<

شەهید عەلى نەبى لەنێوان ئاكۆى جاش و عەلى حەمەد بەگى پۆستاڵدا .

27/03/2010, 12:00 (GMT+1)
بیستنى هەواڵى نانبڕینى منداڵەكانى شەهید عەلى نەبى هێندە كاریگەرى تێ كردم نەمتوانى دان بەخۆمدا بگرم و شتێك نەنووسم لەمبارەوە چونكە قارەمانى و مەزنى شەهید عەلى نەبى لاى هەموو كەس ڕوون و ئاشكرا و دیارە ئەوە میللەت و ئەوە مێژوو و ئەوە ڕابردوو.. وەئەگەر باسى سپڵەیى و بێ وەفایى یەكێتیش بكەین تەواو نابێ چونكە ئەمە یەكەم حاڵەت نیە و دوا حاڵەتیش نابێت .. بەڵام كەگوتت شەهید تەواو ، دەبێ حزبەكە خۆى بەقەرزداربارى منداڵەكانى بزانێ نەوەك بێ نانیان ببڕێ چونكە منداڵى شەهید جیایە لەگەڵ ئەو سەركردانەى ئەمڕۆ بوونەتە گۆڕان و یەكێتى دێ بێ ئابڕووانە داواى سەیارەیان لێ دەكاتەوە و مووچەى خۆى و پاسەوانەكانیان دەبرێ (بۆئەوانیش نابێ وابێ بەڵام بەهەر حاڵ بائى ئەوان وابێ) یانى سەیركەن كارەساتەكە لەوەدایە یەكێتیەك ئەوەندە سپڵە و بێ ئابڕووبێ ئامادەبێ بەسەدان دەفتەر دۆلار بۆ سەرۆك جاش و ئاغاى دیوەخان و پیاوەكانى ئیتلاعات و میتى توركى و توركمان و عەرەبى بەعسى هەڵڕێژێ لەولاشەوە مووچەى خەڵكى دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و دوو منداڵى گەنجى شەهیدێكى سەركردەى وەك عەلى نەبى سومبولى ڕاپەڕین ببڕێ كەهەموو كورد شانازى پێوە دەكات .

دیارە هەموو خەڵكى كوردستان و سەركردایەتى پارتى و یەكێتى و بەرەى كوردستانى و تەواوى خەڵكى كوردستان و ناوچەى پشدەر و بیتوێن و دۆڵێ دەزانن ڕۆژى 5 ى 3 ى 1991 شوێن و ئیشى هەریەك لەئاكۆى عەباس ئاغا و عەلى حەمەد بەگ چى بوو ؟ شەهید عەلى نەبیش خەریكى چى بوو ئەوڕۆژە ؟ ئێستاش هەر ئێوە بڕیاربدەن ئێستا مەكانەت و شوێنى عەلى حەمەد بەگ لەیەكێتى و حكومەت و مووچە و سەیارە و نەسریە و مووچەى دەیان پاسەوانى بن دیوارى ئاكۆش لەكوێ یە ؟ مووچەى منداڵەكانى ئەو شەهیدە سەركردەیەش لەكوێ یە ؟ .

لەهەڵبژاردنى 7ى 3 ى 2010 منداڵە چاونەترسە قارەمانەكانى شەهید عەلى نەبى سەربەرزانە ئیشیان بۆ گۆڕان دەكرد و دەنگى پیرۆزى خۆشیاندا بەگۆڕان چونكە ئەوان دزانن ئەگەر گۆڕان سەركەوێ و دەسەڵات بگرێتە دەست چۆن حەق و ماف و ئیمتیازاتى كەسوكارى شەهیدان و خەڵكى فەقیر و داماو دەگەڕێنێتەوە لەولاشەوە هەریەك لەعەلى حەمەد بەگ و ئاكۆ زۆر بەتووندى دژایەتى گۆڕانیان دەكرد چونكە ئەونیش دەزانن ئەگەر گۆڕان سەركەوێ دەزانن شوێن و مەكانی سەرۆك جاش و پۆستاڵ لەپێكانى بەعس لەكوێ یە ؟ كەگومانى تێدانیە بەردەم دادگایە یان دەبێ ڕاكەن بۆ سوریا و ئێران .

من سەیرم بەیەك شت دێ چۆن لەمەودوا یەكێتى و سەركردە داوێن پیسەكانى و ڕاگەیاندنە چەواشەكارەكانى ڕوویان دێ ناوى شەهید عەلى نەبى بێنەوە ... هەرچەند تەمەنا دەكەم نەگاتە 5 ى 3 یەكى تر ئەم حزبە بەیەكجارى كاڵ بێتەوە و نەتوانێ یادى ڕاپەڕینێكى تر بكاتەوە .

لەكۆتایدا دەڵێم سەربەرزى و ڕووسوورى بۆ منداڵەكانى شەهید عەلى نەبى و شەرمەزارى و ڕیسوایش بۆ ئەوانەى بریاردەدەن مووچە و نانى منداڵانى شەهید ببڕن و بەكۆڵێك خیانەت و فایلەوە دەبن بەدمڕاست و بڕیاردەرى یەكێتى .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست