<

ئەوكەسەى قسە بەرۆژنامەنووسى ئازادوئۆپۆزسیۆن دەڵێت بۆئەوەیتى عەیبەكانى خۆى داپۆشێت

09/06/2010, 12:00 (GMT+1)
هەموومان دركمان بەوەكردووە و دەبینین رۆژنامەنووسان دابەشى سەر سێ تەوەرەو سێكتەر بوونە ، هەریەك لەوانیش بریتین لە رۆژنامەنووسى ئازاد و رۆژنامەنوسى حیزبى ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنوسى حیزبى دەسەڵات ، بێگومان هەریەك لەمانە بۆمەبەستێك و بەدیهێنانى ئاوات و ئامانجێك كاردەكات رێچكەو ئایدیایەكى تایبەتى خۆى هەیە كەلەسەرى كاردەكات ، هەریەك لەوانەش لەژیانى رۆژانەماندا كارەكانیان بەرچاومان دەكەوێت بەڵام سەیر لەوەدایە ماوەیەكە لەلایەن رۆژنامەنوسانى حیزبى بەتایبەت حیزبى دەسەڵاتدار بەبێ گوێدانە هیچ رێسا و یاسایەك بەربونەتە گیان و وێزەى رۆژنامەنووسانى ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت رۆژنامەنوسانى ئازاد كەئەمەش كارێكى بەرنامە بۆدارێژراوەو ئامانجێكى نەشیاوى لەدواوەیە كەجێگاى قبولكردن نیە و پێویستە هەموومان هەڵوەستەى لەسەربكەین ، تێڕامان لەودژایەتیەى رۆژنامەنووسانى ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنوسانى ئازاد مانا و مەغزاى زۆر هەڵدەگرێت و پێویستى بەلێكدانەوە شیكارى زۆر هەیە ، لەسەرەتا پێویستە بپرسین ئەم هەڵمەتى دژایەتیە بۆچى دەستى پێكردووە و ئامانجیان چیە ؟ وەڵامەكەى بەبۆچوونى من روونە ئەویش بریتیە لەوەى كەبەهۆى ئەوقسە و تانە و تەشەر و بوختان هەڵبەستن و دژایەتیانە كۆمەڵێك كەس دەیانەوێت قاسە و كاسەیان پربكەن و هەندێكى تریان ئەگەر لاپەرەكانى رابردوویان هەڵبدەیتەوە ئەوەندە لاپەرەى رەش و بۆگەنى تێدایە كەجێگاى شەرم و ئابروچونە بۆیە دەیانەوێت بەوسەنگەر گرتن و دوژمنایەتیەى بەرامبەر رۆژنامەنوسانى ئازاد و ئۆپۆزسیۆن گرتویانەتەبەر لاپەرە پیس و رەشەكانى خۆیان پەردەپۆش بكەن و هەموو عەیب و لەكەكانى خۆیان دابپۆشن و بشارنەوە ، بەداخەوە هەریەك لەو دوو هۆكارەى باسمانكرد كەكارى بۆدەكرێت پێویستى بەبوختان و درۆیە كەئەمەش هەردووكیان دوورە لەرەوشتى رۆژنامەوانى و لەنێو بوارى رۆژنامەگەرییەوە جێگاى شەرمە و پێویستە نەهێلێن ئەم ئامانجە گڵاوانە بێنەدى و هەنگاوەكانى بەدیهێنانى ئەم ئامانجە گڵاوانە رێگە لێبگرین و نەهێلین چیتر هەنگاو بنێ و چەكەرەبكات تا كار و پیشەى رۆژنامەگەرى كوردى پیس و بۆگەن نەبێت ، وەپێویستە دان بەوە دابنێین كەحزبى دەسەڵاتداریش سەدان لاپەرەى پر لەسەروەریان لەنێو مێژوو تۆماركردووە و پێویستە رێگا لەورۆژنامەنوسانە بگرن كەلەژێر باڵ و ساباتى ئەوحزبانە پاڵیان داوەتەوە و باشتر وایە بڵێین خۆیان حەشارداوەو بەوئامانجە گڵاوەشیان دەیانەوێت ئەوحزبانەى كەلەدەسەڵاتدان لەكەداریان بكەن تەنها بۆئەوەى ئامانجەكانیان خۆیان بەدى بێنن و عەیب و لەكەكانى خۆیان پەردەپۆش بكەن ، گرنگ ئەوەیە لەمەودوا حزبەكانى دەسەڵات بەشێوەیەكى چڕ چاودێرى رۆژنامەنوسەكانى خۆیان بكەن و سانسۆر و چاودێریان بخەنە سەر بۆئەوەى نەهێڵن لەپێناو بەدیهێنانى ئامانجە گڵاوە تاكە كەسیەكانى خۆیان هەموو شتێك ناشیرین بكەن و پشێوى لەنێو كۆمەڵگەى كوردى دروست بكەن و گرژى و بخەنە نێو رۆژنامەنوسان ، رەوشى رۆژنامەگەرى كوردى لەئیستادا هەنگاوى باشى بەرەو پێشەوە ناوەو چاوەروانى ئەوەى لێدەكرێت كەبەردەوام بێت لەهەنگاوەكانى بەرەوپێشەوە ، هەندێك جار ئەگەر سەیرى ململانێكانى نێو رۆژنامەگەرى كوردى بكەین دەبینین گەیشتۆتە حالەتى ترسناك كەئەمەش لەلایەن هەموو تاكێكى كوردى بەتوندى رەتدەكرێتەوە ، ئەگەر بێت و راپرسیەك بكەین لەنێو هاووڵاتیان دەبینین رۆژنامەنوسانى ئۆپۆزسیۆن و رۆنامەنوسانى ئازاد لەبەرەى میللەتن و بەردەوامن لەداكۆكیكردن لەهاوڵاتیان وگەیاندنى خواستەكانى هاووڵاتیان بەدەسەڵات ، بۆیە پێویستە لەمەودوا هەڵوەستەى جددى لەسەر ئەوباسە بكەین و نەهێڵین ئەوانەى بۆبەدیهێنانى ئامانجە تاكەكەسیە گڵاوەكانیان تانە و تەشەر و بوختان بۆرۆژنامەنوسانى ئازاد و رۆژنامەنوسانى ئۆزسیۆن دروست بكەن و رەوشى ئاسایشى هەرێم بخەنە دۆخێكى پشێو و دڵە راوكێ بخەنە دڵى خەڵكەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست