<

حــاكم قادر وەك ناتوانێت چەپڵە لێبدات، هەر دەستمان ماوە با ئەوەشی بۆ ببڕینەوە

24/11/2011, 12:00 (GMT+1)


 


چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێت هەڤاڵ حاكم قادر بە نموونە (وەڵامێك بۆ كوردستان پۆست)
بەو ناونیشانەی سەرەوە بابەتێكى پڕ درۆ و پاكانەوەو داپۆشین لە كوردستان پۆستدا داگیراوە لەبەرژەوەندى ئەو "حاكم قادر" ەى ، كە فڕى بەسەر كارى یاسا و ئیدارییەوە نییە. ئەم نوسینە كە "سەرخێڵ ئەحمەد گوندە" نووسیوێتی، هەر بەناوەكەیدا دیارە كە یەکێکە لە مافیا، یان  خوێندكارى مافیا زلەكانى ناو یەكێتی. لە وێنەى "مەلا بەختیارو عومەر فەتاح و قادر حەمەجان و مەحمود سەنگاوی".ئەگەر نا دەبوو ئەم  کەسە یەك دێڕى لە سەر ئەو بابەتە نەنوسییایە، ئەوا منیش بەم نووسینە ویژدانم ئاسودە نەئەكرد، ئەویش ئەڵێت: (بۆیە لە كۆتایی نووسینەكەمدا دەڵێم ئەگەر بەڕێزتان توانیتان تەنها یەك میسقالە زەڕەیە كارێكى نایاسایی و گەندەڵى حاكم قادر وەك بەڕێوەبەرى پێشووى شارەوانى سلێمانى و ئاسایشى گشتى سلێمانى ئەوا بەندە ئامادەم لە میدیاكانەوە بە خۆم و (600) ئەندامەوە لە یەكێتى دەست لەكار بكێشمەوە).

ئینسان ئەمە ئەخوێنێتەوە خەریكە دڵى ئەتەقێت. وەرە تۆ ئەگەر ئەوەندە جوامێریت و 600 كەست لەگەڵدایە بۆچى ناوەكەت خوازراوە و وێنەت نییە تا ئێستا لە كوردستاندا.تەحەداى خۆت و حاكم قادر ئەكەیت. هیچ مەسئولێك لەمەكتەبى سیاسیدا ئەوەندە بەڕێز بێت (600) كەسى بەدواوە نییە نەك تۆیەك كە بەئاشكرا ئەم قسانە دەنووسیت، جگە لە خۆت و نمونەی وەک خۆت کەس بڕوات پێناکات؟.
دواتر ئەڵێت:
یەك زەڕڕە كارى نایسایی نەكردووە حاكم قادر
.ئاخر یەكێك لەم وڵاتە ئەگەر كوێریش بوبێت ئەوا بەسەدان ڕاپۆرتى گەندەڵیى و دزیى کاری نایاسایی "حاكم قادرى بیستووە، بۆ نمونە (18) پارچە زەوى لەیەك شوێندا بۆخۆى و براو ژن و ژن خوشك كە هەر ئەمانە لە ماڵیشەوە دانیشتوون بۆیانى دابین كردووە.. ئاخر ئەو حاكمە مەكتەبى فریشتەى كچانى ڕوخاند و داى بەدەم خانوەكەى خۆیەوە،  كە ڕووبەرەكەى (1445،50م). مەگەر ئەوە "حاكم قادر" نییە ڕێز لە یاسا ناگرێت و پیاوكوژو بڵاوە پێئەكات لەدەورو بەرى سلێمانى. مەگەر لە میدیاى ئەهلیدا بڵاونەبوویەوە، كە بە پۆزێكەوە بە هاوارى دەرگاوانى ووتووە: بەدادگا بڵێ حاكم قادر نایەتە مەحكەمەو قەزیەكەش دابخەن. حەتمەن بچوایە بەدەردى موبارەك و بن عەلى ئەچوو. هەر لەئێستاوە تا سەد رۆژى تر دزى و گەندەڵیی و یاسایی ئەم حاكمە باس بكەین تەواو نابێت. جگە لەوە ئەم حاكم قادرە چەندین سالە خۆى كردووە بەگژ بەرپرسى دیوانى چاودێریی دارایی "جەلالى سام ئاغا"دا، لەبەر ئەوەى دزییەكانى كەشفكردووە. ئیتر ئەمە چۆن داوای چاكسازیى دەکات؟ چۆن چەپڵە بەم دەستە ناپاكانە لێ ئەدرێت؟ ئەمانە ئەبێت ببن بەعیبرەت و دەستى یان بشكێنرێت.نەك دەستیان بگیرێت و چەپڵەی پێ لێبدات. با ئەوەندە خۆیان لەخەڵك نەکەن بەفریشتە،  گوایە هیچیان نەكردووە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست