شەهیدەکان ناگەڕێنەوە، تا تف لە چارەتان بکەن

شەهیدەكان دەگەڕێنەوە..
(بەیانیەك زوو لەناكاو لەگەڵ شەبەقی، لە زەنگی دەرگای هەریەك لە ماڵە لێپرسراوەكانی حزب و حكومەت دەدرێت. لێپرسراوەكان بە شپرزەیی لە خەوی شیرین ڕادەپەڕن و خۆیان كۆدەكەنەوە، مەترسی ئەوەیان لەلا دروست دەبێت كە بێگومان (حتما) شتێكی خراپ ڕوویداوە. ئەگینا ئەو لە دەرگا دانە شەبەقیە لە پای چی و بۆ چیە…؟ كاتێ بە شپڕزەیی دەرگا دەكەنەوە دەبینن كۆمەڵێك شەهید لەبەر دەرگا وەستاون و هەموو بەیەك دەنگ دەڵێن ئێمە زیندوو بووینەوە. ئیتر شار دەشڵەژێ، لێپرسراوەكان سەنگەر دەگرن و بە ڕێگای هەمە جۆر فشار دەخەنە سەر لەشكری شەهیدەكان تاكو دەیان گێڕنەوە ناو گۆڕەكانیان).
#منیش نایشارمەوە دەترسم ڕۆژێك هەمان ڕووداویش لە كوردستان ڕووبدات، شەهیدەكان بە كفنی سوورەوە دەرگای هەموو ماڵە لێپرسراوە حزبی و حكومیەكان بگرن و بڵێن:
-ئێوە…! لەو ڕێبازەی ئێمە لەسەری شەهید بووین لاتان داوە. ئێوە لە خانووە قوڕەكان دوور كەوتونەتەوەو شەڕتان لەسەر دەسەڵات و دەسكەوتە. ئێوە هێندەی خەمی خۆتانە نیو هێندە خەمی میللەت و خزمەتگوزاری و دادپەروەری و سەروەری یاساتان نیە.
یان بڵێن:
-ئێمە زیندوو بووینەوە. هاتوین لە دەسەڵات و دەسکەوت بەشی خۆمان وەربگرین. ئێوە هەمووتان بەناهەق دەوڵەمەند بوون…ئەی بەشی ئێمەو مناڵەكانمان..؟؟!
باشە ئەگەر شەهیدەكان هاتنەوەو ئەو پرسیارو داواكارییانەیان لە ئێمە كرد، ئێمە وەڵاممان چی بێت..؟!
ـــــــــــــــــــــــــ

+جمیلة بوحیرد
ساڵی (1935) لە دایك بووە. ساڵی (1954) جەزائیرییەكان دژی داگیركەری فەرەنسا شۆڕشیان كرد. بەیانیان كاتێ قوتابیان ڕیز دەبوون و سروودیان دەوت. لە ژێر فشاری فەرەنسیەكان دەیانوت: (فەرەنسا دایكمانە) بەڵام (جمیلە) بە پێچەوانەی هەموو قوتابیەكان لە ڕیز هاتە دەرەوەو وتی (جەزائیر دایكمانە) بەڕێوەبەری قوتابخانە بانگی كردوو توندترین سزای دا. (جەمیلە) لە ساڵی (1954) ڕاستەوخۆ بەشداری لە خەباتی (بەرەی ڕزگاری نیشتیمانیی جەزائیركرد) بوو بە ئەڵقەی پێوەندی نێوان لێپرسراوی شۆڕش لە شاخ و لێپرسراوی ڕێكخستنە نهێنیەكان لە شار. فەرەنسیەكان بە وردی چاودێرییان كرد تاكو ڕۆژێك تەقەیان لێكردو برینداریان كرد. دواتر حوكمی لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپاند. دنیا بۆ پشتیوانی هاتنە سەر خەت و فەرەنسایان ناچاركرد حوكمەكەی بە حوكمی تاهەتایی بگۆڕن. دوای چەندین ساڵ لە زیندان و ئەشكەنجەدان، لە دوای ڕزگار بوونی جەزائیر ئازاد كرا.





















