بۆچی قوباد دڵی خۆشە؟
24/06/2011, 12:00 (GMT+1)

لەڕاستیدا ئەو هەواڵە گەر بۆ هەندێك جێی سەرسوڕمان بوبێ ، ئەوا بۆ ئەوانەی پارتی و بنەمەڵەی بارزانی ئەناسن ، شتێکی گەلێ ئەساییە وهەر ئەوەی لێ چاوەڕوان ئەکردن، ئێ خۆ، ئەحمەد سالار و هیوا ئەحمەد و هەڵۆی ئەحە سمێڵ و هەموو سۆرانیەکانی تر نابن بە سەرۆکی پارتی . بۆیە لێرەوە گەلێ پیرۆزبایی لە مەسرور ئەکەم بۆ درکاندنی ئەو هەواڵە ، چونکە بۆی دەرخستین کە پارتی بەڕاستی شەفافەو ئاکامی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیشی هەموو دەرخەو ئەزانێ کێ خۆی هەڵئەبژێرێ و کێش دەرئەچێ.. ماشاڵلە لەو هەموو دیموکراتی و شەفافیە، خوا لێت بەزیادبێ و بەزۆری نەزانی.
وەك ئاشکرایە کەلەنێوان هەردوو بنەماڵەدا ئیتفاقیەی ستراتیژی هەیە(ئیتفاقیەی دۆلار)وەك مام ڕۆستەم ئەڵێ، ئێ بەو پێیەش بێ، هەروەك چۆن مەسعود سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمە و ئاغای تاڵەبانیش سەرۆکی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ و دیموکراتە، ئەبێ هەمان شت لەدوای خۆیان بۆ نەوەکانیشیان مەیسەر ببێ و تا ئەم ئەزمونە دەڵەمەیە نەشڵەقێ و لەبار نەچێ، هەر بۆیە، وەك چۆن مەسرور پۆستەکانی باوکی وەك هەڵامەت بۆی ئەگوازرێتەوە، ئەوا پێوستە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقیش بۆ قوباد بێ.. بۆیە ئێستا پێی لەئەرز ناکەوێ و لەخۆشیدا بەهەر چواردەوری خۆیدا بزەو شیرینی ئەبەخشێنێ.
دەی سا ئێوەش ،ئەی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و عێراق ، دڵتان خۆش بێ و هەلهەلە لێبدەن و بیکەن بە شای و لۆغان و حەوت شەو حەوت ڕۆژ هەڵپەڕن ، ئەوەتا مەسرور پەیامی ئەوەتان پێ ئەدا کەئەیەوێ عەقڵیەتی ئەو خەڵکە بگوڕێ کەلەگەڵیدا ئەژی، واتە لەماوەی داهاتودا هەموو کورد خۆی بەجامانەی سوورەوە ئەبینێ و وەك ئەوان بیر ئەکاتەوە.. ئەی ئەوە نیە پیاوەکانی مەسرور لەئێستاوە لە ئەمریکا کەوتونەتە تاقیبات و زانیاری کۆکردنەوە لەسەر کەسەکانی دژی بەمان و لەشارەکانی واشنتۆن دی سی و ناشڤیل و سیاتڵ چالاکی بەئەنجام ئەگەیەنن و وا ئەزانن ئەمریکاش کوردستانەو ئەیانەوێ خەڵکی ئێرەش وەك ئەوێ چاوترسێن بکەن..
بەڵام هەروەك چۆن عودەی نەبوو بەسەرۆکی عێراقی سەدام حوسێن و جەمال مبارەك نەبوو بەسەرۆکی میسرو ، سەیفولئیسلام نەبوو بەسەرۆکی لیبیاو موحەمەدی عەلی عەبدوڵا ساڵح نەبوو بەسەرۆکی یەمەن، ئەوا مزگێنێ ئەوەتان ئەدەینێ کەوا ئێوەش چارەنوستان لەوانەی وەك هاوشیوەتان باشتر نابێ و جگە لە زبڵدانی مێژوو هیچ سەرە نوێڵکەیەکی دی چاوەڕوانتان ناکا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

