لەو چالاكییانەى بەردەوامە. هەڵبەت من ئەوە لەحیزبى شیوعى چاوەڕێ ناكەم كە بیرمەندگەلى وەكو ئەو دوو ناودارە بهێنێتە بەرهەم چونكە ئەوە پێویستى بەموعجیزەى ئیلاهى هەیە، بەڵام پێموایە شورەییە بۆ كەسانێك كە حیزبەكەیان ناوى حیزبى شیوعى هەڵگرتووە ببێتە كارخانە بۆ بەرهەمهێنانى مرۆڤى گەندەڵو كاسەلێسى وەكو سەرانى ئەمڕۆى ئەو حیزبە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست