بەرهەم ساڵح لە knn ەوە...!!
24/10/2010, 12:00 (GMT+1)

بەرهەم ساڵح، ئێستا لە ململانێیەكی سەختی ناوخۆییدایە لە ناویەكێتیدا، لەناو یەكێتیشدا، لەگەڵ كاریگەرترین كەسایەتی دواى مام جلال لە ململانێدایە كە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، دەركەوتنی رووخسارى بەرهەم ساڵح لە كەناڵى موعارەزە لەم كاتەدا، پاڵپشتێكی مەعنەوى بەهێز دەدات بەو پیاوەى كە هاوكات لە ئاستی حكومەتیشدا لەلایەن هێزە دژەكانى پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە ئاستەنگدایە.
ئەم كەناڵە كاتێك دیدار لەگەڵ بەرهەمدا ساز دەكات كە بەرهەم لەهەموو كەس زیاتر ئەمڕۆ پێویستی بەم دیدارە هەیە، دەیەوێ لەو شاشەیەوە هەموو ئەو قسانە بكات كە رێگەى نابێت لە كەناڵەكانى دیكەوە بیكات، چونكە بەرهەم ساڵح كەسێكی وریایە لە دیداری تەلەفزیۆنیدا و ئەزانى چۆن و بەچ شێوەیەك ئەو ئامانجانە دەپێكێت كە مەبەستیەتی، بەرهەم لە رێگەى وەڵامی دبلۆماسیەوە ئەو قسانە دەكات كە بەپێویستی بزانێت بیكات، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە بەرهەم ساڵح تەنیا بە دەركەوتنی لەم كەناڵە، نامەیەكی پڕلە واتا ئاراستەى ركابەركانى دەكات، ئەو نامەیەى كە ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستە ئاراستەیان بكات.
من كە ریكلامی ئەم دیدارە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا ئەبینم، تەنیا بە ریكلامەكەى بەشێك لە پەیامەكەى بەرهەمم وەرگرت، پێش ئەوەى دەقی دیدارەكە بڵاو بكرێتەوە، چونكە پێش وەخت گومانم لە ئامانجی ئەم دیدارە هەیە، ئەزانم بەرهەم ساڵح هەرگیز لەم كاتەدا و لەم دۆخەدا لەم كەناڵە دەرناكەوێت و دیدار ناكات ئەگەر نەتوانێت ئەو بەردانە بهاوێت كە لە باخەڵى هەڵیگرتوون و ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستە بیانهاوێت، لێرەدا پێموایە بەڕێوەبەرانی ئەو كەناڵە تووشی شكستێكی گەورەبوون كە لەم كاتەدا چوونە ژێربارى سازكردنی ئەم دیدارە تایبەتە، چونكە ئەگەر لە چوارچێوەى بەرنامەیەكی دیاریكراویشدا بوایە ئەوا كاریگەریەكەى بەقەد ئەوەى ئێستا نەدەبوو.
گۆڕان بۆ لەم دیدارە زەرەرمەندەو جەماوەرەكەى چۆن دەڕواننە ئەم دیدارەو بۆ پێی سەغڵەتن؟
گۆڕان لەوەتەى كابینەى بەرهەم ساڵح دەست بەكاربووە، تاكە زەرەرمەندبووە، چونكە تەنیا گۆڕانخوازان وەكو خۆیان ناویان لێناون نانبڕاوكراون و بەرهەمیش سەرۆكی حكومەتە، ئەم كەناڵە دیدار بۆ لەگەڵ كەسێكدا دەكات كە لاى جەماوەرەكەى خوازراو نیەو كەسە هەرە دڵسۆزەكانیان بەدەست و لەژێر چەترى حوكمڕانى ئەودا نانبڕاوكران و ئەویش نەیتوانیوە و بەجدیش نەیویستووە ئەو پرسە مرۆییەى گۆڕانخوازان چارەسەربكات.
گۆڕان چ سودێك لەم دیدارە دەبینێت، چۆن لەم كاتەدا دەچێتە ناو ئەو یاریە ناوخۆییەى یەكێتیەوە؟ بۆ خۆپارێزى لە پرسێكى ئاوادا ناكات؟
Knn نەدەبوایە بینەرانى خۆی و گۆڕانخوازان و خەڵكی سلێمانی و جەماوەرەكەى خۆی بخاتە بەرامبەر ئەو پرسیارەى بۆ دەبێت بەرهەم ساڵح لەم كەناڵە ئەو قسانە بكات كە پێویست بوو لە گەلی كوردستان و كوردساتەوە بیانكات؟
بەم كارانەى كەناڵەكە، هەموو بزووتنەوەى گۆڕان دەكەوێتە ژێر پرسیارى جەماوەرەوە، ئەو پرسیارانەى كە هەرگیز گۆڕانخوازان بیریان لێنەكردبۆوە كە رۆژێك بێت لە سەركردەكانى گۆڕانى بكەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

