خۆت بپارێزە لەئاهى پیرەكانى ولات
22/10/2012, 12:00 (GMT+1)

من پێم وایە كەسێك خۆى بێ رێز نەبێت و هەرگیز بێ رێَزى وسوكایەتى بە بەتەمەن وباساڵاچوان ناكات، ئەوانە سەرجەمیان باوك وباپیر و كەسى ئێمەن سالانێكى زۆر عومرى خۆیان بەخزمەتكردنى شارو وڵات بەخشى جوانى ورازاوەى ودڵگیرى شار لە هەوڵ وكۆشش و ماندوبون و عارەقى ناوچەوانى ئەوان خۆى دەبینیتەوە، كەچى لەبرى هەموو پاداشتێك ئاوا بەرێ بكرێن،ئەمە چ یاساو ویژدان و كەرامەتێكە؟ چ ناوێكى لێ دەنێیت ؟ بەم بەرەو جەژنانە ئەومامە پیرە و داپیرانە نائومێدبكەیت وهەقى خۆیان پێ نەدەیت و بە دلێ شكاو گیرفانى خاڵیەوە بەڕێیان بكەیتەوە ؟باشە من لەو درۆزن و روو زەردانە دەپرسم بۆچ ئاوا یاریى بەكەرامەتى ئەو خەڵكە دەكەن و رێزیان لێ ناگرن ،مەگەر خۆتان درۆتان نەكرد كە پێش جەژن موچەى سەرجەم شوێنەكان دەدرێت، ئەى كوا؟ بۆچ بەنائومێدى وبێ هیواى وەڵامیان دەدەنەوە . ئەرێ باشە من دەپرسم دەبێت موچەى ئەم مامە پیرەیەو هەزارانى وەكو ئەو چەندبێت وا ناتوانن دابینى بكەن، بلێى وەكوپارەى دیوەخانانەى ئاغاو كوێخاو كۆنە جاشەكان هێندە زۆربێت دەرەقەتى نەیەن؟یان بەئەندازەى ئەوەى دەیدەن بە سەرانى بنەماڵە وشێخ زادەكان؟من دەزانم موچەى یەك ساڵى ئەو مامەیەو سەدان هاوتەمەنى ناگاتە پارەى یەك مانگى بۆیاغى قژى دوو مەسئول.تۆ سەیریبكە ولیێ وردبەرەوە ،ئەم پیاوە نە بەپلەى وەزیر نەبەپلەى تایبەت خانەشین نەكراوە ،بەڵكو یان بەكرێكار یان باخەوان ئەویش موچەكەى ناگاتە 100 هەزار دینار، تۆبڵێى ئەو بانكە زلانە كە ژمارەى كارمەندەكانى هەزاران كەسە بەشى ئەمان پارەى تیانەبێت؟ئەى ئەو هەموو پارەوداهاتە چى لێدێت؟ ئەوە پارەى داهاتى فەرمانگەكان ،گومرگ،هاتوچۆ،نەخۆشخانە...دەچێتە كوێیوە؟ ئەدى باشە بۆچ بۆ دكتۆر هۆرجون و نانسى و دەیان كەسى بێخێر پارەوەكو تۆڵەكە زۆرە و رژاوە، ئەمانیش بۆ چەند هەزارێك زەقەى چاویان دێت، چى دەبێت ئەگەر پارەى رۆژێكى گومرگ یان نەوتى قاچاغ بۆئەوان دابینبكرێت؟وەڵلاهى عەیبە داوەشینە، شورەییە بۆ هەموو بەرپرسەكانى وڵات ئەوانەى قسەو فشەى زل ئەكەن وبەباى خەیاڵى خۆیان خەریكە ئەمان بەنە كەشكەلانى فەلەك وباسى ئازادى و خۆش گوزەرانى و ئاسودەیى و هەنگاونان بەرەو دەوڵەت ئەكەن ،ئەمەش نمونەیەكى زیندوى ئەو هاوڵاتیانەیە كە لەدوبەیەكەى كوردستاندا دەژین و لەژێر سیستەمى پەروەردەى سویدى لەسەر درۆ هەڵخەڵتاندن رایاندێنن، سەیرەكە ئەوەیە بەشى زۆرى ئەو ملهورانەى ئەمڕۆ بونەتە بەلا و خۆیانكردوە بەمەسئول كوڕى هەژارو جوتیار وشاگرد كەبابچى و كرێكار و كارگوزار ونانەوا وكورتان دروو ئەم پیشانەبوون، هەرهیچ نەبێت توزێك ئێش وئازاو خەم وخەفەتى نەبونیان لەبیر ماوە. من لێرەوە پێیان دەڵێم با ئاهو نزولە ودوعاى ئەوبەساڵاچوانە نەتانگرێت و روى رەشى خۆتان هێندەى دیكە ترش وتاڵ مەكەن و خۆتان مەخەنە بەرنەفرەت و دوعاى ئەوانە، دەزانن خواى گەورە بەو عەزمەتەى خۆى شەرم لەپیاوى بەساڵاچوو دەكات ورێزى لێدەنێت و دوعاو نزاى رەت ناكاتەوە،دەى با نمەك گیریان نەبن و نەكەونە بەر رێژنەى دوعاكانیان بیرێك لە حاڵى ئەوان وهەزاران بەش مەینەتى ئەم وڵاتە بكەنەوە. قەزافى و بن عەلى و موبارەك زۆر زۆر لەئێوە زیاتریان هەبوو، بەڵام دادى نەدان وبەفریایان نەكەوت.
تێبینى : ئەم وینەیەم لە مالپەڕى چەتر پریس وەرگرتوە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

