تەیرەکەی جەنابی وەزیر
27/09/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڕاستی کارەساتە، کەسیش نییە بەزەییەکی بەو وەزعا بێتەوەو هەنگاوێکی راست بنێت بۆ چارەسەری ئەو لاکە کە پێی دەڵێن هونەر هەموو پێشبڕکێیانە پارچەیەکی لێکەنەوە
چەند رۆژێك لەمەوپێش هاوڕێیەکم بانگهێشتی کردم کە ئامادەبم لە کۆڕێکی جەنابی وەزیری رۆشنبیری نوێ، هاوڕێکەم قەناعەتی ئامادەبونی پێکردم بەوەی کە وەزیرەکەمان تازەیەو سەربە حیزبی شیوعیە و دەیەوێت گۆڕانکاری بکات ،
کە چومە ناو وەزارەت و لە کوچەو کۆڵانەکانی پیاسەیەکم کرد هەمان فڵان و فڵان لەجێی خۆیانن و هەندێکیان تەرفیعیان کردوە ، هەندێکیان بەرەو پیرم هاتن و هەندێکیان لە دورەوە مۆڕەی دەکرد ، ساڵانی پێشوم وەبیر هاتەوە کە چۆن ئەم فڵان و فڵان و فلتانە ئەم وەزارەتەیان بەناخی ئەرزدا بردە خوارەوەو بونە مافیا تا وایلێهات هیچ بەرهەمی هونەری لە وەزارەتی رۆشنبیری پەسەند نەکرێت ئەگەر بەخشیش نەدەیت بەسەرانی مافیا و پیاوەکانیان تەنانەت دەبوایە باج بە وەزارەتی دارایی و خەزێنەش بدەیت .. دەیان دەڵاڵیان هەبوو، ئەمکارەش ئەو هونەرمەندە گەندەڵانە دروستیانکرد کە ئاستی هونەریان لاوازەو هاتونەتە بوارەکەوە بۆ کاسپیکردن، سەدان بەرهەمی وەهمی کە پارەکەی خوراوە بێ ئەوەی ئەو بەرهەمە بونی هەبێت .
گەندەڵەکان سەریاننا بەیەکەوە و دەستیانکرد بە کاری هونەری گەر یەکێ بێزی بێت هەرچ فایەلێکی وەزارەتی رۆشنبیری هەڵباتەوە ئەوا بۆگەنی دەیان ساڵ لە دزی و جەردەیی ئەیدا بەئەرزاو دەیکوژێت، فایەلی بواری شانۆ یاخود سینەما یان تەلەفزیۆنی نەورۆز بە ملیار دینار دزراو کەرامەت و شەرەفیان نایە ژێر خاکەوە ، مافیاکان بونە خاوەن قەسر و سەیارەو سکرتێرە .
جەنابی وەزیری نوێ چوە سەر شانۆ و دەستەڕاستی و دەستە چەپی هەمان سەرکردەی مافیاکان دانیشتن و جەنابی وەزیر دەستیکرد بە قسەکردن لە قسەکانیا بۆنی ئەوەی لێنەدەهات کە ئەم وەزیرە (هەڤاڵە) فڕی بە رۆشنبیری هونەریەوە هەبێت وەك گوێم لە یەکێك بێت قسە بۆ چەند فەرمانبەرێك بکات لە دائیرەی گاپۆ یا ئەوقاف لە هاوڕێکەم پرسی ئەم وەزیرە دکتۆراکەی لە چیدا هێناوە.. ؟ وتی لە ئیسلامەتیدا!!! لە دڵی خۆمدا وتم باشە ئەم هەڤاڵە بۆ نەبوە وەزیری ئەوقاف.!
لە قسەکانی جەنابی وەزیر تێگەیشتم کە لیژنەیەکی وەزاری پێکهێناوە لەو کەسانەی کە ساڵانی پێشو وەزارەتیان هەڕاج و تاڵانکرد .. وەك بڵێین دزەکانی دوێنێی وەزارەت بونە پارێزەری ئەمڕۆ، چەند هاوڕێیەکی خۆشی لە سویدەوە بانگهێشتکردوە و ئەوانیشی کردوە بە لیژنە قەیچێکە کاسپییەکی خراپ نییە و وەفاداریشە بەرامبەر هەڤاڵەکانی.
هەروەها لە پلانەکانی وەزیری نوێ بەمەبەستی ئەوەی پەرە بە هونەر و رێ لە گەندەڵ خوازان بگرێت ئەوەیە کە هەموو کارێکی هونەری بوەستێنێت و چەند هونەرمەندێك ویستیان سنورێك دانێن بۆ ئەم بریارە زۆر بەڕەقی وەڵامی دانەوە ، کە ئەم بڕیارە گاڕانەوەی نییە ئەمە ستراتیجی کارکردنمە بەم جۆرە ئەتوانین هەموو رێگاکان لە گەندەڵەکان بگرین. !! ئەرێ خەڵکینە قسەی نەستەق لەمە خۆشتر ئەبێ چیبێت .. ئەرێ حیزبی شیوعی ئەم وەزیرە دانسقەیەتان لە کوێ بوو ،ئێستا زانیم بۆ ئەم حیزبە مەزنە وایلێهات کە کەسیان پێوە نەمێنێت دوانی لەم جۆرە سەرکردەیانە، وایلێکردم سەد خۆزگە بە وەزیری پێشو بخوازم.. هەرچەندە کەمتەرخەمی و بایەخنەدانی ئەو بوو ئێمەی گەیاندە ئەم رۆژە رەشە .
تەنها یەك بڕیاری جەنابی وەزیر نەبێت کە بەدڵم بوو ئەویش بڕیاری سزادانی هەرچ فەرمانبەرێکی وەزارەتی رۆشنبیریە ئەگەر لە رۆژنامەکاندا رەخنە لە وەزارەت بگرێت بەو جۆرە وەزیری نوێمان وەك تەیرەکەی مەلای مەشهورە ، ئەمیش کلك و گوێی وەزارەتی کرد و وتی ئێستا لە وەزارەت دەچیت . لەمەش سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کە هیچ لێپرسراوێك نە لەم چەند دێڕە دەکۆڵێتەوە و نە بایەخی پێئەدات .. لێدە شەفیق !!!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

