<

سیستەمى پەروەردەى هەرێم لەشكست بەردەوامە و دەبێت سنوورێكى بۆدابنرێت

17/07/2011, 12:00 (GMT+1)
قورگمان كەوت ئەوەندەى لەڕادیۆ و تیڤیەكان و كۆڕ و كۆنفراسەكان هاواربكەین و دەستمان شل بوو ئەوەندەى لەسایت و رۆژنامە و گۆڤارەكان بنووسین و بڵێن سیستەمى پەروەردە پڕپڕە لەهەڵەو كەموكورتى و ئەوانەى هەڵساون بەگۆڕینى ئەم سیستەمە و هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتیكردنى كەسانى لێهاتوو و شایستە و شارەزانین و تەنها حزبین و لەدواى ئیمتیازى ماددى و مەعنەوى دەگەڕێن و سەدان جار ووتمان پارە و قووتى ئەم میللەتەیان هەموو بەهەدەردا لەبوارى پەروەردە ، ئاخر چ پێویست دەكات قەبارەى ئەم پەرتووكە نوێیانە ئەوەندە ئەستووربێت و لەناوەرۆكیشدا هیچى تێدانەبێت و مامۆستاش نەتوانێت و هەموو مەنهەجەكە بڵێتەوە و بگرە هەندێك مامۆستا سەریشیان لەومەنهەجە نوێیە دەرناچێت ، لەساڵى2007 كۆنگرەى پەروەردەیى لەشارى هەولێر سازكراو سەدان كەس بەشدارییان تێداكرد دەتوانین بڵێن ئەوانەى بەشدارییان كرد لەوكۆنگرەیە كەسانى نزیك لەهەردوو حزبە باڵا دەستەكە بوون و شتى ئەوتۆیان لەبوارى پەروەردە نەدەزانى ، لەكۆتایى كۆنگرەى 2007 ى پەروەردە لەهەولێر دەیان بریار و راسپاردەى هاتنەئاراوە بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراون و نەچوونەتە بوارى جێبەجێكردنەوە چونكە زەڕبە لەهەردوو حزبى دەسەڵات دەدات لەناوەندەكانى خوێدن و پەروەردە و مەعریفە و هەژموونیان كۆتایى پێدێت بەجێبەجێكردنى ئەم راسپاردەو بریارانە ، دووحزبە دەسەڵاتدارەكەى هەرێم ئەوەندەى خەمى باڵادەستى خۆیانە لەناوەندەكانى خوێندن چارەگى ئەوە خەمى پێشكەوتنى پرۆسەى پەروەردە و فێركردنسان نییە ، یەكێتى و پارتى تائەمرۆش خۆیان لەناوچە و رێكخراو و كۆمیتە و مەڵبەندەكانەوە بەرێوەبەرویاریدەدەرى قوتابخانەكان دادەنێن و وەكو بەردى دامەش دەیانهێنن و دەیانبەن و ئەوەندە كارى حزبیان پێدەكەن هیچ بوارێك بۆئەوەناهێڵنەوە كەئەو بەرێوەبەر و یاریدەدەرانە خەریكى خەمخواردن بن لەقوتابخانە و جێبەجێكردن و پڕكردنەوەى كەموكورتیەكان ، یەكێك لەبریارەكانى كۆنگرەى 2007 ى كۆنگرەى پەروەردە ئەوەبوو كەدەبێت لەمەودوا دانانى بەرێوەبەرى قوتابخانەكان بەتاقیكردنەوە و كێبركێ دابنرێن و بەرێوەبەرى قوتابخانەكانى كەلەپۆلى 1 تا 9 یان هەیە دەبوو بەرێوەبەرەكەى هەڵگرى بروانامەى بكالوریۆس بێت بەڵام حزب ناهێڵێت ئەم بریارانەى كەهەژمونى حزب كۆتایى پێدێنێت جێبەجێ بكرێت ، دەبینین ساڵ لەدواى ساڵ رێژەى دەرچوونى قوتابیان لەدابەزینە و ئاستى زانستى قوتابیانیش رۆژبەرۆژ لەدابەزینە و كەسیش گوێى پێنادات!!!ئاخر ئەگەر مووچەى پۆلیس و كارمەندێكى حزبى بێ بروانامە دووهێندەى مووچەى مامۆستایەك بێت چاوەرێى چى دەكرێت لەبوارى پەروەردە؟ئاخر ئەگەر تائێستاش حزب بەرێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان وەكو بەردى دامە بێنێت و ببات چاوەرێى چى لەم مامۆستایانە بكەین؟ئاخر ئەگەر منداڵێك لەپۆلى چوارەمى بنەرەتى بێت و نەزانێت ناوى خۆى بنوسێت چاوەرێى چى لەم سیستەمە نوێیە دەكرێت ؟ زۆرن ئەوانەى لەرووخساردا بۆئاستى زانستى و سیستەمى پەروەردە دەگرین بەڵام لەناخەوە پێدەكەنن ، زۆرن ئەوانەى بەناوى شارەزا و پسپۆرەوە سەرپەرشتى سیستەمى نوێى پەروەردە دەكەن و راست و چەپى لێدەخۆن و ناشیانەوێت بەرژەوەندییەكەیان تێك بچێت ، ئاخر ئەگەر تائێستا وەزارەتى پەروەردە نەیتوانی بێت لەسەرنوسراوە فەرمییەكانى خۆى تەنها یەك ووشە لە(قوتابى خوێندكار) و (قوتابخانە - خوێندنگا بەكاربێنێت چاوەروانى چ هەنگاوێكى تر لەم وەزارەتە دەكرێت ؟شەرمە بەزۆر و بەئیجبارى ئابوونەوە لەمامۆستایان دەگێردرێتەوە!!!شەرمە حزب ئابونەكەى خۆى لەلایەن بەرێوەبەرەحزبیەكانەوە لەمووچەى مامۆستایان دەگێرێتەوە كەزۆربەى زۆریان ئەندامى حزبى نین بەڵام لەترسى گواستنەوەیان بۆقوتابخانەیەكیتر ڕازیین ئابونەوەكەیان لێبگێڕدرێتەوە ، لەسایەى سیستەمى نوێى پەروەردە زۆربەى زۆرى پەرتووكەكان بووەتە دووبەرگ و سێ بەرگ كەقوتابى و مامۆستایان سەریان لێدەرناچێت و سەریان لێشێواوە ، دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرى قوتابخانەكان و دایەنگە و باخچەكانى ساوایان و دانیشتنى سێ تاچوار قوتابى لەسەریەك رەحلەى داروئاسنى ڕەق و تەق لەبەشێكى زۆرى قوتابخانەكان و دانانى زۆربەى زۆرى سەرپەرشتیارەكان لەرابردوودا لەلایەن یەكێتى و پارتییەوە و هەڵ ڵوشینى پارەى فرۆشگاى قوتابخانەكان و شێوە ناشیرین وپیسەكانى بیناى قوتابخانەكان و نەبوونى توێژەرى كۆمەڵایەتى لەهەرەزۆرى قوتابخانەكان و نەگەیشتنى پەرتووكەكان لەوادەى خۆى و ووتنەوەى زۆربەى زۆرى وانەى قوتابخانەكان لەلایەن كەسانى ناشایستە كەپێشتر بەبروانامەى زۆرنزم كراونەتە مامۆستا و دوو دەوامى و سێ دەوامى و چوار دەوامى لەیەك بیناى خوێندنگا و هێنانى هەریەك لەووشەكانى قوتابى و خوێندكار و قوتابخانە و خوێندنگا بەیەكەوە بۆرازیكردن و نیگەران نەبوونى یەكێتى و پارتى و بوونى دە مامۆستاى پسپۆر لەیەك قوتابخانە و نەبوونى یەك پسپۆر لەقوتابخانەیەك و دەوامكردنى قوتابیان لەبیناى كرێ و قوڕ و سیستەمێكى ناوەرۆك نزم و قەبارە گەورە و نەبوونى خولى بەردەوام و پێویست بۆمامۆستایان و ئەوهەمووتاقیكردنەوانە و 50تا60 قوتابى لەیەك پۆل و كۆبونەوەى حزبى لەقوتابخانەكان و دەست وەردانى حزبى لەناوەندەكانى خوێندن مشتێكە لەخەرواڵى فەزاحەت و كارەدزێوەكانى نێو سیستەمى پەروەردە ، رێژەى دەرچوونى قوتابیانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی ئەمساڵ تووشى شۆكى كردین !!! بریاربوو ئەمساڵ كۆنفراسى وەزارەتى پەروەردە ئەنجامبدرێت و نەكرا و هۆكارەكەشى دیارنییە ، رۆژانە دەیان و هەزار رەخنە ئاراستەى ئەم سیستەمە نوێیەدەكرێت و وەزارەت و بەرپرسانى پەروەردەخۆیان لێ بێدەنگ كردووە ، رۆژانە كەموكورییەكانى ئەم سیستەمە ئاشكرادەبێت و وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە!!! دەستوەردانى حزبى لەناوەندەكانى خوێندن بەردەوامە و وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە !!! بەئارەزووى رێكخراو و كۆمیتەى مامۆستایان مامۆستا ئێرە و ئەوێى پێدكرێت و دەگواسترێتەوە وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە !!! ئاستى زانستى لەدابەزین و رۆچوونە وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە، مامۆستایان گوزەرانیان خراپە و داواكاریی و موعاناتیان هەیە وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە ، پارە و ماددە و قووتى ئەم میللەتە لەچاپكردن و گواستنەوەى پەرتووكى خوێندن لەدەرەوەى ووڵات بەهەدەر دەچێت وەزارەتى پەروەردە لێى بێدەنگە ، بۆیە دەبێت لەئێستادا هەڵوەستەى جددى لەسەر ئەهەموو كەموكورى سیستەمى نوێى خوێندن و دەستوەردانى حزبى و دانانى بەرێوەبەر و یاریدەدەرانى قوتابخانەكان بەپێوەرى حزبى و دابەزینى ئاستى زانستى قوتابیان بكەین و هێلێكى سوور بكێشین و بڵین بەسە و نەهێڵین چیتر رەوشى پەروەردە بەم ئاقار و كەشە ناروونە بروات و سنورى بۆدابنرێت ، دەبێت هەموومان درك بەوزەنگە خەتەرناكەبكەین كەسیستەمى پەروەردە لێیدەدات و پێمان دەڵێت هەندێك كەس بەناوى شارەزا و پسپۆر وەكو مشەخۆر یەخەى سیستەمى پەروەردەیان گرتووە و لەداهاتوو كوردستان و تاكەكان بەرەو هەڵدێر دەبەن كەئەستەمە بتوانرێت چارەى بۆبدۆزرێتەوە.

سەمیرشێخ مەموندى

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست