<

ئەنوەر حسێن تازە ئەچێ بۆ بەسرە!

21/04/2010, 12:00 (GMT+1)
لەكۆبوونەوەی ئەم جارەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەگەڵا تاڵەبانی، كۆمەڵێ دەموچاوی عەجیب و غەریبم بینی و تاس بردمیەوە بۆ ئەو سەردەمانەی كە راگەیاندنی یەكێتی موعجیزەیەك بوو حیزبی بەعسی هێنا بووە ژان، ئەمڕۆش كێ بەڕێوەی ئەبات و دەمڕاستەكانی بوونە كێ؟
پێش ئەوەی بچمە كۆبوونەوەكەوە بەدوو برادەرم وت ئەگەر ئەم جارەش مامە هەروەك جاران قسەكەر نەبێ و ئێمەش گوێگر، ئەوا دیارە كەمێ بەخۆیدا چۆتەوە، بەڵام دیارە مرۆڤێ 70 ساڵ لەسەر سكەیەك بڕوات، بەكێ ئاقڵ ئەكرێ؟
دەم ڕاستی ئەمجارەی مەكتەبی راگەیاندن ئەنوەر حسێن بوو، ئەو ئەنوەرەی سەردەمانێك لە حەمەی حاجی مەحمود حسكتر بوو، بەنوێنەرایەتی حسك چووە سەندیكای رۆژنامەنوسان، دوای ساغ بوونەوەی كۆمەڵێك پارەو پولی دزراو لە رۆژنامەی رێبازی ئازادی و گۆڤاری ئایدیا و سورینی نوێ، فیزماڵكی دایێ و ئێستاش بەهۆی بێكەسیەوە، هێناویانەتە ژێر كەپرە شیتاڵ شیتاڵ بووەكەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، هەرچەندە شەرعیەتیشی وەك نوێنەری حسك لە سەندیكای رۆژنامەنوسان نەماوە، بەڵام بەچاوسوركردنەوەیەك فەرهاد عەونیان بێدەنگ كرد كە هەر لەوێ بمێنێتەوە.
قسەكانی ئەنوەر حسێن لەوەی ئەكرد یەكێتی لەساڵی 1992 دا بژی و خەڵك لەبەر حەماسەت و كوردایەتی و ڕزگاربوون لەدەستی بەعس، یەكێتی و پارتیان بەهەموو كەموكوڕیەكەوە بەدڵ بێ، ئاخر هەر ئەم قسە لوسانە بوو مامی هەڵخەڵەتاند و لەجیاتی چاوخشاندنەوە بەخۆی و بنەماڵەكەی و كارو كردەوەكانی ئەقڵی دایە دەست ژنەكەی و یەكێتی بەم ئاكامە گەیاند كە بۆتە گاڵتەجاری دۆست و دوژمن!
هاورێ‌ ئەنوەری حسك و هەڤاڵی ئەمڕۆی یەكێتی كە هەروەك خۆی چەند جارێ بەگوێی ئازاد جوندیانیدا چرپاندویەتی حەزی لە سەرنوسەری كوردستانی نوێیە و لای برادەرانیش باسی بەرنامەی خۆی بۆ چاكسازی لە كوردستانی نوێ كردوە، ئامادەی هەموو بادانەوەو حەپە حەپێكە بەرامبەر گۆڕان بەڵام دیارە ئەنوەر تازە ئەچێ بۆ بەسرە ئاخر نە یەكێتی و نە مام بەكەسێك زیندو نابێتەوە تازە هاتبێتە سەرحازری!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست