<

لە جیڤاراوە(كۆسرەت) بۆ چەپڵەڕێزانەكەى مەسعود و ئینجا نێوانى جەلال و موكەڕەم تاڵەبانى

18/12/2010, 12:00 (GMT+1)
دەڵێن لە باشوورى كوردستان شۆڕش كراوە، بەڵام ئەوەى پاش ڕاپەرین ڕووى دا لەهەموو شتێك بچێت لە شۆڕش ناچێت، كودەتایەكى سەربازى بوو بەرانبەر خوێنڕێژێك بە تانك و فرۆكەو موشەكى ئەمریكا، ئەگەر شۆڕشێك لە مێژووى عێراقدا ڕووى دابێت تەنها شۆڕشەكەى (عبد الكریم قاسم بووە)، ئینجا با بێنە سەر بابەتەكانمان:
ــ لە هەولێر لە گەڵ تەكسیەكدا سوار بووم ئاماژەى بە خانوویەك كردو ووتى(زاواكەمان لاى ئەحمەد سمایل كار دەكات كۆسرەت ئەم خانووەى بە (900) دەفتەر كڕیوە لە ئەحمەد سمایل كە رۆژ نورى شاوەیس مونافسى بووە لە كڕیندا بەڵام ئەم زیاترى داوە).
ئەگەر جیڤارا موچەى خانەنشینى سەرووى نۆ ملیۆن دینار بێت ئەى چەند وەردەگرێت وەك و جێگرى تاڵەبانى لە حزبدا ئەمە جگە لە دەرماڵە، ئەوەى دەستى كۆسرەت كەوتووە لە سەرەتاى ڕاپەڕینەوە لە چەندین سەرۆكى وڵاتانى زلهێزى دونیا زیاترە، بێگومان ئەمە زۆر لە سەركردەكانى پارتى و یەكێتیش دەگرێتەوە.
ــ مەسعود زۆر پاڕایەوە لە ئەندامانى كۆنگرە كە لە ڕاستیدا ئەوانە هەموویان لە بێژنى پاراستن دراون ئەوسا گەیشتوونەتە ئەوێ، بێ گومان ئەو پاڕانەوەى موسعود كە وازى لێ بێنن كە سەرۆكایەتى پارتى نەكات لاى خەڵكى سیاسى مەعلومە كە تەنها بریتییە لە خۆ شرین كردن و نازى سیاسى، ئەگەر ڕاستى بكردایە ئەوە دەنگدانى بۆ خۆى و برازاكەى دەكردە نەهێنى نەك بە ئاشكرا، ئایا هیچ ئەندام كۆنگرەیەك دەتوانێت بە ئاشكرا بڵێت نا بۆ مەسعود، ئەگەر كارى وا بكات ئەوە یەعنى ئیستقالەى لە حزب داوەو ژیانى سیاسى لەو حزبە چەورەدا كۆتایى دێت(بێگومان چەور بۆ هەندێكى نەك هەموو كادرەكانى پارتى). هەروەها بە ئەندامانى كۆنگرەشى ووت ئەوە دواى من و مەسرورى كوڕم كوڕەكەى مەسرور دەبێت بە سەرۆكتان چونكە ئەو زۆر پەرۆشى كەركوكە.
ـ موكەڕەم تاڵەبانى تا كاتى روخانى سەدامى دیكتاتۆر ڕاوێژكارى (سەدام حسین) بووە، هەموو هەوڵێكى داوە متمانەى ئەو ڕژێمە بەدەست بێنێت، كاتێك وەزیر دەبێت لە بەغداد لە دەوڵەتەوە پێنج هەزار دینارى ئەو كاتەى بۆ دەنێرن كە ئەو كاتە ئەو بڕە زۆر بووە، ئەم برادەرە پارەكە وەرناگرێت، پاش ئەوە سەدام ئەو پارەیە لە ناو چەكمەجەى مێزەكەى دادەنات و هەر بەرپرسێك دێت بۆ لاى پێیان دەڵێت ((ئێمە پیاوى وەك و موكەڕەم پاك و نەزیهمان دەوێت)، پێش رووخانى ڕژێمیش ئۆتۆمبێلێكى بە هەدیە پێدەدەن وەرى ناگرێت تا ئەو كاتەى دڵنیا دەبێت كە ڕژێمەكە بەرەو ڕوخان دەڕوات ئینجا وەرى دەگرێت، بەڵام ئێستا لە كوردستان ئەو كوردستانەى لەسەر ئێسك و پروسكى ئەو خەڵكە هەژارە بونیاد نراوە بە پلەى وەزیر خانەنشین كراوەو مانگانە لەسەرووى چوار ملیۆن دینار وەردەگرێت و وەك و شیرى دایكى دەیخوات، هەروەها بیرەوەریەكانى نووسیوەتەوە كە هەمووى دۆكیۆمێنتییەو بەشێكى زۆرى باسى پەیوەندى جەلال دەكات لە گەڵ حكومەتى عێراقدا كە نیوەنكار(وسیگ) بووە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، لەم دواییانەدا ویستویەتى ئەو بیرەوەرییانە بڵاو بكاتەوە، جەلال لێى وەرگرتووە و وتوویەتى خۆم بۆتى دەكەم، هەروەها پێنج دەفتەر دۆلارى پێ داوە، كابراى نەزیهى لاى سەدام حسین ئەو پێنج دەفتەرى وەرگرتووە، وا دیارە ئەو پێویستى بە متمتنەى خەڵكى كوردستان نییە. بەڵام ئێستا موكەڕەم گەیشتووەتە قەناعەت جەلال ئەو بیرەوەریانە بڵاو ناكاتەوە بۆیە دەیەوێت پێنج دەفتەرەكەى بداتەوە بەرانبەر وەرگرتنەوەى بیرەوەرییەكانى و خۆى هەڵسێت بە چاپكردنى، ئاشكرایە جەلال بۆیە نایەوێت ئەو بیرەوەریانە چاپ بكرێت لەبەر ئەوەى ئەو بابەتانەى تێدا باس كراوە هەموو ڕاستەو لە خزمێكى خۆیەوە دەرچووەو زۆربەى نامەى خەت دەستەو هەموشى پەیوەندى نێوان جەلال و سەدامە، جەلال باكى بە مێژوو نیە بەڵام لەوە دەترسێت ئەو بابەتانە نێوانى لە گەڵ ئێراندا تێك بدات چونكە هەموو پەیوەندییەكانى لە ناوەراستى هەشتاكاندا لە گەڵ سەدامدا لە سەر حسابى ئێران هاوپەیمانەكانى بووە چى لە حزبە عێراقیەكان و كوردستانییەكانیش.
ئیتر هەقمانە بپرسین: ئایا بەرپرسەكان بۆ خۆیان چیان كردووەو بۆ خەڵك چیان كردووە؟
ئەوە حاڵى بەرپرسەكان و ئەوەش حاڵى خەڵكە، تائێستا بێ كارەبایى و بێ ئاوى پاك و بێ ڕێگاو بانى مۆدرێننانە، ئەوە باسى چینى خوارەوە مەكە ئەوانە هاوڵاتى پلە هەزارن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست