<

ئەندام پەرلەمانەكانى باڵى كۆسرەت لەپەرلەمانى كوردستان سەرشۆڕیتان باش .

14/04/2010, 12:00 (GMT+1)
دواى ئەوەى جەلال و مەسعود بەبەرنامە و پیلانێكى تۆكمە ڕێكەوتن لەسەر لێدانى كۆسرەت ڕەسوڵ و لە 7 / 3 پەكى كۆسرەتیان خست و ناچاریان كرد كوردستان جێ بێڵێ بۆیە واخەریكە ئەستێرەى بەختى كۆسرەت لەگۆرەپانى شانۆى سیاسى كوردستان بۆ هەتا هەتایە كۆتایى پێ بێ ئەوەندەى كەماویشە ئێستا خەتەكەى تاڵەبانى خەریكن تاكۆنگرە بەیەكجارى پەكى بخەن (هەرچەند دەڵێن كۆسرەت خۆیشى ئەوە دەزانێ بەڵام ئەو تەنها مەبەستیەتى كوڕێكى بگاتە سەركردایەتى دەڵێن تاڵەبانیش گووتوویەتى خەمى ئەوەت نەبێ) لێدانى كۆسرەت ڕەسوڵ قۆناغ بەقۆناغ بوو هەر لەو كاتەوە دەستى پێ كرد كەلەسەرۆكى حكومەتى سلێمانى لایان برد و بەرهەم ساڵحیان خستە شوێنى و ئەو كاتەى كەنەوشیروان مستەفاش چووە دەرەوە تاڵەبانى بەتەنیا نەى كرد بەجێگرى خۆى و بەرهەم ساڵحیشى لەگەڵ دانا و ئەو كاتەشى كەكۆسرەت ڕێزى ئیمزاكەى خۆى نەگرت و پشتى هاوڕێكانى بەردا و چووە باوەشى تاڵەبانى لەو ڕۆژەوە تاڵەبانى قۆناغێكى تریشى بۆ دژایەتى كردنى كۆسرەت ڕەسوڵ دەستى پێ كرد بەوەى كەجگەلەخۆى ئەرسەلان بایز و مەلابەختیاریشى لەقۆڵێكى ترەوە تێ بەردا و بەپارتیشى ووت درێغى مەكەن لەشكاندنى هەروەها كۆسرەت خۆیشى بناغەیەكى فكرى و تۆكمەى نەبوو ئەوانەى لەدەوریشى بوون ماستاوچى و دووڕوو و جاسوس بوون تەنیا مەبەستیان (پارە و پۆست) بوو ، كەهەندێكیان هەر تۆمەتبار بوون بەدزى و گەندەڵى و فایل و داوێن پیسى ئەوەندەى تر لەسومعەى كۆسرەت و خەتەكەیان دا ، بەداخەوە كوڕەكانیشى ئەوەندەى خەریكى پارە و فەوج و پڕۆژە و عەرزى عەزەڵات بوون بەوەى لوولەى تفەنگى پاسەوانەكانیان لەپرسە و بۆنەكان بخەنە ناو چاوى خەڵك و قافڵەى سەیارەكانیان خەڵك لەتۆز و خۆڵ وەربدا ئەوەندە لەخەمى پێگەى باوكیان دانەبوون ..
وەك بیرخستنەوە ...
كاتى خۆى كە شۆڕش حاجى و هەڤاڵ كوێستانى و ... ڕەگیان ڕاگەیاند جەلال تاڵەبانى بەپەلە گەڕایەوە سلێمانى و بڕیارى دەركردنى دان بەڵام كاتێ جارى دووەم كەكۆسرەت لەگەڵ چوار مەكتەبى سیاسیەكە بڕیارى وازهێنانی دا تاڵەبانى خۆى سەغڵەت نەكرد و نەهاتەوە بۆ سلێمانى بەڵكو بەپێچەوانەوە كۆسرەت خۆى چووە بەغدا و دووبارە تەسلیمى ئیڕادەى پارە و دۆلار بوویەوە و ئەوەندەى تر پێگە جەماوەریەكەى لەدست دا و لاى خەڵك زیاتر ڕیسوا و شەرمەزار بوو تەنانەت لەكابینەى ئەمجارەى بەرهەم ساڵحیشدا بڕیاربوو سێ وەزیرى یەكێتى كۆسرەت داى بنێت بەڵام جەلال ڕێگەى نەدا و لەساتەكانى كۆتایدا وەزیرى شەهیدانى دا بەكۆسرەت كەهەموو كەسیش دەزانێت ئەم وەزارەتە تەنها ئیشى دابەشكردنى مووچەیە ، بەبڕواى خۆم تاكە كارتێك لەبەردەم كۆسرەت دامابوو ئەو دە دوانزە ئەندام پەرلەمانەى كوردستان بوو كەسەربە باڵى كۆسرەتن من پێم وابوو لەم هەڵمەتى پەكخستن و تەسفیە كردنى باڵى كۆسرەت ڕەسوڵ هەڵوێستیان دەبێ ؟ ووتم لەوانەیە دواى هەڵبژاردنى 7 / 3 فراكسیۆنێكى سەربەخۆى خۆیان ڕابگەیەنن یان بچنە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و ڕووى خۆیان سپى بكەنەوە لەبەردەم میللەتدا ؟ بەڵام بەپێچەوانەى هەموو ئەوانەوە دەڵێن هەر لەئێستاوە بۆ بەرژەوەندى تەسكى خۆیان زۆربەیان ژێربەژێر چوونەتەوەلاى ئەرسەلان بایز و داواى لێ بوردنیان كردوە و بەیعەتیان لەو وەرگرتووە و ووتوویانە فرسەتە تاكۆنگرە نەهاتووە چونكە دوایى كۆنگرە هیچ ناكرێ و باڵەكەمان كۆتایى دێ ...

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست