شینەكەى كۆسرەت و خاڵە عوسمان بۆ هەریسەكەبوو نەك حوسەین
21/02/2009, 12:00 (GMT+1)

دزینى نەوتى كوردستان و بەتاڵانبردنى راستە بەشە شێرەكەى بۆ نێچیر و پاڤێڵ بوو كە راستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكرد ، بەڵام كەسانێكى وەك كوڕە گەورەكەى كۆسرەت و عوسمانى حاجى مەحموودیش بەدەر نەبوون لەم تاڵانییە ، تەواوى كۆمپانیا بیانییەكانى ناوچەى گەرمیان و كۆیە ئەركى پارێزگاریكردنى خرابوونە ئەستۆى كۆمپانیای [ ئارام]ى تایبەتى وەزارەتى ناخۆ ، داهاتى ئەم كۆمپانیایە مانگانە بەسەدان دەفتەر دۆلارە ، چونكە بێ لە پارێزگاریكردنى بیرە نەوتەكان ئەركى پارێزگاریكردنى تەواوى ئەو شوێنانەشى لەئەستۆدایە كە بیانى یان عەرەب كارى تێدادەكەن ، وەك بارەگا هەمیشەییەكانى كەناڵەكانى راگەیاندن ، ئیستا كاتێ ئەم سەرە مافیایانە بۆیان ئاشكرا بووە ئەوەى ئەوان و كوڕەكانیان بەدەستیان كەوتووە لە بەتاڵانبردنى نەوتى كوردستان وردە بووە بەبەراورد لەگەڵ ئەوەى پاڤێڵ و نێچیر دزیویانە ، ئیتر ئەمان دووچارى هستریا بوونەتەوە و جارێ بەبیانووى بەرگریكردن لە كاك نەوشیروان و جارێكى تر بەناوى ریفۆرمەوە ئەوەیان كرد كە كردیان ، چونكە زۆربەى ئەو كەسانە خۆیان كەلەلاى دەستى تاڵەبانى و هێرۆى برایم ئەحمەدن ، وەك عوسمانى حاجى مەحموود كە شاهیدى لەسەرە كــــە بە دووسەعات لە كۆشكە حەرامەكەى دەباشان چاوەڕێى چاوپێكەوتنێكى كچەكەى برایم ئەحمەدى كردووە تا فەریزەى سەمع و تاعەى بۆ نوێكاتەوە و پێى بڵێ ئەبێ وەك قوباد و پاڤێڵ تەماشام بكەن نەبا پۆستەكەى لە وەزارەتى ناوخۆ لەدەستبدات ، كۆسرەتیش تاكە یەك رۆژ بگرە یەك سەعات دەسەڵاتى پارەسەرفكردنى لێبكێشنەوە راستەوخۆ دڵى لەلێدان ئەوەستێت ، سەیرە بگرە جێى قەشمەرییە كە كۆسرەت باس لە خەڵكى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو دەكات ، كە خۆى چى سەرە مەزنەكانى گەندەڵى و داوپَنپیسیە لە ژێر عەباكەیدا حەشارداوە .
ئیستا دوور لە شانۆگەرى یانزە خاڵ و بیست خاڵ كە وەهمێكى نادروست و خەیاڵاوییە كۆسرەت و خاڵە عوسمان چاوەڕێى پشكەكەى خۆیان لە هەشت سەد ملێۆن دۆلارەكە ، ئیتر پاش ئەوە خواى ئەكرد قوباد ئەبوو بە سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران .، كەواتە بەراستى شینەكەى ئەمان بۆ هەریسەكە بوو نەك حوسەین .
ئەگەر وانیە پاش ئاشكرابوونى دزینى هەشت سەد ملیۆن دۆلارى داهاتى میللەت ئەوان هەڵوێستیان چیبوو ، ئەى باس لە شەفافیەت ناكەن وەك مەرجێك بۆ گەڕانەوەیان دەبا بەو شەفافیەتەوە راشكاوانە پێمان بڵێن كێ بەرپرسە لە دزینى ئەو داهاتە مەزنەى وڵات ، تاكو ئێمەش زۆر شەفافانە تف و تەماتە بەردبارانیان بكەین و شاربەدەریان بكەین .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

