<

وەزیری كارەبا عەنكاوەت باش!

05/02/2010, 12:00 (GMT+1)
هێمن هەولێری پێش راپەڕین، كەسێك نەبوو رۆژانە هەزاران دوعا بۆ لەناوچوونی بەعس نەكات، چونكە دەیچەوساندینەوە بە هەزاران شێواز، واماندەزانی ئەگەر ئازاد بین ئیدی دوونیا دەبێتە شامی شەریف و كارەبا و ئاوی فورلمان دەبێت و هەموومان بە ئارامی و لە ئاسایشدا دەژین! بەڵام ئەوەی كە باوەڕمان دەكرد ئەوەبوو كە هەندێك هەلپەرستی وەها بێنە سەر حوكم و تەنیا بەرژەوەندییەكانی خۆیانیان لەبەرچاو بێت. لەناوماڵی خۆیان بێكێشە بن وا دەزانن هەموو خەڵكیش بێ كێشەشە! ئەگەر ئەوان كارەبایان هەبێ وا دەزانن هەموو خەڵكیش كارەبای هەیە! ئاخر ئەوان تێكەڵی كەس نابن بۆیە وەهان! ئەو جانەوەرە عەنتیكانەی پێیان دەڵێن مەسول یاخود بەرپرس، سیفەتێكی نەعامەییان هەیە، هەر كە چوونە سەر كورسی ئیدی خەڵكیان بیر دەچێتەوە و وەكو نەعامە كەس نابینن و سەر بەژێر زەویدا دەكەن.
ئەوەی مەبەستمە لێرە باسی بكەم ئەوەیە كە لە پشت بەدالەی نەورۆز لە گەڕەكی كرێكارانی شاری هەولێر بۆ ماوەی هەفتەیەك دەچێت كە مەحاویلەی كارەباكەیان تەقیوە و زیاتر لە 200 ماڵ بێ كارەباین و بەڵام وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تاوەكو ئێستا نەهاتوون چاكی بكەنەوە و هەموو ماڵەكان بێ كارەبان، ئەوەی لە هەموو ئەوانەش خۆشترە و وەكو نوكتەیەكی بێتام وایە، لەناوخەڵكی ئەو گەڕەكەدا وا بڵاوبۆتەوە كە برادەرانی سیانەی كارەبا وتویانە دەبێ ئەو ماڵانە هەریەكەیان بڕێك پارە بدەن ئینجا بۆیان چاك دەكەینەوە. بەڵام ئەوەی ئەو خەڵكەی زیاتر نیگەران كردووە ئەو ناعەدالەتییە كە هەیە، چونكە شەوی رابردوو لە كاتژمێر 1:30ی شەو لە ناحیەی عەنكاوەی نزیك هەولێر هەمان حالەتی مەحاویلە تەقین روویدا، كەچی كاتژمێر 2 برادەرانی سیانەی كارەبا بە خۆیان و چەند سەیارەیەكەوە گەیشتنە شوێنەكەو كارەباكەیان لەماوەی تەنیا نیو كاتژمێردا چاكردەوە، بەبێ ئەوەی تەنیا یەك كەسیش لەخەو هەڵبستێت. بەڵام خەڵكی گەڕەكی كرێكاران لەبەرئەوەی خەڵكێ كەمدەرامەتن و هیچ مەسولێكی لێ نیە گەڕكەكەیان ئەگەری ئەوە هەیە تا مانگێكی تریش بە هەمان شێوە بێ كارەبا بن لەسای سەری كابینە مومتازەكەی د.بەرهەم و وەزیرە كارەباكەی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست