ئەو چاودێرەى غیرەتى نەبووە ناوى خۆى بنوسێت ، بۆ كەس و كارى شەهیدان بێ دەمارو بێ غیرەتن .
06/04/2009, 12:00 (GMT+1)

""" بەڵام من بەو چاودێرە بێئاگایە ئەڵێم تۆ نەك چاودێرى هیچ بارودۆخێك نیت ، بەڵكو وەك بڵێى لە ئەشكەوتى ئەسحابولكەهفەوە هاتویتەوە و چەندین ساڵە خەوتووى ، چونكە ئەگەر كەس و كارى شەهیدان هیچیشیان بۆ نەكرابێت ، ئەوە بزانە كە بە جورئەتەوە زۆر شتیان باسكردووە و چەندین كوڕوكچى شەهیدیبشمان هەیە ڕەخنەش ئەگرێت و ئەشنووسێت و قسەش ئەكات بەڵام وەك كەسێكى خاوەن فكرو تێگەیشتوو نەوەك وەك تۆى خاوەن قسەى ناشرین ، وە خۆم یەكێك بوومە لەوانەى كە چەندین بابەتم لەسەر خزمەت نەكردنى كەس وكارى شەهیدانەوە نووسیوە و لە ڕۆژنامەكانی (هاوڵاتى و ئاوێنە و ڕۆژنامەى ڕۆژنامە بڵاوكراوەتەوە و بەناوى خۆشمەوە و بەڵكو بە زمانێكى زبریش ڕەخنەم گرتووە ، كە تۆ ئەلێى سرتەیان لە دەمەوە نەهاتووە بەرانبەر دەسەڵات ، ئەتوانى ئەم قسەیە ڕووبەڕووى خۆت بكەیەوە چونكە لەوە ئەچێت تۆ لە چاڵێكى قوڵەوە هاوار بكەیت و دەنگت لە ترسا بەكەس نەگات ، ئەگەر كەسێكیش خۆى سووك نەبێت باوەڕناكەم كەس بتوانێت سووكایەتى پێبكات ، ڕۆژێكیش هیچ كچە شەهیدێك و ژنە شەهیدێك نەهاتووە بلێێ فڵانە مەسئول دەسترێژى كردووەتە سەرم سوكایەتى پێكردووم ، لە هیچ دادگایەك داوایەكى وامان نەبیستووە ، ئەم برادەرە ئەگەر ئەوەندە لە خەمى كەس و كارى شەهیداندابووایە خۆى ئەكردە خاوەنى قەزیەكە نەوەك ئەم هەموو سوكایەتیە بە شەهیدان بكات ، ئەگەر خۆى ئەزانێت ئەم شتانە كراوە با خۆى هاتبایە و ڕێپێوانێكى سازبدایە ، ئەم برادەرە بێ بیر كردنەوەى لە قودسیەتى شەهیدان كە خۆى ، خوا ئەزانێت لە كاتى ڕژێمى بەعس خزمەتكارى چ ڕەفیق عیزبێك بووە ، بیرى لەوە نەكردۆتەوە كە ئەم شەهیدانە ئەمڕۆى كوردستانیان دروستكرد و تۆیان كردە ئەو مرۆڤەى ئەمڕۆ بە ئازادى بیر بكەیەوە ، بەڵام بەداخەوە كە نە ڕێزت بۆ خۆت دانەوە و نە بۆ ئەو قەڵەمەى پێشى ئەنووسى ، ئەوەش بزانە كەسێك نیە نەزانێت شەهیدان تێكەڵاوى كۆمەڵێك كراون كە شەهید نین ، بەڵام تۆیەك كە نەتوانیوە غیرەت بكەى ناوەكەى خۆشت بنوسى چۆن بە ئێمەى كەس و كارى شەهیدان ئەڵێى هەڵوەست وەرگرن و بڕۆنە سەر شەقام ؟ تۆیەك ئەم هەموو سوكایەتیەمان پێبكەى ئەى چۆن بە قسەشت بكەین ؟ ئیتر من ئەوەندە ئەڵێم كە تۆ لە خۆتەوە خۆت لە شتێك هەڵقورتاندووە ، لەو باوەڕەشم بەس ناوى شەهیدانت بیستووە ، بۆ ڕۆژێكیش نەخەباتت كردووە و نە شهیدیشتانداوە ، بۆیە بەو نوسینە هەرزەییەت ڕقى چەند ساڵەت بە كەس و كارى شەهیدان هەڵڕشتووە ، ئەوەى كەس و كارى شەهیدانیش بیرى لێئەكەنەوە ئەو سەروەریەیە كە تۆماریانكردووە بۆیەش نامانەوەێ ناشرینى بكەین ، هەڵوەست وەرگرتنیش هەر ئەوەنیە بچى قسەى ناشرین جنێو بدەى ، هەڵبژاردنیش نەهاتووە تا تۆى بەڕێز پێشنیارى لیستمان بۆ بكەى ، چونكە خۆشمان بیرمان تیژە و ئەم بیر تیژیەش واى لە تۆ كردووە كە پێت هەزم نەكرێت ،
ڕەخنەم لە كوردستان پۆستیش ئەوەیە كە هەموو نوسینێك ناچێتە قەلبى ئازادی بیرورا ، چونكە كوردستان پۆست ئەو دەروازەیە كە خەڵكى لێیەوە چاوى لە كەم و كوریەكان و گەندەڵیە وە بە خۆشتان ئەڵێن ئێمە هەموو كات سەروەرى شەهیدان و كەسە ماندووەكان ئەخەینە بەرچاوى بەرپرسان ، نەوەك ببن بە دەوازەیەك كە خەڵكى سوكایەتى بە خوێنى شەهیدانەوە بكات ، بەو شێوە زەقەش ، ئیتر هیوادارم خۆتان لەم كاتە ناسكەیا نەڕەنجێنن لە خوێنەرانتان چونكە ئێستا كاتێكە خەڵكى چاوى لە نوسینەكانتانە ، نەوەك نوسینێك دڵى هەزاران كەسى بریندار بریندارتر بكات . [email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

