ئەوانە کێن؟ لەم گەلە چ دەخوازن؟
06/02/2011, 12:00 (GMT+1)

ئێمەش وەک کورد ڕابردوومان جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ گەلانی ئەفغانستان نییە و بەنیازین ئەخلاق و نرخەپیرۆزەکان و گەلەکانمان بپارێزین. بەڵام شتێکی ئێمە هەیە کە گەلانی ئەفغان لێ بێبەشن و ئەویش سەرۆکی خایین، سەرکردەی جاش و خۆێڕییە. ئەمەم کەی زانی؟ پەلەنەکەن تا بۆتانی باس کەم.
ماوەیەک لەوەپێش دەوڵەتی ئێران ڕێگای لەبەردەم دەربازبوونی تەنکەرە سووتەمەنیەکان گرت هەتا سووتەمەنی لە ئێرانەوە نەگوێزنەوە. گەلانی ئەفغانستان لەبەرامبەر ئەو بریارەی دەوڵەتی ئێران بێدەنگ نەمان و بە ڕێپێوان لە بەردەم کۆنسولخانەی دەوڵەتی ئێران (بخوێننەوە هێلانەی جاسوسی و ئاژاوەگێڕی دەولەتی ئێران) لە شاری "هەرات" ـی ئەو وڵاتە نارەزایەتی دیمۆکراتییانەی توندیان نیشاندا. دەوڵەتی ئێران وڵامی داخوازییەکانی نەدایەوە. دواتر گەلی شاری هەرات چالاکییەکی بەهەیبەتیان نیشاندا و بەکردار سەلماندیان؛ ئەگەر دەوڵەتی ئێران باوەڕی بە ڕێزی بەرامبەر گەلانی ئەفغانستان نەبێت ئەوا گەلانی ئەفغانستان بێڕێزی دەوڵەتی ئێران پەسەند ناکەن. لە چالاکی گەلی هەرات کونسولخانەی ئێران کراێە ئامانجی هیلکە و بەرد. ئەوی دەخوازم باسی بکەم لێرەدا دەس پێ دەکات؛ دەوڵەتی ئێران خوازیاری قۆڵبەستکردن و رادەستکردنی رێکخەرانی چالاکییەکەی هەرات بوو. بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەفغانستان لە وڵامی داخوازییەکانی کونسولی ئێران وڵامێکی پێویستی دایەوە:" کونسولی ئێران لە ئاستێکدا نییە کە داوایەکی وەها بکات و باشترە بە ئیشی خوێەوە خەریک بێت."
لە کوردستان شتی جیاواز ڕوویدا؟ دەوڵەتی ئێران چەند گەنجێکی لە گەلی ئێمەی رۆژهەڵات لەسێدارەداوە وئیمەی خەڵکی هەولێریش خواستمان وڵامێکی کردارەکانی دەوڵەتی ئێران بدەینەوە. کونسولی ئێران لە هەولێر قسەکانی کونسولی ئێران لە هەرات دەدات بە بارزانییەکان؟ ئێوە چاوڕوانی ئەوەتان دەکرد وڵامی دەسەڵاتی کوردی چۆن بێت؟ بەهەڵەدا دەچن؟ ئێمە پێشتر داوامان کردبوو لەوە زیاتر هەڵەمەکەن؟ بارزانییەکان سێ هاوڵاتی کوردستان دەگرن، سوکایەتیان پێ دەکەن و من چاوەڕوانم، بیاندەنە دەستی ئێرانییەکانەوە تا ئەوانیش وەکو حسەێن خدری لە سێدارە بدەن. ئەوە ئەرکی بارزانییەکانە و وەسیەتی مردووەکانیانە کە کورد بفرۆشن. کاکە مەسعود وەسییەتەکانی باوکی جێبەجێ دەکات.
لەم گەلە چ دەخوازن؟
لە ئێستە بەدواوە من پاڵپشتی شۆڕشی هەرچوارپارچەی کوردم و بە باشووریشەوە. بە تاکە کچەکەم و خێزانم ڕاگەیاندووە ئەگەر مافیاکەی دەسەڵات منیان رفاند و دەسدرێژییان کردەسەرم و فرۆشتمیان بە تورک، فارس یان عەرەبەکان؛ ئەگەر منیان وەکو سوران و زەردەشت خستە ژێردەستی تیروریستەکان و چەقۆکێشەکانی بنەماڵە، خۆیان لە دەس بێئەخلاقی بارزانییەکان بپارێزن و شانازی بە منەوە بکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

