
كادرێكی راگەیاندن
دیارە خەریكە وا رۆژگار پاڵپشتی ریفۆرم و ریفۆرمخوازان دەكات، بۆیە دەبینین رۆژ بە رۆژ بتە درزبردووەكان ووردوخاش دەبن و، دەبنەوە ئەو خۆڵەی كە لێی دروستكراوون. بەداخەوە دەڵێم _پۆڵا سەعید لە ماڵپەڕی كوردستانپۆستەوە خۆی ناساند و بۆ ئەویش رێگایەكی باش بوو تا نەكیرەیەكی وەكو ئەو لەو رێگا پیرۆزەوە و بەفرت وفێڵ و ساختە بزانێ چۆن خۆی دەناسێنی بە دەسەڵاتی ی ن ك ، تا لە فرسەتێكدا وەكو تەڕەزانێكی راگەیاندن بگەرێتەوە ناو ئەو حیزبەی كە هەرچی قسەی قێزەوەن هەیە پێی ووتووە ، بە تایبەتی بەسكرتێرەكەی، ئەوانیش بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی دەكەن. بگرە ئەم شێوە تەسلیم بوونە قێزەوەنە، یان ئەم هەڵگەراِنەوە بێئابڕوانەی پۆڵا دەریخست كە خۆشاردنەوەو فرت و فیڵ و مانۆڕكردن تاسەر بڕناكات و، هەر رۆژێك دێت ئاشكرا دەبێت. دەمێك بوو مووتابەعەی نووسینەكانی پۆڵام دەكرد و لێیان رازی نەبووم، چ وەكو زمانی زبر و چ وەكو نووسینە(فەلسەفیە) بێ ژێدەرەكانی كە جێگای گومانن. راستە ئەگەر پۆڵا بێزار بوو لەبەر(جیاوازی فیكری) لەگەڵ ستافەكەی كوردستانپۆستدا، دەیتوانی لە ئهوروپا بێ قڕوقەپ بمێنێتەوە ودانیشێت و، ئاوها خۆی هەرزانفرۆش نەكات بەدەسەڵاتی یەكێتی ، كە تا ئێسقان لە قەیراندا دەژێت، واشبزانم ئەوەی بۆ پۆڵا ماوەتەوە لە مەنجەڵەكەی یەكێتیدا بنكڕەكەیەتی!... كەس نە جاسووسی و نەجاشایەتی و نەخیانەت و نە نەرابردوو پیسی لە پۆڵا سەعید نەبیستووە، ئیدی بۆ ئەم سەنگەرە داڕووخاوو پڕ لە جاسووس و كۆنە ئەنفالچیەی هەڵبژارد؟! پۆڵا دەیزانی ئەو رابردوو پیسانە كێن و ئێستایش ئامادەیە لە ژێردەستیان كار بكات و نانی سەرشۆڕی بخوات! ئەو تەسلیمبوونەوەیەی پۆڵا سەعید وەكو تەسلیم بوونەوەكەی (فوئاد مەجید میسری) وایە لە هەشتاكاندا، كە چەند شانەیەكی كۆمەڵەی لە سلیمانی دایەدەستەوە و هەندێكیان لە سێدارەدران، بیرەوەریەكانی (ئاوات قارەمانی) بە ناوی (رێگاباریكەكان) شایەتی ئەم راستیەن. ئەوەتا ئێستایش یەكێتی دەزگای (حەمدی) بۆ فوئاد بە چەندان ملێون دۆلار لە سلێمانی دامەزراندوە. دیارە پۆڵایش شتێكی لەو بابەتەیان داوەتە بەرگوێیەوە!. باشە پۆڵا بە چی روویەكەوە دەچێتە ئاستی نزمتر لە(ستران عەبدوڵا) كە پۆڵا لە هەموو كەسێك باشتر دەزانێ ستران كێیە!؟ باشە چی وای لێكرد رابردووی خۆی وەكو ئەوەی ستران وفوئادمەجید میسری لێبكات؟ ئەی ئەو هەموو قسەزل و فەلسەفەیە لە كام تەنەكەی خۆڵی كوردستانی نوێ فڕێدەدا ، هەرچەندێك من لەگەڵ نووسینەكانی برایان مستەفای حەسەن گەورەو لوقمانی حاجی كەریم و كونجریی و رزگار ساڵحم، بۆ بەیانكردنی ئاشبەتاڵە تاكە كەسیەكەی پۆڵا سەعید ،كە نەخەرتەلەیەك دەخاتە سەر باری داتەپاوی یەكێتی و، نە رەورەوەی ریفۆرمخوازنیش لەنگی تیادەكەوێت. ئەوە بەلامەوە گرنگە باهاورێیانی كوردستانپۆست ئەمە بەسەركەوتنێكی گەورە بزانن، چونكە ریزەكەیان پاقژ بوەوە لە زیوان و مرور . ئیدی هێندە گرنگی نەدەن پیی چونكە ی ن ك دەیكاتە خاڵی سەركەوتن بۆ خۆی . یەكێك لەو درۆ گەورانەی كە پۆڵا لە نامەكەی كوردستانی نوێدا كردویەتی، گوایە نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلی وفایەق گوڵپی بە ناوی خواستراوەوە لە كوردستانپۆستدا بابەت بڵاودەكەنەوە! باشە ئەم زاتانە كەی ترساوون نووسین بەناوی خۆیان بڵاوبكەنەوە؟! هەموویان بەناوی سیانی خۆیانەوە بەكەیفی خۆیان راستیەكان دەڵێن و ، بە تایبەتی نەوشیروان مستەفا، كە هەموو شتە شاراوەكانی هاورێی چل ساڵەی (تاڵەبانی) دەخاتە سەر لاپەڕە ، لەم رۆژانەشدا وەڵامی بوختانەكانی تاڵەبانی دەداتەوە كە لە پلینۆمدا كردویەتی و ، هەموو رۆژنامەكانیش ئەم هەواڵەیان پشتراست كردەوە. ئێدی كەی پێویستیان بە ناوی خوازراو هەیە ؟! ئەوە نەوشیروان مستەفا نیە كە بە ناوی خواستراوی (پیرۆت) ەوە نووسینی بڵاودەكردەوە، لە رۆژە خۆشەكانی فەرمانرەوایی دەسەڵاتی عێراقدا، بگرە سكرتێری گشتی ئێستای یەكێتی بوو!! بۆیە درۆكانی پۆڵا وەكو مەسەلێكی عەرەبی هەیە دەڵێ: حەنین هیچ خەرتەلەیەكی نەخستەسەر ئیسلام.. پۆڵایش فریای دههۆڵی دڕوی یەكێتی ناكەوێت...
كادرێكی راگەیاندنی پێشووی ی ن ك..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست