وەڵامێك بۆوەزیرى پەروەردە:تۆ لەجێگاى گەرم و نەرم قسەدەكەیت و ئاگات لەبارودۆخى راستەقینەى ناوقوتابخانەكان نییە
15/01/2012, 12:00 (GMT+1)

جەنابى وەزیرى پەروەردە لەسایەى بەرێزتانەوە نەماندیت گۆرانكارییەكى ئەوتۆ لەبوارى پەروەردە و فێركردن بكرێت كەشیاوى پێداهەڵگۆتن بێت ، نەماندیت ئەو سیستەمەى كە وەكو تەماتە و برنج لە دەرەوەى وڵات هاوردەكرا هەنگاوێك بەرەوپێشەوە بنێت ، نەماندیت بڕیارە گرنگەكانى كۆنگرەى پەروەردەیى ساڵى 2007 بەتایبەت لەبوارى دانانى بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان جێبەجێبكرێت ،نەماندیت كۆتایى بەوەبهێنرێت لەبرى دانانى بەرێوەبەر و یاریدەرى قوتابخانەكان لەلایەن حیزبەوە بكەوێتە ژێردەسەڵاتى بەرێوەبەرى پەروەردەكان و كەسانى شیاوبخرێنە ئەوشوێنە شیاوانەوە ، ئاخر جەنابى وەزیرى پەروەردە دەكرێت جەنابت ناوى چەند بەرێوەبەر و یاریدەدەرێكى قوتابخانەكانم پێبڵێیت كە سەر بە هەردوو حزبى فەرمانرەوا نەبن و لەلایەن كۆمیتەو رێكخراوەكانى ئەو حزبانەوە دانەنرابن جگە لە بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكانى لادێكان؟نەماندیت لە نوسراوەكانى وەزارەت و پەروەردەگشتییەكان لەبرى ناوى قوتابى و خوێندكار و قوتابخانە و خوێندنگا یەك ووشە بەكاربێت ، نەماندیت كۆتایى بەتەخشان و پەخشان پێكردنى داهاتى فرۆشگاى قوتابخانەكانەوە بهێنرێت كەكەس نازانێت چى بەسەردێت!!!نەماندیت كۆتایى بەنوسینى مانشێتە ناشیرینەكانى سەر دیوارى قوتابخانەكانەوە بهێنرێت ، نەماندیت كۆتایى بەوە بهێنرێت كەلەقوتابخانەیەك دەیان بەردەست هەبێت و لەقوتابخانەكیتریش یەك دانە هەبێت ، نەماندیت كۆتایى بەوەبهێنرێت كەلەسەدان قوتابخانە دەیان پسپۆرى زیادەى وەكو بیركارى و ئینگلیزى هەبێت و دەیان قوتابخانەش بێ مامۆستابن لەوپسپۆریانە ، نەماندیت كۆتایى بەگواستنەوەى مامۆستایان بێت لەسەرەتا و ناوەراستى دەوامى فەرمى ساڵى خوێندن ، نەماندیت كۆتایى بەواسیتەو واستەكارى و خزم خزمێنە و خزمایەتى و خێڵایەتى و حزبایەتى بهێنرێت لەگواستنەوەى مامۆستایان لەقوتابخانەیەكەوە بۆقوتابخانەیەكیتر و لەگەرەكێكەوە بۆگەرەكێكى تر و لەشارێكەوە بۆشارێكیتر ، نەماندیت كۆتایى بهێنرێت بەكۆكردنەوەى ئابونەى حزبى لەناوەندەكانى خوێندن ، ئاخر چەند مانگێكە بەرێزێك كراوەتە بەرێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر بەشێوەیەكى كاتى بەڵام لەنوسراوەكان دەنوسرێت (بەرێوەبەرى گشتى بەوەكالەت!!!من نازانم كەس بیرى لەودەستەواژە هەڵەیە نەكردۆتەوە یان ئەم دەستەواژە هەڵە نییە و حزب كەسێكى داناوە بەڵام هێشتا لەدەرەوەى وڵات نەهاۆتەوە و ئەو بەرێزەى ئێستاش وەكیلى ئەوە؟ بەهەرحاڵ كەس لەومەتەڵە تێناگات جگە لەخۆتان ، نەماندیت وەكو ناوچەكانى ترى عێراق رۆژانى شەممە لەهەرێمى كوردستانیش لەقوتابخانەكان بكرێتە پشوو بەڵام بینیمان رۆژانى شەممە بۆكەسە خاوەن پلە بەرزەكان كرایە پشوو ، نەماندیت ئەو مافە بۆئەو هەزاران مامۆستایە بگەرێندرێتەوە كەچەندین ساڵە بەدەست گرفتى هەڵەى مووچەكانیانەوە دەناڵێنن و كەسیش ئاوڕیان لێناداتەوە ، نەماندیت سەرجەم قوتابخانەكان و پەروەردەكان بەسیستەمى ئەلیكترۆنى بەیەكەوە ببەسترێنەوە كەسادەترین پێداویستى ئەم سەدەیەیە ، ئاخر من سەرم سورمایە لەوەى كەئەو هەموو كەسەى كەبەناوى راوێژكار و سەرپەرشتیار مووچە لەم وەزارەتە وەردەگرن و هیچ بەرهەمێكیشیان نیە و نەبووە و نابێت، نەماندیت كۆتایى بهێنرێت بەوەى پەرتووكەكان لەكاتى خۆى بگاتە ناوەندەكانى خوێندن و تائێستا كەوا لەناوەراستى تاقیكردنەوەكانى كۆتایى وەرزى یەكەمین دەیان و سەدان قوتابخانە بەدەست بێ پەرتوكییەوە دەناڵێنن ، نەماندیت كۆتایى بهێنرێت بەوسیستەمە سەربازییەى كەلەقوتابخانەكان پەیرەودەكرێت بەوەى كەهەموو بەیانیان قوتابیان لەگۆرەپانى قوتابخانە ڕیزدەكرێن ، نەماندیت كۆتایى بەوەبهێنرێت كەسەرپەرشتیاران لەساڵێكدا 3 جار بەئارەزووى خۆیان سەردانى مامۆستایان بكەن و لەكۆتاییشدا هەر بەئارەزووى خۆیان نمرەى هەلسەنگاندنیان بۆدابینَن، ئاخر لەو سەدەى 21مینە كەى باوى ئەوە ماوە سەرپەرشتیاران سەردانى مامۆستایان بكەن و هەلسەنگاندنیان بۆبكەن؟ ئاخر وەڵامم بدەنەوە دەیان ساڵە مامۆستایان هەڵدەسەنگێندرێن و هەزاران دۆلار بۆهاتووچۆى سەرپەرشتیارەكان بەفیرۆدەدرێت چ بەرهەمێكى هەبووە؟ كام مامۆستا بەوەى هەمووساڵێك نایابى وەرگرتووە كراوە بەبەرێوەبەر و كام مامۆستاش بەوەى هەموو ساڵێك لاواز و ناوەندى وەرگرتووە لەپیشەكەى دوورخراوەتەوە و كارێكى ترى پێسپێردراوە؟من دلًَنیام ئەگەر پرۆسەى پەروەردە بەمشێوەیە بەردەوام بێت داهاتووى پەروەردە و فێركردنى ئەم هەرێمە تووشى قەیرانێكى زۆرئاڵۆزتر لەوەى ئێستاى دەبێتەوە كەمەحاڵە چارەسەربكرێت!!!ئاخر بۆ گوێ لەم خەڵكە ناگرن؟ ئاخر دەكرێت پۆستەگرنگەكانى وەكو سەرپەرشتیار و یاریدەر و بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بەعەقلى حزبیەوە دەستى بەسەردابگیرێت و كەسى نەشیاو لەوشوێنانە دابنرێن؟ ئاخر جومگەكانى پەروەردە موڵكى هەموو تاكەكانى ئەم هەرێمەیە بەهەموو دەنگ و رەنگەكانەوە و ناكرێت بەمشێوەیەى ئێستا مامەڵەى لەگەڵ دابكرێت و جگە لەئەندامانى یەكێتى وپارتى هەموو خەڵكیتر بێبەش بكرێن ، ئاخر دەكرێت یاریدەدەر و بەرێوەبەرى قوتابخانەكان لەئێستادا هەمووى ئەندام و كادیرى یەكێتى و پارتى بن و لەحالەتێكیشدا ئەگەر حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان بێنە سەرحوكم هەموویان دووربخەنەوە و كەسانى سەربەحزبەكانى خۆیان دابنێن؟ ناكرێت و ئەمە كارێكى ئەستەمە و دەبێت بەزووترین كات كۆتایى بەبەرێوەبردنى جومگەكانى پەروەردە بەعەقلى حزبیەوە بهێنرێت ، لەكۆنگرەى پەروەردەیى ساڵى 2007بریادرا لەسیستەمى نوێى خوێندن دەبێت بەرێوەبەر و یاردیدەدرى قوتابخانەكان لەرێگەى تاقیكردنەوە دابنرێن بەڵام تائێستا ئەم برگەیە جێبەجێنەكراوە دڵنیاشم هەموو مامۆستایەك دەتوانن لەدادگاى كارگێرى سكاڵا لەسەر وەزارەتى پەروەردە تۆماربكەن بەوەى بۆ ئەم برگەیەى جێبەجێنەكردووە و پێشیلى كردووە،جەنابى وەزیرى پەروەردە ئەوەى سەرنجم دابێت لەزۆربەى دیمانەكان جەنابت بەشێوەیەك قسەدەكەیت كەدڵنیام ئەم قسانە لەجێگەى گەرم و نەرمەوە دەكرێن و رەوشى راستەقینەى ناو ناوەندەكانى خوێدن نییە ، بۆیە من بەپێویستم زانى وەلامى بەرێزت بدەمەوە بەتایبەت لەبارەى ئەوەى كەهەمووجارێك ئەوە رەتدەكەیتەوە كەبەرێوەبەرویاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى حزبیەوە دابنرێن!!!بەراستى ئەم ووتە دووبارە و سێبارەیەى جەنابت منى تووشى سەرسورمان كردووە چونكە من دەیان بەڵگەم لەلایە كەلەوكاتەى بەرێزت پۆستى وەزیرى پەروەردەت وەرگرتووە لەلایەحزبەوە راستەوخۆ بەرێوەبەر و یاریدەدەرى چەندین قوتابخانە دانراون لابردراون و دڵنیاشم بەشێوەى پێچەوانە بارودۆخى ناوقوتابخانەكان دەگاتە جەنابت چونكە ناكرێت جەنابت راستەوخۆ سەردانى 5000قوتابخانەى ئەم هەرێمە بكەیت ، بۆجەنابت لەسەر پەیجى تایبەتى خۆت لەسەر مالپەرى فەیسبووك ئەم بابەتە ناخەیتە بەردیدى مامۆستایان تابارودۆخى راستەقینەى ناوقوتابخانەكان بگاتە لاى جەنابت؟ یان لەهەمووقوتابخانەكان ێندوقى سكاڵا دابنێن و راستەوخۆ خۆت سەرپەرشتى و بەدواداچونى بۆبكەیت !!!ئاخر دەكرێت مامۆستایەك كەهیچ ئینتیمایەكى سیاسى نەبێت و هەرلەورۆژەى كەوەكو مامۆستادادەمەزرێت تامردن هەربەمامۆستایەتى بمێنێتەوە و مامۆستایەكى حزبیش بەچەندساڵێكى كەم ببێتە یاریدەدەر و بەرێوەبەر و سەرپەرشتیار دوور لەهەموو پێوەرە یاسایى پەروەردەییەكان؟بۆیە داوا لەجەنابت دەكەم چەند هەنگاوێك بگریتەبەر بۆئەوەى بەزووترین كات رزگارمان بێت لەوقەیرانەى كەوەزارەتى پەروەردە و سیستەمى نوێى خوێندن و ناوەندەكانى خوێندن تێى كەوتوون كەئەمانەى خوارەوەیە:1/كردنى رۆژانى شەممە بەپشوو لەقوتابخانەكانى هەرێم وەكو هەموو پارێزگاكانى ترى عێراق. 2/جێبەجێكردنى ئەو برگەیەى كۆنگرەى پەروەردەیى سالى 2007 كەوەزارەتى پەروەردە مولزەم دەكات بەوەى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان لەسەربنەماى تاقیكردنەوە دابنرێن و هەلى یەكسان بدرێتە هەموو مامۆستایەك . 3/كۆتایى هێنان بەچاودێریكردنى مامۆستایان لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە چونكە هیچ ئەنجامێكى ئەرێنى بەدەستەوە نەداوە. 4/سانسۆر و چاودێرى خستنە سەر تەخشان و پەخشان پێكردنى داهاتى فرۆشگاكانى قوتابخانەكان. 5/دوورخستنەوەى دەستى حزب لەناوەندەكانى خوێندن لەدانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان و كۆكردنەوەى ئابونەوەى حزبى لەقوتابخانەكان. 6/كۆتایى هێنان بەگواستنەوەى مامۆستایان لەسەربنەماى خزمایەتى و خێلایەتى و حزبایەتى و واسیتە و واسیتەكارى. 7/نەهێشتنى سیستەمى سەربازى ڕیزكردن و راگرتنى قوتابیان لەگۆرەپانى قوتابخانەكان هەموو بەیانییەك. 8/جێبەجێكردنى سیستەمى پاداشت و سزا بۆمامۆستایانى دڵسۆ ز كەمتەرخەم. 9/نەهێشتنى كەموكورییەكانى ناوسیستەمى نوێى خوێندن. 10/بەرزركردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستایان بەبەشدارى پێكردنییان لەخولى جۆراوجۆر لەناوەوەو دەرەوەى وڵات بەبێ جیاوازیكردن لەنێوان مامۆستایان. چونكە مامۆستایان سەبرى ئەیوبیان كۆتایى هاتووە و ناتوانن چیتر شایەتى ئەم هەموو جیاوازى و نادادى و كەموكورییەبن و بەدلنیاییەوە هەلوێستی مەدەنیان دەبێت.
سەمیرشێخ مەموندى[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

