**سیناریۆ كۆمێدی یەكەی پاراستن **
25/03/2011, 12:00 (GMT+1)

جا لێرەدا ئەوەی جێی سەرنج و پێكەنینە ئەو سیناریۆ كۆمێدییانەیە كە دڕندە بێ ھەستەكان لە پەشۆكاوی دا بە كرداری دەكەن،ئەمەش پەرچەكرداری تێكڕای درۆكانیانە لە ڕاگەیاندنەكانیان،بە تایبەتی لە تەلەفیزیۆنە پڕلە كاربۆنەكەی بنەماڵەی ھەسارەدا.
گەلی ھۆشیاری قارەمانی كوردستان،تۆ سەیری ئەو ڕاگەیاندنە درۆزن و سەرلێشێواو و چەواشەكاری یەی بنەماڵەی سەرسوورە گێلەكان بكەن لە ئاژەوە گێڕی یەكەی پێرێ كە دەكاتە ڕێكەوتی 23/03/2011 لە سەرای ئازادی كە بە بەرنامەیەكی فاشیل و ماوەیەكە كاری بۆ دەكەن،ئەمەش بە ناردنی شانەیەك لە ڕەگەزەكانی پاراستن كە پێكھاتوون لە تاكە سەرسەری وخوێڕی و چەقۆ وەیێنەكانیان كە بەدەرن لە ھەموو خوو و ڕەوشتێكی مرۆڤایەتی و چاندنیان لەوێدا بە مەبەستی تێكدانی ڕیزەكانی خۆپیشاندەران و ئاوەژووكردنی ڕاستی یەكان و گۆڕینی ڕای گشتی.
دوای ئەوەی لە كاتژمێری سفردا سیناریۆكەیان ئاكشن كرد،ئەمەش بە دروستكردنی شەڕ و پێكدادان و بە چەقۆ و كەتەر و دار و بەرد كەوتنە جەستەی لاوانی خۆپیشاندەر بە ھەمەئاھەنگی لەگەڵ ئامادەبوونی پێشوەختی كامێرای كەناڵەكانیان بۆ وێنە گرتنی ئەو پارچانەی كە خۆیان مەبەستیان بوو،لە دواییشدا چەند چاوپێكەوتنێكیان ئەنجامدا لەگەڵ چەند كەسێكی دیاری كراوی خۆیاندا،یەكێك لەوانە تازەپێگەیشتوویەكی كەم مەعریفەتی پاراستنە و لە كاتی قسەكردنی دا كەوتە ھەڵەوە و درۆكەی ئاشكرا كرد دیار بوو سیناریۆكەی باش لەبەر نەكردبوو،یەكێك لەو درۆیانەی كە تێی كەوت باسی ئەو خۆپیشاندەرە قارەمانەی دەكرد كە مایكرۆفۆنی بە دەستەوە بووە و بانگەوازی ئاشتی،ئازادی،با برووخێی و بە كەسێكی كەچەڵ ناو ھێنا و ووتی ئەو كوڕە كەچەڵە (كە زۆر لەوێ یە)لە دواییدا بە پەلە قسەكەی گۆڕی و ووتی زۆر بوون و خەڵكی زۆر دوام كەوتن ،ئەمە ئەوە دەردەخات درۆزنە تازە پێگەیشتووەكە ماوەیەكی زۆرە لە سەرای ئازادی ئامادە بووە خۆپیشاندرانیش بە باشی دەناسێت ئەو كەچەلەشی زۆر بینیوە،بەڵام بەدرۆی خۆی ئەم لە ناو خۆپیوواندانەكە نەبووە و تەنھا بۆ(سی دی)كڕین چووە بۆ بازار و بە ڕێكەوت لەو ناوە بووە.لە دوایشدا ووتی بۆكس خەنجەر بە سەرمەوەیە و چەقۆ بە قۆڵ و پشتمەوەیە و داریش بەر قاچم كەوتووە و ئەوەندەیان لێداوم خەڵك لە ژێر قاچ و دەستدا دەریان ھێنام.
سەیری ئەم كۆلكە پاراستنە درۆزنە بكەن و پێبكەنن،ئەگەر بەو شێوەیە ئازاردراوە و بریندارە چۆن بەو زمانە درێژەوە دەیتوانی قسە بكات و دەبوایە نیوەی جەستەی بە پەرۆی سپی بپێچرایە و لەسەر قەرەوێڵەیەكی نەخۆشخانە پاڵكەوتایە،كەچی ئەم ساویلكەیە بە پارچەیەك پەڕۆی سپی كە لە لەپی دەستی ڕاستی یەوە پێچرابوو دەیەوێت گەلێكی مەزنی ھۆشیار ھەڵخەڵەتێنێت.
ھەروەھا ئەگەر بە ووردیش بڕوانینە پارچەیەكی تری ئەو گرتەیە كاتێك كە دوو پاراستنی تر بە دەڕڕابەی دوكانێكدا خۆیان ھەڵدەواسن و كاری تێكدەرانە دەكەن یەك ،دوو جار ڕوو لە كامێراكەی خۆیان دەكەن بە دزی یەوە بۆ ئەوەی خۆیان لای گەورەكانیان بە دڵسۆز پیشان بدەن،ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە پێیان ووتراوە لە كاتی ئەنجامدانی كارەكانتاندا سەیری كامێراكە نەكەن بۆ ئەوەی كارەكان بە سرووشتی بێنە نماییشكردن .
دیسانەوە ئەم ھەڵەیەش دەبێتە ھەڵمالینێكی تری درۆكانی سیناریۆ كۆمێدی یەكە.لە پارتی وایە گەلی بە ئاگای كوردستان بە چاویلكەی ڕەش و بە گوێ ی بە لۆكە ئاخنراو لە كەناڵ و ڕاگەیاندنەكانیان دەڕوانن و دەبیستن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

