<

نەسرین كەمال تکایه‌ ویژدانت به‌کاربهێنه‌‌ ؟!

20/11/2009, 12:00 (GMT+1)
نەسرین كەمال ناوێك، كە بێگومان یەكەمین جارە ناوى دەبیستین، هەڵبەت ئێمە مەبەستمان لەمە ئەوە نیە بۆچى دەنووسێ، هەموو مرۆڤێك ئازادە، بەڵام هیچ كەسێك ئازاد نیە لەوەى تەشهیر بە ناهەق بە هەندێ كەس بكا كە وەك بەرگریكار و بە جورئەت ناسراون بۆ مافەكانى ژنانى كورد. خوشكە نەسرین كە دەزانین ناوێكى خوازیارە، تۆمەت بە ناڕەوا دەداتە بەڕێزان د.نەزەند بەگیخانى و بەڕێز مەهاباد قەرەداغى، كە وەك دوو چالاكوانانى بوارى مافەكانى ژنان لە كوردستان ناسراون. هەموو كەس دەزانێ ئەم دوو نووسەرە بەڕێزە كەسانى موتەتەریف نین، كەسانى خاوەن ئەقڵ و ڕوانین و خوێندنەوەن بۆ كۆمەڵى كورد، كەسانێك نین لە هیچ و خۆڕایى بەرگرى لە مافى ژنان بكەن، بێگومان دیارە كێشەیەكى زۆر ئاڵۆزى مافى ژنان هەیە لە كوردستان و لە هەموو ڕۆژهەڵات، ئێمە داوا لە نەسرین كەمال دەكەین بۆ ئەو دەنگ هەڵنابڕێ دژى سێیەم ژنهێنانى عەلى باپیر، بۆ تۆمەت و قسەى ناڕەوا بۆ ئەم نووسەرانە دروست دەكا، دیارە نەسرین خان ئاگاى لەوە نیە، ئەم دوو بەڕێزە بەردەوام دەنووسن بە شێوەیەكى زۆر عەقلانى كارى خۆیان دەكەن، لە ڕێگاى دەزگاكانى حكومەت و غەیرە حكومەتى دەیانەوێ ڕەوشى ژنانى كورد پێش بخەن، ئەوان كە دەنووسن و خەبات دەكەن بۆ بەرگرى كردنە لە سەدانى وەك نەسرین كەمال و، قەت ڕۆژێك نەهاتوون جیاكارى بكەن، دەبوایە نەسرین كەمال بە چەشنێكى دیكە ئەم وتارەى بنووسیبایە، داواى لە هەموو ژنانى كورد بكردایە، ئەوانەى ئازاد و بە جورئەتن خۆیان بخستایەتە پاڵ ئەو بۆ ڕیسواكردنى عەلى باپیر، نەك ڕیسواكردنى دوو نووسەرى جوانى كورد، گوایە چیە جەنابى نەسرین كەمال خەبات لە پێناوى ژنى كورد دەكا ! تكایە ئەم شێوازە بێ مانایەى نووسین ڕاگرن و بەرەو خەباتى هەقیقى بچن كە كێشەى ژنان و منداڵان و پیرانى كوردە كە بە دەست چەوساندنەوە و ناعەدالەتى كۆمەلایەتى ڕزاونەتەوە. د. نەزەند بەگیخانى و مەهاباد قەرەداغى بەم ئاراستەیە كار دەكەن و ئێوەش چاكترە خۆتان بگەیەننە هەمان ئاست و زمان و شێوازى كاركردنى ئەوان، نەك تەشهیریان پێ بكەن، كە دیارە وەك مانگى چاردە كارێكى ناهەقە. هیوام وایە د. نەزەند بەگیخانى و مەهاباد قەرەداغى لە خەباتى بێ وچانى خۆیان بەردەوام بن، هەڵبەت دیارە ڕووبار بەردەوامە لە ڕۆیشتن.
 
 ***********************
  پاریس فرانسا
کوردستانپۆست: ناونیشانی وتاره‌که‌مان به‌ هۆی نه‌شیاوی، گۆڕیی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست