پارتی هەوێنی شەڕی ناوخۆیە...
08/03/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەندامانی ئەم حزبە هەرلەسەرەتاییترینیانەوە تا گەورەترین بەرپرسیان بەجۆرێك گۆشكراون كە سەرۆك پەرستن و بەرپرسەكانیان لەشوێنی خوای خۆیان داناوە، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ لایەنگرێكی زۆر سادەشیاندا لەڕێگای فەیسبووك و تۆڕەكانی تری ئینتەرنێت و چاوپێكەوتنەكانی شاشە زەردەكانیانەوە گوێیان لێبگرین دەبینین و دەبیستین هەموویان ئامادەن بۆ كوشتنی ئەو كەسانەی نەیاری مەسعود و مەسرو و مەفعولەكانی ترن بیانكوژن و رووبەڕوویان ببنەوە بەتوندترین شێوە.
لەدوای خۆپیشاندانەكانیشەوە بینیمان پارتی لەبەرانبەر بەرددا بیكەیسییان بەكارهێناو لەسەر ئاستێكی بەرز هەڕەشەی دەستبڕینیان كرد و هەروەك قەزافیە شێتەكەی لیبیا كە شۆڕشگێڕەكانی وڵاتەكەی بەپێی یاسا سەوزەكەی خۆی بە گێرەشێوێن و دەستی دەرەكی وەسفكرد و بەچەندین یاسا حوكمی قەتڵوعامكردنی دەركردن، پارتیش بەراگەیاندن و بەوتەی بەرپرسەكانیان وەسفی ئاژاوەگێڕییان دایە پاڵ گەنجانی پاك و خۆپیشاندەر و بەناڕاستەوخۆ حوكمی سڕینەوەیان بەسەردا دەركردن.
هەموو ئەو هەڵوێستانەی پارتی و ئەوەی ناتوانێت تەحەمولی تەنانەت خۆپیشاندانێكی بەمۆڵەتیش بكات لەدژی دەسەڵاتەكەی و بەپێی یاسا سەقەتەكەی، ئەو ئیلهامەمان پێدەبەخشێت كە پارتی لەكاتی هەستكردن بە بچوكترین مەترسیدا گەورەترین كاردانەوەی دەبێت بەهێرشكردنە سەر بارەگای پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن و ئەمەش سەرەتایەكە بۆ دروستبوونەوەی شەڕی ناوخۆ.
چاودێرێكی راگەیاندنەكانی پارتی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

