
كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و چالاكوان و هاوولاتیانى ناحیەى دارەتووى شارى هەولێر لەكەمپینێكدا داوا لەداواكارى گشتى هەولێر دەكەن سەرۆكى شارەوانى دارەتوو دەستگیربكرێت و بەزووترین كات دادگایى بكرێت بەهۆى گەندەڵى كردن لەپۆستەكەى بۆبەرژەوەندى تایبەتى خۆیى و بەتۆمەتى وەرگرتنى بەرتیل و كۆكردنەوەى سامانێكى زۆر بەرێگەى نایاسایى لەورۆژەى كەپۆستەكەى وەرگرتووە تاكو ئەمرۆ كەلەپۆستەكەیدا بووە ، ئەوەیان راگەیاند كەئێمە نزیكەى بیست ساڵە دانیشتووى ناحیەى دارەتووین و سەرۆكى شارەوانیش كەناوى (ب ، ع) ەو بروانامەیەكى ئەوتۆى نیە و لەساڵى 2001 ەوە لەلایەن حزبەكەیەوەى كراوە بەسەرۆكى شارەوانى ناحیەى دارەتوو و لەگەڵ ئێمە لەوناحیەیە نیشتەجێیە و دەزانین دوێنێ چى هەبووە و ئەمرۆش چى هەیە !!! ئەوەشیان دركاند كەلەسەر رێگاى گشتى دارەتوو ریزێك دوكان و شوقەیەكى دروستكردووە و چەندین پارچە زەوى لەساڵى 2006 بەناوى كرێچى داوە بەخزم و كەسى خۆى و زەوى داوە بەكەسانێك كەهەرلەبنەرەتدا كرێچى نەبوونە ، هەروەها ئەوەشیان دركاند كەلەئێستادا دەیان خانوو و پارچە زەوى هەیە كەئەستەمە بەهۆى مووچەكەیەوە بتوانێت ئەم هەموو سەروەت و سامانە كۆبكاتەوە و بەئاشكرا ئۆتۆمبێلى شارەوانى بۆخزمەت و بەرژەوەندى خۆى بەكاردێنێت و لەسایەى بەرێوەبردنى شارەوانى دارەتوو لەلایەن (ب،ع) ەوە دارەتوو نوقمى زێدەرۆیى بوو و ناشتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ یەك كەس بكات ئەگەر زێدەرۆییش بكات لەسەرموڵكى شارەوانى لەترسى ئەوەى نەوەك خەڵكى دارەتوو لەسەرگەندەڵییەكانى شكایەتى لێبكەن ، ئەم كەمپینە ئەوەش ئاشكرادەكات كەئەگەر داواكارى گشتى بەزووترین كات لێپێچینەوە نەكات لەگەڵ سەرۆكى شارەوانى ناحیەى دارەتوو ئەوا ئەم دۆسیەیە دەخەنە بەردەستى لیژنە چاكسازییەكەى سەرۆكى هەرێم .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست