18/02/2013, 12:00 (GMT+1)

(دزیی و بوختان كردن و ڕۆڤارەكەی تۆفیق وەهبیی دەزگەی سەردەم).
دوای ئەوەی دەروازەی (كوردستانپۆست) بە سوپاسەوە (ڕوون كردنەوەی - 1)می بڵاوكردەوە. بۆ 3هەم جاریش وێنەیم نارد بۆ (دەروازەی خەندان)، ئەوجا ئەویش بڵاوی كردەوە و هەنگی (كەسێكیش بە ناوی بڵاوكراوەی: ڕۆڤار) ی دەزگەی سەردەمەوە - كە من نای ناسم - ڕۆژی 6 /1/2013 لە (دەروازەی خەندان)دا وەڵامەی داومەتەوە: بۆ ئەوەی گشت ڕاستییێكەیش بە جوانیی لەبەر چاوی خوێندەوارنی هاونەتەوەم دیار بێ، ئەوە بە ڕیز باسەكان دەخەمە ڕوو:
-1- ڕوون كرنەوەی یێكهەم: ئەمە بوو:
دەروازەی (خەندان / لاپەڕەی هەمە ڕەنگ) ڕۆژی 1/1/2013 هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوەو ڕای گەهاندووە(دەزگەی سەردهم "ڕۆڤار)ێك بڵاو دەكاتەوەو تایبەتە بە (توفیق وههبیی) ناوو ناوی (كەمال رهئووف محەممەد من) شی لە ڕیزی چەند نووسەرێك داناوە (وەك ئەوەی من نووسینم لە سەرناوبراو بۆ دەزگەی سەردەم ناردبێ كە ئەمە لە ڕاستییەوە دوورەو من پێوەندیم لەگەڵ دەزگەی ناوبراو و دەستەی نووسەرانی نەبووەونە دەش بێ). پتریش دە بێژم:(دەزگەی سەردەم هەرگیز بۆیی نییە بێ ئاگەهدارییی و ڕەزامەندیی من نووسینی من بڵاوبكاتەوەو ئەگەر كردیشی ئەوە قانوون شكێنییەو كارەكە بە دزیی حساب دەكرێ و چ چاوپۆشیی لێ ناكری).
بابی لالۆ- كەمال ڕئووف محەممەد - هۆڵاند
2- وەڵامی بەرپرسی بڵاوكراوەی: ڕۆڤار :6/1/2013
(سڵاو بابی لالۆ.سوپاس بۆ روونكردنەوەكەت. ئێمە لە بڵاوكراوەی ڕۆڤار ئەو وتارەی تۆمان لە رێگەی مامۆستا عومەر مارف بەرزنجییەوە دەستكەوت . ئەو بۆی ناردینو داوای كرد ئەو وتارەت بڵاوبكەینەوە، لە راستیدا ئێمە نەمانزانی بوو كە جەنابتان وتارتان لەسەر تۆفیق وەهبی نووسیووە، بۆ زیاتر بەرچاو ڕونیتان دەتوانیت پەیوەندی بەوەوە بكەیت كە بۆچی ئەو بابەتەی ناردووە بۆ ئێمە، دیارە ئێوە مافی خۆتان كە وتارەكەتان لە كوێ بلاودەكەیتەوە و لەكوێ بڵاو ناكەیتەوە، بەڵام ئێمە لە ڕووی ئیتیكی خۆمانەوە پاداشتی ئەو وتارەشمان بۆ نووسیوویت و خۆت یان هەركەسێكی تر دەتوانێت بفەرمووێت بۆ وەرگرتنی ئەو پاداشتە لە دەزگای سەردەم.
رێزی بێ پایانمان قبوڵ بكەن
3- دۆستم لێ كۆڵی ئەدەبییاتی كورد كاك عومەر مارف بەرزنجەیی ڕۆژی 16/2/2013 بە ئەم شێوەیە وەڵامی داومەتەوە و بە تەلەفۆیش سەرپشكی كردووم لە كۆێدا بڵاوی بكەمەوە. وەڵامەكەیشی ئەمەیە:
(روون كردنەوەی پێویست)
لە وەڵامی ئەو بابەتەی كە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینی بڵاوكراوەی (رۆڤار)ەوە لەسایتی خەندان لە رۆژی 6/1/2013دا بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە من بابەتێكی مێژوویی مامۆستای توێژەر بەڕێز كاك (كەمال رەووف محەممەد)م سەبارەت بە (تۆفیق وەهبی) بۆ ناردوون و تەنانەت تەكلیفم كردووە، كە بڵاوی بكەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێك مامۆستای بەڕێز پرسیاری راستی و ناڕاستیی ئەو مەسەلەیەی لێ كردووم. لێرەدا دەڵێم بە هیچ جۆرێك ئەو بابەتە لەلایەن منەوە نەنێردراوە و ئەو قسانەش لەسەرەتاوە تا بنەتایان دوورن لەڕاستییەوە. بۆ دڵنیایی هەموانیش بە كۆڵێك گلەیی و بێزارییەوە ئەم ڕوون كردنەوەیەم نووسیی. ئەگەر مەسەلەكە زیاتر پەرەبستێنێ، رەنگە جارێكی تر بەم هێمنییەی ئێستا وەڵام نەدەمەوە.
عومەر مەعروف بەرزنجی
16/2/2013
16/2/2013
من بێز لە هەر پێوەندییێك لهگهڵ دهزگای سهردهم دەكەمەوە و پاداشتیان بە من حەرامە و قابیل بە خۆیانە
4- خۆێندەوارانی هاونەتەوەم..... لە ئەو باسانەی ڕابوردن " 3 ئەنجام" دە ستگیر دەبن كە ئەمەن:4/1- ئەز 13 ساڵە و بۆ هەتا هەتایش چ پێوەندییێكم لە ئەلفێكەوە تا مەرحەبایێك لەگەڵ دامودەزگەی سەردەم و كارمەندانی نییە و نایش بێ. بڵاوكردنەوەی گوتار و وێنەی من بێ ڕەوامەندیی و ئاگەهداریم - هەرە مانای دیاری ئەوەیە: خۆێندەوار و ئاشنایانم وەها لێ بكات من پێوەندییم لەگەڵ ئەو دامودەزگەیە هەیە و مەمنوونیانم. پێچەوانەكەیش ڕاستە و من بێز لە هەر پێوەندییێك دەكەمەوە و پاداشتیان بە من حەرامەو قابیل بە خۆیانە.
-4/2- بڵاوكراوەی دەزگەی سەردەم (ڕۆڤار - ژ: 72) بێ ئاگەهداریی ، بێ ڕەزامەمدیی من یا كەسوكارم " نووسینی منی بڵاوكردووەتەوە كە 28 ساڵ لەمەوبەر لە گۆڤاری : كاروان- ژ: 18ی ساڵی 1985)دا بە ناونیشانی (تۆفیق وەهبییی كوڕی پیرەمەگروون)ەوە بڵاوە.
4/3- بە ڕۆشنایی وەڵامەكەی دۆستم كاك عومەر مارف بەرزنجەیی، دیارە بەرپرسی بڵاوكراوەی" ڕۆڤار" بوختانی بۆ هەڵ بەستووە و كاك عومەر نووسینی منی نەداونەتێ چونكە ئەوی ژیر و دنیادیدە هیچ وەكالەتنامەیێكی ڕەسمییانەی منی لا نییە تا بتوانێت سەرپەرشتیی كاروباری منێكی مەنفانشین بكات و كەسوكارم بە تەنها ئەو مافەیان هەیە.وێڕاش ئەو قسە هەڵ.بەستراوەیش مەبەستێكی دیكەی هەبووە كە ئەویش تێك دانی پێوەندیی دۆستانەو زانستییانەی نێوان من و كاك عومەرە . ئەم كارەیش ڕوەشتێكی ناشیرینی بازاڕییە.
ئایا حورمەتگرتنی شەرەفی كاری ڕۆژنامەنووسیی ئەوهایە بێ ئاگەهداریی خاوەند نووسین و بێ بەڵگەیێكی قانوونیی كە ماف بدات بە دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی، نووسینی منێكی نووسەر كە 28 ساڵ لەمەوبەر نووسیومە بڵاو بكاتەوە
5- خۆێندەوارانی هاونەتەوەم..... ئەم دزیی و بوختانەی داموەزگەی سەردەم بۆچیی؟.5/1- ڕاستییێكەی ئەگەر ورد تەماشای (ڕۆڤار ژ:72ی تایبەت بە تۆفیق وەهبیی) بكرێ ئەوە بابەتەكەی (دكتۆر مارف خەزنەدار) و (من) لە ساڵی 1985دا لە _ گۆڤاری كاروان:)دا بڵاوكراونەتەوە. هەرچیی دیمانەكەی جەمال خەزەداریشە لە ساڵی 1958دا لەگەڵ تۆفیق وەهبیی كردووە ئەوجا ئایا حورمەتگرتنی شەرەفی كاری ڕۆژنامەنووسیی ئەوهایە " بێ ئاگەهداریی خاوەند نووسین و بێ بەڵگەیێكی قانوونیی كە ماف بدات بە دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی، نووسینی منێكی نووسەر كە 28 ساڵ لەمەوبەر نووسیومە بڵاو بكاتەوە؟
ئایا حورمەت گرتنی شەرەفی كاری ڕۆژنامەنووسیی ئەوهایە: لە پەراوێزێكیشدا شۆێنی و ساڵی بڵاوكردنەوەی پێشتری" ئاماژەی پێ نەكرێ وخوێندەوار گێل بكا
لە ئەوەش ناشیرینتر ئایا حورمەت گرتنی شەرەفی كاری ڕۆژنامەنووسیی ئەوهایە: لە پەراوێزێكیشدا " شۆێنی و ساڵی بڵاوكردنەوەی پێشتری" ئاماژەی پێ نەكرێ وخوێندەوار گێل بكات گۆیا ئەو گوتارە تازە بە تازە وەك گوتارەكەی كەمال مەزهەر ئەحمەد بۆ ئەم بڵاوكراوەیەی سەردەم نووسراوە؟دڵنیا دەبێژم ئەم ڕەفتارە ناشیرینە بە ئانقەستە
5/2-- دلنیا دەبێژم ئەم ڕەفتارە ناشیرینە بە ئانقەستە و بۆ دوومەبەستی گەورەیە:1- ئەگەر تەماشای (ڕۆڤار ژ:72ی تایبەت بە تۆفیق وەهبیی) بكرێت لە نێو هەڵبەست و گوتارەكاندا (یێكهەمین بابەت ههڵبەستێكی شیركۆی ڕێیەری گشت دەزگەكەیە كە بە خەت و قەڵەمی خۆی و بۆ ستاییشی تۆفیق وەهبیی لە26 /12/2012دا دای ناوە).
ئەوجا ڕوونە كە خۆی پێشەنگی بڵاوكراوەی دەزگەكەی بێ ئیدی نووسینی نووسەرانی دیكەی مردوو چ زیندوو ، ئاگەهدار بن یا نەبن كێشە نییە و دەبێت گشتیان (دەروێش)ی بن. بە پێی ئیتیكی ڕۆژنامەنووسیی هەزارەی سێهەمیش با"پاداشتێكیان" بۆ بنووسرێ!
ئەی ئەگەر وەها نەبێت (بە پێی كام قانوونی حوكوومەتیی نووسینێكی 28 ساڵی لەمەوبەری نووسەرێكی زیندوو. بێ ئاگەهداری خۆی و كەسوكاری بڵاو دەكاتەوە و كورد گوتەنیی - دەستە چەورەكەیشی بەسەر كەسێكی دیكەو بێ ئاگاه لە ئەم پیلانە دەهێنێ؟!
2-- ئەز بابی لالۆ لە نێوان بەهاری 2011 -2012دا (چوار كتێیم چاپ و بڵاوكردەوە كە سیانیان 2 برادەرم مەسرەفیان كردو یێكیان لەسەر مەسرەفی خۆم بوو. یێكهەم كتێب ئەمە بوو: (گوتوبێژێكی دەگمەنی تۆفیق وەهبیی و خوێندنەوەیێكی ڕەخنەگرانە:"وەرگرتن و تۆماركردنی ئەمبیر حەسەنپوور 1976 لۆندۆن/ نووسینەوی و پەراویزو خۆێندنەوەی بابی لالۆ"
گوتوبێژەكە(CD) لەگەڵ سێ دێی
لە ئەو كتێبەدا ئەز - وێڕای نووسینەوەی ژین و كارنامەی تۆفیق وەهبیی بەرهەمەکانی، بە ڕۆشنایی گوتوبێژەكەی خۆی و چەندها بەڵگەنامە و چەندەها كتێب و یاداشتی هاوڕۆژگارەكانی تۆفیق وەهبیی، بایەخم دابوو بەخوێتدنەوەی "هەر دوو ڕەفتاری ڕۆشنبیریی و سیاسیی".
ئەم كتێبە كە لەسەر بەرنامەیێكی پتەوی لێ كۆڵینەوەی زانستی داڕێژاوەو لە پێناوی گەش بوونەوەی هۆش بیری ئینسانی كورددا هەرچیی ڕاستییێك هەیە یێكاڵایی كردووەتەوە بە ڕادەیێك خۆمیشی هێنایە سەر ئاستێ لە ئەو ناونیشانەی كە بۆ گوتارەكەی 28 ساڵ لەمەوبەرم دانا بوو :(تۆفیق وەهبیی كوری پیرەمەگروون) پەشیمان ببمەوە.
ئەم كتێبە كە كەوتە بازاڕەوە تهنها لە لایهن هێندێ كەس و لایهنەوە بەرهەڵستیی دەكرێ ، تەنانەت بەری فرۆشتنیشی لێ دەگیرێت. مەڵامەتەكەیش ئەوەەیە: (وەك جارانی خۆمیشم، ا خەڵكانێكی نەشارەزای مێژوو چ سیاسەت، هێشتا تۆفیق وەهبیی بە " فریشتە" دەناسن، ئەز بابی لالۆ لە كتێبی:(گوتوبێژێكی دەگمەنی تۆفیق وەهبیی و خوێندنەوەیێكی ڕەخنەگرانە:") بە ویژدانێكی نەتەوەیی و ئەقڵێكی زانستییەوە ئەنجامی لێ كۆڵینەوەی هەردوو لایێنی ژینی ڕۆشنبیریی و سیاسییم بە ئەم شێوەیە نووسیوە كە هەرگیزاو هەرگیز لیێ پەشیمان نیم! لە كتێبی: گوتوبێژێكی دەگمەنی تۆفیق وەهبیی و خوێندنەوەیێكی ڕەخنەگرانە ل 279 282 و چاپ كراوی ساڵی 2011 / كتێبەكە لە 2 كتێبخانەی سلێمانی و كتێبخانەی ئەندیشەدا دست دەكەوێ) نووسیومە:
ئەنجام
بە وردبوونەوە لە ژینى، بەتێگەهیشتن و هەڵ سەنگاندنى گوتوبێژەكەیشى، بە ڕۆشنایى هەرچیى بەڵـگە و دەست نووسێكى بەردەست و هەواڵێكى باوەڕ پى كراو، هەروەها بە نەشتەردان لە هەرچیى نهێنیى هەیە، تواندرا بە شێوەیێكى نێ زەڕەبین بخرێتە سەر ڕەفتاری ڕۆشنبیریى و سیاسییشى و چڕ بخوێندرێتەوە، بۆیێكا ئەز وەك لێ كۆڵێكى كورد دەبێژم:
1- ئەو خوێندەوارێكى سەردەمى فەرمانڕەوایى عوسمانیى لە پێش و پاش یێكهەم جەنگى گێتییەوە، بە تایبەتیش لە نێوان ساڵانى 1908 1925دا هەرگێز كارامە تێكەڵى ژینى ڕۆشنبیریى میللەتى كورد نەبووە. بە ڕۆشنایى بەڵـگەى دیاریش، تەنها لە ساڵى 1920دا تاكە گوتارێكى كوردیى بە زمان و ڕێنووسێكى كۆنەوە لەمەڕ كردنەوەى قوتابخانەیێكى پیشەسازیى نووسیوە. لەساڵى 1922شدا بەداخواز چەند نامێلكەیێكى پچووكى كوردیى لەمەڕ (مەشقى سەربازیى) نووسیوە. ئیدى چیى دیكەى لەمەڕ زمان و ئەدەبییات و كولتوور و مێژووى میللەتى كورد نەنووسیوە.
ئەم بارەیشى بەلایێنى كەمەوە ماناى ئەوەیە؛ هەستى نەتەوەیى لاواز بووە، یا دەربەستى بووژاندنەوەى ڕووى ڕۆشنبیریى نەتەوەكەى نەبووە.
2-دەركەوت بە جێگیر بوونى ژینى لە بەغداددا و تێكەڵ بوونى بریتانەكان و زەبرى ڕۆشنبیریى خۆرئاواوە خووى داوەتە زمان و خوێندەواریى كوردیى. ئەوە بوو لە نێوان 1925 1926دا لەمەڕ ئەو بابەتانە لەسەر لاپەڕەى گۆڤارێكدا و لە كۆڕى ڕەسمییانەدا دەنگى كرد. دیارترین هەڵوێستى بەهێزیشى ئەوەبووە كە ساڵى 1926، لەسەر (ڕێنووسى كوردیى) نەك وەك لافى لى داوە لەسەر دەستوورى زمانى كوردیى، لەگەڵ ڕێبەریێتى مەعاریفى گشت عێراق دەستەویێخە بووە. هەرچەندە لە ئەنجامدا داشى سوار نەبووە، بەڵام كردەوەكەى لە نێو ڕۆشنبیرەكانى كورددا دەنگى داوەتەوە و قەدرى گران بووە.
3- -ئەو وێڕاى هێندێ هەڵ نووتاندن و نالەباریى گوزەرانى - لە نێوان ساڵانى 1926- 1958دا تواناى ڕۆشنبیریی خۆی پەروەردە كردووە و پێى گەهاند و چالاكانەش هەمووى داناوە بۆ ئاشنا و خزمەت كردنى (زمانى كورد). لەئەم ڕووەوە لە لایێكەوە بە كوردیى و عارەبیى، بە شێوەیێكى زانستانە و نوێ دووەم (دەستوورى زمانى كورد)ی لەمێژوودا داناوە. لەلایێكى دیكەوە وەك یێكهەم كوردێك بە دەم لێ كۆڵینەوەى زانستییەوە، سەلماندووێتى كە زمانى كورد هەتیو نییە و ڕیشەكەى زمانى (ئاڤێستا)ى كتێبى پیرۆزى ئایینى (زەرتەشت)یى مادەكانە.
دیسان هەر لە ئەو مەودایەدا زانستانە، بە لێ كۆڵێنەوە و بەراووردەوە خەریكى ئەدەبییات، كولتوور، مێژووى كورد بووە، بە ڕادەیێك هێندە سەركەوتوو بووە لەلاى هێندى زانست پەروەریى نێو عێراق و خورئاوا، بە زانایێكى ئەنسروپۆلوژى كورد ناسراوە. ئەم ڕەفتارەى بە ڕاستیى خزمەتى بنچینەكانى شەخسییەتى نەتەوەیى كوردى كردووە. بەڵام ئەم ڕەنج و خزمەتەى كە تا ساڵى 1958 بە گوتارى نێو گۆڤار و ڕۆژنامەكان و كتێبى چاپ كراو دەكەوتنە بەردەستى خوێندەوارانى كورد و بێگانە، لەدواى ئەو ساڵەوە، ڕاستتر لە مەوداى ژینى لە لۆندۆندا، ڕەنج و بەرهەمێكى یێكجار خاو و كەمتر بووە.
4- دەركەوت دواى گەڕاندنەوەى وەك ئەفسەرێكى عوسمانیى بۆ سلێمانیى و ئەوجا بۆ نێو مەملەكەتى عێراقى عارەب، لە لایێكەوە تێكەڵ و هاریكاری بریتانەكان بووە. لە لایێكى دیكەوە، لەگەڵ دروست بوونى مەملەكەتى ناوبراو، تێكەڵ و كار بەدەستێكى گوێ ڕاهێڵ بووە، بۆیێكا سەرئەنجام لە ساڵى 1948دا بریتانەكان (خەڵاتێكى پاشایانە)یان پى بەخشیى و پاشاى عێراقى عارەبیش لەئەو هەلەڕاوە كردى بە (ئەندامى ئەنجوومەنى پیران).
5- دەركەوت ئەو جم و جووڵ و چالاكییانەى نێوان ساڵانى 1930 1932 كە بە ناوى گەلى كوردەوە دەى نواند، بە هەرشێوەیى بووبى، بەهان دان و پشتگیریى بریتانەكان بووە و كەڵكى (چوارەم پەیمانى بریتانیا عێراق) و بە تایبەتیش كەڵكى ئامانجى ستراتیژیى بریتانەكانى گرتووە، نەك گەلى كورد هەڵبەت خۆیشى لە دواڕۆژدا بەشى خۆشیى خۆى خوارد.
6- دەركەوت ئەو هەواڵانە ڕاست نەبوون و نین كە ئەویان بە لایێنگیرى خەباتى ڕستگاریى خوازى گەلى كورد و دۆستى (حەفید زادە مەحموود)ى یێكهەم شۆڕشگێڕیى سەدەى بیستى گەلى كورد ژماردبوو. هەروەها سەلمێندرا كە ئەو تا مرد هەرگیز تێكەڵى شۆڕشەكانى گەلى كورد و ژینى حیزبایێتیى كورد نەبووە و پێچەوانەیش تێكەڵى ژینى حیزبایێتیی عارەب و تێكەڵى لەشكر و خزمەتى فەرمانڕەوایى مەملەكەتى عارەبی عێراق بووە.
7-دەركەوت ئەو كەسێكى دڵ و دەروون و ڕەفتار دوو ڕوو بووە. ڕوویێكى ڕەفتارى ڕۆشنبیریى بۆ چاكەى نەتەوەى كورد بووە. ڕووەكەى دیكەیشى ڕەفتارى سیاسیی ، تاى تەرازووى لارە و هاریكار و لایێنگیرى داگیركەرانە. واتە بۆ شكست و نزمیى نەتەوەكەى بووە.
بەڵى ئەو زمان ناسێكى گەورە، ئەنسرۆ پۆلۆژیستێكى یێكهەم بوو، بەڵام (زانایێكى گەورە)ش نەبوو، چونكە وێڕاى بى دەسەڵاتیى لە هێندێ دەستمایەى زانستى ئەنسروپۆلۆژیا وەك شارەزایى لە هونەرەكانى نەخش و نیگار، مووسیقا، خۆشنووسیى، دراوناسیى، دەست نووس ناسیى زاناى گەورە هەرگیز هەڵپەى بۆ كورسیى و دەسەڵات و سەروسامان نییە، بەڵكە تا مردن هەڵپە و خولیاى ئەو هەر بۆ زانست و ڕاستیی و خزمەتی میللەتی خۆی و مرۆڤایێتییە!
ئایا زانایێكى خۆرئاوایى چاوپۆشیى لە ڕەفتارى داگیركەرانى نیشتیمان و دوژمنانى میللەتەكەى دەكات؟ چاو دەقووچێنێت لە ئاستى كوشتن و بڕین، گرتن و لەسێدارەدان، بەكاربردنى سیاسەتى گۆڕینى بارى ئینسانیى گەلەگەی و باری جوگرافیى نیشتیمانەكەى؟
ئایا هاریكاری ئەو داگیركەرە و دوژمنە دەكات؟ دەچێتە بن سێبەرى عەرشی؟
ئەگەر وەهبیى لەساڵانى 1940 1941دا كە مووچەى خانەنشیینیى سەربازیى بەركەوت و لە بەغداددا خانووى دروست كرد، بارى ژینى ئارام و خۆش بوو، ئەو دەمێ، تا سەر، تا مردن خۆى هەر بۆ (زانست) دابنایە، گەورە و مەزنى لى دەرنەدەچوو؟ دەیان كتێبى گەورە، بەرهەمى دانسقەى نەدەبوو؟
ئایا ئێمە مانان و نەوەكانى دواڕۆژمان، ڕوومان دەبوو ئەوها ڕەخنەى لى بگرین؟
8-گوتوبێژەكەیشى بەڵـگەیێكى ڕۆشن و گرنگ بوو بۆ تێ گەهیشتنى شەخسییەتى و یێكلایى بوونەوەى هێندێ باس و بابەتى گومان لى كراو چ لەمەڕ خۆى یا خەڵكانى دیكە.
دواجار وێڕاى هەر باسێكى دیكە، لە ئاستى لووت بەرزییێكەیشى بەرامبەر میللەتەكەم دەبێژم: ساتى كە لاشەى (مردوو)ى گەهێشتەوە سلێمانیى، میللەتەكەى هێندە جوان و بە حورمەت ناشتى، ئەگەر خۆى هەستى بكردبایە و لە كونێكى تابووتەكەیەوە چاوى لە ئەو بەخشندەییە ببووایە، دەى زانیى كە خۆى یێكجار پچووك و مییلەتەكەى فرە مەزن و لى بوردە بوو.
دوا گوتەیشم وەك لێ كۆڵى ژین و ڕەفتارى ئەوەیە، ئەگەر ئەز لە هەلى مردنەكەیدا بۆ نرخ گرتنى ڕەنجى زانستى خرۆشام و لێم نووسیى؛ (تۆفیق وەهبیى كوڕى پیرەمەگروون)ە ئەوە نها پەشیمانم لە ئەو ناونیشانە. ڕاستییێكەى كوڕى ڕەسەنى چیا ئەو كەسەیە كە بە گوتار و ڕەفتارەوە، تا دوا هەناسە، خۆى بكات بە قوربانیى سەربەخۆیى كوردستان و ئازادیى كورد!) تەواو.
ئەم ڕەفتارەی دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی بۆ بەرهەڵستیی" ئەم كتێبە بووە
6- وەك لە سەرەتادا گوتم ئەم ڕەفتارەی دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی " بۆ بەرهەڵستیی" ئەم كتێبە بووە. ئەگەر وەها نەبێ خێرە تا ئەمڕۆ (ڕۆڤاری تایبەت لەمەڕ تۆفیق وەهبیی) دروست نەكراوە؟ كە كراویشە لەبریی باسی لەمەڕ: كتێبی (گوتوبێژێكی دەگمەنی تۆفیق وەهبیی و خوێندنەوەیێكی ڕەخنەگرانە) هاتوون گوتارێكی 28 ساڵ لەمەوبەرمیان (بۆ كەڵكی مەبەستی خۆیان تەوزیف كردووە).7- هەر بە ئەم بۆنەیەوە ئێستا ئەو نهێنییە دەخەمە ڕوو كە زستانی سالێ 2012 هاوەڵی دڵسۆزم كاك مەحموود ڕەزا لە سلێمانییەوە تەلەفۆنی بۆ كردم بۆ هۆڵاند و گوتی (بیستم بەشێكی باشی 4 كتێبەكەت:
1- گوتوبێژێكی دەگمەنی تۆفیق وەهبیی و خوێندنەوەیێكی ڕەخنەگرانە
2- گەڕان بۆ ڕاستیی
3- ڕۆژێ لە ڕۆژان
4- مێژوی ئەدەبییاتی خۆرئاوا لە ئەدەبی كورددا...
لە ماڵەوەن, چ دەبێژینت ڕازیت بی دەم بە كوڕوكاڵی " قاوەخانەی كلتووریی- كە پەرۆشی فرۆشتنی كتێبی كوردین بە داشكاندنی 100/50ی نرخی كتێبەكە؟ گوتم: من نایانناسم. گوتی: ئەگەر تۆ ڕازیی بیت:من دەیاندەمێ و دڵنیام پێیان خۆش دەبێ! گوتم : بە ئارەوووی تۆ.
دوای 15 ڕۆژ قسەمان كردەوە و گوتی:(وەڵڵا كتێبەكانیان پێ داومەتەوە دەبیژن دەترسین نەفرۆشرێن!) . ئەم قسانەم بۆیێكا هێنایە پێشەوە تا بێژم : ئەگەر كەسانێكی نابووتی دڵ ڕەش و بێ ویژدان نەچووبنە بى كڵێشەی ئەو كوڕ و كاڵانەوە: داخۆ ڕێی تێ دەچێ 4 كتێیی بەری 11 ساڵ ڕەنجی نووسەورێكی كورد كە 52 ساڵە بۆ زمان و ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی و مێژووی كورد دەنووسێت نەفرۆشرێن؟ ڕاستییێكەی ئەو ئەتوارە وەك پیلانەكەی دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی دەبینم كە هەردوو لایان مەبەستیان" بەرهەڵستی كردنی كتێبەكەی لەمەڕ تۆفیق وەهبیی و ئەوجا بەرهەمەكانی دیكەم بووە!).
تكا لە ئێوەی هاونەتەوەم دەكەم ڕێگەم پێ نیشان بدەن: لای كێ و كام قانون شكات لە دەزگەی سەردەم بكەم
خۆێندەوارانی هاونەتەوەم.. ئەوە بۆ مێژوو ئەم ڕاستییەم خستە بەرچاوتان تا بزانن دەزگەی سەردەم و بڵاوكراوەكەی چ تەعەددایێكی ناڕەوای كردووە چ لە منی خاوەند گوتاری دزراو چ لە دۆستم لێ كۆڵی ئەدەبییاتی كورد كاك عومەر مارف بەرزنجەیی . ئەوجا - چونكە من مەنفانشینم- تكا لە ئێوەی هاونەتەوەم دەكەم ڕێگەم پێ نیشان بدەن: لای كێ و كام قانون شكات لە دەزگەی سەردەم بكەم. هەر سەربەرز بن!بابی لالۆ- كەمال ڕئووف محەممەد - هۆڵاند
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

